
چیرۆک\ دولبەر وعەزیز یەك چاو.. ڕزگار عومەر
عەزیز لە هەڕەتی لاویدا بوو، کە باوکی و کەس و کار یارمەتیان دا کۆنە “پەست” ێکی کڕی بۆ گواستنەوەی خەڵك لە دەشتی کەندێناوە بۆ گەراجی هەولێر، هاتووچۆ لەسەرەتای بەهاران زۆرتر دەبوو، بەیانیان سەر پەستەکە پڕ دەبوو لە مەنجەڵە ماست و فەردە تۆڵەکەو کەنگەر و کاردی، زۆر جار کە پەستەکە دەگەیشتە گەراج هێشتا خەڵکەکە دانەبەزیبوو کە بۆنی ماست و بۆنی بەیانی و چای چایخانەکەی گەراج هەمووی تێکەڵ دەبوون، عەزیز بەیانیان لە گەڵ هێنانی یەکەم کاروانی خەڵك دەچوو بۆ چایخانەکەو نانی بەیانی بە نانی گەرم و ماستی تازە دەخوارد، ڕۆژ نەبوو بەسەر شاگردی چایخانەکە هاوار نەکات:-(ئەرێ تۆزەك دەنگی ئەو ڕادیۆیەی بەرز بکا مارت نەشێوێ) شاگردەکەش هەموو ڕۆژێك هەر هەمان وەڵامی هەبوو “درت تەڕە خارە” دەنگی ڕادیۆکەی بەرز دەکردەوە، ڕادیۆکە دەتووت ماڵی حەسەن زیرەکە، بەیانیان وەك بڵی ی بە تایبەت گۆرانی بۆ عەزیز بڵێ دەنگی لێ هەڵدەبڕی” چاوت ئەستێرەی دەریازی، هەڵیان دێنێ چەند بەنازی، بە کوشتنم ئاوات خوازی، چارۆگە هەولێریە” عەزیز دەنگی خۆش نەبوو، بەڵام وا گۆرانیەکەی لە گەڵ حەسەن زیرەك دەگووتەوە وەك بڵێ ی ئەم لە حەسەن زیرەکی خۆشتر دەڵێتەوە.
دەمەو ئێواران پەستەکەی دەهێناوە بەرماڵی خۆیان ڕایدەگرت لە کۆڵانی سێ یەمی تەیراوە، تا دەگەیشتەوە ماڵ بە تیلەی چاو سەیری کچانی بەردەرگاو پشتی دەرگای ماڵانی دەکرد کە بەسەرە تاتكێ دەیانویست و نیگاو جوانی نازی خۆیان نیشان بدەن، ئێواران باوکی لەبەردەرگا ڕادەوەستا چاوەڕوانی عەزیزی دەکرد کە دەگەیشتە جێ بۆ ئەوەی زۆر لە کۆڵان نەمێنێتەوە دەیگووت دەی کوڕم وەرە ئیسراحەتەکی بکە.
ئەم ئێوارەیە لە ئێوارەکانیتر جیاواز بوو، چونکە خانویەك لە کۆڵانەکەی ماڵی عەزیز هەبوو ئەگەرچی دیواری حەوشەی تەواوبوو بەڵام خانووەکە شێوەی نیمچە ڕووخاو بوو یان نیوە تەواوکراوی هەبوو، خێزانێکی کەمدەرامەت ماڵیان هێنابووە ئەم خانووە، شت ومەکی ماڵەکە ئەگەرچی زۆر نەبوو بەڵام دراوسێکان یارمەتیان دان لە گواستنەوە، دایکی عەزیز و یەکێك لە برا بچووکەکانی دوو مەنجەڵ چێشت و سەبەتەیەک نانی تیریان بۆ بردن، چونکە عادەت بوو ماڵی تازە خوانی یەکەمی لەسەر دراوسێکان بوو.
دوای نان خواردنی ئێوارە وەك هەمیشە بۆ ئەوەی لەبەردەمی باوکی جگەرە دانەگیرسێنێ عەزیز هاتە دەرەوەی ماڵ، هاتە بەردەرگای ماڵی خۆیان، جگەرەیەکی داگیرساند. کچی ماڵە تازەکە مەنجەڵە بەتاڵەکانی هێناوە، کە سڵاوی کرد عەزیز ڕوو خۆی وەرگێڕا بۆ ئەوەی وەڵامی سڵاوەکەی بداتەوە، بەڵام ڕێك لە شوێنی خۆی لاڵ و ئەبڵەق بوو، عەزیز وایزانی دڵی ڕاوەستا چونکە لەبەرامبەر ئەو جوانیەی بینی هیچی پێ نەووترا، کچەکەش بە هەمان شێوە بوو، بەڵام چیتر چاوەڕێ ی وەڵامی عەزیزی نەکرد خۆی کرد بە ماڵیان بانگی دایکی عەزیزی کردو پێ ی گووت “خوا خێرتان بنووسی ڕەبی مارتان ئاوابی” دایکی عەزیزیش لەبەر جوانی کچەکە خۆی بۆ نەگیراو لە باوەشی کردو پێ ی گووت “بە قوربانت بم هەتا ئەمە لێرە بین چمان هەبی بە یەکەوە دەیخۆین”.
