
زانست و پێڵاو.. نەوزاد بەندی
کۆمەڵگا لەلایەن زانست و زاناکانیەوە گەشە دەکات نەک له ڕێی سیاسی و ڕیش سپی و بازرگانەکانەوە .. وڵاتانی ئەمریکا و یابان و چین ساڵانە سەدان ملیار دۆلار له پڕۆسەی زانست و توێژینەوەی زانستیدا خەرج دەکەن، تەنانەت دیکتاتۆرێکی وەک جۆزێف ستالین دەرگای خەزێنەکانی ووڵاتی له بەردەم زاناکانی ڕوسدا ئاوەڵا کردبوو به مەبەستی داهێنان و پێشکەوتنی زانستیی زیاتر. ئەوروپا سەدان سەرۆک و بازرگانی تێدا هات و چوون و له بیرچوونەوە، بەڵام ناوی زاناگەلێکی وەک تێسلا و ئەدیسۆن و تۆماس مۆرگان و نیوتن بە زیندوێتیی ماونەتەوە. لە سەردەمی سەدام حسێندا ( کە ئەمڕۆ دەیان و سەدان میراتگری هەیه ) دەرگای خەزێنەکانی ووڵات لە بەردەم وەزیری ڕاگەیاندن و بانگەشەی حیزبیی و سروود و پەیکەری سەرۆکی فەرماندەدا ئاوەڵا بوون، بۆ ئەوەی بێ سنوور پاره ڕاکێشن، لە کاتێکدا زانکۆکانی ئەو سەردەمە، به کەل و پەل و ئامێری سەردەمی پێش بەعس بەڕێوە دەبران و گەلێک لە تاقیگە زانستییەکان داخرا بوون و تەنها به تیۆریی وانەکان باس دەکران، چونکە کەل و پەل و ئامێری زانستی هاوردە نەدەکران و دروست نەدەکران، کەچی کۆمپانیای پەیکەرسازیی زەبەلاح لە ئیتاڵیا پەیکەر و جیداریی مۆزائیکیی تایبەتیان بۆ سەرۆکی فەرماندە دروست دەکرد، له ناوخۆیشدا فیشەک و ساروخی حوسەین دروست دەکرا، بەشی ناوخۆیی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەخران و ..سەدان سەربازگای نوێ دادەمەزرێنران، ئاخر دیکتاتۆر بۆ بێجگە له خۆی هیچ ئیشێکی بە زانست و هونەر و ئەدەب نییە، ئەدەب و هونەر بریتیی بوون لە پیاهەڵدان و دروستکردنی پەیکەر و سکێچ و پۆرترێتی سەرۆک، جێی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە کاتێ وەزیرێکی ڕاگەیاندن لەکار لا دەبرێت چونکە لە پاکتاوی دراویی ساڵانەی وڵاتدا، پارەیەکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵات، به تاوانی ئەوەی کە ڕەزیلیی کردووە لە ڕاگەیاندنەکانی جوانکردنی سەرۆکی فەرماندە و حیزبی قائیددا و هەموو بودجەی وەزارەتەکەی لەو پێناوەدا خەرج نەکردووە.
کاتێ سەرۆک پێویستی بە بڕوانامە و زاناکانی خۆی نابێ و حیسابی پوشێکیان بۆ ناکا، ئیتر بڕوانامە و زانست و زانا سوک و ڕیسوا ئەبن، ڕێک وەک ئەو جوتیارانەی ساڵانە تەماتە و گەنم و بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن، چونکە دەزگایەکی میریی نییە ئاوڕیان لێ بداتەوە و دەستخۆشیی و ماندوو نەبوونیان لێ بکا به مەبەستی زیادکردن و پێشخستنی ڕەوتی کشت و کاڵ و بەرهەمهێنان.. ئێ دەسەڵاتی تۆتالیتار پێویستی بە بەرهەمی ناوخۆ نییه، ئەو هەموو پێویستییە کشت و کاڵییەکانی خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لە دەرەوەی ووڵات بۆ دابین دەکرێت، تەنانەت ئەو جگەرەیەی ئەیکێشن، به تایبەتی لە کوبا و وڵاتە پڕۆفیشناڵەکانی توتن هاوردە ئەکرێن، ئیتر بەرهەمی ناوخۆ و جوتیاری ناوخۆ کیلۆیان بە چەند ؟
