Skip to Content

هەڵسەنگاندنی کتێبی “یانەی کتێبی CIA” لە نووسینی چارڵی ئینگلیش .. ن: لووک هاردینگ.. و: گۆران عەبدوڵڵا

هەڵسەنگاندنی کتێبی “یانەی کتێبی CIA” لە نووسینی چارڵی ئینگلیش .. ن: لووک هاردینگ.. و: گۆران عەبدوڵڵا

Closed
by نیسان 6, 2025 Books, General, Opinion

لە ئەلفەوە تا یا وەک چەکی شەڕ

Luke Harding
لێکۆڵینەوەیەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی ئۆپەراسیۆنی قاچاخی سی‌ئای‌ئەی بۆ گەیاندنی کتێبە قەدەغەکراوەکان بۆ پشت پەردەی ئاسنین

لە مانگی ئازاری ١٩٨٤، ئەفسەرانی گومرگی پۆڵەندا تێبینی لۆرییەکی گومانلێکراویان کرد. لۆرێکە بە کەشتییەکی شەوانە لە کۆپنھاگنەوە گواسترابووەوە و لە بەندەری بالتیکی سوینۆیستیە لەنگەری گرتبوو. ناوەوەی لۆرێکە بچووکتر دەینواند وەک لە دەرەوەی. کرێکارەکان پانێلێکی دیواری ناوەوەیان شکاند و بە شۆکەوە کۆمەڵێک کتێبیان دۆزییەوە – ٨٠٠ کتێب – لەگەڵ چاپخانەی نایاسایی و وۆکی- تۆکیە قەدەغەکراوەکان. ئەفسەرەکە بە هاوارو سەرسوڕمانەوە ئاماژەی بە شتە قەدەغەکراوەکان کرد!”

ئەم بارە بۆ بزووتنەوەی هاوپشتی ئۆپۆزسیۆنی پۆڵەندا ئامادە کرابوو. سەرۆکی کۆمۆنیستی وڵاتەکە، ژەنەراڵ وۆیچخ یاروزێلسکی- Gen Wojciech Jaruzelski ، سێ ساڵ پێشتر “ھاوپشتی” قەدەغە کردبوو. کتێبە قەدەغەکراوەکان زیاتر لەم جۆرانەبوون، ڕەخنە لە سیستەمی سۆسیالیستی و نامیلکەکانی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ. کارەکانی دیکە کە بە نهێنی دەگەیەنرانە ئەو دیوی دیوارە ئاسنینەکانەوە “١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێڵ، تێکستە فەلسەفییەکانی ئالبێرت کامو و هانا ئارێنت و هەروەها کۆپییەکانی هەفتەنامەی”مانچێستەر گاردیان “.

ئەو ڕێکخراوەی کە پارەی ئەم خزمەتگوزارییە ڕۆشنبیرییەی دابین دەکرد کەسی تر نەبوو جگە لەCIA بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ، کتێب، گۆڤار و کاسێتەکانی ڤیدیۆی بۆ وڵاتانی بەرەی وارشۆ لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات و یەکێتی سۆڤیەت ناردووە. شێوازە بەکارهێنراوەکان بۆ ناردنی کتێبەکان زۆر زیرەکانە بوون، لەوانە شاردنەوەیان لەناو جانتای گەشتیاران، ھەروەھا لەڕێی بالۆن، یەختەکان و دایبی منداڵان کە بە فڕۆکە دەنێردرایە وارشۆ بردرابو کە ئەم کتێبەی”ئەرخەپیلاگی گولاگ” The Gulag Archipelago Vol.1 Aleksandr Solzhenitsyn یەکێک بوو لەو کتێبانە.

وەک چارلی لە کتێبە نوێیەکەیدا، ” The CIA Book Club “، باس دەکات، ئەم پڕۆگرامە سەرکەوتوو بوو. بەشێکی گرنگی لە تێکشکاندنی کۆمۆنیزمی پۆڵەندا و خێراکردنی کۆتایی ھاتنی ڕژێمە ھاوشێوەکان لە ڕۆمانیا، بولگاریا، چێکۆسلۆڤاکیا و ھەنگاریا گێڕا. ھەرزانیش بوو، ساڵانە ٢-٤ ملیۆن دۆلاری تێدەچوو. لە ھەمان سەردەمی جەنگی سارددا، سی ئای ئەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری لە شەڕکەرانی موجاهیدین لە ئەفغانستانی داگیرکراوی سۆڤیەت خەرج کردبوو.

