Skip to Content

ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەند و قسەی نەستەقی کوردیدا.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەند و قسەی نەستەقی کوردیدا.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by نیسان 2, 2024 General, Literature


“خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ پەندو قسەی نەستەق، بە هیوای گفتوگۆ و ڕەخنە لێگرتن”

پێشەکی:
هیچ دەقێکی فۆلکڵۆری نییە، چ دریژ بێت و چ کورت، لە نێو زەمەنێکدا نە گوترابێ و بۆ زەمەنێک و چەندان زەمەنیش نە گواسترابێتەوە، کەواتە هەموو دەقێکی فۆلکڵۆری ڕەهەندێکی مێژوویی لە ناوە خۆیدا هەڵگرتووە و بەرهەمی مێژوویەکی تایبەتیشە.جا دۆزینەوەی ئەم ڕەهەندە مێژووییە و زەمەنەکەی ، بۆ لێکۆڵەر و توێژەر، کارێکی زەحمەت نییە ، کە ڕەنگ بێ ئەمە زەمەنە ئاست و مەودای شەو و ڕۆژ و مانگ و ساڵ، بگرە سەد و هەزارە شی تێبکەوێ.
دەکرێ ڕەهەندە مێژووییەکەی دەقی فۆڵکلۆری، لە ناوەوەی خودی دەقەکە دابێ، کە زمان و واتای دەقەکە دەگرێتەوە، دەشکرێ هەندێ جار، لە دەرەوەی دەقەکە دابی کە لێرەدا مەبەست لە فەلسەفەی دەقەکەیە. چۆن؟ دەقی فۆلکڵۆر لە نێوەندە زانستییەکان بە “حیکمە ” ناوزەند دەکرێ، حیکمەش بەشێکە لە فەلسەفە. کەواتە گەڕان بەدوای فەلسەفەدا لە دەقی فۆلکلۆریدا ، کارێکی زانستیی مەتمانە پێکراوە.
لەم لێکۆڵێنەوە یە دا، کە تایبەتە بە (پەند و قسەی نەستەق)، سەرەتا پێویست دەکات پەند و قسەی نەستەق بە شێوازێکی تازە پێناسە بکەین، پەیامگر، بتوانێ بە ڕوونی و بێ چەندوچوون، ئەو دووانە لێک جودا بکاتەوە. لەبەر ئەوەی کە:
1) تا ئێستا تێکەڵییەکی لێڵ و ئاڵۆز، لە نێوان هێندێ لە دەقەکانیاندا دەبینرێ.
2) کتێب و سەرچاوە هەیە و لەژێر ناوی “پەندی کوردی” کۆکراوەتەوە و چاپکراوە، ئەو دووانەی لێک جیا نەکردووەتەوە.
3) لە هێندی بەرهەمدا “گۆتەی خەڵک” و “گۆتەی ناوداران” یشیان تێکەڵ کراوە.
4) ئەم جیانەکردنەوەی زانستییانەی ئەو دووانە، جگە لە ئاستە میللەیەکدا، ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە، هێندێ ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا.
تەنانەت، لە نێو کتێبی (پەندەکانی پیرەمێرد)ی گەورە شاعیری کوردیش، ئەم تێکەڵییە دەبینرێ. بێگومان کتێب و سەرچاوەی متمانەپێکراو و پەسندیشمان لەبەردەست دایە، بۆ نموونە، کتێبی (پەندی کوردی و چێڕۆکەکەی)ی “عومەر شێخەڵلا دەشتەکی” و کتێبی (مشتاخا چیا ژ گۆتنێن پێشیا)ی ” مەلا مەحمودی دێرشەوی”.
بەداخەوە هەندێ نووسەر لەگەڵ ئەوەی کە زۆر ماندووبووین و شەونخۆنیان چێژتووە، لێ زور وردبینی و تێڕامانی ورد لە چاپکراوەکانیاندا، لە مەر لێکجوداکردنەوەی پەند و قسەی نەستەق نابینیرێ. هەر بۆ نموونە نووسەرێکی بەڕێز، کتێبێکی لە ژێر ناوی (لێکدانەوەی هەزار پەندی کوردی – ٢٠١٥) بڵاوکردووەتەوە، کەچی لەو هەزار پەندەی باسی کردوون، کەمترین ژمارەی پەندیان تێدایە. ئەفسووس! ئەم جۆرە کتێبانەش لە کتێبخانەی کوردیدا ژمارەیان کەم نییە!
پەند وەکو دەستەواژە و گۆتەی خەڵک بە چەند شێوەیەکیش بە کار دێت :
پەندێکی بە سەر هات ، نە بیتەوە : واتە کەسێك بە سەرهاتێکی ناخۆشی بە سەرهات و بەسەرهاتەکە (پەند)ێکی لێکەوتەوە، ئەو بەسەرهاتە ناخۆشە بەسەرکەس نە یەت لە ناخۆشی دا ، بەردەوام ئەو بەسەرهاتە وەک چیڕۆک بۆ پەند لێوەرگرتن دەگێڕدرێتەوە .
دەتکەم بە پەند : کەسێک لە یەکێک توڕەدەبێ و گەفی لێدەکات و پێی دەڵێ .. بەسەرهاتێکت بەسەر دێنم دەتکەم بە پەند ، بەسەرهاتەکە وەک پەند بگێڕدرێتەوە، واتە ببێت بە چیڕۆکێکی پەند ئامێز .
بوو بە پەند : واتە کەسێک بەسەرهاتێکی بەسەر هات ، هێندە ناخۆشە بەردەوام وەک پەند خەڵک دەیگێڕنەوە و دەڵێن : بوو بە پەند .
لێرەدا، کورد گوتەنی، بە پووخت و ڕەختی، دەچینە نیو باسێ “پەند و قسەی نەستەق و قسەی خەڵک و گۆتەی ناوداران، پێناسەیان دەکەین و هێلێ نێوان سنووریان، بە نموونە، دەست نیشان دەکەین:

یەکەم: پـەنـد:
با لەپێشدا، بۆ ئاسانکاری، پەندێک بە نموونە بهێنینەوە، ئەوسا بچینە نێو بابەتەکە:
پەندێکی هەیە کوردی دەڵێ:
“پا پای کەرە، چنگ چنگی مەیاسە
سـەرم سـوڕماگە لەی کـار و باسە!

ئەم پەندە چۆن دروست بووە؟
دەگێڕنەوە، بووک و خەوسووێک مەڕدار بوون و لە گوندێک دەژیان ، بوکەکە مەگیرانی دەکات و زۆری حەز دەچێتە (ڕوونەکەرە)، بەڵام ، خەسووە ڕەزیل و قرچۆکەکەی، ئامادەنابێ و لێناگەڕی ئەو بووکە قشتیلەی، زادی ڕوونەکەرە بێنێتە سەر لێو. کار وا دەمێنتەوە، تا ڕۆژێک، خەسوو، بۆ پرسەیەک لە گوندێکی درواسێیان لە ماڵ دەردەچێ؛ ، بەڵام پێش ئوغرکردنی، دەچێ، ئەو ڕوونەکەرەی هەیانە لە نێو مەنجەڵێکدا بە بنمیچی ژوورەکەیدا هەڵدەواسێ و ئەرزی ژوورەکەش بە قوڕێ جوان جوان سواغ دەدا.
جا بووکەکە کە دەبینی. ماڵ ماڵی خۆیەتی و تەنیایە، فورسەت دێنی و دەچێتە سەر پشتی کەرێک و خۆی دەگەێنێتە مەنجەڵەی ڕوونەکەرە و بە ئارەزووی خۆی چنگی لێ گیردەکا و بە دڵێ خۆی لێی دەخوا.
کاتێک خەسوو لە پرسە دەگەڕێتەوە، سەیر دەکا جێ سمی کەر بەسەر قوڕەکەوە دیارە و مەنجەڵە کەرەش، جێ چنگی بەسەرەوەیە، دۆش دادەمینێ و سەری لێدەرناکا و لەبەرە خۆیەوە دەڵێ:”پا پای کەرە ، چنگ چنگی مەیاسە ؛ سەرم سوڕماگە لەی کار و باسە!” ئەم ڕووداوە چێڕۆک ئامێزە ش ، ئەم پەندەی لێدەکەوێتەوە – کە لە قالبی دیکەشدا گوتراوەتەوە.
دەکرێ پەند بەم شێوەی خوارەوە پێناسە بکەین و بڵێن:
پەند بەرهەمی ڕووداو و بەسەرهاتێکی مێژوویی چێڕۆک ئامێزە و لە کۆتایی ئەو ڕووداوە پەندێک بەرەهەم دێت و دەبێت بە نموونەیەکی قبووڵکراو و زیندوو بۆ ڕووداوی هاوشێوەی ، پەندە کە دەگوترێتەوە ، چێڕۆکە کە نا گێڕدرێتەوە ، خەڵکەكەش بە گوتنەوەی پەندەکە ، لە مەبەستەکە تێدەگەن و دەزانن چی ڕووی داوە و مەبەست چیە !.
کەواتە پەند بەرهەمی ڕووداوی چێڕۆکئامێزی کتوپڕە ؛ دەبینین ئەم پەندە لە خراپ ڕەفتاریی خەسووەکەوە دروست بووە و هەر خەسووەکەش پەندەکەی داڕشتوە و داهێناوە ، لە فۆلکڵۆردا بە گشتی، مرۆڤە چاک و خراپەکان، جوان و ناشیرینەکان، پاشا و گەداکان، گەورەو بچووکیان هەمووان عاقڵ و شێتەکان هاوبەشن لە بەرهەم هێنانیدا.
لە شیتەڵکاریی (زەمەن)ی پەندەکەدا، تێدەگەین کە وەرز.. وەرزی بە هارە و گیا سەوزە و مەڕ و ئاژەڵ تێر لەوەڕن و شیریان زۆرە و بەرهەمە شیرییەکانیش زۆر و زەوەندن و ڕوونەکەرەپەیدا بووە . ڕووداوەکەش چێڕۆکئامێزە و کات و شوێن و ڕووداو و کارەکتەریەکانیش دیارن. بونیاتی دەقەکەش، بە دوو نێوە دێڕی شیعری ناسک، داڕێژراوە.