شەو ئاگرێکی گەرم سەرتاپێ ی عەزیزی داگرتبوو، تا بەیانی ئەمدیو ئەودیوی کرد خەوی لێ نەکەوت، ئاگری ناوەوەی وای لێکرد بە ئەسپایی لە ژێر جێگاکەی خۆی بێتە دەرەوە، یەکەمجارە توشی هەستی لەم جۆرە ببێت، لەیەك کاتدا دەلەرزی و سەرتاپای گیانی ئارەقەی لێ دەهاتە خوارەوە، بیری کردەوە بچێتە کۆڵان لەسەر دیواری حەوشەی ماڵی دراوسێ تازەکە ئاودیو بێت تا جارێکیتر کچەکەیان ببێنێت، بەڵام بیری کردەوە ڕەنگە یەکێك تێپەڕێ و بیبینیت، شێوابوو نەیدەزانی چیبکات!
دواتر بە ئەسپایی بە بێ دەنگی وەکو دزێک کە یەکەم شەوی دزینی بێت بە ترس و لەرزەوە سەرکەوت بەسەر پلیکانەی ماڵەکەی خۆیان و لەسەربان بەسەر ستارەی ماڵەکەی خۆیان ئاودیو کرد تا گەیشتە سەربانی ماڵە تازەکە، لە بنی پێ ی تا تۆقی سەری ببووە ئارەقە، دڵی لەسەر هەزار لێ ی دەدا، کە بەسەر پلیکانەی ماڵەکە هاتە خوارەوەو ئەم بیست پلیکانەیەی لێ بووە دوورترین ڕیگای ژیانی، کە گەیشتە بەردەم دوو ژوورە کۆنەکە، پەنجەرەی ژوورێکیان تاریك ئەویتر چرایەک رووناکی کردبوو، لە پرخە پرخی ژوورە تاریکەکە زانی پیاوی ماڵەکەو ژنەکەی خەتوون، لە درزی پەنجەرە ڕووناکەکە سەیری ژوورەوەی کرد؛ بینی کچەکە، دولبەرەکەی خەریکی لیفکە دروست کردنە؛ چرپەیەکی کرد زۆر بەهێواشی، کچەکە پەردەکەی لادا، بۆ ساتێك لە شوێنی خۆی ئەبڵەق وەستاو ئەویش دەستی بەلەرزین کرد، کچەکە زیاتر هەستی بە مەترسی ئەو هاتنە کرد، بە دەست ئاماژەی پێدا کە بچێ بۆ لای قادرمەکان. عەزیز بە ئەسپایی گەڕاوە بۆ لای قادرمەکان؛ دولبەریش بە بێ دەنگی لە ژوورەکە هاتە دەرو بە بێ پەتی بە دوای هات، کە گەیشتنە لای قادرمەکان؛ دولبەر بە بێ هیچ پێشەکیەک بە ترس و لەرزێکی زۆرەوە بە عەزیزی گووت:-
- دەتەوێ بە کوشتنم بدەی؟
عەزیز؛ نەیزانی هیچ بڵێ، دولبەری زۆر بە توندی لە باوەش گرت، کەوتە ماچ کردن و بۆن کردنی دولبەر، دولبەر لە تاو گوشینی عەزیز وماسولکە بە هێزەکانی بە گوێ ی عەزیزی چرپاند، توخوا بەسە دەمکوژن! هێشتا دەمکوژنی تەواو نەکردبوو کە تاڵە ڕەق و قەترانیەکانی سمێڵی عەزیز لە سەر لێوی بوو، ئەمجارە بە سوکە پاڵێکەوە بە عەزیزی گووت ؛ بەسە توخوا بڕۆ دەمانکوژن! عەزیز وەکو مەسترین مرۆڤ دوا ماچی کردو بە ئیشارەت ئاماژەیەکی کردو دووجار لەسەر یەک گووتی سبەی شەو .. سبەی شەو، دولبەر بە ترس و لەرزو بە بێ دەنگی گەڕاوە ژوورەکەی خۆی، فوویەکی لە چرای ژوورەکە کرد؛ بەڵام خۆی تا بەیانی نەخەوت ئەمسەرو ئەوسەری دەکرد.