کاتێ دەسەڵات و خێزان و خزم و کەسە نزیکەکانیان بۆ بچوکترین نەخۆشیی بڕۆنە دەرەوەی وڵات و.. پارەیەکی بێ شومار بخەنە گیرفانی پزیشک و خەستەخانە ئەوروپییەکانەوە، ئیتر چ پێویستییەکیان بە پزیشک و خەستەخانەی ناوخۆ هەیه؟ ئەوانیش با وەک تەماتە و گەنمەکان بترشێن و سەگ له ناویاندا بخەوێت.. منەتیان نەبێ، نە موچەیان پێویستە و نە گوزەران و نە هیچ مافێ.. ئێ لە ڕاستیدا هەر وایشە، تۆ پێویستت بە شتێک نەبێ، پشت گوێی دەخەیت، وەک چۆن موسوڵمانان حیسابی پوشێک بۆ مەی و قومار ناکەن و ئامادە نین هەر ئاوڕیشی لێ بدەنەوە چ جای گرنگی پێ بدەن و پارەی تێدا خەرج بکەن، بە هەمان شێوە دەسەڵاتی تاکڕەو پێویستی بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و بڕوانامەکانیان نییە، چونکە هیچ شتێ بۆ ئەو و عێل و عەشرەتەکەی ناکەن و .. ئەوان بۆ هەڵامەتێک ئەچنە کن پڕۆفیسۆرێکی ئەوروپیی و لە خەستەخانەیەکی مۆدێرندا، هەم چارەسەر و هەم گەشت و هەم تۆپەڵێک لەو چیای ملیارەها دۆلارەی هەیانە، دەتوێننەوە ..لەبەر ئەوە ئامادە نین گوزەران و خۆشگوزەرانیی و مافیان بۆ خاوەن بڕوانامەکانی خۆیان دابین بکەن. دەوام ئەکەن بە خۆڕایی، ئەهلەن وە سەهلەن، دەوامیش ناکەن، هەر ئەهلەن وە سەهلەن، هیچ لە ژیانی عائیلاتی مالیکە ناگۆڕێ.. هەر بۆیه دەوامکردن له فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا ئەبێ بە پاشاگەردانیی، حەز ئەکەی هەفتەی ڕۆژێک دەوام بکە، یان هەر دەوام مەکە، ئارەزوو مەندانەیه، چونکە پێوەری وڵات بریتیه له سوود گەیاندن بە دەسەڵات و عێل و عەشرەتەکەی، کاتێ ئەو دەسەڵات و عێل و عەشرەتە عاشقی نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندە ئەوروپییەکان ئەبن، ئیتر نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندەکانی ناوخۆ، بەرەڵاکردنێکی ئارەزوومەندانە بەرەڵا دەکرێن، وەک بڵێی ئەگەر خۆتان بە خۆڕایی خۆتان چارەسەر ئەکەن، نیعمەڵڵا.. ئەگەریش نا، ئەوە هەر نیعمەڵڵا، ئەوانی باڵا و دەسەڵاتدار هیچ زیانێک ناکەن، چونکە بە ڕاستی هیچ سودێک به ئەوان و عێل و عەشرەتیان ناگەیەنن ،جا ئەم حاڵەتە تەشبیهات نەبێ، لەو فەرموودە قودسییە دەچێت کە خوای گەوره ئەفەرمۆێت : ئەی ئادەمیزاد گەر هەموویشتان کفر بکەن و گومڕا بن، گەردێک لە دەسەڵاتی من کەم ناکات، خۆ ئەگەر هەموویشتان بمپەرستن و گوێ ڕایەڵم بن، دیسان گەردێک له دەسەڵاتی من زیاد ناکا ..