دووەم: قسەی نەستەق

ئەم قسەی نەستەقەی خوارەوە دەخەینە ڕوو
گەورەیی بە عەقـڵە ، بە سـاڵ نییە.
دەوڵەمەندیی بە دڵە ، بە ماڵ نییە.
ئەم قسەی نەستەقە چۆن دروست بووە؟
کە سەرنج لەم دەقە دەدەین، دەبینین دەچێتە قاڵبی قسەی نەستەق، دەردەکەوێ چەند زانیارییەکەی فڕە بابەت لە خۆ دەگرێ: “گەورەیی، عەقڵ، ساڵ – تەمەن؛ دەوڵەمەندیی، دڵ –
وەک دڵ و دەروون، ماڵ.” کە ئەوانیش لە چوارچێوەیەکی ئەدەبی پووخت و تۆکمە و مۆسیقادار و واتادار، دارێژراون. دەقەکە ڕەهەند و شیتەڵکاریی دەروونناسییانە و کۆمەڵناسییانە و مرۆڤناسییانە هەڵدەگرێ لە پاڵ تێرامان لە زمان و زمانەوانی بەرچاوی نێو دەقەکە.
گەورەیی : لێرە واتە کەسی تەمەندار و بە عومر.
عەقڵ : واتە کەسی عەقڵدارو خاوەن زانین و زانیاری وتاقیکردنەوە .
ساڵ : واتە ژمارەی ساڵەکانی کەسی بە تەمەن .
دەوڵەمەندیی : واتە کەسی پارەدارو هەبووە .
دڵ : لێرە واتە کەسی دڵکراوە و دەسبڵاو و چاوتێرو سەخی .
ئەم قسەی نەستەقە کێ گوتوویەتی؟ ئەم قسەی نەستەقە هیچ ڕووداو و چێڕۆکێکی لە پشت نییە، بەڵکوو وەک بەرهەم و لێکدانەوەی هزرێکی بلیمەتانە و کەسێکی دنیا دیتە و خاوەن ئەزموون دەخوێندرێتەوە ، تێیدا بە زەقی وردبینیی زانیاری تاکناسیی و کۆمەڵناسیی و مرۆڤناسیی و زمانزانیی تێدا دەدرەوشێتەوە. بەرهەمی ئەزموونی عەقڵێکی مەزن و لێکدانەوی مرۆڤێکی وردبین و عەقڵ بە کارهێنەرە .
ئەگەر سەرنج بدەین ئەم قسەی نەستەقەش وەک پەندەکەی پێشوو بە شیعر داڕێژراوە ، واتە پەندو قسەی نەستەق ، هەتا گۆتەی خەڵک و گۆتەی ناودارانیش هەندێ جار ، جگە لەوەی لە ڕستەی کورت و دەستەواژەی جوان داڕیژراو دەگوترێن و بە شێوەی شێعرو کێش و قافەیەش بەرهەم دێن .
لەم قسەی نەستەقە دا دوو کەسایەتیی جیا و دوو دڵ و دەروونی جیا و ئاسمان و ڕێسمان لێک دوور ، بە یەکەوە قسەیەکی نەستەقی پڕ واتا و ئاواز و ئەزموون و عبیرەتی پەسندکراو و بەجێی لەخۆیدا کۆکردووتەوە. کەواتە قسەی نەستەق بەرهەمی بیرکردنەوە و بیرتیژی و وردبینی و تاقیکردنەوە و لێکدانەوەی عاقڵانەیە.
زەمەن لەم قسە نەستەقەدا، تەمەنی دوو کەسایەتیی جیایە: پیرێک و منداڵێک – لای کەم گەنجێک. گەورەکە کە نادیارە، واباسکراوە کە (بێ عەقڵ و بێمەعریفەیە)؛ لە کاتێکدا، منداڵەکە کە ئەوەیش هەر نەناسراوە، (ئاقڵ و بە هۆش و گۆشە). گوتەکە لەسەر بنەمای گەورەیی، بێ عەقڵ و عەقڵی بچووکەوە دامەزراوە. واتە تەمەنی زۆر و عەقڵێ کەم؛ عەقڵێ زۆر و تەمەنی کەم ، کۆبوونەتەوە و لە داڕشتنێکی شیعرئامیزدا و ئەم قسە نەستەقەیان پێ بەخشیووین.

سێیەم : گۆتەی خەڵک
ڕەنگبێ، لە یەکەم خوێندنەوەیدا دەستەواژەی “گۆتەی خەڵک” پرسیارێک بورووژێنێ: ئەدی ئاخۆ پەند و قسەی نەستەقیش هەر گۆتەی خەڵک نین؟ فۆلکڵۆر هەمووی هەر گۆتەی خەڵک و مرۆڤ نین؟
دوای ئەوەی ڕۆشناییەکمان خستە سەر پەند و قسەی نەستەق، هەوڵدەدەین لێرەدا، ئەم تەمەی سەر”گۆتەی خەڵک” بڕەوێنینەوە و بەیتی مەقسەد بخەینە ڕوو.
با ئەم دوو نموونە، لە “گۆتەی خەڵک” بخەینە بەرچاو:

  • ئەو سەرەم لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە!
  • پیربوون دەرمانی نییە!

کێ گۆتەی خەڵک” دادەهێنێ و و بە کاری دەهێنێ؟

کەسێک، دەمێکە خەریکی ئەنجامدانی کارێکە، هەر کارێک بێ، ئەوانەی بە دیارییەوە ڕاوەستاون دە بێنن، کابرا زۆر خاو و خلیچ و سارد و سوڕە و پێناچێ سەر لە کارەکە دەربکا و وەک پێویست بۆی مەیسەر نابێ، جا یەکێک، پێی دەڵێ:’لالۆ، بۆ جێی برای خۆت ناکەی، کارەکەت بۆ تەواوکات و ڕزگارمان بێ؟” ئەوەیش، بە نابەدڵییە و دەڵێ:”برا، ئەوە دەڵێی چی؟ خۆ ئەمن ئەو سەرەم لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە؟!”.
دیقەت بدەنێ، ئەو گوتەیە، هیچ ڕووداو و چیڕۆکێکی لە پشت نییە، پێ ناچێ بەرهەمی ئەزموون و کارامەیی و بیرمەندیی و دنیادیتەیی بێ. پتر لە قسەی بازاڕی سادە و ساکار و ئاسایی دەچێ. تۆیش ومنیش و خەڵکی دیکەش، دەتوانن شتێکی لەو تەرزە بڵێن و دارێژن.واتە نە بەسەرهاتێکی چیڕۆک ئامێزی لە پشتەو نە پێویستی بە تاقیکردنەوەو وردبینیەکی زۆر هەیە !

لە گوتنی “پیربوون دەرمانی نییە.”، دیسان کەسێک کە پیریی و نەخۆشییەکانی، تەنگی پێ هەڵدەچنێ و هەرچەندی دەکەن داو ودەرمان و چارەیەکیان وەدەست نەکەوێ، لەو پیرییە و لەو نەخۆشییانە، دەربازی بکات. جا کەس وکارو خزم خوێش دەڵێن، هیچ نەما بۆی نەکەین، هیچ عیلاج و چارەی نییە، چیبکەین پێرییەو دەرمانی نییە!
دەبینین ئەم گۆتەیەش، پێویستی بە ڕووداوێکی چێڕۆکئامێز و عەقڵی ئەزمووندار و هۆش و گۆشی پڕ مەعریفە و بیرمەندیی نییە. هەرکەس دەتوانێ قسەی وا بکات و ڕۆژانە گوێمان لەو جۆرە ڕستە و دەستەواژانە دەبێ.

بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی کە کە پیریی دەرمانی نییە و کابرا سەری لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە ، پێویستیمان بە ئەزموونی زۆر و فەرهەنگی مەعریفی گەورە و هزر و مێشکی ژییرانەو تاقیکردنەوەو گەڕانی زۆر نییە. هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی تێگەیشتن دابێت، ئەمانە دەزانێ و لە کاتی پێویست بەکاریان دەهێنێ و دەیانڵێتەوە !