عەزیز کە گەڕاوە ماڵ، هەستێکی چەشنی گرانەتایەکی نەرم بەڵام بێ ئازاری گرتبوو، یەکمجار بوو هەستی بە بوونێكی جیاواز دەکرد، ئەو لە بیری چوو بەیانی زوو دەبێ هەڵسێ بۆ کار تا بەیانی لە خۆشیان نەخەووت!
ئەم ئەشق وپەیوەندیە؛ نزیکەی سێ مانگێك بەردەوام بوو، هەردووکیان ڕێککەوتن کە عەزیز بچێتە خوازبێنی دولبەر، هەموو ئەوانەی لە گەڵ عەزیز کاریان دەکردو ڕۆژانە دەیانبینی پێیاندەگوت؛ “خوایە هەروا بە دڵخۆشی بمێنیتەوە”!
لە کۆتاییدا ئێوارەیەك عەزیز بۆ دایکی باسکرد کە قسە لە گەڵ باوکی بکە هەر لەم هەفتەیە یەکمجار ژنان دواتر پیاوان بچنە خوازبێنی، دایکی لە خۆشیا نەیدەزانی چی بکات، گووتی: ” باوکیشت زۆری پێخۆش دەبێ”
عەزیز ڕۆژێك دوای ئەوە، وەکو هەموو بەیانیەك هندری پەستەکە کە پارچە شیشێک بوو لە دواوەی پەستەکە دەرهێنا، بۆ ئەوەی پەستەکەی داگیرسێنێ و بروا بۆ خەڵك گواستنەوە لە هەولێرەوە بۆ دەشتی قەراج و مەخموور، هندرەکە جۆرێك لە گیربوونی هەبوو، عەزیز دەبوایە یەك تۆز جوڵەی پێبکا بۆ ئەوەی لە ددانەکانی نێو مەکینەکە گیر بێت، بەڵام لە خۆشی و لە پەلە پەلی بە هەموو هێزی خۆی بایداو هندرەکە بەهێزێکی زۆرەوەو بۆشی کردو پەڕی بە دەم و چاوی عەزیز کەوت، ژانی بەرکەوتنەکە بە جۆرێك بوو وەك بڵێ ی چەکوشێکی ئاسنی قورس کێشرابێت بە نێوچەوان و دەم و چاوی، عەزیز وەکو لرمەو گەواڵە هاواری کرد: كۆرە بووم کۆرەبووم!
باوکی و دراوسێکان بە هەڵەداوان بەهەزار دەردەسەری گەیاندیانە خەستەخانە، دکتۆر لەوێ سەرەڕای تیمارکردنی خێرا، ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ چاوی، بەڵام عەزیز چاوێكی لە دەستدا، دایکی لە دەرەوەی قاوشەکە دەگریاو دەیگووت ” خوایە گلێنەی چاوی عەزیزی لە چیها کۆرانی تەیراوەی کەتیە”.
عەزیز دوای یەك هەفتە مانەوە لە خەستەخانە هێنایەنەوە ماڵی خۆیان، بێ دەنگ نە نانی دەخوارد، نە قسەی دەکرد، باوکی و دایکی لە بەرچاوی ئەو نەدەگریان، هەر دڵیان دەدایەوەو دەیانگوت ” ئەوە قەدەری خوایە لۆ توو لۆمە، خوایە زۆر شوکور، کوڕم شەیتانی بە نەعلەت بکا، نەسیبی خۆت قبوڵ بکە، ئەلحەملای چاوەکەت زیندیەو ئێستاش جوانترین کوڕی تەیراوەی، بەس برێ سبەینێ دەچینە خوازبێنێ دولبەری..”
عەزیز کە گوێ ی لە خوازبێنی و لە ناوی دولبەر بوو، گریانێك گریا کە باوکی خۆی بۆ نەگیراو جامانەکەی لەسەر کردەوەو بە هەردوو دەست دەیکێشا بەسەرو دەم و چاوی خۆی، ماڵەکەیان ببووە یەك پارچە شیوەن.
