Skip to Content

چـۆن منـداڵەکانتـان فـێری ئـازادی دەکەن.. رەزا شـوان

چـۆن منـداڵەکانتـان فـێری ئـازادی دەکەن.. رەزا شـوان

Be First!
by كانونی دووه‌م 9, 2026 General, Kids Literature

ئازادی مافـێکی پیـرۆز و بنەڕەتی هەموو مرۆڤـێکە بەبی جیاوازی. بە زگماکی لەگەڵ مرۆڤـدا لەدایک دەبێت و لێسەندنەوەی نییە. ئازادی بریتییە لە توانای مرۆڤ کە خۆی بـڕیار بـدات؛ بەبێ هـیچ دەسـتێوەردانـێکی دەرەکی یان سنووردارکـردنـێک کە لەلایەن کەسانێکی کەوە بسەپێنرێت. ” ئازادی واتە ژیان بە ئاشتی و رێـزگرتن لە هەمـووان”. گەر بە دروستی لە واتای ئازادی تێبگەین و بەکاری بهـێنین، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێـت بـۆ گەیـشـتن بـە هـیواکانمـان و بـۆ بنـیـاتنـانی جیهـانـێکی باشـتر بـۆ هـەمـووان.
(یـۆهـان ڤـان گـۆتە) دەڵـێت:”هـیچ کەسێک لەو کەسانە کـۆیـلەتـر نـین.. کە بە هـەڵە لـەو بـاوەڕەدان کە ئـازادن”.
فەرهەنگی ئۆکسفـۆردی نوێی ئەمـریکی، بەم شێوەیە پێناسەی چەمکی ئازادی دەکات: “تـوانای مـافی مامەڵەکردن، قـسەکردن، یان بیرکردنەوەی مـرۆڤە بە ئارەزووی خۆی، بەبێ بەربەست و سنووردارکردن”. ئازادی یەکـێکە لەو مافە گـرنگانەی کە دەتـوانـین بیگـوێـزینەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـوومان.
ئازادی چەمکـێکی گـرنگە، دەکـرێت بـۆ تـێگەیشتـنی لەلایەن منـداڵانەوە قـورس بێـت.
ئاسان نـییە کە منـداڵان بە ئاسانی لە چەمـکی ئازادی تـێبگەن، چونکە ئازادی شتێکی فـیزیکی نییە، کە دەست لێبدرێت یان بـۆن بکرێت یان ببینرێت. پێویستە بە شێوازێکی ئاسان و بە زمانێکی ساکار ئـازادی بۆ منـداڵان روونبکـرێتەوە. تا بتوانن لە واتا و لە گرنگی و لە سـوودەکانی ئازادی تـێبگەن و لە ژیـانی رۆژانەیـانـدا، پـراکـتـیکی بکەن.
یەکـێک لـە مـافـە دانـپـێــنراوەکـانی منـداڵان:”مـافی پاراسـتـن و چـاودێـری و ئـازادی رادەربـڕیـن و بـۆچـوونەکانیانە،…” کەواتە ئـازادی بۆ منـداڵان مافـێکی دانـپـێـنراوە، لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگـرتـووەکانەوە. هـەرەزۆری وڵاتـانی جیهـانیش واژۆی ئەم بـڕیارەیان کـردوون. یەکـێک لەو مافـانە، هەمـوو منـداڵـێک مـافی ئـەوەی هـەیە، بە ئازادی بیروڕای خۆی لەسەر هەموو بابەتەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی دەربـڕێـت.
یەکەم شوێن بۆ ئەوەی منداڵان فـێری چەمکی ئازادی بکرێن، خـێزانەکان و ماڵەوەن. دایـکان و باوکان دەتـوانن بە پـراکـتـیزەکردن، چەمکی ئازادی و مـۆدێـل و نـموونەی ئـازادی فـێری منـداڵەکانیان بکەن. گەلـێک بـۆنـەی نـیشــتمانی و نەتەوەیـیـمان هەیە، گەلێک سـروودی نـیشـتمانی و هـۆنـراوە و چـیرۆکـمان بۆ منـداڵان هـەیە، کە باس لە ئازادی دەکەن، دەکرێـت دایکان و باواکان بیانـقـۆزنەوە و لە میانەیانەوە، بە زمانێکی ساکـار و شـيریـن و بـە شـێوازێـکی ئاسان، باسی ئـازادی بـۆ منـداڵەکـانیـان بـکەن.
پێدانی ئازادی بە منـداڵەکانـان، بۆ گەڕان بە دوای بیرکردنەوە وبـۆچـوونەکـانیـانـدا، بەشـێکی سـەرەکـییە بـۆ یارمەتیـدانی گەشەکـردنیـان.
چـەمـکی ئـازادی، لە خـێـزانێـکەوە بـۆ خـێـزانـێکی تـر، جیـاوازییەکی زۆری هـەیە.
خـێزانی وا هـەیە، کە هـەمـوو شـتـێکـیان لە منـداڵەکـانیـان کـردوون بـە “بـڤـە” یە.