چوارەم: وتەی ناوداران

وتەی ناوداران، ئەو وتە جوان و واتادار و تۆکمە و پڕ عیبرەت و ئەزموونەن، کە هەموومان بە حەزەوە دەیان خوێنینەوە ە و لە ژیانی ڕۆژانە و لە بواری ئەدەب و مەعریفە و زانستدا بەکاریان دێنین، خاڵی درەوەشاوەی ئەم وتانە ئەوەیە، دەزانرێ هێ کێنە و خاوەکانیان ناسراون، جا هێ سەردەمە دێریننەکانی مێژوو بن یان هی ئەم سەدەمەی ئێستای خۆمان بن.
واتا فەرهەنگیی ئەو وتانە ، گەورە و فراوانن، لە ناوئاخنی کتێبە ئاسمانییەکان و فەرموودەی پێغەمبەران و بگرە تا قسەی زانا و دانا و و فەیلەسوف و بیرمەند و شاعیر و هونەرمەند و سیاسی و کەسە دیار و ناسراوەکانی مێژووی دێرین و سەردەم دەگرێتەوە. بێگومانە ئەم گوتارانەش بەرهەمی ژییری و ئەزموون و هزری قووڵ و تێڕوانینی ئەوانە بۆ ژیان و بوون و مەرگ و گەردوون… تاد. لەگەڵ ڕۆژگاردا ئەو گوتانە گەیشتوونەتە خەڵک و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دووبارەیان کردوونەتەوە. دیارە نموونە هێنانەوە بۆ ئەم بەشە (وتەی ناوداران) کارێکی ئاسانە زۆر پێویست بە ماندووبوون ناکات، ڕۆژانە لە گفتوگۆکاندا گوێمان لێیان دەبێت و لە نووسینەکاندا دەیانخوێنینەوە.

با بە یەک نموونەی گوتەیەکی ئەدیب و شانۆنووسی ئایرشی(ئایرلەندی) ناودار برناردشۆ، ئەم بڕگەیە دەوڵەمەند بکەین کە دەڵێ:

:”سەرمایەداری وەک سەرو ڕێشی من وایە، زۆری لەبەرهەم ، ناڕێکی لە دابەشکردن.”
لەمەشدا ئەو زاتە مەبەستی سەروڕیشی خۆیەتی، کە سەرێکی ڕووتاوە و ڕیشێکی پان وپۆڕو درێژو پڕ مووی هەبۆوە.

دەربارەی زەمەنیش لەم گۆتەیەی بەرناردشۆدا، دەکرێ بڵێین: زەمەن، سەردەمی ژیانی برناردشۆو سەرهەڵدان و گەشەسەندنی دەسەڵات و دەستکەوتی مەزنی سیستمی سەرمایەدارییە لە ڕۆژاوا دا. لێ، ئێستا هەر بستێکی ئەم جیگایانە دەگرێتەوە کە سیستمی یان ڕژێمی سەرمایەداریی تێیاندا باڵا دەست بێ: کۆکردنەوە بەرهەمێکی زۆر و دەست بەسەرداگرتنی ئەو دەستمایە زۆرە، لە نێو چەنگ و قاسە و ژمارە بانکی چەند کەسێک و تاقم و دەستەیەکی بچووکدا کۆبووەتەوەو بەشیکی خەڵکیش لێی بێبەشن !


چەند نموونەیەک لە پەند و قسەی نەستەق و ڕەهەندە مێژووییەکانیان:

یەکەم: “بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.” (١*)
ئەمە قسەی نەستەقە.
ئەگەر بتەوێ باوەڕ بە کەسێک بێنی کارێکی بچووک و خێرا و کەمخاییەن ئەنجام بدا و ئاکامەکەی چاک بێ با بۆ کاتێکی کورتیش بێت ؛ یان ئامۆژگاری کەسێک بکەی لە ڕووی پاک و خاوێنی و پاگژیدا، ئەوا دەکرێ، پەنا بۆ ئەم قسەی نەستەقە کوردییە ببەیت و بڵێت:” بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.” بێ گومان ئەمە قسەی شوانێکە ، جا چونکە شوان مەڕ و بزنناسە ، بەوەی زۆرترین کاتی ڕۆژگار لەگەڵیاندا بەسەر دەبات و سەرنجیان لێدەدا و شارەزایانە. دیقەتی داوەتێ کە شەو لەو دەشت و دەرە دەمێنەوە ، پێش ئەوەی بزن پاڵ کەوێ بە سمەکانی هێندێ خەرێکی زەوییەکە دەبێ و جێگەی خۆی خۆش دەکات. ئەمەش کردەیەکی خۆرسکانەیە، چونکە ئەو ئاژەڵە کەم تووکە و زەوی ڕەق و تەق و زیخاوی و بەردین ئازاری جەستەی دەدەن، هەوڵدەدا نەختێ شوێنەکەی خۆی خۆش کات، بۆ ئەوەی بۆ ئەو شەوە خەوێکی خۆش بکات ، چۆن بزن هەرشەوەی لە ئاقارێک دەلەوەرێندرێت .
زەمەنی پەیدا بوونی ئەم قسەی نەستەقە:
من وای بۆ دەچم ، مێژووی ئەم قسەی نەستەقە زۆر کۆن بێ، بۆ سەردەمی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاژەڵداری بگەرێتەوە ، دوای بەجێهێشتنی ئەشکەوت و پێش نیشتەجی بوونی مرۆڤ لە گوند و ئاوایدا، چونکە چاخی شوانکارەیی بە شێوە سەرەتاییەکەی زۆر پێش سەردمی نیشتەجیبوون و بونیاتنانی شارەسانییەت بووە.
ئەگەر لە چێڕۆکی (مەڕۆکە و بزنۆکە)ی فۆلکڵۆریی کوردی ورد بینەوە، دەبینین ، بزن داوا لە مەڕ دەکات بۆ ئەوەی پێکەوە خانوو دروست بکەن پێش ئەوەی زستان بێت و بەفر و باران دابکات، بەڵام؛ مەڕ شانازی بە خورییە زۆرەکەی خۆیەوە دەکات و بێ باکە، گوێ ناداتە داوایەکەی بزنۆکەی هاوڕێی. کاتێک وەرزی بەفر و بارین دێ و مەڕە بەرگەی سەرما ناگرێ و دەچێتە بەر قاپی بزنۆکە و داوای لێ دەکا جێی بکاتەوە، بزن هەر خۆشی تێناگەێنی و مەڕی گێژ و وێژ لەو ناوە لەسەرمان ڕەقهەڵدێ و مردار دەبێتەوە. هەمووشمان لە پەیامی چیڕۆکەکە تێدەگەین و دەزانین ئەنجامی مەڕەکە چۆن بووە!
لەم قسەی نەستەقە و چێڕۆکی(مەڕۆکە و بزنۆکە) یە ، دەبینین کە ( بزن) کارەکتەری کارکردن و بەکارهێنانی عەقڵە و پێشبینی داهاتووکردنە و کاریشی بۆ دەکات، لە قسەی نەستەقەکەش دا بزن بۆ(شەوێک) جێگای خۆی خۆش دەکات و بۆ( زستان و تەمەن )ێکیش لە چیڕۆکەکەدا خانوو دروست دەکات؛ ئەنجامی پێشبینییەکەی دەرکەوت کە زستان هات و بەفر و باران دای کرد و سەرما دەستی خۆی وەشاند، مەڕ بەرگەی نەگرت و چووە بەر دەرگای بزن و پاڕایەوە جێگای بکاتەوە تا لە سەرما نەمرێت؛ بەڵام؛ بزن ئەوەی هاتەوە بیر کە هاوێن داوای لێکرد پێکەوە خانوو دروست بکەن، کەچی مەڕ بە قسەی نەکرد و پشتی بە خووریە زۆرەکەی خۆی بەست، ئێستاش بزن دەرگای لێناکاتەوە، ئەوەبوو مەڕ لە دەرەوە مایەوە و دواجار سەرما ڕەقی کردەوە.
ڕەهەندی زەمەن لە “بزن بۆ شەوێک جێگەی خۆی خۆش دەکا”:

  • بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات . پێشبینی خەوتنی – شەوێک – ە و هەوڵدانە بۆ بە ئاسودەیی پاڵ کەوتن و بە خۆشی خەوتن لەم شەوەدا.
  • لە چێڕۆکی مەڕۆکە و بزنۆکە: دوو کارەکتەر، دەکەونە بەرامبەر یەکتر: مەڕ و بزن. یەکیان عەقڵ بە کاردێنێ و پێشبینی داهاتوو دەکات کە بزنە. ئەوەی تریان بە خووریە زۆرە کەی دەنازێ و عەقڵ بەکارناهێنێ و پێشبینی داهاتوو ناکا و سەرەڕای ئەوەش بە گوێی بزنیشی ناکات ؛ دەرکەوت ئەنجامەکەی چی بوو، مەڕە سەری خۆی لەسەردانا. بزنیش پێشبینی داهاتووی کردووە و عەقڵی بەکارهێناوە و چارەسەری بۆ بەفر و باران و سەرمای زستان دۆزیوەتەوە و بە کردەوە خۆی پاراست و لە ژیان بەردەوام بوو.
    شیکردنەوەی: قسەی نەستەقی : بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات:
    بزن : گیاندارێکی زیندووە و جێگای مرۆڤی گرتووەتەوە.
    بۆ شەوێک: هێمایە بۆ زەمەنێکی کورت ، کە – شەو – ێکە.
    جێگای خۆی: واتە شوێن، تایبەتە بۆ بزن لە شەوێکدا. ماڵی خەوتنە وجێگایەکی ئارامە .

