
نامه‌كانی ئیشق …9 … سه‌ردار جاف
هه‌موو به‌یانییه‌ك
19 – ئه‌م سپێده …. له نێو هه‌نگوینی وشه‌كانما ڕاكشاوی، بووی به دێر به دێری نوسینه‌كانم و دێی به سه‌خته‌ن و كووڕه‌نی ئالووده‌بوونما هه‌ڵزنای، په‌یوه‌ستبوونی هه‌موو به‌یانییه‌كم هه‌ڵواسینمه به په‌تی سێداره‌ی تۆزی پێتا، چرپه‌كانت تووڕم ده‌ده‌نه هێلانه‌ی باڵداره ئه‌وینداره‌كان، خورپه‌ی دڵم ژانه‌كانی سیهینێم هه‌ڵده‌وه‌رێنێ، چرۆ و خونچه‌ی نوێ ده‌گری ده‌بیته باغێك پڕپڕ له بۆن، ژوانێك دادێنی بۆ خۆیشمان بێ ئاگا له سات و شوێنه‌كه‌ی، هێنده نه‌بێ هه‌ر سه‌ره‌تاتكێی ڕۆیشتن و مالئاوایی ته‌مه‌ن ده‌كه‌ین، كاته كورته‌كانی دابڕان ده‌بێته ساڵ و هه‌ر نابڕێته‌وه، لێ تۆیش له نێو لانكه‌ی دوو كه‌ڵی جگه‌ره‌تا ڕامژێنه با نه‌كه‌ومه سه‌ر خاك و گێژهڵوكهی ناهومێدی لوشم نه‌دا و له كۆیله بوونی تۆیا بخولێمه‌وه، تا هه‌ناسه‌م هه‌بێ پیره ڕێبوارهكهی سه‌ره ڕێی ژینتم، خه‌ونه‌كانم له دوو توێی پرچه‌كانتا حه‌شار بده، با به سه‌ر سینه‌تا شۆڕ بێتهوهنهبا شنه‌ی به‌یان به كزه‌ی خۆی بیڕچێنێ، ئه‌مجاره‌یان بێ توێشه‌به‌ره‌ی په‌نجه‌كانم دێ، ئه‌م به‌یانییه‌ت پڕ له هه‌ناسه‌م، گوڵه‌كه‌م له گوڵ گوڵتر …
20 – ئه‌م به‌یانییه هه‌ولێر بۆنی تۆی گرتووه، روحت به ئیسكانه‌وه لكاوه و چاوه خومارییهكانت به نێو ئه‌پارتمانه‌كانی زهكهریایا پیاسه ده‌كه‌ن، سۆزێكی فرزندهیی پڕ دڵت لێ ده‌چۆڕێ كه‌چی ئه‌و دڵه‌ت له خیابانی ئیگهنۆڵفی فریكهۆڤنا جێماوه، ئازاره سهختهكانم كپ ده‌كاته‌وه و ئه‌و هه‌توانه‌یه حه‌كیم وه‌ك ده‌وای چاره‌سه‌ر بۆی نوسیومه ته‌نها دڵت شیفای دڵم ده‌دا، ئه‌م سپێده به هه‌موو لرفهكانی تاڤگهییتهوهبه ته‌واوی پڕ خه‌یاڵته‌وه، وه‌ك جوانترین شۆخێ دهردهكهویكه وێنه و شێوه‌یه‌كی وه‌ك تۆ نییه ، ئه‌و سیما و ڕووخساره‌ت زه‌نگیانه یاقوتییهكانی پڕ بریسكه كردووه، له جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ی شه‌وی ده‌یجور به زریوهتر و بریسكهترن، بشێ په‌لكه زێڕینه ئیره‌ییت پێ نه‌با، گوڵه‌كه‌م له گوڵ گوڵتر….
21 – سپێده‌یه‌كی سارد سارد، كزه‌ی با ڕاموسانی ڕچینمان له ئامێزی خۆی ده‌نێ باوه‌شێنی باوه‌شێنی حووتبوونمان ده‌كا، دێیت و ته‌مه سپییه ته‌زیوه‌كانی ئه‌و دیو به‌سته‌ڵه‌كی پهنجهرهكهمدهتارێنی، وه‌ك دره‌خته‌كانی پاییز گه‌ره‌كته هه‌موو گه‌ڵاكانی جه‌سته‌ت هه‌ڵوه‌رێنی و به ده‌م تاریكستانی خۆره‌وه مه‌حووی بكه‌یته‌وه، دڵم گه‌رمتر شانه بكهیتا ئالوودهتر و سوتاوت بێ، غوبارت له خۆ ته‌كاندووه و به جوانی و ڕه‌ونه‌قی ئاونگه‌وه ده‌ركه‌وتووی، له ته‌ك شه‌رابی غوربهتیمان كوانووی گێلاسێكم بۆ داده‌خه‌ی، سه‌ما به‌ده‌م كڵاوڕۆژنهی نه‌یه‌وه ده‌كه‌ی، ژوان ده‌خولقێنی، ئیشق گه‌وره ده‌كه‌ی و بست بست بۆ زنه‌ی ئه‌وین له داره داره ده‌كه‌وێ و پێ ده‌گرێ، چریكه‌ی حه‌یرانت باهۆزێ كپ ده‌كاته‌وه، چاوه‌كانت ده‌بنه خۆری ده‌مكه‌لی گزنگی بولێڵی، ئاسمانی ته‌مه‌نم به تیشكی تریفهتهوه شه‌وق ده‌دا و په‌لكه پهشمهكینهییت به نێو هه‌رد و دۆڵ و نشێو و خه‌ره‌ندی دڵسوتاویم په‌خش ده‌كه‌ی، جوانیت ده‌بێته سه‌مفۆنیا و نه‌شمیل نه‌شمیل ده‌بییه‌وه ئه‌و ئاوازه‌ی ئه‌و شازاده‌ی له ئهندێشهكانما نه‌خشه‌ی تابلۆ بوونتم تیای دا كێشا بوو، با ئه‌م بهیانییهدهربكهوی كه له گوڵ گوڵتری ……
ئه‌ڵمانیا
14 و 17 و 16 / 3 / 2019