Skip to Content

ئیزدی کۆمەڵگەیەکی تایبەتی ئێتنین و پێویستە هەرێمی تایبەت بە خۆیان هەبێت

ئیزدی کۆمەڵگەیەکی تایبەتی ئێتنین و پێویستە هەرێمی تایبەت بە خۆیان هەبێت

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 21, 2020 General, Opinion, Slider


شاخەوان شۆڕش
٢٠/١٠/٢٠٢٠

ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دا، وەکو ڕاگەیەندراوە مەبەستی گەراندنەوەی ئارامی و ئاسایشە بۆ شاری شەنگال و ناوچەکە، هەروەها نیازی وایە لەژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) و حکومەتی ناوەنددا قایمقام و هێزێکی ٢٥٠٠ کەسیی لە ئێزدیان دابمەزرێنیت. واپێدەچی قایمقام ئەندامێکی پارتی دەبێت و ئەو هێزەی دادەمەزرێت بەو کەسانە پڕدەکرێتەوە کە لەلایەن بە پارتی و حکومەتەوە دیاردەکرێن. پارتی لەژێر ناوی حکومەتی هەرێمەوە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەپارێزێت. جگەلەوە خاڵێکی دیاری ڕێکەوتنەکە دەرکردنی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە لە شارەکە و ناوچەکەدا. بەپێی ڕێکەوتنەکە (خاڵی ٢، ب) ئەو ڕێکخراوانەی سەر بە پەکەکەن ئەگەر ئێزدیش بن هیچ ڕۆڵیان نابێ و بۆیان نییە لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە بەشدار بن و کاریگەری بنوێنن. بەڕوونی دیارە ڕێکەوتنەکە ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی تورکیا و پارتی بەباشی دەکات.
لە ٣-٨-٢٠١٤ دا کاتێ لەشکری ئیسلامی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و ناوچەکە، هێزەکانی پارتی بێشەڕ هەڵاتن و هێزەکانی حکومەتیش بەهەمان شیوە پشتیان لە کۆمەڵگەی ئێزدیان کرد. تورکیا لەلایەن خۆیەوە پشتگیری ڕێکخراوی دەولەی ئیسلامی داعشی دەکرد و پاسیڤانە سەیری کوشتار و لەناوبردنی ئێزدیانی کرد. ئەوەش بووەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی بەرەوڕووی تاوانی گەلکوژی بەدڕندانەترین شێوە ببنەوە، بەهەزارانیان کوژران و بەهەزاران ژن و منداڵیان بەدیل بردران و کرانە سەبایە و کۆیلە. واتە هێزەکانی حکومەت و پارتی نەیانتوانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە کۆمەڵکوژی و تاوانی گەلکوژی بپارێزن. بەگشتی هەردوولا لەئەگەری دووبارەنەبوونەوەی تاوانی گەلکوژی فەشەلیان هێنا، دیارە ئەوە بابەتێکی فرەلایەنەیە و نامەوێ لێرەدا لەسەری بڕۆم. ئێستا هەمان ئەو دوو دەسەڵاتە هاتوون ڕێکەوتنێک بەپێی تێگەیشتنی خۆیان بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنن، وەکو بڵێی وەڵامی ناپاکیەکەیان لە کۆمەڵگەی ئێزدی بەمجۆرە دەدەنەوە. دیارە وەکو دەسەڵاتی فەرمی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێراق ئەوان دەسەلاتن، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەوان دەکەن. بەڵام ئەم لایەنە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بۆیان هەبێت دوای ئەوەی هۆکاری گەلکوژی ٢٠١٤ بوون، بێن بێ بەشداریی ئێزدیان خۆیان ڕێکەوتنێک بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا بسەپێنن. وەکو لەهیچ شوێنێکی ڕێکەوتنەکەدا نەهاتووە کەوا ڕێکخراوێکی ئێزدی یا دەسەڵاتێکی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕۆڵی پێدرابێت. پارتی و حکومەتی ناوەند و حەشدی شەعبی ڕۆڵیان هەیە. ئەوان کەمێ لە کۆمەڵگەی ئێزدی هاتوونەتەپێش ئەویش دامەزراندنی قایمقام و هێزێکی ٢٥٠٠ کەسییە لەئێزدیان. جگەلەوەی ئەم هاتنەپێشە جێگەی پرسیار و گومانە، ئەوان کۆمەڵی مافی گرنگی ئێزدیان پشتگوێ دەخەن. دیارە لەبەرئەوەی ئەوان دەسەڵاتی فەرمین و ڕێکەوتنەکەیان کردووە نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UN پشتگیری ڕێکەوتنەکە خۆشباوەڕانە دەکات وەکو هەنگاوێکی دروست ناوزەدی دەکات. کێشەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیە لەنزیکەوە ئاگاداری قووڵایی دەرئەنجامەکانی ئەم ڕیکەوتنە نین. جێگەی پرسیارە کەوا پشتگیری ڕێککەوتنێک بکرێت، بێئەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئێزدیان لە ڕێکەوتنەکدا ببیندرێت.