خۆش دەکات: کارکردنە بۆ ئەوەی ئەم شەوە بە خۆشی و ئاسودەیی بخەوێ، خۆشی بە مانای لەززەتی ژیان دێت بۆ خەوی تەنیا شەوێک .
لەم قسەی نەستەقەدا چەند فەلسەفەیەکی (کات) و(شوێن) و (کارکردن) و(لەززەت)ی( ژیان) کۆکراونەتەوە؛ بە واتایەکی دیکە، هەر یەک لەم وشە و ناوانە سەر بە فەلسەفەیەکن.
ئەفلاتون لە بارەی (کات ) و (جێگا) وە دەڵێت: “کات ئەو ماوە پێویستەیە بۆ جووڵەی ئەستیرەکانی ئاسمان.” لەم قسەی نەستەقەدا، کات پێویستە بۆ کارکردنی بزن و گەیشتن بە خەوی ئاسودە، لە شەوێکدا!
ئەرستۆش لە بارەی (شوێن– جێگا) وە دەڵێ: “جێگا ئەو شوێنەیە کە شتێک لە خۆ دەگرێ.” لەم قسەی نەستەقەشدا ، جێگا ئەوەیە کە بزن شەوێک بە ئاسودەیی تێیدا دەخەوێ.
لەم قسەی نەستەقەدا( کات )ئەوەیە، کە بزن بۆ( شەوێک) لە جێگایەک دا بە ئاسودەیی بخەوێ، بۆ ئەوەی لەم شەوەدا ئاسودە بێ و (لە ززەت) لە چرکەساتی خەو وژیانی ئەو شەوە ببێنێ ؛ هەر بۆیە (کار )دەکات بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە ئاسوودەیی بخەوێ !
شوێنیش ئەو (جێگا)یەیە ، کە بزن خۆشی دەکات بۆ ئەوەی شەو تێیدا بە خۆشی بخەوێ.
هەروەها ئەرەستۆ لە بارەی کارەوە دەڵێت: “ئەو کارەی کە دەبێتە هۆی مەیسەر کردنی کاری بە کۆمەڵ، دەبێتە هۆی وەدەستهێنانی ئامرازەکانی بەختیاریی بۆ تاکی کۆمەڵگە.”. ئەو کارەی کە بزن کردوویەتی، هەرچەندە بە تەنیاش بوو، بووەتە هۆی بەختیاریی خۆی وەک تاک ، کە هەندێجار بەختیارییەکە ماددییە و هەندێ جاریش مەعنەوییە. لێر بۆ بزن کارەکە، هۆی بەختیاری ئاسودەیی بوو، واتە مەعنەوی بوو. بەڵام مرۆڤەکان لە نێوان خۆیان دا جیاوازن، هەندێکیان کەم ئاوەزن و هەندێکیان بە هێز و عاقڵن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەریەکەیان کاری جیاواز لەوەی تر بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی شارستانی پێک دێت، لێرەش لە چیڕۆکی٠) مەڕۆک و بزنۆکە ) بینیمان بزن و مەڕ لە بە کارهێنانی عەقڵدا جیا بوون و ئەنجامە کەشیان وەک یەک نەبوو!
زەمەن لە دەقی “بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.”
زەمەنی ناوەوەی یەک – شەو – ە، کە بزن کاری تێیدا کرد و گەیشت بە ئاسودەیی.
زەمەنەی دەرەوە یان مێژووی دروستبوونی قسەی نەستەقەکە، بە لێکدانەوەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکەمی سەرهەڵدانی شوانکارەیی و دروستکردنی خانوو و گوند کە (دە هەزار) ساڵێک پێش زایینە. ئەمەیش هاوزەمەنە لەگەڵ چیڕۆکی مەڕۆکە و بزنۆکە، کە چێڕۆکە کە بە – هیما – باس لە دروستکردنی خانوو دەکات بۆ یەکەمینجار و لە وێشدا مەڕ و بزن وەک دووکارەکتەرن لە جیاتی مرۆڤ ڕۆلێان بینیوە.
پێناسەیەک بۆ بزن …

بزن ئاژەڵێکی ماڵی کراوی مرۆڤەو مێژووێکی کۆنی لە گەڵ مرۆڤدا هەیە ، مرۆڤ سوودی زۆری لە بزن بینیوە ، شیرەکەی بە زۆر شێوە بۆ خواردن بەکاردێنێت ، گۆشتەکەی دەخوات ، موووەکەی بۆ زۆر پێویستی و کەرەستە بەکار هێناوە ، پێستەکەشی بە زۆر جۆر بە کار هاتووە ، هەتا میزو کشپلەکەی وەک پەین بۆ بە هێز کردنی زەوی و سوتاندن سوودی لێبینراوە، هەتا شاخەکەشی لە سنوورێکی دیاریکراو بە کار هاتووە . تەمەنی بزن لە نێوان دوازدە تا پازدە ساڵ دەژی .
مێژووی بزن ، زۆر بە سەر چاوەکان ئەوە دەسەڵمێنن کە سەرەتا لە ( چیاکانی زاگرۆس ) و ( کەوانەی بە پێت ) مرۆڤ بزنی ماڵی کردووە ، لە ( مێژووی بزنی ئیران ) دا هاتووە کە : ئیران یەکەمین بە ڵگەی بە خێو کردنی بزن و ماڵی کردنەکەی لە ناوچەی ( گەنج دەرە) ی شاری کرماشانە لە دەورو بەری ( دە هەزار ) ساڵ پێش زایین بە خێو کراوە ، کە ئەمەش ڕاستەو خۆ کوردستانە ، هەروەها ( مورتەزا ڕەزایی ) نوێنەری ئیران لە کۆ بوونەوەی وڵاتان بۆ دەسنیشان کردنی ( ڕۆژی بزن ) هەوڵی دا ئەو ڕۆژە بە ناوی ئیرانەوە تۆمار بکات و گوتوویەتی : ( مێژووی بە خێوکردنی بزن لە چیاکانی زاگرۆس لە ئیران بۆ پێش دوازدە هازار ساڵ دەگەڕیتەوە )(٢*)

لە ( داستانی دەموزو عەشتار )(٣) دا کە داستانێکی سۆمەریە و ڕیشەی سەرهەڵدانی بۆ سەردەمی باپیرانی سۆمەریەکان دەگەڕێتەو، بزن وەک کارەکتەرێکی زیندوو لە داستانەکە ڕۆڵ دەگێڕێ ؛ کە لە لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکاندا سەڵمێندراوە تەمەنی ئەم داستانە( دوازدە هەزار ساڵ) دەبێت و شوێنی ڕووداوەکانیش چیاکانی کوردستانە ، بە پێی لێکۆلێنەوەیەک کە ئێمە کردوومانە ، ئەو شوێنە دەموزی شەش مانگ تێیدا لە ژێر زەوی دەمینێتەوە و لە ڕؤژی نەورۆزدا دێتدەرەوە ( شاری ژێر زەمینی دێرینکۆیۆ ) (٤)ی دوازدە هازار ساڵیە یە لە کوردستانی باکوور ، دەموزی لەم داستانەدا نموونەی خوداوەندێکی شوانە ! ئەمە هە مووی بەڵگەی ئەوەن کە کوردستان وڵاتی یەکەمی بە خێو کردنی بزنە .
بزن زۆر جۆری هەیە ، لە کوردستان دوو جۆری ناسراوە ، بزنی ئاسایی و بزنە مەرەز ، مووی بزنە مەرەز بۆ دروستکردنی ڕانک و چۆغە بە کار دێت ، بزنی کوردستان بزنێکی چیاییەو زۆر چوست و چاڵاکە ، بە هۆی ئەو مێژووە دوورو درێژەی کە بزن لە گەڵ مرۆڤ دا هەیەتی ، چووەتە نێو هەموو بەشەکانی فۆلکڵۆرو هەتا ئەدەبی نووسراووتەواوی هونەرە کانیشەوە ، هەر بۆیە لە وێنەکۆنەکانی دەستکردی مرۆڤ لە نێو ئەشکەوتەکان وێنەی بزن بە ڕوونی دەبینرێ !
بزن ئێستا سەرچاوەیەکی ئابووریە ، هەر بۆیە گرنگیەکی زۆری پێدەدرێ و کتێبی زانستی زۆر لە بارەی پەروەردەی بزنەوە نووسراوە ، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە هۆی گرنگی بزنەوە ڕؤژێکی بۆ دیاری کردووە .


