چیرۆک\ شارە بەیەکداچووەکان.. نووسینی خالد کاکی.. وەرگێڕانی: گرفتار کاکەیی
- ئاسۆنسیۆن، شتێکت پێ بڵێم؟
- چی تازە هەیە، سالم؟ ئاسۆنسیۆن بە شپرزەییەوە وتی.
- ئۆقرە بگرە ئافرەت. چیتە؟ ئایا قاوەکەی بەیانیت خواردووەتەوە؟
- نا، ئێستا ئامادەی دەکەم.
- باشە ئەزیزم، لێکەڕێ من بۆتی ئامادە دەکەم. تۆ دانیشە، لەو کاتەی قاوەکەت بۆ ئامادە دەکەم ؛ خەوەکەی ئەمشەوت بۆ دەگێڕمەوە.
- دیسانەوە، سالم؟! ئەرێ ئەم خەونانەی تۆ قەت تەواو نابن؟! ئەمەی وت، و پەتووە سوورەکەی پێچدایە دەور خۆی، بە چاوەکانیشی بەدوای کۆنترۆڵی تیڤییەکەدا دەگەڕا.
- سالم، کوا کۆنترۆڵەکە؟!
- ئەزیزم، وابزانم وەک هەموو جارێک لە سەری دانیشتوویت. دوێنێ لە بان قەنەفەکە جێمهێشت.
- ئۆۆه، بەڵێ. ئەوەتا. ئەمەی وت و تیڤییەکەی داگیرساند؛ دەنگی گۆرانییەکی کۆن لە کەناڵی گۆرانییە کۆنەکانەوە بە دەنگی دونیا کۆنتشیتا بیکیری دەرهات. تێیدا تێکستی گۆرانییەکە (کۆپلێتەکەی) بەباڵای چەتەیەکی ناسراوی مەدریدا هەڵەدەدات، کە ناوی لۆیس کاندیلاسە. سەرنجڕاکێشی ئەم گەنجە قۆز و ترسناکە کاندیلاس، سەدەیەک پێش ئێستا دڵی ژنانی مەدریدی داگیر کردبوو، سەربوردەی ببووە وێردی سەر زوانان، تا ئەوکاتەی لە ساڵی ١٨٣٧ دا دەسگیر کرا و لە گۆڕەپانێکی گشتیی پایتەختدا لە سێدارە درا، ببووە جێی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی پیاوانی پۆلیسی شارەکە و دەوروبەری.
بە بەڕێز سەرۆکی شارەوانی بڵێن
بەجەنابی قازی بڵێن،
کەمن لە خۆشەویستیدا،
بۆ لۆیس کاندیلاس دەمرم.
پێیان بڵێن ئەو بکوژە،
بڵێن ئەو خیانەتکارە،
من خۆم هێشتم دڵم بدزێت
بەوپەڕی ڕەزامەندی وخۆشییەوە.
ئەم دێڕە شیعرانەی کە دەیانڵێمەوە
با دەم بە دەم بگوازرێنەوە
وەک ئەوی شێتێک بم.
لەژێر عاباکەی لۆیس کاندیلاس
دڵم لێدەدات، و دەفڕێت…
سالم لەگەل خۆیدا تێکستی ئەو گۆرانییە میللیەی کە شەیدای ببوو دەوتەوە، گش پارچەیەکی لێ تەواو دەکرد، وەک ئەوەی – ئەمیش – دڵی لەژێر عاباکەی لۆیس کاندیلاسدا لێدەدات و دەفڕێت. - ئاسۆن گیان، ئەمەیە گیانی ئیسپانیا، گیانی مەدریدی کۆن کە دەیناسم. سالم ئەمەی بە ژنەکەی وت و دەستی ڕاستی بەرز کردەوە و ئاماژەی بە تیڤییەکە دا؛ لەوێوەی کە دەنگەکە دەردەچێت وەکو سەلماندن ودڵنیابوون، ئەو وەکو ناز و خۆشەویستییەک ناوی ئاسۆنسیۆنی کورت کربووەوە بۆ ئاسۆن.
- سالم تۆ چەند کۆنی، تۆ بەڕاستی کۆنی. کەوا حەزت لەم گۆرانیانەیە کە هی سەردەمی چاخی بەردینن. ئاسون بەگاڵتەجاڕییەوە ئەمەی وت، لەکاتێکدا خەریکی گۆڕینی کەناڵە تیڤییەکە بوو بەدوای فیلمێکی ئەمریکی ڕۆمانسیدا دەگەڕا.