واتا بێ منەتبوونێکی تەواوە بەرامبەر پیشەکان و پیشەوەرەکانی، کە ئارەزووی خۆیانە چی دەکەن یان چی ناکەن، چونکە چی بکەن و چی نەکەن، ناتوانن نە قازانج نە زیان بە دەسەڵات بگەیەنن، هەر بۆیه کوڕی سەرۆکێک وتـبووی : ( خوێندن و بڕوانامە پێوەر نین بۆ زیرەکیی و سەرکەوتنی مرۆڤەکان ) ڕاستیش ئەکات، چونکە خۆی هەر لە ڕێی باوکییەوە بوو بوو بە سەرکەوتووترین گەنجی ووڵاتەکە و ملیارەها دۆلار لە ژێر پێیدا بوو، هەر بۆ کەیف و خۆشیی کرابوو بە سەرۆکی زانکۆیەکی گەوره نێودەوڵەتیی، ئیتر خوێندن و بڕوانامە کیلۆیان بە چەند ؟ بیرکردنەوە و داهێنان و نوسینی شانۆ و ڕۆمان و شیعر، بۆچی لە کاتێکدا ئەو بە بێ بڕوانامە و بەهرە و داهێنان، هەموو شتێکە یاخود هەموو شتێ هی ئەون؟
لە بەرامبەردا ئەو دەسەڵاتە مەجبور نیە حەقدەست و مافە مرۆییەکان بۆ خەڵکێکی خاوەن بڕونامە و بەهره و داهێنان دابین بکات، چونکە بە دەستی خۆیان خۆیان تەفرەداوە و بوون به خاوەنی کاڵایەکی بێ سوود، لەو حاڵەتەدا عەقڵ و توانا و بەهرەکانی کۆمەڵگا به نیسبەت دەسەڵاتەوە هیچ نین، ئێ چۆن ئەبێ پارە و حەقدەست بدرێ بە هیچ؟
بە هەمان شێوە ئەندازیار و مامۆستا و هەموو پیشەکانی تر ناتوانن بچوکترین سوود بگەیەنن بە دەسەڵات و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان ..چونکە دەسەڵات و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان، لە ڕێی ئەندازیاری دەرەوەی وڵاتەوە نەخشەی کۆشکەکانیان دەکێشرێت و له ڕێی کۆمپانیای بێگانەوە تەواوی پڕۆژەکانیان ڕادەپەڕێنرێت .. لە ڕێی خوێندنگا و زانکۆکانی ئەوروپاوە مناڵەکانیان پەروەردە و زانست وەردەگرن..بەرگدرووی تایبەتی ئەوروپیی، ئەسپ و مەیتەری پسپۆڕی ئەوروپیی، پۆشاکەکانیان لە باشترین بڕاندی جیهانیی بۆ دەدورن ..ئیتر توخوا چی لە ئەندازیار و مامۆستا و زانکۆ و ئەسپ ومەیتەر و بەرگدرووی ناوخۆ بکەن؟ مەعقول نییە ماف و حەقدەست بدەن بەو حەشاماتە کە بچووکترین سودیان نییە بۆ دەسەڵاتداران و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان.. تەنانەت نەبوونی ئەوان لە بوونیان باشترە، لەو حاڵەتەدا پێویست ناکا هێزێکی زۆری پاراستن و پاسەوانیی لە چواردەوری خۆیان ڕابگرن، چونکە ئەوان تەنها دوژمنێکیان هەیه کە میللەتەکەی خۆیانە، ئەگینا دۆست و ئەحبابی و هاوبەشی هەموو بێگانەیەکی گۆی زەمینن.
ئیتر بە شێوەیەکی فەرمیی گڵۆپی سەوز بۆ بڕوانامە و پیشەکان هەڵدەکرێت، ئارەزووی خۆتانە، ئەگەر لە فەرمانگەکانتاندا بە خۆڕایی دەوام دەکەن، لوتکەی مرۆڤایەتییە، چونکە خزمەت بە خۆتان دەکەن نەک بە دەسەڵاتی VIP، با مامۆستا بە خۆڕایی مناڵی ئەندازیار پەروەردە بکات، ئەندازیاریش به خۆڕایی خانوو بۆ مامۆستا دروست بکا، هەردووکیشیان بە خۆڕایی لە خزمەتی بەرگدروودا بن، چونکە بەرگدروویش پێویستە به خۆڕایی پۆشاک بۆ مامۆستا و ئەندازیار بدورێت، ئەمەیش گەڕانەوەیه بۆ کۆنترین سیستمی بازاڕ، تیایدا پاره ڕۆڵ ناگێڕێ، ئەبێ شتێکت پێ بێ بۆ ئەوەی بیگۆڕیتەوە بە شتێکی تر، بۆ نمونە کابرای جوتیار قەل و قازی ئەهێنا بۆ شار ئەیگۆڕینەوە بە شەکر و چا و فانۆس.