بەیانیەکەی دایك و باوک لە دەنگی تەقە تەقی عەزیز خەبەریان بوویەوە، باولێکی کۆنی ئاسنی سەوزیان هەبوو، عەزیز کلیلی قوفڵی باولەکەی چەور دەکرد تا قوفڵە ژەنگاویەکە بکاتەوە، باوك ودایکی ئەژنۆ شکاو لێ ی نزیك بوونەوە؛ دایکی لێ ی پرسی ” عەزەی خۆم لە دەورت گەڕێم، ئەوە بەتەمای چی؟”
عەزیز بە هەنسکی پڕ لە گریانەوە گووتی ” دایە، تازە ئەمن ناتانم نەك لە تەیراوە، تازە ناتانم لە هەولێریش بمێنمەوە، تازە قەت نابی هیچ کەسەك ئەمنی بەیەك چاوی ببینن، ئەمن دەڕۆم و خواحافیزی لە دولبەریش ناکەم، نامەوێ قەت بەو شێوەیە بمبینی” دەرؤم دەچمە دیانە، دەچمە ماڵی خاڵم لەوێ دەژیم هەتا دەمرم”
دایك وباوك وەك بڵێ ی خەبەری کۆستێکیتریان پێدرابێ، بە کزی لە شوێنی خۆیان دانیشتن، باوک زۆر لە عەزیز ڕاما، پاشان ڕووی لە دایك کردوو ” با بڕوا؛ هیچ نەبی لەوێ خەمان ناخوا”
عەزیز دەستی دایك و باوکی ماچ کرد، گووتی ” توخوا هەتا زووە با بڕۆین، هەتا کەس بەخەبەر نەهاتیە”، هەرسێکیان بە کزی و بە بێ دەنگی بەرەو “نەقڵیات”ی بەڕێ کەوتن، لە ڕۆێشتنیادا دەمێك قسە بوو، دەمێك پرمە گریان بوو، گۆڕەپانی ئوتۆمبێلەکانی دیانە بەرامبەر خەستەخانە بوو، عەزیز بە پرمە گریانەوە ئاوڕێکی لە خستەخانەکە دایەوەو گوتی ” خوایە گوناحم چی بوو”
عەزیز ڕۆیشت و هەرگیز نەگەڕایەوە هەولێر، لە دیانە ژنی هێناو منداڵەکانی گەورە بوون. تا دایك و باوکی مابوون هەموو سەرە مانگێك دەچوونە لای و چەند ڕۆژێڵ لەلای دەمانەوە، هەموو جارێکێش باسی دولبەری بۆ دەکرد، دولبەر شوی بە کوڕێكی کۆڵانەکەیتر کردبوو، ئەویش مناڵی هەبوو.
دوای مردنی دایك و باوکی لە ژێر کاریگەری مناڵ و خزم و کەس و کار دەستی کردەوە بە هاتوچۆی هەولێر، بەڵام هەرگیز نەیدەهێشت دولبەر بیبینێ، لە کاتێکدا هەموو دونیا ناویان لێنابوو “عەزیز یەك چاو”!
عەزیز پیرببوو، لە ڕێگەی خزمەکانی خۆی زانی دولبەر بەهۆی پیربوون و نەخۆشیەوە لەسەر رۆحدانە، ئەو هەموو ژیانی لەسەر ئەوە دانا کە دولبەر ئەو بە ناشیرینی نەبینێ، تازە دوای چل ساڵ لە عومر چۆن خۆی نیشان بدات؟
عەزیز وەکو ئەو ڕۆژەی لێهاتەوە کە چل ساڵ لەمەوبەر چاوی کوێر بوو ، بەڵام ئەمجارە نەك چاوە کوێرەکە بەڵکو دڵ و سینگ و هەموو شوێنیكی ژانی هەبوو، دەیویست بداتە پرمەی گریان، بەڵام لە بەرچاوی مناڵ و کەس و کار نەیدەتوانی هیچ بکات، بە کەس و کاری خۆی گووت: ” ئێستا دێمەوە ” ڕۆێشتە دەرەوە، چووە باخچەکەی تەیراوە بەرامبەر خەستەخانەی گەورە، پەنایەکی دیتەوە، هەمان پرمە گریانی چل ساڵی دەستپێکردەوە، دەم نادەم سەیری خەستەخانەی دەکرد و دەیگووت ” خودایە لۆ خودایە لۆ”، شەو داهات گەڕایەوە ماڵ هەموو لێیان پرسی؛ ” بابە ڕەنگت لۆ ئەوها تاریکە” ئەویش هیچی نەگووت و چووە سەر جێگاکەی خۆی.
سبەینی عەسر بوو، ویستی بچێتە دەرەوە، پێیان گووت ” بابە بۆ کوێ دەچیت، ئێمەش لە گەڵت دێین” عەزیز بە جۆرێك لە توورەیی وەڵامی داوە؛ “کەس نایەت، خۆ ناچمە سەیران، دونێ برادەرەکەم ئەنگۆ نایناسن وەفاتی کرد، دەچمە سەر قەبرەکەی، فاتیحایەکی دەخوێنم و دێمەوە”!
ڕزگار عومەر