- خۆشەویستەکەم، من کۆنم؟ ئەی تۆ؟ تخوا، تۆ ئێستا لەم کاتەدا بەدوای فیلمێکی شازادەی خەونەکانت کلارک گیبلدا ناگەڕێیت؟ڕاستی بڵێ. سالم ئەمەی بە گاڵتە و پێکەنینەوە وت، پاشان لەسەری چوو:
- ئەی پێرێ، کێ بوو تەماشای “پەنجەرەی پشتەوە’ ی هیشکۆکی دەکرد؟ تەماشای فیلمێکت دەکرد کە ساڵی 1954 بەرهەمهاتووە، بە منیش دەڵێیت کۆن!!!. سالم دەستی کرد بە پێکەنین.
ئاسۆنیش پێکەنی بە قاقا ناسراوەکەی، وەک ئەوەی کیژۆڵەیەکی پازدە ساڵە بێت، هەقی بە مێردە عێراقییەکەی، سالم دا، کە گش ئەم هەموو ساڵە بۆ خۆشەویستییەکەی وەفادار مایەوە : - وایە، تۆ ڕاست دەکەیت، تەنها ئەوەندەیە – بیگومان- کلارک
گیبل زۆر لە جەردە مەدریدییە دڵخوازەکەت کاندیلاس قۆزترە. - تۆ چوزانی؟ ئایا تاقیتکردووەتەوە کە کەسێکیان بۆ شەوێک تۆی دزیبێت؟ سالم ئەمەی بەگاڵتەجاڕییەوە وت. لەگەل بزەیەکی پان کە بە ئەستەم لە بن سمێڵە ئەستوورەکانیەوە دەبینرا. پاشان بەردەوام بوو:
- لۆیس کاندیلاس سوارچاکێکی مەرد بوو، دەستەکانی بە خوێنی هیچ هاوڵاتییەک سوور نەبوون. کەسێکی زۆرزان و بەهێز بوو، پۆلیسی شارکەی تووشی سەرێشە کردبوو. تا ئەمڕۆیش خەلکی چیرۆکی چاپۆکی و سۆزدارییەکانی دەگێڕنەوە.
- سالم، قاوەکەت ئامادەکرد؟ ئاسۆن بە کەمێ بایەخی کەمترەوە بەوەی کە مێردەکەی دەیڵێت ئەمەی وت و باوێشکی لەگەلدا لێدەدا، لە کاتێکدا بۆنی قاوە بۆندارەکە خەریکبوو بخزێتە نێو هۆڵەکەوە؛ ئەو شوێنەی کە ئاسۆن تێدا دانیشتووە.
- بەڵێ، گیانەکەم. ئەوە قاوەکەت فەرموو، بینۆشە بەدەستی ئەو تەنیا پیاوەی کە تا هەتایی تۆی فڕاند. سالم ئەمەی بە سۆز و خۆشەویستییەوە وت، لەگەلیدا خەریکە کوپە قاوەکە لەسەر مێزە چکۆڵەکە دادەنێت، لەکاتێکدا ئاسۆن بە پەنجەکەڵەی خەریکە لە کۆنترۆڵەکەوە کەناڵەکان دەگۆڕێت، بێ ئەوەی بۆ هەر کەناڵێک لە سێ تا پێنچ چرکە زیاتری کات دابنێت.
- دەی، باسی خەوەکەتم بۆ بکە. ئایا دیسانەوە سەرلەنوێ لە جادەی ئەبی نوئاس لەسەر دیجلە پیاسەت دەکرد؟ یان لە کوچەی خەیدەرخانە، خەیدەرخانە؟ ئۆۆە، ئای ئەم ناوە چەن زەحمەتە، خۆشەویستەکەم.
ئاسۆن گیان، – حەیدەر – خانە. دوو بڕگەن لە یەک وشەدا. بڵێ حەیدەر ، ئینجا خانە، دەی. - نا، نا، ئێستا واز لەمە بێنە. ئەوەی بە سی ساڵ فێری نەبووم ئێستا بە خولەکێک فێری نابم، ئاسۆن بە پێکەنینەوە ئەمەی وت.
- لێمگەڕێ با ئەم سیگارەیە بپێچمەوە، ئینجا خەونەکەت بۆ دەگێڕمەوە.
- باشە، فەرموو، لەبیریشت نەچێت بۆ منیش دانەیەک بپێچیتەوە.