چـانـدنی بنـەمـاکـانی ئـازادی، لە منـداڵانی بچـووکـدا، لەسەری رادێـن، لە ئەمـڕو لە داهـاتـووشـدا، دەقی پێـوە دەگـرن و کاردانەوەیەکی ئەرێـنی جـوان و باشیان دەبێـت.
گرنگە کە منداڵەکانتان فـێری ئەوە بکەن، کە ئازادی بریتییە لە توانای بیرکردنەوەی سەربەخـۆ. ئەمەش واتە توانای بیـرکـردنەوەی خـۆیان و بـڕیاردانە لەسـەر بنەمـای ئەوەی، کە پێـیان وایە، بڕیـاری دروستـیان داوە، کە زادەی هـۆش و بیـرکـردنەوەی خۆیـانە. نەک تەنهـا شـوێـنکەوتـنی ئـەوەی کەسانی تـر دەیـڵـێـن.
گەورە پەروەردەکاران و پـسـپۆرانی گەشـەپێـدانی منـداڵان، کـۆکـن لەسەر ئەوەی کە منـداڵان پێویستییان بە ئازادی و بە سەربەخۆیی هەیە. بۆ ئـەوەی بە دروستی گەشە بکەن. تا دەرفـەتی زیاتریان هەبێت بۆ بـڕیاردان و بۆ چارەسەرکردنی کـێشەکانیان و هـەڵگـرتنی بەرپـرسـیارێـتـییەکی زیـاتر، لـێهـاتـووتـر دەبـن و لە بـڕیـارەکانـیشـیانـدا متمانەیەکی زیاتریان بە تواناکانی خۆیان دەبێت، زیاتـریش پشت بە خۆیان دەبەستن.
لە سـوودەکانی ئازادی بـۆ منـداڵان:
١ـ ئـازادی بـۆ منـداڵان، دەرفـەت پـێـدانـیانە بـۆ گەڕان بـە جیهـانی دەوروبـەریـان و فـێربوون و گەشەکردن، لە رێگەی ئەزموون و پراکـتیکەوە، منداڵان خۆیان دەناسن
و لە جیهـان تێـدەگەن. رێگەی ئەوەیـان پێـدەدات بە شـۆیەکی جیهـانی بـیربکەنەوە.
٢ـ پـەرەپـێـدانی هـاوسـۆزی و لـێـبـووردن و رێـزگـرتـنـیان بـۆ ئـەوانی تـر دەبـێـت.
٣ـ ئاسـۆی بیـرکـردنەوە و ئەنـدێـشەی منـداڵان فـراوانـتر دەکـات.
٤ـ ئامادەکردنی منداڵان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، ئاستەنگییەکانی ژیانی راستەقـینەیان.
٥ـ دەرگای گڤتوگۆی هۆشیاری شارستانی و بەشداریکرد لە کۆمەڵگادا بۆیان دەکاتەوە.
٦ـ هانیان دەدات بەرپرسیارێتی لە کردار و بیرکردنەوە و بڕیارەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
٧ـ منـداڵان فـێری رەخـنەگـرتـن دەبـن و بـە ئـازادی را و تـێـبـیـنی و بـۆچـوونـەکـانیـان دەربارەی ئەوبابەتـانەی دەیانخـوێـنـنەوە یان گـوێیان لێـیان دەبێـت یان دەیـان بـینن. بۆ نمـوونە، کە هـۆنراوەیەک یان چـیرۆکـێک دەخـوێننەوە یا گوێیان لـێیان دەبێـت، یان کە فـیلـمێکی ئەنـیمەیـشن بۆ منـداڵان دەبـیـنن، لـێـیان بپـرسـن، بە ئـازادی بـاس لە لایەنی باش و خـراپـییـان بــکەن.
٨ـ باوەڕی متـمانە بەخـۆبـوون و توانای بیرکرنەوە و بڕیاردانی منداڵان بەرزدەکاتەوە.
٩ـ ئـازادی وا لـە منـداڵان دەکـات، پـەرە بـە خـولـیا و بەهـرە و تـوانـاکانیـان بـدەن، تا ببـن بە تـاکی سـەربـەخـۆی داهـێـنەر.
١٠ـ ئازادی کلیلی پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەیە، خۆیان بیردەکەنەوە و بڕیاردەدەن.
١١ـ منـداڵان فـێری ئەوە دەبـن، پەنـد و وانە لە هـەڵەکانیان وربگـرن، فـێریش دەبن چـۆن راسـتـیان دەکەنەوە.
