Skip to Content

وڕێنەکانی پیاوێکی غوربەتنشین.. شیعری ستیڤان شەمزینی

وڕێنەکانی پیاوێکی غوربەتنشین.. شیعری ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 17, 2024 General, Poems

1
دەرگای جوانی داناخرێت
ھەمیشە ژیان
لێوەی دێتە ژوورەوە
تا ئەو کاتەی ژن
لە بۆتەی شیعردا بدرەوشێتەوە
-٢-
پیاوە دەموچاو لۆچەکە
بە ھەناسەبڕکێ
خۆی کرد بەنێو قەرەباڵغیدا
لە دوورەوە تەنھایی ناسییەوە
دەستی گرت و بردییەوە بۆ ماڵەوە
-٣-
شاعیرەکان لە یەکتر ناچن
ئەو شاعیرەی
بە دوای ئەویندا نەگەڕێ
وەک ئەو زارۆیە وایە
لە سکی خەیاڵ نەھاتبێتە دەرەوە
-٤-
بڕیارمداوە خۆم بکوژم
لە شیعرێکدا
فیشەکێک بنێم بەخۆمەوە
لە رۆمانێکدا
خۆم لە ئاپارتمانی چاوەڕوانییەوە
ھەڵبدەمە خوارەوە
-٥-
سۆزانییەکان
لەپەنا ھەستی منەوە
چادریان ھەڵداوە
بۆ حەسانەوە
منیش جار و بار
شیعریان بەسەردا
دابەش دەکەم
-٦-
ھەیبەتی شیعر لەوەدایە
دڵی سۆزانییەکان بداتەوە
کاتێک چەند دۆلارێک وەردەگرن
پاکیزەیی خۆیان دەدەن
-٧-
زەمەنێکی سپڵەیە
شەمشەمەکوێرە
ھەتاو ئیغتساب دەکات
دواتر ھۆزی ناوگەڵپەرست
کازیوە سەنگەسار دەکەن
-٨-
نیچە گووتی خودا مرد
ھیچ لەم چەمکە تێناگەم
تەنێ ئەوەندە دەزانم
ھەر چەشنی مرۆڤ
خودایەک نەبووە تا بمرێت
-٩-
کێ ئەم فێڵەی داھێناوە؟
ئاو لە ئاگر میھرەبانترە
مانگ لە زەوی جوانترە
شیعر لە وڕێنە دانسقەترە
مەرگ لە ژیان تاڵترە
تا ئەو ھاوکێشانە
ھاوسەنگ نەکرێنەوە
دنیا بە خواروخێچی دەمێنێتەوە
-١٠-
کوردستان پڕ پڕە لە کوردزمان
بەدەگمەن کوردی تێدا دەبینرێت
ھەندەران پڕ پڕە لە بیانی
سەراوڕێژیشە لە کورد
کوردبوونم لە سلێمانی لێ ون بوو
لە کەناری “راین” دۆزیمەوە
-١١-
ئەی ژن
گوێ بە گۆرانی ئەو پشیلانە مەدە
ستایشی بەزی جەستەت دەکەن
مێینەیی تۆ
پێویستە بۆ رزگارکردنی جیھان
-١٢-
وریابە ئەی ژن
تریاکی ئەو شیعرە نەشەت نەکات
جلت لەبەردا ناھێڵێت
دەتئاخنێتە ئەلبومی پۆرنۆوە
ئەوە پەمووی عاتیفە نییە
نا، ھەمان تاوێری سەنگەسارە
-١٣-
ئەی ژن
تۆ جێگرەوەی جەنگ نیت
بۆ پیاوەکان
تۆ
لە پەراسووە گێڕەکەی ئادەمەوە دەرنەھاتووی
تا پیاوەکان گرەوی راستکردنەوەت بکەن
تۆ ئاگردان نیت
پیاوەکان خۆیان لەبەرت گەرم بکەنەوە و
میز بە خۆڵەمێشەکەشتدا بکەن
مێینەیت ھەموو شتی لە خۆگرتووە
-١٤-
ئەی ژن بمبورە
ئەگەر لە شیعرێکی سەرسەریدا
بە گوریسی حەزی پیاوانەی خۆمەوە
تۆم بەستبێتەوە
لە ئەمڕۆ بە دواوە لەگەڵت دەفڕم
لەگەڵم بفڕە
-١٥-
ئەی ژن
من بێبەریم لەو شیعرانەی
دەمێک وەک فریشتەیەکی سۆزانی
دەمێک مینا ئەھریمەنێکی سۆزبەخش
لە ناو خۆیاندا سکێچت دەکەن
دەمەوێت لەو تابلۆیەی رەنگی دەکەم
وێنەی ئینسانبوونت تیشک بداتەوە
-١٦-
ئەی ژن بیرت نەچێت
ئەگەر لە چامەیەکدا
باسی مەمکی تۆم کردبێت
باسی لێوی خۆیشم کردووە
ئەگەر باسی ناشرینی تۆم کردبێت
سەرە مەنھۆڵی
بیرکردنەوەی خۆشم لابردووە
من ھەموو شتەکانم بە یەکسانی
لەگەڵ تۆدا بەشکردووە
-١٧-
ئەی ژن لە یادی مەکە
لە پەنجەرەی پەپوولەوە
ژاری دووپشک ناخەمە مێشکت
لە ماڵی کوکوختییەوە
فڕینت لە خۆمدا کەلەپچە ناکەم
نا، ئەو مافەم بەخۆم نادەم
بتکەمە بووکی نێو پەردەی