ئاسۆنسیۆن و سالم زیاتر لە سی ساڵە بەو هەموو بێگەردی و شادی و ئاسانییەوە یەکتریان خۆشدەوێت. سالم ساڵی 1978 گەیشتە مەدرید ئەوکاتە تازە هەژدە ساڵی تەمەنی تەواو کردبوو. دوای گەیشتنی بە ساڵێک و چەند مانگێک، ئاسۆنسیۆنی ناسی و یەکتریان خۆشویست.
دیرۆکی یەکترناسینیان سەرسوڕهێنەرە، سالم لە کۆتایی هەفتاکان هات بۆ مەدرید و پارەیەکی قەبەیشی لە باخڵدا بوو، دە هەزار دۆلاری تێدەپەڕاند، لەکاتێکدا کرێی شوقەیەکی بچووک لەو ڕۆژانەدا لە مەدرید مانگیی نزیکەی سی دۆلار بوو. باوکی ئەو بازرگان و پیاوە خانەدانە، ئەو پارەیەی داوە بە کوڕەکەی؛ تا خۆێندن تەواو بکات، ئەم نەیخوێند، بەڵکو بۆخۆی ژیا، گەنجەفەی کرد، بۆ هەموو شارەکانی ئیسپانیا چوو، تا هەموو پارەکەی خەرج کرد، داوای زیاتری لە باوکی نەکرد، لەبەر هەست کردن بە تاوان، کە بەدرێژایی کات بەدوایەوە بوو.
ڕۆژێک لە ڕۆژانی بەهار، سالم لە جادەی گران بییای مەدریدی ناسراو (ئەو دەمە جادەی خوسێ ئونتۆنیۆیان پێ دەوت) چووە ناو دوکانێکی پێڵاوفرۆشتنەوە. حەزی لە پێڵاوێکی قاوەیی تۆغ کرد ، داوای کرد؛ بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە. خاوەن دوکانەکە پێڵاوێکی وەکو چۆن ویستی، بە ئەندازەی پێی بۆ هێنا، سالم لەپێی کرد، بێ ئەوەی بیبەستێت، پێی ڕاستی بادا بۆ ئەوەی پێڵاوەکەی لە ئاوێنە لار و تەیتکراوی سەر زەمینەی دوکانەکە ببینێت. لێرەدا، هەژەندێکی گەورە ڕوویدا، لە ئاوێنەکەوە کچێکی هاوتەمەنی خۆی بینی ، لەگەل داچەمیندا – دەستی درێژ کرد- بۆ ئەوەی بەندی پێڵاوەکەی بۆ ببەستێت. کاتێکی ئەفسووناوی بوو بۆ سالمێک کە پێش ساڵێک بوو گەیشتبووە شاری ڕۆژ مەدرید. هیچ هەڵوەستەیەکی نەکرد، هیچ وشەیەکشی بە ئیسپانی ئاراستەی کچەکە نەکرد، بەو زوانە ئیسپانییەی کە بەئەستەم دەیتوانی بەشێوەیەکی درووست قسەی پێ بکات، بەڵکو هێشتی بە دووچاوی دەم بە زەردەخەنەوە پێڵاوەکانی بۆ ببەستێت.
لە ڕاستیدا – هەردووکیان – ڕاستگۆیانە و لەخۆوە خەندەیان دەهاتێ، ئەو ساتە، ژوانێک بوو لەگەل هەموو ژیاندا، کە ئەو کچە مەدریدییە بەسەری دەبات لەگەل ئەم عێراقییە کە گیرۆدەی ئازارێکی هەمیشەیی ئەو هەژدە ساڵە بوو کە لە نایابترین جادەی بەغدا بەسەری برد، لە نێوان خانوویەکی گەورە لە گەڕەکی وەزیرییە و شوقەیەک، کە بالەکۆنەکەی ڕووی لە جادەی ڕەشیدە لای( عەگد ئەلنەسارا).
ئەو هەڵوێستە – بەو سادە و خۆ ڕا دڵڕفێنەیەوە- تیری خۆشەویستی بوو کە دڵیانی تا ئەمڕۆ پێکەوە گرێدا.
سالم سەرسام بوو لە بوویری و بەسۆزی و جوانی ئاسۆنسیون تۆریسی گەنج کە هات پێڵاوەکەی بۆ بەست، بەبێ ئەوەی وشەیەک بڵێت یان مۆڵەتی لێ وەرگرێت، وەک ئەوەی پێی دەڵێت: خۆشەویستەکەم ئا لێرەوە، هەنگاوەکانمان پێکەوە دەبەستین. - ئازیزم ئەوش سیگارەکەت. سالم ئەمەی پێی وت، و بە بزەیەکەوە جگەرە پێچراوەکەی بۆ درێژ کرد.