دواجار دەسەڵاتە تاکڕەوە بەگلەرەکان، ئەم دۆخەیش وەبەردەهێنن، بە هەموو دەستە و چینە بێ ماف و بێ گوزەران و بێ داهاتووەکانی کۆمەڵگا دەڵێن: ئەتوانن یەکتری بچەوسێننەوە و ئەو خزمەتگوزارییانەی من لێم حەرام کردوون، خۆتان بنیاتیان بنێن و بە یەکتریی بفرۆشنەوە، بەڵام ئەبێ نیوەی یان زیاتری قازانجەکانتان بۆ من بێ. کۆمەڵگای مێگەلیش هەم لەبەر حەزی چاو لێکەریی دەسەڵاتداران و بەدیهێنانی خەونی هاوبەشیی لەگەڵ لەسەڵاتدا و هەم لە ناچاریدا، سەردەکەنە بازرگانیکردنێکی بێ ڕەحمانە بە هەموو شتێکەوە، سەرەتا لە کەرتی ووزەوە دەست پێدەکات و ..بە کەرتی بازرگانیکردن و هاوردە کردنی کەل و پەلی خراپ و ماوەبەسەرچووی بێ کوالێتی و خوێندن بە پارەی خەیاڵیی و تەندروستیی به پارەی خەیاڵیی کۆتاییان دێت.. پارەی خەیاڵیی چییە؟ بۆ نمونە داهاتی کەمئەندامێک لە مانگێکدا 150 هەزار بێ کەچی کرێی مانەوەی یەک شەو لە ژووری چاودێری چڕدا لە نەخۆشخانەیەکی حەپەلەشکەری پارەدا، کە چاولێکەرانی دەسەڵات خاوەندارێتیی دەکەن، یەک ملیۆن دیناربێ بێجگە لە پارەی دەرمان و خواردن.. ئیتر ئەوەیشی ئەو پاره خەیاڵییەی پێ نییە، با بۆخۆی لە ماڵەوە بمرێت.
لەوێدا ئیتر زانست و پیرۆزیی زانست و بەها مرۆڤایەتییەکان هەرەس دێنن، وای لێ دێت بازرگانی نەخوێندەوار باڵەخانەی پزیشکیی دروست دەکات و هەر بە کرێ ڕازی نابێ، بەڵکو داوای هاوبەشیی لەگەڵ پزیشک و خاوەن بڕوانامەکاندا دەکات لە داهاتەکانیاندا لەبەرامبەر نیشتەجێبوونیاندا لە باڵەخانەکەیدا، چونکە ئەو له چەندین پڕۆژەدا هاوبەشی دەسەڵاتێکی زەبەلاحە، ئیتر بۆچی ئەبێ هاوبەشیی لەگەڵ پزیشکێکدا یان پارێزەرێکدا، پڕۆسەیەکی ئاسایی و نۆرماڵ نەبێ؟ .. یان کابرایەک کە پەنجا ساڵە بازرگانیی مریشک و ڕۆن و دانەوێڵە دەکات، لە ناکاو پیشەکەی ئەگۆڕێت و ئەبێتە خاوەنی گەورەترین نەخۆشخانە و دکتۆری دنیا بە پارەی خەیاڵیی لە خۆی کۆدەکاتەوە.. ئیتر مزگەوتەکان پڕ دەبن لەو سواڵکەرانەی کە نەخۆشن و لە خەڵک و خوا ئەپاڕێنەوە پارەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کۆ بکەنەوە، یان دەزگاکانی ڕاگەیاندن پڕ دەبن لە کورتە ڤیدیۆی ئەو نەخۆشانەی کە داوای خێر و سەدەقە لە خەڵک دەکەن هەتا پارەی خەیاڵیی نەشتەرگەرییەکانیان بۆ کۆبکەنەوە ئەگینا لەماوەیەکی کەمدا ئەمرن. تەنانەت لە دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانی دەسەڵاتە تاکڕەوە خێڵەکییەکاندا، ڕیکلام بۆ ئەو سواڵانە دەکرێت، چونکە گرنگ کۆکردنەوەی پارەی خەیاڵییە بۆ ئەنجامگەیاندنی نەشتەرگەرییەکان و حەڵاڵکردنی سەدا پەنجا و بەرەو ژووری ئەو پاره زەبەلاحانە به ناوی باج و خەراجەوە، بۆ دەسەڵاتی تێر و پڕ و هەڵئاوساو.
هەروەها لە هەموو کەرتەکانی تردا، تێکڕای کۆمەڵگا دەکرێنە بەچکە گورگ بۆ ڕاوکردن و تێکشاندنی یەکتریی، دواجار نیوەی یان زیاتری ئەو ڕاو و شکارانە ئەگەڕێنەوە بۆ گیرفانی بێ بنی گورگە گەورەکانی دەسەڵات..
لێرەدا ئیتر کتێب و زانست و توێژینەوەی زانستی و شانۆ و ئەدەب و هونەر ئەوەندە بچووک و ڕیسوا دەبن ئەتوانیت هەر هەموویان وەک جگەرەیەک بخەیتە پشت گوێچکەیەکتەوە .. ئیدی ئەو یاسایەی کە دەڵێت دەسەڵات کەروێشک بە عەرەبانە دەگرێ، گۆڕانکاریی تێ دەکەوێت و .. دەبێت بە دەسەڵات کەروێشک بە کەروێشک ئەگرێت..