دووەم: “هێندەم نەماوە بمنێنە گوێزێ.”(٥*)
هونەرمەند حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکیدا دەڵێ:
هێنـــدەم نەمــاوە بمنێنە گوێزێ
بە خۆم لێرانە یار لە تەورێزێ
نە چاو تێر دەبێ نە دڵ دەبێزێ

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم گۆرانییە (هێندە م نەماوە بمنێنە گوێزێ.) یە ، کە لێرە مەبەستی شاعیرلە بە کارهێنانی ئەم قسەی نەستەقە ئەوەیە ، پیر بوویمە وهێندەم نەماوە بمرم و بمخەنە نێو (گوێز ، گۆز، گۆزە ، کوپە ، دەخمە، گۆڕ) ە وە کە لە کۆنەوە بە کوپەیان دەگوت دەخمە و دەخمەش وەک گۆڕ بە کاردەهات . ئەوەش لەوەوە هاتووە کە لە پێش زایین و بەتایبەت لە هەزارەی دووەمدا، مردوویان دەخستە نێو کوپە – گۆزە، ئێستاش جاروبار لە ئەنجامی پشکنینە شوێنەوارییەکان لەم جۆرە کوپانە دەدۆزرینەوە – لە مۆزەخانەی سلێمانیش دانەیەک نمایش کراوە، کە ئێسک و پرووسکی مردووی تێدایە، لەوشدا کە لە گۆرانییەکەدا گۆزە بە (گوێزێ) هاتووە، ئەم گۆڕانکاریە لە بەر پێویستی سەروای شیعری گۆرانییەکەیە .
لەم قسەی نەستەقەدا دوو زەمەن هەیە: یەکەم زەمەنی ناوەوە کە زەمەنی پیربوون و مردنی عاشقەکەیە و خستنە نیو کوپە و گۆزەیە .
دووەم: زەمەنی دروستبوونی قسەی نەستەقەکەیە، کە بەڕای ئێمە بۆ ئەو مێژوو و زەمەنە دەگەڕێتەوە کە مردوو دە خرایە نێو کوپە و ئەویش لانی کەم چوار هەزار ساڵ پێش ئێستایە.


سێیەم: “هێندەم نەماوە بمنێنە قەفەس، نە چاو تێردەبێ نە دڵ دەڵێ بەس.”
ئەمەش بۆ ئەو زەمەنە دەگەڕیتەوە کە پیرەمێرد و پیرێژنە بە تەمەنەکان دەچوونە تەمەنەوە ، ئیسک و جەستەیان هێندە ناسک دەبوون بۆ ئەوە نەدەبوون بەدەست هەڵگێڕو وەرگێڕ بکرێن ، بۆ پاراستینان لە نێو قەفەزێکی تایبەتیان دادەنان یان درێژیان دەکردن، کە پڕە لە لۆکەی نەرم و نیان ، بۆ ئەوەی هیچ شتێکیان بەر نەکەوێ و جوولەیان پێ نەکرێ و ئازاریان پێ نەگات. کەواتە ئەو دەمە لە نێو قەفەس دانان ، پێش ئەوەیە بخرێنە نێو گوێزێ ـ نێو کووپەی مەرگ.
هێندەم نەماوە بمنێنە قەفەس، واتە هێندەم نەماوە هێندە پیربم و لەدەست و پێ بکەوم و بە قەفەس هەڵمبگرن و بمگوێزنەوە! لە ئەفسانەیەکی کوردی لە کتێبی ( هێڵکەی نامێ)(٦*)، ئیمامی هەمزە کە کەسایەتیەکی سەردەمی پێغەمبەرە دەکرێتە پاڵەوانی ئەفسانەیەک کە زەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (شارە قەڵا – وڵاتە شار) و دوو هەزار ساڵ پێش زایین، لەوێدا ئیمامئ هەمزە هێندە پیر بووە دەخرێتە نێو قەفەس و دەبریتە خزمەت پێغەمبەر ؛ ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندی ئەفسانە ، کە (زەمەنگۆڕی و شوێنگۆڕی بە پاڵەوان و ڕووداوگۆڕی ) دەکات ! لەو ئەفسانەیە ئیمامی هەمزە هێندە پیر بووە، خستوویانەتە نێو قەفەس و بە لۆکە دەوریان داوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بیگوێزنەوە ، حیکایەتەکە دەڵێ 🙁 چوون ئیمامی هەمزەیان هێنا ، ئیمامی هەمزە چ ئیمامی هەمزە ! هێندە پیرە لە نیو قەفەس و لۆکەیان ناوە ، پێستی چاوی بەری چاوی گرتووە ، بە( قوڵاب) بۆ یان هەڵداوەتەوە ، کەس ناناسێتەوە ئەگەر نەڵێی ئەوە فلانە ، گوێی لە هیج نابێ ، ئەگەر بۆی هاوار نەکەی ، هەر چۆنێکی بی جوون هینایان و لە تەنیشت پێغەمبەریان دانا ) ،( ل٢٥،٢٦-ب١،ب١)
زەمەن و مێژوو لە نێو ئەم قسەی نەستەقە دا:
دوو زەمەن هەیە: یەکەم زەمەنی ناوەوەیە، کە زەمەنی پیربوون و کەترەیی کەسایەتیەکەیە !.
دووەم: زەمەنی دروست بوونی قسەی نەستەقەکەیە، کە بەڕای ئێمە نزیکە لە زەمەنی – مردوو خستنە نێو گۆزە – کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین. بەڵام ، دوای هاتنی ئیسلام زمانی گێڕانەوەکە گۆڕانی بەسەر دا هاتووە !


چوارەم: “مردووێک و زیندووێکی، پێکەوە لە قەبری دەنێ.”
ئەم قسەی نەستەقە، بە چەندان شێواز دەگوترێ و دەنووسرێ، بە تایبەت کاتێ باسی کەسێکی دڵڕەق و زاڵم دەکەن. بیستوومانە و خوێندومانەتەوە، کە لە سەردەمە دێرینەکاندا، پاشا هەبووە کە مردووە ، دەست و پەیوەندەکانیشی بە زیندوویی لە گەڵدا نێژراون ، بۆ ئەوەی لە جیهانی ئەولا کە هەستانەوە وەک سەر دنیا خزمەتیان بکەن ، بە پێی باوەڕی ئەودەم ! لە کەلتووری هێندێ هۆز و ئێڵ و عەشرەتیشدا، ژنی زیندوویان لەگەڵ هاوژینە مردووەکەی پێکەوە بە خاک سپاردووە. هەرچەندە هیچ لەو ڕەوشانەمان لە مێژووی کورددا نەکەوتووەتە بەرچاو، دەڵێن لە وڵاتی تایلاند هۆزێک هەیە کە پیاوەکە دەمرێ ژنەکەشی لەگەڵ دەنێژن، هەروەها هیندیک هۆز لە هیندستان ئەوانیش پیاو کە دەمرێ ژنەکەی بە زیندوویی لە گەڵ دەنێژن !
ڕوون نییە لە کەینێووە و لە چیەوە ئەم بیرۆکەیە پەڕیوەتە نێو فۆلکلۆری کوردی؟ لام وایە ئەم قسە نەستەقە لە کەلتووری نەتەوەکانی دیکەدا وەرگیرابێ و کەوتبێتە نێو زمان و کەلتوری کوردیمان. ئێستا ئەم ڕستەیە بەردەوام لە نێو کورددا، ڕۆژانە دووبارە دەکرێتەوە، وەک دەبینین کارەکە لە داب و نەریتی میللەتانەوە بووە بە – قسەی نەستەق – لە نێو کوردەواری بە کەسێکی زاڵم و دڵڕەق دەگوترێ، ئەگەر دەستی بڕوات مردووێک و زیندووێکی پێکەوە لە قەبری دەنێ !
زەمەنی ناوەوەی ئەم قسەی نەستەقە جێگیر نییە ، زەمەنی مردنی کەسەکانە . بەڵام، زەمەنی مردوو و زیندووە لە گۆڕنان پێکەوە زۆر کۆنە و ئێستاش وەک باسمان کرد کەم و زۆرهەر بەردەوامە. پێموابێ زەمەنی بە فۆلکڵۆربوونی ڕەوشەکە، کە بووەتە قسەی نەستەق، ئەویش تازە نەبێت و مێژووییەکی کۆنی هەبێت ! لای کەم بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە.


پێنجەم: “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”
دیسان حەسەن زیرەک لە گۆرانی – سەبری – دا دەڵێ:
سەبری بە خودا و بە پێغەمبەر
بە میحرابی چــاوی ئەســـمەر
کەوتوومە گێـــژی ئەسکەندەر (٧*)
نەجات نابــم تـاکـو مەحـشەر

ئەوەی مەبەستی ئێمەیە “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”ە ، ئەم دەستەواژە پەند ئامێزە، لە چیێەوە هاتووە؟ بۆ چ زەمەنێک دەگەڕێتەوە؟ ئەوەی کە یارمەتیمان دەدات و دەبێ بە کلیلی دۆزینەوەی نهێنییەکە وشەو ناوی (ئەسکەندەر )ە، کە مەبەست (ئەسکەندەری مەقدۆنی) سەرکردەی یۆنانییە، کە لە نزیک شاری (هەولێر) و لە شەڕی ( گۆگەمیللا) لە ساڵی (٣٣١) پێش زایین (دارای سێیەم)ی، پاشی فارسی ئەخمینی شکاند. ڕووداوەکە وادێتە بەر زهن کە لەشکری گەورە و بێ ژمارەی ئەسکەندەر کە لە زۆر میللەت و لە زۆر بەش پێکهاتبوو، ئەو لەشکرە بە چەکی جۆراوجۆر لە ڕم و شێر و تیروکەوان و پیادەوە، و سوارەی ئەسپ و فیل و ڕاکێشانی گالیسکە بە مانگا، بە کوردستاندا پەرت بووە و کەسێکی ئەم وڵاتەش کەوتووەتە نیو ئەم لەشکرە زۆر و سەری لێ شێواوە و ترساوە و چەپ و ڕاستی خۆی لێ تێکچووە و گێژ بووە ، نەیزانیوە چۆن ڕزگاری دەبێت. دیارە دواجار ڕزگاری بووە و بەسەرهاتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و ئەم ڕووداو و چێڕۆکە ئەم پەندەی لێ کەوتووەتەوە. بۆیە ئێستاش ئەگەر کەسێک کێشەیەکی توش بێت و بۆی چارە نەکرێ دەڵێ: “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”