- سپاس، ئازیزم. دەی ، خەونەکەتم بۆ بگێڕەوە پێش ئەوەی فیلمەکەی کاتژمێر چوار و نیو دەسپێبکات.
- باشە. لەخەونمدا مامم سەعدم دی، پیسکەکە. سالم ئەمەی وت و مژێکی لە پێچراوەکە دا، لە کاتێکدا یەکسەر زەردەخەنەکە لە سێمای بزر بوو. وەک ئەوەی بە خێرایی تیشک گوازرایەوە بۆ بەغدا.
- ئەم ئێسک گرانە چی لێت دەویست؟ ئاسۆن وتی.
بە درێژایی ئەو سی ساڵەی کە لەگەل سالمی مێردی پێکەوە ژیاون – هەموو ئەو ناو و شوێن و بەروارانەی لەبەر کردبوو کە پەیوەست بوون بە مێردەکەیەوە لە عێراق، ببووە دووەم ئەرشیفی یەدەکی، ئەوە لە حاڵەتیکدا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەرشیفە زێڕینەکە لەنێو چوو: بیری خودی سالم. - بینیم مامم دەچێتە نێو فرۆشگاکەی باوکمەوە؛ بۆ ئەوەی داوای قەرزێکی لێ بکات. باوکیشم دەستەیە گەورەی جۆری دە دیناری عێراقی شینی پێدا. ئەی خوایە، چەند دراوێکی جوانە چ ڕۆژگەلێکی خۆش بوون. ساڵم ئەمەی وت و دوکەڵێ سیگارەکەی بە حەسرەتەوە قوتدا.
- مەبەستت ئەو دراوانەی کە لە یەیکێک لە ڕووەکانی وێنەی گایەکی باڵداری ئاشووری لێبوو؟
- بەڵێ، خۆشەویستم. ئێستا وا خەریکە بۆنی ئەو دراوە ڕەسەنانە دەکەم، سالم بە خەمبارییەکەوە ئەمەی وت، بەردەوام بوو:
- باوکە دڵ باشەکەم ، هەرچی دراوی گەورەی لەسەر مێزەکە هەبوو هەمووی دا بە مامە ناحەزەکەم سەعەد. ئاخە ئاسۆن گیان ئیدی چۆن خەمبار نەبم، یان توڕە نەبم ؟ چۆن لەداخی ئەم کابرایە نەمرم؟
سالم بۆ ماوەیەک زۆر تووڕە بوو، لەداخانا بە شاپ
لەسەر ڕانی خۆی دەدا. - بەڵام ئەوە تەنها خەوێکە ئازیزم، تۆ وای نابینیت؟! ئاسۆن وتی، لەگەلیدا قومی لە قاوەکەدا و ، چاوەکانیشی بڕیبووە شاشەی تیڤییەکە.
- دەزانم خەوە، بەڵام ئەوە ڕاستییە. سالم وتی، وەک ئەوەی ئەو ڕستەیەی لە دەقێکی فەلسەفی درێژەوە وەرگرتبێت.
- تەنها خەوە، ئازیزم. مامت سەعەد ماوەیەکی زۆرە بە جەڵتەی دڵ مردووە. ئاسۆن پێی وت.
- بەڵێ، مرد، بەڵام ئەو ماندووبوونی باوکمی دەدزی. باوکە دڵپاکەکەم ، بەخشندە ترین مرۆڤێک کە ناسیبێتم، ئێستا لە ژیانمدا تا ئەمڕۆ ئەو پاکترین مرۆڤە.
- هەموو ئەوانە دەزانم، سالم گیان. ئێ دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ دەی پئم بڵێ.
- هیچ ڕووینەدا. مامم سەعەد لە فرۆشگاکەی باوکم دەرچوو، و پارەکەی لەگەل خۆیدا برد بۆ خانەی سوزانییەکان لە گۆڕەپانی مەیدان. سالم ئەمەی وت، و ئینجا لەسەری ڕۆیی:
- ئاسۆن گیان، ئایا دەزانیت، لەوێ باڕێکی ناوازە هەیە، دەکەوێتە ئەو ناوچەوە، من لەوێ لەگەل هاوڕێکانمدا، بە دزیی باوکمەوە دەمخواردە و سەرخۆش دەبووم؛ لەبەر ئەوە تەمەنم بچووک بوو، لە سزادانی دەترسام. ئاسۆن گیان ڕاستییەکەی، باوکم بە مەسەلەی خوارنەوەکەی دەزانی، بەڵام چاوپۆشی دەکرد، لەبەر ئەوەی کوڕە گەورەکەی بووم، هیوای ژیانی بووم. بەڵام من بێ ئومێدیم کرد، بە هەرحاڵ.