پارتی و حکومەتی ناوەند زۆریان لاگرنگە ڕێکخراوی پەکەکە لە دەڤەری شەنگال نەهێڵدرێت. لە کاتی تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤دا ئەوان خۆیان لەشکری هەڵاتووان بوون و پەکەکەش لەشکری ڕزگارکەر بوو! لەراستیدا ئەوانە نایانەوێ ڕووبەڕووی راستیەکان بووەستنەوە و بیر لەوە بکەنەوە چۆن دەتوانن دیموکراسیانە و شارستانیانە کۆمەڵگەی ئێزدی دوای تاوانی گەلکوژی دروستکەنەوە و بیگەیەننە هەوارێکی دروست و ئارام بەهاوکاری ئەو هێزەی دەیان هەزاری لەکوشتن و کۆیلایەتی ڕزگارکردن. ئێستا لەخەڵکی ئێزدی ڕێکخراوی هاوسۆزی پەکەکە دروستکراوە و هەن و لەسەر ڕەوتی ئۆجەلان سیاسەت دەکەن. هیچ تاوانێک لەوەدا نییە. ئەوانە خەڵکی دەڤەرەکەن و دەتوانن هاوکاری کارا لەهەر هەنگاوێکی بنیاتنانەوە بکەن. بەڵام بۆ دژیان دەوەستنەوە و پەڕاوێزیان دەکەن؟ ئایا پەیڕەوکردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیموکراسیانە تاوانە؟ ئەگەر ئایدۆلۆژیا مافەکانی مرۆڤی لاگرنگ بێت و دان بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان بنێت لەژێر هەرناوێکدا بێت گرنگ نییە، گرنگ ناوەرۆک و ئامانجی ئایدۆلۆژیاکەیە. دەتواندرا بە دانیشتن و ڕێکەوتن ئەو کیشەیە چارەسەر بکرێت و ڕێکخراوەکانی ئێزدیان بەشداری گرنگ بکەن و مافەکانی ئێزدیان لەڕێکەوتنەکەدا بچەسپێنن. بەڵام بێگومان چارەسەر هەرگیز نایەتەدی لە کاتیکدا ڕەتی هەر دایەلۆگ و دانوستانێک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وابەستەی بیروباوەڕی ئۆجەلان و پەکەکە بکرێتەوە. بەپێی ڕێکەوتنەکە پارتی و حکومەتی ناوەند ڕێک وەکو تورکیا هەلسوکەوت لەگەڵ ئاراستەی پەکەکە دەکەن.