زەمەنی دروستبوونی ئەم پەندە بە تەخمین بۆ مێژووی هاتنی ئەسکەندەر و لەشکرەکەیەتی بۆ کوردستان، لە دەوروبەری ساڵی (٣٣١)زایینی دەگەڕێتەوە .
زەمەنی ناوەوەی پەندەکە زەمەنی هەمان ڕۆژی ڕوودانی کەوتنە نێو لەشکری ئەسکەندەری ئەو هاوڵاتییە کورستانیەیە ، کە ترساوە و نەیزانیوە چۆن ڕزگاری دەبێت ، کە دەڵێ ..کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر ، لە – کەوتوومە – مەبەستی ئێستای ڕووداوەکەیە و هەمان ڕۆژو مانگ و ساڵێ هاتنی لە شکرەکەی ئەسکەندەرە !
زمانی پەندەکە کە کوردی ئێستایە. ببێگومانی زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش ڕەوشێ هەموو فۆلکڵۆرە، کە لەگەڵ زەمەن زمان و زارەکەی دەگۆڕێ و ماناکەی لە نێو خۆیدا هەڵدەگرێ و دەیپارێزێ.

پەندو شوێنەوار ..
یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی پەندو قسەی نەستەق ئەوەیە کە سنووری بابەت نازانن و سەر بە ماڵی هەموو بابەتەکی ژیانی مرۆڤ دادەگرن ، سەیرکە لێرە ئەم قسەی نەستەقە کە دەڵێ 🙁 پەندی پێشینان نەقشی بەردییە !) بزانە کە چۆن قسەی نەستەق بە پەند دا هەردەڵێ وپەسنی دەکات و گرنگیەکەی دەخاتە بەر چاو ، هەر کاتێ تۆ کە دەڵێی – پەند – یان گوێت لە وشەی پەند دەبێت .. ئەوا هەست دەکەی کە باسێ بابەتێکی زۆر گرنگ دەکرێ ، واتە وشەی پەند هەر بۆ خۆی مانایەکی گرنگ و جوانییەک لە نێو خۆی دا هەڵگرتووە ، هەر ئەوە شە کە کۆمەڵگە – هەموو کۆمەڵگەکان – لە ڕابردوو و ئێستاس دا بەردەوام ڕۆژانە – پەند – بە کار دەهێنن ! ئەو بە کار هێنانە بەردەوامە واتە پەند هەرچەندە بۆ خۆی سەرەتایەکی تایبەت بە خۆی هەیە لە دروست بوون و سەرهەڵدان دا ، بەڵام هەرگیز کۆتایی نیەو هەمیشە لە نێو زەمەنێکی بێ بڕانەوە دا دەسوڕێتەوە ! کەچێ ئەم قسەی نەستەقە جارێکی تر بەوەی کە بە – نەقشی بەرد – ی دەچوێنی ، جارێکی تر نەمریی پێ دەبەخشێ و دەڵێ : پەند وەک نەقشی بەرد وایە ، چۆن نەقشی بەرد لە نێو ناچێ و هەر دەمینێتەوە ، نەقشی بەردیین بە شێکە لە شوینەوار ، پەندیش ئاوا نەمرە و بەردەوام دەمینێتەوە ! واتە بە هونەری – زمان – ئەدەب گوتن و نووسین سوودی لە – هونەری دەست – نووسین و وێنەکێشان لەسەر بەرد بینیوەو بە یەکی چوواندوون ؛ ئەمەش جارێکی تر هونەری پەندو قسەی نەستەق دەردەخات و دوو هونەر بە یەکەوە ..یەکتر باڵادەکەن .

زەمەن لە نێو قسەی نەستەقی – پەند نەقشی بەردییە – ! (٨*)
زەمەنی یەکەم ، زەمەنی گوتنی ئەم قسەی نەستەقەیە ، کە من وای بۆ دەچم ئەو کاتە گوترابێت کە مرۆڤ هەستی بە نرخ و گرنگی – نەقشی بەرد – یی کردبێ و تێگەیشتبێ کە ئەوەی لەسەر بەرد دەنەقشێ لە نێو ناچێ بۆ هەمیشە دەمینێتەوە ، بێ گومان ئەوزەمەنەش زەمەنی دوای سەر هەڵدانی هونەری نەقشێ بەردیین بووە ، ئەو زەمەنەش بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ یەکەمجار پەنای بۆ نەخشاندنی بەرد بردووەو هەستی کردووە کە هۆیەکی گرنگی مانەوەی نەقشەکانی دۆزیوەتەوەو لە وانە باشترە کە پێشتر نەقشی لەسەردە کردوون ، جا نەقشی لەسەر هەر شتێکی تر کردبێت ! ئەو زەمەنەش بە هەزاران ساڵ دە خەمڵێندرێت کە زەمەنی ڕابردووێکی یەکجار دوورە ! لە نێو ئەم قسەی نەستەقە دا دوو زەمەن هەیە ، یەکەم : زەمەنی گوتنی قسەی نە ستە قەکەیە ! کە دوای زەمەنی پەیدا بوونی نەقشی بە ردینە ! ئەو زەمەنەش زیاتر لە پازدە هەزار ساڵ دەبێت !
زەمەنی دووەم ، ئەو زەمەنە سەرەتای هەیەو بێ بڕانەوەیە ، زەمەنی مانەوەی نەقشی بەردیین ! کە زەمەنی داهاتووەو داهاتووێکی بێ سنوور ، زەمەنی سەر هەڵدانەکەی بە پانزە هەزار ساڵ مەزەندە دەکرێ و ..زیاتریش ، زەمەنی مانەوەی لە سەرهەڵدانەوە بۆ ئێستاو داهاتووی بێ سنوور ..
ئێستا دەرکەوت ئەم قسەی نەستەقە کە باسی گرنگی – پەند – دەکات ، لە نێوان دوو زەمەن دایە، زەمەنێک لە گەڵ سەر هەڵدانیەتی و زەمەنێکیش لە گەڵ بەردەوامیی و کۆتایی نە هاتنیەتی ، زەمەنێک تێیدا لە دایک بووەو زەمەنێک تێیدا دەژیت ودەگات بە نەمریی !
لە داهێنانی ئەم قسەی نەستەقە دا هونەری فۆلکڵۆریش دەردەکەون ، سەرنج بدە : لێرە – قسەی نەستەق – بۆ پەسند کردنی – نەقشی بەردین – کە کارێکی شوێنەوارییە ، بە گرنگی – پەند – دا هەردەڵێت ؛ پەند وەک بەشێک لە فۆلکڵۆر!
لێرەش دەبێ ئەوە لە بێر نەکەین ..ئەو ( زمان )ەی کە سەرەتا قسەی نەستەقەکەی پێ گوتراوە ، ئەو زمانە نیە کە ئێمە ئێستا قسەی پێ دەکەین و قسەی نەستەقە کە بە کار دێنین ؛ زمانەکەی سەرەتا گۆڕاوەو لە نێو زمانەکەی ئێستا دا ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی ماوەتەوە .

شەشەم : ماری سەر خەزنە ..
بوویتە (ماری سەر خەزنەی ):(مار پاسەوانی خەزنەیە) ، ئەم قسەی نەستەقە بە کەسێک دەڵێن .. کە ماڵی دنیای زۆر بێت و دڵێ نەیێ خەرجی بکات و سوودی لێببێنێ ! دیارە جگە لەوەی کە ئەم قسەی نەستەقە دروست بووە ، دەیان چێڕکیش هەن باسی مارو زێڕ دەکەن ، بەتایبەت ئەو شوانەی کە شمشالی خۆش لێدەدات و مارێک لە کونێکەوە لیرە یەکی زێڕێ بۆ دێنێتە دەرەوە ، دواجار شوانە تەماع دەیگرێ و دەیەوێ مارەکە بکوژێ بۆ ئەوەی بە جارێک تەواوی لیرەکانی دەسکەوێ ؛ بەڵام ، سەرکەوتوو نابێت !
ئەوش لەوە هاتووە کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتی و سەر هەڵدان و لە نێو چوونی شارستانییەتەکان ، لە کۆن دا کوپە زێرکە ئەو وەختە ( کوپە ) زێڕی تێدا هەڵگیراوە ، بە هەر هۆیەک بێت کەوتووەتە ژێر زەوی و ساڵانێکی زۆری بەسەردا ڕابردووە ، کە دۆزراوەتەوە ، دەبینن مارێکی بەسەرەوەیە ، ئەمە لە بەرچاو دا هەیەو چێڕۆکەکانیش پشتگیری دەکەن .
دیارە ئەو کوپە زێڕانە وەک بەشێک لە کۆنینەی شووێنەواریەکان سەیردەکرێن و زۆریش گرنگن بۆ دەسکەوتنی زانیاریە کۆن و مێژووییەکان ، جگە لەوی( کوپە و زێڕ)کە دەدۆزرێنەوە ، نرخێکی گرنی کۆنینەو شوێنەواریان هەیە ، زێڕ بۆ خۆی شتێکی بە نرخە ؛ کوپەکە لەو کەم نرختر نیە!
زەمەن لەم قسەی نەستەقەدا .. دوو زەمەنە ،
زەمەنی یەکەم : زەمەنی دۆزینەوەی کوپە زێڕی مار بەسەرەوەیە ، کە زەمەنێکی کراوەیە و لە ڕابردوو ڕووی داوەو ئێستاش ڕوو دەدات و لە داهاتووش هەر ڕوودەدات و کوپە زێڕ دەدۆزرێتەوە.
زەمەنی دووەم : زەمەنی دانانی کوپە زێرەکانە ، کە لە دوو سەت ساڵ بۆ پێنج سەت ساڵ و هەزارو دوو هەزارو سێ هەزار..تا چوار هەزار ساڵێش دەڕوات .

حەوتەم : خودا بیدا لە خەتە جووتێکی دەیدا !
ئەمەش لەو بەراوردەوە هاتووە کە جووتیار ساڵانە زەوییەکی زۆرو پان و پۆڕ دەکێڵێ و ماوەیەکی زۆر چاوە ڕێی دەکات و دەیدوورێتەوە ، دوای ماندوو بوونێکی زۆر ، جا ئەگەر شتێکی دەسکەوێ ! بەڵام ؛ ڕێککەوتووە جووتیارێک لە خەتە جووتێک گاسنی لە (کوپە زێڕ) ێک گیر بووە و بە هۆی ئەو خەتە جووت و کوپە زێرەوە بۆ خۆی دەوڵەمەند بووەو خودا داویەتێ !!.. جا لەم ڕووداوەوە یە دەڵێن : خودا بیدا لە خەتە جووتێک دەیدات ! دیسان ئەم کوپە زێرەش هەر وەک بەشێک لە شوێنەواری کۆن دەنرخێندرێ و سەیرکە ( کوپە) چۆن لە دروستبوونی پەندو قسەی نەستەق و چێڕۆکە فۆلکڵۆریەکان بەردەوام ئامادەیە ؛ دیارە زۆر هۆ هەیە لە ژیان کە کەسانێک بە ماوەیەکی کەم و ماندوو بوونێكی کەم دەوڵەمەند دەبن ، بەو کەسانە دەڵێن .. خو بیدا لە خەتە جووتێک دەیدات . ئەمەش بەراوردکردنی کاری ساڵێکی جوتیارە لە چاندنەوە تا ڕەوسە و داکردن ؛ لە گەڵ ماوەی کورتی خەتە جوتێک و دۆزینەوەی کوپە زێڕێک !
زەمەن لەم قسەی نەستەقە دا.. دوو زەمەنە .
زەمەنی یەکەم : زەمەنی شاردنەوەی کوپە زێرەکەیە ، کە زەمەنێکی درێژە ، لە دوو سەت ساڵەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا.
زەمەنی دووەم : زەمەنی دۆزێنەوەی کوپە زێرەکەیە ، ئەویش زەمەنێکی کراوەیە ، لە دوای شاردنەوەو ژێر زەوی کەوتنی کوپە زێرەکەوە دەست پێدەکات و بەردەوامە بۆ ئێستاو داهاتووی بێ سنوور .

هەشتەم : سندوقی سەرت !
حەسەن زیرەک لە گۆرانیەکی دا دەڵێ :
دەستم بە دامێن قوربان دەگرم کە مبەرت
چونکێ بەگزادەی هاوار دە بمە نۆکەرت
دەی جا لوتفت بێت مردم سندوقی سەرت

زۆر جار لەکوردەواری کەسێک زۆر بە عەبرەیی کاری دەکەوێتە لای کەسێکی دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتوو ، لێی دەپاڕیتەوەو داوای لێدەکات ئەوکارەی بۆ بکات و پێی دەڵێ : ئەم کارەمان بۆ بکەو (سندوقی سەرت ! ) هونەرمەند ( حەسەن زیرەک ) یش ئەم قسەی نەستەقەی لە شێعری گۆرانیەکی دا بە کاری هێناوەو ڕوو لە خۆشەویستەکەی دەکات و دە:ڵێ : دەستم بە دامێن قوربان دەگرم کەمبەرت ! دەست بە دامێن و دامێن گرتن ئەوپەڕی دەخیڵ بوون و پاڕانەوەیە لەو کەسەی کە بتەوێ کارەکەت بۆ بکات ؛ لێرە زیرەک ڕووی لە یارەکەیەتی و لێی دەپاڕیتەوەو بە گەورەیی و بەگزادەیی دا هەردەڵێ ! لێرە بەگزادە تەنیا مانایەکی چێنایەتی نادات ؛ بەڵکە گەورەیی ماڵەبابی خۆشەویستە و بە زمانی کۆمەڵگە بە بەگزادە ناوی دەبات و لە خۆی بە گەورەتری دەزانێ ! هەر بۆیە دەڵێ چونکێ تۆ بەگزادەی و باڵادەستی لە مەیدانی خۆشەویستی دا منیش دەبمە نۆکەرت ، لێرە لە بەرامبەر گەورە کردنی یار خۆی بچووک دەکاتەوەو زمانی کۆمەڵگە بەکاردێنیو ئەو – یار – دەکات بە – بەگزادە – و خۆی – عاشق – دەکات بە – نۆکەر – !! نۆکەر واتە دەست و پیوەندو ناوماڵ ! ئەم هەموو پێدا هەڵگوتن و پاڕانەوەو یا مەزن کردن و خۆ بچووک کردنەوەیە بۆ ئەوەیە کە یار کەمێک لوتفت هەبێت ؛ با ئەو لوتفەت بەخاتر سندوقی سەرت بێت !
سندوقی سەر لە چیەوە هاتووە ؟
لە مێژووی شوێنەوارەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە مردوو هەر لە کۆنەوە وەک خاوەن ڕوح سەیرکراوەو باوەڕێ زیندوو بوونەوەی مردوو بووەتە هۆی هەڵس و کەوتی سەیرو جیا جیا لە گەڵ جەستەی مرۆڤ ، هەر بۆیە لە کۆنەوە مردووەکانیان واناشتووە کە دواجار زیندوو دەبنەوەو پێویستیان بە کەرەستەو خواردن و خواردنەوە دەبێت ، هەر بۆیە لەگەڵ جەستەی مردوو خواردن و خواردنەوەو کەرەستەی پێویست ناشتراوە ! ئەم باوەڕە کە گەیشتە سەردەمی پاشاو دەسەڵاتدارەکان ، ناشتنەکان گۆڕانی بەسەرداهات و هەندێجار جگە لە کەرەستەو پێویستی ، دەست و پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ دەناشتن ؛ جاری واش هەبوو ژن و مێرد پێکەوە لە گۆڕ دەندران ، بە تایبەت کە پیاوەکە دەمرد ، پاش ئەوەی زیڕو جەواهێر پەیدابوو ، چۆن بەنرخن .. پاشاو دەوڵەمەندەکان زێڕو زیوو جەواهێریان لە گەڵ خۆیان دەشاردەوە ، ئەمە لە هەموو شارستانیەتەکان وابوو ، لە میزۆبۆتامیاو میسرو زۆر وڵات و میللەتی تر ، کە باوەڕێان بوو ئەم زێرو جەواهێرە لە پاش مردن و لە نێو گۆڕ بە کەڵکیان دێن ؛ ئەم زێڕو جەواهێرەش لە نێو سندوق دادەندران و سندووقەکەش لە تەک سەری مردوو دادەندرا ! ، جاری واهەبوو سندووقەکەش زێڕ بوو ، بۆیە ئەگەر لەژیان شتێکی بەنرخیان دەس بکەوتایە ، بەتایبەت زێڕ دەیانگوت : هەڵیگرە بۆ نێو سندووقی سەرت !! ئەمە هەزاران ساڵ درێژەی کێشا تا سەردەمی هاتنی ئایینە ئاسمانیەکان ، ئیتر باوەڕو ئایین گۆڕانی بەسەرداهات و مردوو جێتر پێویستی بە ئاوو نان و زێڕۆ جەواهێر نە بوو لەگەڵی بنێژن ! ئەوەی پێویست بوو خوا پەرستی و کاری چاکە بوو ، واتە مرۆڤ پێش مردنی خۆی خوا پەرستی خۆی دەکردوو ئیمانی خۆی دەپاراست ، هەر بۆیە دەگوترێ ، ئەوەی لە گەڵ خۆتی دەبەیتە گۆڕ ..تەنیا چاکەیە ! واتە سندووقەکە وەکو باوەڕ مایەوە ، ئەوەی گۆڕانی بەسەرداهات ، ئەوە بوو لە نیو سندووقەکەدا ! بەڵام ، سندووقەکەش شێوەکی مە عنەوی وەرگرت و هەر مایەوە ! ئەم جارە خەڵکە کە باوەڕێان وابوو تەنیا چاکە لەگەڵ مردوو دەچێتە گۆڕ و دەمێنتەوە ؛ ئەو چاکە مانەوەی نێو گۆڕ – سندووقی سەری – لە باری ماددیەوە کرد بە مەعنەوی ! چۆن پێشان دەیانگوت زێڕەکەت هەڵگرە بۆ نێو سندووقی سەرت ، کە لەگەڵتا لە گۆڕ دەشاردرێتەوە ، ئێستا ئەو چاکەیە بووەتە ئەو زێڕەو دەخرێتە نێو ئەو سندووقە مەعنەوەییەو ئەم قسە نەستەقەی لە ڕووی زمانەوە وەک زەمانی زوو وەکو ماناو باوەڕ هەر ماوەتەوە ، ئەوەتە زیرەک دواوی لوتف لە یار دەکات و دەڵێ : بۆ سندووقی سەرت !واتە ئەگەر چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لتفت هەبێت ، ئەو چاکەیە دەچێتە نێو سندووقە ئیمانیەکەت و لەو دنیا بەکەڵکت دیت ؛ چۆن پێشان باوەڕێان وابوو پەیداکردنی شتێکی بەنرخ ، بۆ نموونە زێڕ بۆ نێو سندووقەکەی نێو گۆڕو تەنیشت سەرت بەکەڵکە و سودی لێدەبینی ئێستاش چاکەو پیاوەتی جێگای ئەو زێڕەی گرتووەتەوە زەمەنی گوتنەوەی ئەم قسەی نەستەقەش بەردەوامە لە ڕؤژی دروستبوونیەوە تا ئەمڕؤ !
زەمەن لە نێو قسەی نەستەقی : سندووقی سەرت دا .
مێژووی دروستبوون و سەرهەڵدانی ئەم قسەی نەستەقە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە ، سەرەتاکەی بۆ ئەو باوەڕی زیندوو بوونەوە دەگەڕێتەوە ، کە خەڵکەکە باوەڕێان وابوو پاش مردن جارێکی تر مردوو وەک خۆیان زیندوو دەبنەوە ، ئەم باوەڕە لای ئەشکەوتنشینانی ( ئەشکەوتی شانەدەر ) بەر لە ٦٥ هەزار ساڵ هەبووە ! هەر بۆیە کەرەستە سادەکانیان لەگەڵ مردووەکانیان ناشتووە . ئەم باوەڕی بەردەوام بوو تاگەیشتە سەردەمی سندووقی زێڕ ، دوای ئەویش لەگەڵ ئایینە ئاسمانیەکان خۆی گونجاندو بە شێوە مەعنەویەکەی مایەوەو هەتا ئێستاش بەردەوامە و ڕۆژانە بەکاردێ ! ئەوەش دیارە کە چۆن شێوەی کەرەستەی باوەڕو سندووقەکە گۆڕاوە ، ئاواش زمانی گێڕانەوەی گۆڕانی بەسەرداهاتووەو ناوەرۆکەکەی خۆی پاراستووە تا گەیشتووەتە زەمەنی ئەمڕۆ هەر میللەتە بە زمانی خۆی دەری دەبڕێ !