منداڵەکانتان فـێری ئەوە بکەن کە ئازادی بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەیاندا، بەڵام لەگەڵ ئازادیدا بەرپرسیارتیـش دێـت. ئازادی رەهـا نییە و سنووریشی هـەیە. پێویستە ئەوەش بۆ منداڵەکانتان روون بکەنەوە، کە چـێژ وەرگـرتن لە ئازادی بەو مانایە نییە کە هـەرچـییەکـیان بوێـت، بەبێ رەچـاوکـردن و گـوێـدان بە یاسـاکانی ئـازادی بـیکەن. منـداڵان دەتـوانـن بە ئـازادی گوزارشـت لە بـۆچـوونەکـانیان و لە بـیرکـردنـەوەکـانیان بکەن. لە هەمان کاتـدا دڵنیابـن لەوەی کە سنووری ئازادییان نەبەزانـدوون و پێشێـلی ئازادی کەسانی تریان نەکردوون و ئـازاریای نەداون و هـەستیان بریندار نەکردوون و بێڕێـزیان پێنەکردوون. بۆ نموونە قوتابی لە پـۆل لە قوتابخانەدا، دەتـوانێت بە ئازادی گۆزاشتکردن لە بیر و بیرۆکەکانئ خۆی بکات. بەڵام پێویستە گوێش لە بۆچوونەکانی هاوڕێ هاوپۆلەکانیشی بگرێت و رێزیان لێبگرێت، تەنانەت ئەگەر روانین و بۆچوونی جیـاوازیـشیان هـەبێت. ئەمـەش ئـەوەی بـۆ دەردەخـات، کە ئـازادی هـاوسـەنگکـردنی مافـەکانی خـۆی لەگەڵ مافـەکانی ئەوانی تر دایە. پێویـستە منـداڵەکانتان فـێربکەن، کە جیـاوازی بـیروڕا بەو مانـایە نیـیە، کـە بەرانبـەرەکانتـان بە هـەڵـە بـزانـن، تەنیا لەبەر ئـەوەی کە هـاوڕاتـان نیـن، بەڵکو بـەو مانـایەیە، کە ئەوان دیـدگای جیـاوازیان هـەیە.
منـداڵانی ئـازادی پەروەر، پێـویـستە ئـازادی خـۆیـان بە شــێوەیەک بەکـاربهـێـنـن، کە رێـز لـە شکـۆداری خـۆیـان و لە شـکـۆداری ئـەوانی تـر بگـرن.
فـێرکردن و راهـێنانی منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکەوە، بۆ تێگەیـشتن و رێـزگـرتن لە ئازادی، ئامادەیـان دەکات بۆ ئەوەی ببـنە تاکـێکی متـمانە بەخـۆبـوون و بەرپـرسیار و میهـرەبان. هـەریەکە لە دایکان و باوکان و دادەکانی باخچـەی منـداڵان و مامۆسـتایانی قـوتابخەنە بنەڕەتییەکان، رۆڵـێکی گرنگ و کاریگەریان لە چانـدن و لە فـێرکردنی ئەم بەهـایەدا هـەیە. بە شێوەیەکی کـردەیی و گونجـاو لەگەڵ تەمەنـیان. چونکە منـداڵان بە کـنجکاوی لەدایک دەبـن. تامەزرۆی دەربـڕیـن و دۆزینەوە و خۆسەلـمانـدنن. ئازادـیش پشتگیری لەم ئارەزووە زگماکییەی ئەوان دەکات، بۆ فێربوون و بڕیاردان و پێکهـێنانی ناسـنامەی خـۆیـان. بـەڵام ئـازادی منـداڵان بەبێ رێـنـمایی و ئاراسـتەکـردن، دەتوانـێـت ببـێـتە هـۆی سەرلـێـشـێـوان یان رەفـتاری نائـازادی و ناپـارێـزراو. بۆیـە چـارەسەر لە فـێرکـردنی ئـازادیـدا، ئـەوەیە کە ئـازادی و بەرپـرسـیارێـتی شـان بە شـانی یەکـتـربـن.
گـرنگە ئـێـوەی دایـکان و بـاوکان،. لە رێـگەی نمـوونەی رۆژانـەوە، ئـەم چەمکەیـان فـێربکەن. ئەمـەش دوو نمـوونـەنی ساکـارن:
“تـۆ ئازادیـت لە هەڵـبژاردنی چـیرۆکی پێـش خەوتـنـت. بەڵام دەبێـت لە کاتێ خۆیـدا بخـەویـت”.
“دەتوانیت هاوڕێکانت بانگهـێـشت بکەیت، بەڵام دەبێت ژوورەکەت پاک بکەیتەوە”.
ئەمەش رووانگەیەکی ئەرێنی و راستەقینەیە، بۆ ئەوەی منداڵان فـێربن، کە ئازادی و بەرپرسیارێتی پـێکەوە دێـن. بەبێ ئـەوەی رێـسا و یاساکانی ئازادی پـشتگـۆی بخەن.
پێویستە دایکان و باوکان و دادەکان و مامۆستاکان، نموونە و پێشەنگ و سەرمەشقی ئـازادی بـن، تا منـداڵەکانیان و قـوتاببەکانیان لـێـیانەوە فـێربـن و چاویـان لـێـیانبـکەن.
تێـبـینی: لە (٦/ مـای/ ٢٠٢٤) دا، ئەم نووسینەم “گرنگییەکانی ئازادیی دەربـڕیـن بـۆ منـداڵان” لە چەند سایـتێکـدا بـڵاوکـراوەتەوە.
دوبـەی: ٢٠٢٦

Previous
Next

Leave a Reply