- گیانەکەم وا مەڵێ، تۆ هێشتا هەر کوڕە گەورەکەی باوکت و شانازی بنەماڵەکەیت.
ئاسۆن ئەو وشە مەزنانەی پێگوت، لەکاتێکدا چاوی بڕیبووە چاوی و دەستەکانی گرتبوو. وەک ئەوەی هێشتا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا پەنجا و پێنج ساڵەی تەمەنی تەواو نەکردبێت، بەڵکو ئەو هێشتا هەمان ئەو کچە لاوە مەدریدییەیە کە داچەما؛ تاکو بەندی پێڵاوەکەی بۆ ببەستێت ڕۆژێک لەو ڕۆژە نایابانەی مانگی ئەپریلی ساڵی 1979.
دوای یازدە ساڵ
ئەمە ڕوحی ئیسپانیایە، ڕوحی مەدریدی کۆنە کە دەیناسم، ئاسۆن گیان. ئاسۆن، خۆشەویستەکەم هاوڕێکەم مانای ژیانم، تۆ لە کوێی؟ ئایا تۆ لەوێی؟ ئایا من لێرەم؟ ئایا خەوەکەی دوێنێ شەوت بۆ بگێڕمەوە؟ باشە، گوێ بگرە، گوێ بگرە، هاوڕێ شیرینەکەم:
لەخەوما خوالێخۆشبوو نەنکم سەلیمەم بینی بەباڵا با شکۆکەیەوە، لەسەر پشتی مایینێکی سپی دەهاتە ماڵە گەورەکەمانەوە، وەک ئەوەی زەوی هەور بێت هەردووکیان پێکەوە هەڵگرتبوو …
ئاسۆنسیون تۆریس، خێزانی سالم سەعیدی عێراقی پێنج ساڵ پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد. لەگەل ئەوەشدا سالم، یەک ڕۆژێک ڕەت ناکات کە لەگەل کورسێیە بەتاڵەکەیدا نەدوێت، وەک ئەوی لەبەردەمی وەستابێت. هەندێجار زەردەخەنەی بۆ دەکات، هەندێ جار بۆی پێدەکەنێت، هەندێ جار بەتەنیا بە فرمێسکێکی زۆرەوە بۆی دەگرێت، لەوکاتەی بۆ ڕوحی هاوسەرە کۆچکردووەکەی ئەو خەونانەی بەغدا دەگێڕێتەوە کە تەواو نابن.
ئاسۆنسیون ، ئایا شتێکت پێ بڵێم؟
……..
ئوقرە بگرە، ئافرەت. چیتە؟ ئایا قاوەکەی بەیانیت خواردووەتەوە؟
………..
باشە، ئەزیزم، من بۆتی ئامادە دەکەم؛ تۆ دانیشە، لەوکاتەی قاوەکەت بۆ ئامادە دەکەم دەمەوێ خەوەکەی ئەمشەوت بۆ بگێڕمەوە.
سالم تیڤییەکەی لەسەر کەناڵی گۆرانییە کۆنەکان پێکرد؛ گۆرانییەک بەدەنگی دونیا کۆنتشیتا بیکری لێوە بڵند بوو …
هاوسێکە لە ماڵەکەی بەرامبەر، نا، نا
چاوەکانی گوشاد نین،
ناوقەدی گوڵە گەنمی نییە، نا،نا
لێوەکانی لەڕەنگی خۆێن نیین،
کەس لە دەرگاکەی نادات،
کەس لە شووشەی پەنجەرەی نادات،
لە بای شەو زیاتر
ئەوەی لە جادەکان دەسوڕێتەوە…
سالم لەگەل خۆیدا تێکستی ئەو گۆرانییە میللیەی کە شەیدای ببوە دوتەوە، گش پارچەیەکی لێ تەواو دەکرد،
خۆشی هەروا – چاوەڕێ بوو وەکو دراوسێ تەنیا و خەمبارەکەی ماڵەکەی بەرامبەریان بای شەوان لە شوشەی پەنجەرەکەی بدات.
مەدرید 2015

وەرگێڕ: گرفتار کاکەیی