بۆ سەردەمی ناڕازییەکانی پۆڵەندا، ئەو چاپخانانەی کە لە ڕۆژئاواوە نێردرابوون هاوتای چەک و تانک بوون. وەک یەکێکیان وتی، ئەدەبیات خۆراکی روح بوو، هەستێکی مرۆیی گەورەتری بە پۆڵەندییەکان دەبەخشی. کتێبەکان هانی ناڕەزایەتی دەدا. سەرنووسەر ئادەم میخنیک Adam Michnik کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە خەباتی هاوپشتیدا گێڕا و زۆربەی ساڵانی ١٩٨٠ی لە زینداندا بەسەر برد – وتی: دوای خوێندنەوەی هەرکتێبێک “بڕبڕەی پشتت ڕاست دەبێتەوە.” هەروەها تێبینی کرد: “ئەوسا تۆ دەتزانی کە دەتوانی بە دەوڵەت بڵێی ‘نا’.”

چالاکوانانی دیموکراسی پۆڵەندا کە لەلایەن سی ئای ئەیەوە یارمەتیدەدران، دەستنیشانکراو نەبوون. ئەوان خۆیان ناونیشانەکانیان بۆ بڵاوکردنەوە ھەڵدەبژارد، کە زۆرێکیان لەلایەن کەسانێکەوە نووسرابوون کە پێشتر لە بلۆکی ڕۆژھەڵات ژیا بوون. کەسایەتییەکی سەرەکی میروسڵاو خۆیچکی Mirosław Chojecki بوو، کە چارڵس ناوی “وەزیری قاچاغچێتی ھاوپشتی” لێناوە. خۆیچکی بڵاوکەرەوەیەکی بەھرەمەند بوو کە چەندین جار لەگەڵ پۆلیسی نهێنیدا کێشەی بۆ درووستببوو. زیاتر لە ٤٠ جار دەستگیر کرا، بەڵام نەیانتوانی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکەی بوەستێنن.

کاتێک لە ساڵی ١٩٨٠ لە کارگەی کەشتیسازی لینین لە گدانسک مانگرتنەکان دەستیانپێکرد، دەسەڵاتداران تەلەفۆنەکانیان بڕی. خۆیچکی بڵاوکراوەیەکی تایبەتی بڵاوکردەوە بە ناوی “بۆڵتن” بۆ پشتگیری لە کرێکارەکان. دەسەڵاتدارانی کۆمۆنیستی لەوڵات بە ناچاری `هاوپشتی” ان بە فەرمی ناساند. پازدە مانگ دواتر، لەژێر فشاری مۆسکۆدا، یاروزێلسکی یاسای سەربازی سەپاند لە وڵاتدا. بەرپرسانی “هاوپشتی” دەستگیر کران. خۆیچکی لە دەرەوەی وڵات بوو، وەبۆ دە ساڵی دواتریش لە پاریسەوە بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی ناڕەزایەتی،

چارڵی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی چالاکوانەکانی ناو پۆڵەندا و ھەوڵەکانیان بۆ بەرگریکردن لە سەرکوت، دەنووسێت. ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا. لە ساڵی ١٩٨٢، ژوورنالیست ھێلینا لووچیوو- Helena Łuczywo “ھەفتەنامەی مازۆڤیا”ی دامەزراند، کە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری بوو لە کاتە تاریکەکاندا. ئەو و ھاوکارەکانی لە ماڵە پارێزراوەکاندا دەنووستن، ناسنامەی ساختەیان ھەڵگرتبوو و پەیوەندییەکانیان بەکاردەھێنا بۆ دەستکەوتنی چاپخانە قەدەغەکراوەکان. ئاسایشی پۆڵەندا زۆر پیاوسالار بوون. ئەوان بڕوایان وابوو کە ئەو رۆژنامەنووسانە پیاون، بۆیە خاترجەم لەو بارەیەوە بە دوای ژناندا نەدەگەڕان.

بۆ چەند ساڵی دواتر، دۆزی “ھاوپشتی” بێھیوا دیاربوو. لە ھەمان کاتدا، تۆڕی دابەشکردنی خۆیچکی گەشەی کرد. تا ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠، کتێبەکان لە ڕێگای ستۆکھۆڵمەوە بۆ تورین لە پۆڵەندا دەنێردران. شوێنەکانی چاپی نایاسایی لە ژوورەکانی سەربان و ژێرزەمینەکانی چێشتخانەدا سەریانهەڵدا، لەژێرزەمینێک کە دەرگا نهێنێکەی بە ساردکەرەوە شاردرابووە. ڕژێم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سیخوڕەکان توانیان دزەبکەنە ناو “ھاوپشتی” و دەست بەسەر بارە نێودەوڵەتییەکانیاندا بگرن، کە وەک “هاندان-پڕۆڤۆکاسیۆن” ناویان دەبرد.