ھەوەسی ھەڵچووی نێرینەییم
-١٨-
ئەی ژن
یەکێک لەو پیاوە شەڕانیانەم
لەسەر تۆ
جەنگی جیھانی سێھەمم ھەڵگیرساند
لەگەڵ ئەو پیاوانەی
وەک چەند گرامێک عەورەت
چەند دڵۆپێک شەھوەت
باسیان دەکردی
-١٩-
دایکم ژن بوو
شیری میھرەبانییم
لە مەمکەکانییەوە مژی
خوشکەکانم ژن بوون
لە ئەوانەوە فێربووم
دەست بخەمە پرچی شیعرەوە
باوکم پیاو بوو
چەکی بە میرات بۆ جێھێشتم
براکانم ھەموو پیاو بوون
فێری شکاندنی ئینجانەیان کردم
-٢٠-
ئەی ژن
من مەحکومم بەم دانپیانانە
ئەگەر دنیا بە ویستی تۆ بوایە
گۆڕەپانی جیھان
لە بری ئۆڵۆمپیادی جەنگ
دەبووە چیمەنی لێبوردەیی
لە بری ئاوسبوونمان بە بێھودەیی
رۆژی ھەزاران خەونی ئومێدەوارمان
دەھێنایە سەر دنیا
-٢١-
سەیری رەچەڵەکی گەلان بکەن
لە پەڕەیەکی رزیوی مێژوودا
بە فۆنتێکی ئەستوور نوسراوە
کورد کوڕی تێکشکانە
تێکشکان کوڕی خیانەتە
خیانەت باپیرە گەورەی کوردە
-٢٢-
خەیاڵ شووی بە تەنھایی کردووە
تەنھایی مێردێکی خراپە
ھەر کە بێزار دەبێت
لە ماڵەکەی دەیکاتە دەرەوە
ناچار روومەتی خۆی
بە چنگ دەڕنێت
کراسی بەری دائەدڕێت
خۆشەویستی
تەماع لە مەمکی دەکات
-٢٣-
ھەمیشە قسە گەورەکان
باسی شتی زۆر وردیلە دەکەن
وتە بچووکەکانیش
بابەتی قەبە دەوروژێنن
لەوان گرنگتر بێدەنگییە
کە حکایەتی مەزن دەگێڕێتەوە
-٢٤-
کتێبە مێژووییەکان
درۆزنترین حکایەتخوانن
باسی شانازیی تەور دەکەن
بێ ناساندنی درەختی سەربڕدراو
باسی تەختی پاشاکان دەکەن
بە خۆ بواردن
لە باسی تۆفانی خوێن
ئیستاتیکیانە
باسی جەنگەکان دەکەن
بێ ئاماژەدان
بە ئاوەدانبوونەوەی گۆڕستانەکان
-٢٥-
پیاوەکان
مشتێ گەنم لە دڵیاندا نییە
دەیانەوێت ھەزاران کۆتر
لە ھەستی برینگیاندا بنیشنەوە
پیاوەکان قەترەیەک سۆز
لە تۆنی دەنگیاندا نییە
دەیانەوێت ھەزاران نەورەس
گۆرانییە خنکاوەکانیان بسەننەوە
پیاوەکان
ھەموو پڵینگێک لە مێشکیان و
ئەژدیھایەکی دەستدرێژیکار
لە خەیاڵیاندایە
-٢٦-
نووسەرەکان کۆمەڵێک فریشتەن
لە ناو جەنگەڵستانی دەقدا
لە دەرەوەی تێکستەکان
دەروونیان پڕ چاڵ و چۆڵییە
ئەوان دەبێت
لەبری بیرکردنەوە بۆ خەڵک
فیکرێک لە حاڵی خۆیان بکەنەوە
ئەگەر ئاوێنەیەک دابنێنن
بەرامبەر خۆیان
رەنگە لەوە تێبگەن
دەستەیەک بوونەوەری سەیرن
بە زمانی ھەسارەیەکی تر دەدوێن
-٢٧-
شۆڕش بنێشتێکە
کاتێک برسی دەبین
دەکرێتە دەممان
بە قەوچە قەوچ
دنیا ھەراسان دەکەین
تەنانەت گوێمان
لە قۆڕەی زگیشمان نامێنێت
زیرەکەکان ئەوانەن
ئەو بنێشتە ناجون
-٢٨-
گوومانم ھەیە
بەرامبەر ھەموو شت
دەتوانم بە متمانەوە بێژم
یەقینم ھەیە
بەرامبەر دوو کەس
ئەو ژنەی
ریسک بۆ خۆشەویستی دەکات
ئەو پیاوەشی
ئەو خۆشەویستییە قبوڵ دەکات
-٢٩-
مرۆڤایەتی
رەشەبای تەکنولۆژیا بردی
ئێمەش دڵەکوتێی گەڕانەوە
نە مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە
نە قەزا و قەدەری ئێمە
ئەوەی لێ نووسراوە
لە حەسرەتدا نەمرین
ئەمەیە ھەموو
سوڕی ژیانی مرۆڤی ھاوچەرخ
-٣٠-
ئەو ھۆکارە جوانانەی ناھێڵن
مرۆڤایەتی وەک دەیناسۆرەکان
قڕی تێبکەوێت
ھۆکارگەلێکی زۆر نین
ئەوەی بە بیری من بێتەوە
لە ھەنووکەدا
سێ ھۆکاری سەرەکین
خۆشەویستی و
خۆشەویستی و
خۆشەویستی


Previous
Next
Kurdish