ئەنجام:
یەکەم : دەردەکەوێ هەتا ئێستاش بە گشتی، لە نێو نووسەران و ڕۆشنبیران و هەتا هەندێک لە ئەکادیمیەکانیش پەند و قسەی نەستەق لێک جیا ناکەنەوە.
دووەم :چەندان لەو کتێبانەی کە بە ناوی پەند کۆکراونەتەوە و چاپکراون، جیاوازییان لە نێوان پەند و قسەی نەستەق نەکردووە و بە تیکەڵی و بە ناوی پەند بڵاویان کردوونەتەوە.
سێیەم : هەندێ نووسەر لە پێناسەکردنی قسەی نەستەق و پەند سەرکەوتوون، بەڵام، لە هەڵبژاردن و لێکجیا کردنەوەی دەقی پەند و قسەی نەستەق پشوو درێژ نین و زۆرجار تێکەڵیان دەکەن.
چوارەم : تەنانەت (پیرەمیرد)، شاعیری مەزنیش لە پەندەکانی خۆیدا هەمووی تێکەڵ کردوون و- پەندو قسەی نەسەتەق وگۆتەی ناوداران و گۆتەی خەڵکێ – وتەی خۆشی بۆ زیادکردوون.
پێنجەم : لە بەکارهێنانی قسەی نەستەق و پەند و گۆتەی خەڵک و گۆتەی ناوداراندا هەر هەموویان وەک پەند بەکاردێنن و لە بەکارهێنانیشیاندا مەبەستیان حیکمەتەکەیەتی! نەک چۆنیەتیی دروستبوونی.
شەشەم : دەرکەوت سەردەمی دروستبوونی پەندو قسەی نەستەق و بە گشتی فۆلکڵۆر، زۆر کۆنەو بۆ سەردەمی ئەشکەوت دەگەڕێتەوەو گەشەکردنی لەگەڵ گەشەکردنی ژیان و گۆڕانکاریەکان بووە ، ئێستا پەندو قسەی نەستەق بەتایبەت و بەگشتی فۆلکڵۆر تام و بۆی هەموو زەمەنەکانی پێوەیە .
حەوتەم : پەند و قسەی نەستەق، فۆلکڵۆر بە گشتی، بەرهەمی کۆمەڵگەیە و لە نێو کۆمەڵگەشدا چاک و خراپ هەیە، زانا و نەزان، گەورە و بچووکیش، هەر بۆیە هەمووان هاوبەشن لە دروستکردنی فۆلکڵۆر بەگشتی و پەند بەتایبەت بە گەورە و بچووک و زاناو نەزانەوە .
هەشتەم : دەرکەوت هەندێ لە قسەی نەستەق و پەندەکان تەمەنیان بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دەتوانین بڵێین ئەمە بۆ هەموو دەقە فۆلکڵۆریەکانیش هەروایە.
**
ڕوونکردنەوەیەک : مامۆستای بەڕێزم (دکتۆر دڵشاد عەلی) لە کۆتایی مانگی چواری ٢٠٢٣ دا ؛ گەورەییان نواندو پەیوەندیان پێوەکردم ، فەرموویان (یەکێتی نووسەرانی کورد _لقی سلێمانی ) خەریکن ( دیداری پیرەمێرد بۆ پەندی پێشینان ) ساز دەکەن ، پێمان خۆشە ئێوەش بابەتێکتان لە بارەی پەندەوە هەبێت . داواکەی بەڕێز دکتۆر دڵشاد ئەم لێکۆلێنەوەیەی لێ هاتە بەرهەم ( ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەندو قسەی نەستەقی کوردی ) دا . دیدارەکە لە ڕۆژانی ٣،٤/٥/٢٠٢٣ بوو، واڕێککەوت من ئەو ڕؤژە ئەندامی گفتوگۆی نامەیەک بووم لە زانکۆی کۆیە ، برای بەڕێزم نووسەری ناوداری کورد (مامۆستا فازیل شەوڕۆ ) گەورەیی نواندو لە ڕؤژی دیاری کراو بابەتەکەی پێشکەش کرد ، بە شایەدی هەموو ئەو بەڕێزانەی ئامادەی دیدارەکە بوون ، مامۆستا فازیل لە خۆم چاکتر بابەتەکەی پێشکەش کردوجوانتر وەڵامی پرسیاری ئامادە بوانی دایەوە لەسەرەتاشەوە چەند تێبینیەکی وردیشی هەبوو ، لە دڵەوە شادی کردم و هەتا ماوم سوپاسی دەکەم .

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
هەولێر – گوڵان – / ٢٠٢٣

سەرنج وتێبینی و(١)https://didehbanelmiran.ir/22247/%D8%A8%D8%B2%D8%B1%DA%AF%D8%AF%D8%A7%D8%B4%D8%AA-%D8%B1%D9%88%D8%B2-%D8%AC%D9%87%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%D8%B2-%D8%AF%D8%B1-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86/ ڕۆژی جیهانی بزن . نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژێکی وەک ڕۆژی بزن دیاری کردووە . (٢)دانانی ئەم وێنانە دەری دەخەن کە فۆلکڵۆرو شوێنەوار تەواو کەری یەکترن .
)ئەم پەیکەرەی بزن بیرۆکەی لە داستانی ( دەمووزو عەشتار ) وەرگیراوە. (٤)شاری ژێر زەمینی ( دێرینکۆیۆ) لە باکوری کوردسان ، هەشت چین لە ژێر چین بە زەوی دا چووەتە خوارەوە ، لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەیەکی ئێمە دا دەرکەوت ، ئەو شوینەیە کە دەمووزی لێی دەچیتە خوارەوەو(جیهانی ژێرەوە )و شەش مانگ دەمێنتەوەو لە ڕۆژی (نەورۆز )دێتەوە سەردنیا .
)ئەم قسەی نەستەقانەم لە گۆرانیەکانی کوردیزانی گەورەی کورد ( هونەرمەند حەسەن زیرەک ) وەرگرتووە . (٦)کتێبی هێڵکەی نامێ، ب ١ چ ١
) ئەم وێنەیە زۆری و بەربڵاوی جەیشی ئەسکەندەر نیشان دەدات ، وێنەکە بەدرەنگەوە بە خەیاڵ کراوە. (٨) ئەم بەردە نەقشکراوە لە ( پەرستگای گرێ مرازان ) دۆزراوەتەوە ، کە تەمەنی ( ١٢ هەزارسال) ەو لە باکوری کوردستانە .

Previous
Next
Kurdish