تۆمارەکانی سی ئای ئەی لەم سەردەمە سەرسوڕهێنەرەدا ھێشتا بەنهێنی ماونەتەوە. سیاسەتمەدارانی باڵای ئەمریکی بە نهێنی پشتگیرییان دەکرد، لەوانە سەرۆک جیمی کارتەر و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا زبیگنیو برزێزینسکی- Zbigniew Brzezinski بەڕەچەڵەک پۆڵەندی. پڕۆگرامی کتێبە نهێنییەکە ناوی کۆدی QRHELPFUL بوو. ئەنجامەکانی سەرنجڕاکێش بوون. جۆرج میندن، ئەفسەری سی ئای ئەی بوو، مەزەندە دەکات کە نزیکەی ١٠ ملیۆن شت بە نهێنی بۆ بلۆکی ڕۆژھەڵات نێردراون، کە ٣١٦,٠٢٠ کتێب لە کۆتا ساڵی پڕۆگرامەکەدا نێردراون.

چارڵی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەوکەسە ناڕازییانەی کە لە ژیاندا ماوون کردووە، کە تێکۆشانی مشک و پشیلەیان لە ساڵی ١٩٨٩دا بووە ھۆی ڕووخانی ڕژێمەکە. من حەزمدەکرد زیاتر دەربارەی کتێبەکان خۆیان و کاردانەوەی خوێنەرانی ژێرزەمینی بخوێنمەوە. بۆ نموونە، کێ بڕیاری دا کە ڕاوێژەکانی ڤیرجینیا ووڵف سەبارەت بە نووسین بنێرێتە ئەوێ؟ پۆلەندییەکانی سەردەمی کۆمۆنیزم سەبارەت بە ئاگاتا کریستی چییان دەگوت؟
ئەمە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە دەربارەی ساتێکی کەمزانراوی جەنگی سارد. بە پێچەوانەی سەردەمی ئێستامانەوە کە تێکەڵەیەکە لە فاشیزم، بیرۆکە لیبڕاڵەکان سەرکەوتن.

——————————–

نووسەری کتێب:
چارلی ئینگلیش پێشتر لە ” گاردیان”، رۆژنامەنووس بووە و چەندین پۆستی وەک سەرنووسەری هونەری و سەرۆکی بەشی هەواڵی نێودەوڵەتی هەبووە. نووسەر خاوەنی دوو کتێبە، “شاری پڕ لە چیرۆک- The Storied City ” و “گەشتیاری بەفر- The Snow Tourist “. لە ئێستادا لە شاری لەندەن دەژی. کتێبی The CIA Book Club کە بە زمانی ئینگلیزییە بۆ یەکەمجار لە ١٥ی ئازار ی ٢٠٢٥ چاپکراوە بە قەبارەی ٣٨٢ لاپەڕە.

بۆزانیاری زیاتری خوێنەری کورد زمان

بە شێوەیەکی گشتی ئەم بەرهەمانەی لای خوارەوە بە قاچاغ ئاودیوی پەردە ئاسنینەکانی بەرەی وارشۆ دەکران:
“١٩٨٤” و “کێڵگەی ئاژەڵان” ی جۆرج ئۆروێل، و “ئەرخەبیلی گۆلاگ” ی ئەلێکساندەر سۆلجنیتسین، و “دنیایەکی نوێی ئازا” ی ئەلدەس هەکسلی، و “دکتۆر ژیڤاگۆ” ی بۆریس پاستەرناک، و کاری دیکە بۆ نووسەرانی وەک نادێژدا ماندێلستام، و جۆزێف برۆدسکی، و جۆن لۆ کاریە، و هانا ئارێندت، و کورت ڤۆنێگات، و ئەلبێر کامۆ، و ئاگاتا کریستی و فیلیپ ڕۆت و ڤێرجینیا وۆڵف و ڤاتسلاڤ هاڤێل، لەگەڵ دانەی گۆڤارگەلی وەک “مانچستەر گاردیان ویکلی” و “نیویۆرک ڕیڤیو ئۆڤ بوکس”.

سەرچاوە:
https://www.theguardian.com/books/2025/mar/03/the-cia-book-club-best-kept-secret-of-cold-war-by-charlie-english-review

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress