Skip to Content

سۆناتای ئازار.. ستیڤان شەمزینی

سۆناتای ئازار.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 12, 2024 General, Poems

ھەمیشە بیرم کردۆتەوە
چنینەوەی ماچی لێوەکانت
چارەنووسی منە
خواردنەوەی پێکی پەژارەکانت
بەشی منە
ھەڵمژینی ئۆکسژینی دووریت
ھەناسەی منە
نقومبوون
لە زەریای لەشی ناسکتدا
داستانی منە
بە چارەنووس و بەش و
داستانی خۆم رازیم


من و تۆ ھەردەم پێمانوایە
ئایەتەکانی عەشق
تەرجەمە دەکەین
بۆ سەر زمانی ئەم چەرخە دڵڕەقە
سروودە کۆنەکانی خۆشەویستی
بۆ لاواندنەوەی گوڵ
نۆژەن دەکەینەوە
ئەو دەمەی دنیا
غەرقی کابووس دەبێت
بە کەشتی ئەوین دەپەڕینەوە
چەند بەختەوەرین لەگەڵ یەکتر
من و تۆ


جیھانی مێشکم ھێندە ئاڵۆزە
بە ئاستەم خۆمم پێ دەناسرێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە ھاڵاو
خۆم ئەبینم شەپۆلی گڕ ئەمبات
لە ئاسمانی خەیاڵەکانمدا کڕێوەیە
بەفر ئەبارێت
رەش وەک چارەنووسم
لەژێر ساباتی دڵمەوە “با” ھەڵدەکات
ھەڵمدەگرێت بۆ بەر دەرگای تۆ
ئەی ئەو ژنەی
خۆر لە چاوەکانتەوە ھەڵدێت
مانگ لە ناو لەپی دەستتدا
ئەدرەوشێتەوە
جیھانی مێشکم ھێندە قەرەباڵغە
وەھا پڕت کردووە
جێگەی خۆم نابێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە لافاو
کوخی بیرکردنەوەم ئاو ئەیبات
لەسەر پەڕەی دڵم نیگار ئەکێشم
چ نیگارێک؟
نیگاری تۆ
کە باراناوی فرمێسک
توانای شۆردنەوەی نەبێت
ئەی ئەو ژنەی لەو میتاڵە پیسە
منت بەو پاکژییە خوڵقاند


چەند قورسە
ئەو ئازارەی من
کێوی تەمەنم
لە بنیدا وردوخاش بوو
بیرم نایەت کەی ئازارم ناسی
لە ھەموو شوێنێک
لەگەڵمدا رێ دەکات
لە ھەموو کاتێکدا
پێمەوە نوساوە
میوانێکە
لە رێی دوورەوە ھاتووە
لە ناو چیمەنی رۆحمدا دەحەسێتەوە
“نای”یەکی گرینۆکی دەنگ ناخۆشە
لەناو سەرمدا گوێم لە زرنگانەوەیەتی
ئای ئازار
ھاوڕێیەکی چەند ھاروھاجی
بەرد ئەگریتە
ئاوێنەی روونی وجودم
چەند سەختە ئەو ئازارەی من
پرتەقاڵی گەنجیم
لە ژێر پێیدا فلیقایەوە
نازانم کەنگێ بوو
خۆی کرد بە ماڵی ژیانمدا
لە ھەموو جێگەیەک
تارمایی ئاسا بە دوامەوەیە
لە ھەموو وەختێک
لەسەر رێی شادیم وەستاوە
بۆنێکی گەنیوی دۆزەخە
ھەموو رۆژێک
لەگەڵ ھەوادا ھەڵدەیمژم
تاوە تەرزەیەکی رەشی قەترانییە
خۆی بە لچکی کراسی
رۆژگارمەوە دەگرێتەوە
ئای ئازار
بیرێکی چەند قووڵیت
وەک یوسفێک
بێ چارە کەوتوومەتە ناوتەوە

ستیڤان شەمزینی


Previous
Next
Kurdish