Skip to Content

ئێوارەیەک لە ژێر ئۆکسجینا.. نەوزاد بەندی

ئێوارەیەک لە ژێر ئۆکسجینا.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئه‌یلول 28, 2021 General, Poems

ئێوارەیەک ، لە پڕ ئەڕۆیت و
ئەو وەرزە ،
باران واز دێنێ لە بارین ..
پاییز ، بە عارەقەوە دێ و
زستان بە تی شێرتێکەوە ..
جێ پێکانت ..
نەخشی جانتاکەت بە گۆنای تۆزی بەردەرگاوە دوو جار ،
سکرینشۆت ئەکەم ،
نەبادا ڕۆژێ بڵێی :
حاشا جێم نەهێشتوی تاوێ ..
ئەو ئێوارەیە نان ناخۆم ..
هیچ کەناڵێ سەیر ناکەم و
تازەترین هەواڵی بە پەلەم ناوێ ..
بەو ژوورانەدا ئەگەڕێم ،
کە هێشتا تارمایی تۆیان تێدا ماوە و
ئەو کتێبانەی لاپەڕەکانی گەرمایی سەرپەنجەی تۆیان پێوەیە ..
ئاوێنەکە ، وێنەی تۆی نەسڕیوەتەوە ،
هەردووکتان تەماشام ئەکەن ..
ئەتانەوێ شتێ بڵێن ، پەشیمانن لە وتنی ..
ئەمەوێ شتێ باسکەم و
پەشیمانن ئێوەیش لە گولێگرتنی ..
بۆیە منیش زوو پەشیمان ئەبمەوە لە باسکردنی ..
ئێوارەیەک خۆر خەریکە ئێس ئێم ئێسێک ئەنوسێت و .. پەشیمانە لە نوسینی ..
من وا خەریکە دوا دیاریت بۆ ئەکڕم و ..
ئەڕۆمە لای کاشێرێکە و ..
پەشیمانم لە کڕینی ..
ئینجانەکە ئەیەوێ لەگەڵتا بێت و ..
ناتوانێت و ..
گەڵایەکی ئەیەوێ هاوسەفەرت بێ و ..
لە دوا ساتا ،
دوو دڵە لە هەڵوەرینی ..
پەشیمانیت لەوەی بڵێی
پێ دەچێ ئیتر نەمبینی ..

ئێوارەیەک ، مانگ پێش وەخت دێ بۆ دەوام و ..
هێشتا دەفتەری ئیمزای شەو ، دانەنراوە ..
ئەیەوێ بزانێ چۆن تۆ ئەڕۆیت و جانتاکەت
هێشتا بڕیاری نەداوە ..
من ئەو شەوە ،
هەر بە کابۆ و پێڵاوەوە ،
شڵەژانی خۆم لەسەر قەنەفەی ژووری میوان ،
بڵاو ئەکەمەوە ..
من نازانم ،
ئەو شەوە خاوەن ماڵەکەم
یان میوانم …..؟

Previous
Next
Kurdish