پارتی دژی بوونی پەکەکەیە و بیر لە مانەوەی هەژموونی خۆی لەدەڤەرەکەدا دەکاتەوە، ئەوەش مەبەستی سەرەکی ئەوە لە ڕێکەوتنەکەدا. بەڵام بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیان لێرەدا چین!؟ کێشەی کوشندەی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێزدیان وەکو دانیشتوانی شارێکی تێکدراو سەیردەکا و بەدامەزارندنی قایمقامێک و هێزێکی ئێزدیان پێیوایە چارەسەری دۆزیوەتەوە. جگەلەو کەسە ئێزدیانەی سەر بە پارتین، ئەوانیتر ڕقیان لە بنەماڵەی بارزانی و پارتییە و ئارەزووی بوونیان لە دەڤەرەکەدا ناکەن. ئەگەر قایمقام پارتی بێت و هێزەکەش لە ئێزدیەکانی سەر بە پارتی دروست بکرێن، ئەوا بێگومان ناکۆکی لەنێوان ئێزدیەکان دروست دەکات. بێمتمانەیی بەم دەسەڵات و هێزە دروست دەبێت و لەلایەن خەڵکەوە پشتگیری نابێت و دژایەتیشی دەکرێت.
دیارە کێشەی کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر لەوە بەرفراوانترە کە ئەم ڕێکەوتنە سەیری دەکات. پرسیارەکان زۆرن لێرەدا بیانکەین: ئایا ئەوە ئێزدیەکان نین کەدەبێ گوتنیان لەسەر ئاسایش و چارەنووسیان هەبێت؟ ئایا ئێزدیەکان وەکو کەمینەیەکی ئێتنی مافی خۆیان نییە بەرگری لەخۆیان و مافەکانیان بکەن؟ ئایا ئەوان مافی ئازادی سیاسی و کەلتووریان نییە؟ لەبەرچی دەبێ خەڵکی غەیرەئێزدی بڕیار لەسەر ئاسایش و چارەنووسی ئەوان بدەن؟ ئایا ڕەوایە پارتی و حکومەتی ناوەند کە هۆکاری ڕوودانی تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤ بوون، ئێستا بڕیار لەسەر ئاسایش و چارەنوسی ئێزدیان بدەن؟ دەبووایە ئەوانەی لەژێرناوی خەبات بۆ مافەکانی گەلی کورد کاردەکەن و خۆیان بەپێشڕەو دەزانن، دەرک بەو ڕاستیە بکەن، ئەگەرنا دەبێ خەباتی ئەوان بۆ ئازادی مافی گەلان بنەمای لەسەر درۆ و ساختە دروست بووبێت.
ئێزدی بەدرێژایی مێژوو چەوسێندراونەتەوە، بەرەوڕووی جوداکاری بوونەتەوە و بە نزم سەیریان کراوە. وەکو خۆیان دەیڵێن لەسەدەی حەوتەمەوە تاکو ئێستا تووشی ٧٣ کۆمەڵکوژی بووین، کە دواترینیان تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤ یە. خراپ تێگەیشتن و نزم سەیرکردنی ئێزدیان تا ئێستا لەکۆمەڵگەی موسوڵماناندا بەردەوامە، پشووتەنگی سیستەماتیکیانە و پەڕاوێزخستنی ئێزدیان لەگەڵ باڵابوونی بیروهزری خەڵک گەورەبووە، تێگەیشتن و بڕوایێکە لە بنەماکانی ئیسلام کە ئایینی زاڵ و سەرەکییە بوونی هەیە، چون ئیسلام وەکو کافر سەیری ئەوان دەکات. ئێستاش خەڵک زۆرن پێیانوایە ئێزدی کافرن و پیسن، لەبواری کاردا وەکو کرێکار کاریان پێ ناکەن، یا شتیان لێ ناکڕن، یا تێکەڵیان نابن و حەزناکەن ئێزدی بێنە ناویان هتد. ئەوەی ڕوودەدات جوداکاری و ڕەگەزپەرستی و ڕاسیسزمە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی ئێزدی وەکو کەمینەیەکی خاوەن ماف دانیان پێدابندرێت، پێویستە دان بەوەدا بندرێت کەوا ئێزدی مافی ئازادی سیاسی و کەلتووریان هەیە. وەکو هەر گەلێکیتر ئێزدی مافی خۆیانە کۆمەڵگەی خۆیان بەڕێوەببەن بەم شێوەیەی کە خۆیان ئارەزوویانە. پێویستە ئێزدیەکان هەرێمی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی تایبەت بەخۆیان هەبێت بەپێی ئەو ناوچانەی بەدرێژایی مێژوو لێی ژیاون و زێدی بابوباپیریانە. مافی خۆیانە بەڕێوەبەریی خۆیان هەبێت، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و یاسادانانیان