
برووسکەکان-2-.. ستیڤان شەمزینی
برووسکەی دووەم
پێم سەیرە ھێشتا دەژیم
لە جەنگی ھەقیقەتدا
چەندان جار زامدار بووم
ھەر زۆر دەمێکە
بە ئەسپی عەشقەوە گلاوم
چەندان جار
لە کێوی خۆشنوودییەوە ھەڵدێراوم
دەیان جار
لە ئانی کڕنووش بۆ ئاو
ئاگر لە خەندەکانی گەنجیم بەر بووە
زۆر جار
لە تەماشای پەلکەزێڕینەدا
چاوەکانم پڕ بوون
لە تۆزی بیابانی غەریبی
زۆر سەیرە ھێشتا زیندووم
خۆ من ھەموو شەوێک
لەگەڵ مۆمێکدا دەمرم و
لە گۆڕستانی تاریکیدا دەنێژرێم!!
ژیان ھەورازێکە
تاکو زیاتر پێیدا سەرکەویت
روونتر دیمەنی مردن دەبینیت
نامەوێت بگەمە کۆتایی رێگە
ھێشتا کاری زۆرم ماوە لێرە
ژیان رووداوێکی خۆش نییە
ناچارین خۆمان
تۆوی خۆشی تێدا بچێنین
ھەرکەس ژیانی بە ھۆیەکەوە
خۆش دەوێ
من ژیانم لەبەر تۆ و
تۆشم لەبەر ژیان
خۆش دەوێت
لە ھەرزەکاریدا پێنج خشتەکیم
بۆ ئەو کۆترانە دەنووسی
لەژێر بنمیچی ماڵەکەماندا
ھێلانەیان کردبوو
دواتر چوارخشتەکیم
بۆ نیشتمانێک دەنووسی
چارەی نەدەویستم
پاشتر سێ خشتەکیم
بۆ کرێکارێک دەنووسی
حاشای لە خوێنی رژاوم کرد
ئێستاش
شیعر بۆ پەروانە ژنێک دەنووسم
ھاوسەفەرمە
لە بۆنکردنی گوڵەکاندا
ھاوچارەنووسمە لە سووتان
لە ژێر تاڵێک تیشکی ئەویندا
چارەی بەھارم ناوێت
درەختەکان بە گەڵا دادەپۆشێت
ناھێڵێ خۆر لەشی رووتیان ببینێت
پایزم خۆش دەوێت
وەک خۆم عاشقێکی لاسارە
جلی سەوزی درەخت دادەکەنێت
بە کزەبایەک دەیھێنێتە سەما
منیش ھەروەک پایز سەرشێتم
جل لەبەری شیعرەکانمدا ناھێڵم
بە “با”یەک دەیانخەمە گۆرانی وتن
بۆ ئەو ژنەی وەک لاولاو
بە دڵی ئاگراوییمدا ھەڵگەڕاوە