هەبێت، سوپای بەرگری خۆیان هەبێت، هێزی تایبەتی پۆلیس و ئاسایشیان هەبێت. لەسەر حکومەتی ناوەند و هەرێمە پشتگیری لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن. لەم کۆمەڵگەیەدا و لەژێر بەرێوەبەریەکی دیموکراسیانەدا، پێویستە هەموو کەمینەکان بەپێی ژمارە و قەوارەیان نوێنەریان لە ئەنجومەنی یاساداناندا هەبێت و بەشداری ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بکەن. هەموو بیروباوەڕە دیموکراسیەکان کە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدەن، مافی خۆیانە بێجیاوازی لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەبێت. وەکو لە دیموکراسیدا بیروڕا جیاوازەکان دەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین و کێبڕکێی دەسەڵات ئاشتیانە بکەن. دەسەڵاتی دامەزراوەیی دیموکراسی و شارستانیانە دانووی لەگەڵ هێزی چەکداری سەر بە ئەم پارت و ئەو پارت ناکوڵیت. بۆیە هێزی میلیشیا لەم ژینگەیەدا ڕەتدەکرێتەوە. لەم دیدەوە پێویستە هێزە میلیشیاکانی وەکو پارتی و حەشدی شەعبی و پەکەکە لە دەڤەرەکەدا نەمێنن و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بدرێتەدەست ئێزدیەکان خۆیان، لەچوارچێوەی ماف و یاساکانی سیستەمی فیدرالیدا. پەکەکە یا پارتی و یەکێتی یا هەر پارت و ڕێکخراوێکیتر دەتوانن لەڕێگەی پارت و ڕێکخراوی بێچەکی دیموکراسیخوازانەوە لەکۆمەڵگەی ئێزدیاندا ڕۆڵیان هەبێت و پۆزەتیڤانە هەوڵی پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی ئێزدیان بدەن.
پێویستە چارەسەری کێشەی ئێزدیان درێژخایەنانە بێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەژێر چاودێری UN دا سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئاشتەوا بۆ ئەم کۆمەڵگەیە بکات کە لە تاوانی گەلکوژی ڕزگاربوون و بەردەوام لە تراومای تاوانی گەلکوژیدا دەژین. پێوستە بەشێکی گرنگی خەرجی ئاوەدانکردنەوە بخرێتەسەر دەسەڵاتی هەرێم و ناوەند، بەڵام هەڵەیەکی گەوەرەیە ئاوەدانکردنەوە بەوان بسپێردرێت. چونکە هەردوو دەسەڵات لەژێر گەندەڵیدا دەناڵێنن.
هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم لەسەریانە داوای لێبووردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن، کار بۆ ئەوە بکەن ئەو متمانەیە بەدەستبهێننەوە کە بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ دا دۆڕاندیان. قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکەنەوە. هەردوولا لەسەریانە هاوکاری دارایی ببەخشن بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنی سیکتەری تەندروستی و بوارەکانی دیکە، کار بۆ نەهێشتنی جوداکاری و ڕەگەزپەرستی دژ بە ئێزدیان لە کۆمەڵگە موسوڵمانەکانیاندا بکەن. پرۆسەی ئاشتبوونەوە و بەیەکەوەژیان هەنگاوی بەکردەوە لە هەردوو دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم دەخوازێ و پێویستە لەهەموو لایەنەکانەوە کاری گرنگی لەسەر بکەن.
تەنها دوای چارەسەری تاووتوێکراوی درێژخایەن و داننان بە مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی و هەروەها بنیاتنانی بنەمایەکی ئاشتیخواز و یەکسانخواز و دادوەرانە، کۆمەڵگەی ئێزدی دەتوانن بەئارامی بژین و مسۆگەری ژیانێکی بەختەوەر و ئاسوودە بۆ ئێستا و دواڕۆژ بکەن.

شاخەوان شۆڕش
٢٠/١٠/٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish