Skip to Content

وەلامێک بۆ کاک رامیار مەحمود.. ئیدریس مستەفا

وەلامێک بۆ کاک رامیار مەحمود.. ئیدریس مستەفا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2021 General, Opinion


کاک رامیار مەحمود دوێنێکە لە دیواربەندی فەیسبوکی خۆی ڤیدیۆیەکی دوانزە دەقەیی خۆی داگرتووە. ڤیدیۆەکە لەسەر وتەکانی ئەم دواییانەی شێرزاد حەسەن و ئەو قسەوباسانەی دوای ئەو سەبارەت بە ئاین و رۆڵی لە پەروەردەدا هاتە بەرباس و خواس. ئەو قسەکانی شێرزاد حەسەن بە حەتاڵ بەتاڵ ناودەبات و ئەوانەشی کە گوێیان بە قسەکانی داوە و پشتیوانیان لێکردووە، وەک من کە دوو سێ نوسینم لەو بارەیەوە داگرتووە لە فەیسبوکی خۆم بۆ پشتیوانی لە شێرزاد حەسەن، ئەوا بە “سادە بیرکەرەوە یان سادە گۆ و بگرە بە فریودەر” ناو دەبات. من لێرەدا وەک “سادەبیرکەرەوەیەک” یان “سادەگۆیەک” وەڵامێک بە کاک رامیار دەدەمەوە و مەبەستم لەم وەڵامەش تەنها گفتوگۆیەکی هزری و روناکبیریانەیە سەبارەت بە بابەتێکی رۆژ. لەگەڵ ئەم نوسینەدا لینکی ڤیدیۆکەی کا رامیارم داناوە و من لێرەدا تەنها وەڵام بە هەندێ شتی دەدەمەوە.
یەکەم: لە کۆی قسەکانی کاک شێرزاد حەسەن و ئەوانەشی وەک هاودەنگیەک و پشتیوانیەک نوسینیان بۆ نوسی و، خۆشـم یەکێک بووم لەوانە، هیچیان نەیانگوتووە ئاین دەربکرێ لە گۆڕەپانەکە یاخود واز لە ئاین بهێنین و لە کەلتوردا بیسڕێنەوە، بەڵکو قسەکردنەکان لەسەر یەک پنتێکی سەرەکی بوو ئەویش دەوری ئاینی سیاسیە لە ورد و درشتی ئەو وڵاتەدا و سیستەمی پەروەردەش یەکێکە لەو شتانە. دواتر وتارەکەی ئەبوبەکر هەڵەدنی بەلاڕێیەکی تردا بردی کە هەموو قسەکانی ناو وتارەکەی دژ بە بیر و کرداری خۆی بوو. لەوێدا ئەوانەی خەمی مەدەنیەت و کەلتور و فەرهەنگی کوردەواری بوون لە دژی کۆنەپەرستی ئاینی سیاسی هاتنە دەنگ. دەکرێ هەر رەخەنەیەکت هەبێ لە شێرزاد حەسەن و ببەیتە شوێنێکی تر بەڵام شێرزاد حەسەن لەوەتەی هەیە زۆر بوێرانە دەنگی هەڵبڕیوە دژ بە کۆنەپەرستی ئاینی سیاسی کە کۆمەڵگەی کوردیان تەسلیم بە فەرهەنگێکی ئیخوانی و وەهابی کردووە مەگەر لە سعوودیە و ئەفغانستان بوونی هەبێ. دیارە سعوودیەی ئیستا لە وەهابیزم رزگاری بووە و بەرەو مەدەنیەت هەنگاوی ناوە. ئایا ئەرکی رۆشنبیر چیە گەر نەیاتە دەنگ لەسەر کۆنەپەرستی و تێکشکانی فەرهەنگ و کەلتوری ولاتەکەی کە ەئوی تیدا هاتۆتە بوون.
دووەم: هەموو ئەو زانیاری و راپۆرت و داتا و ژمێریاریانەی لەبارەی دروست بوونی کەسانی داعشیەوە لە وڵاتانی هەندەران، ئەوە نیشان دەدەن کە هەموویان لە مزگەوتەکان و لە قوتابخانە ئاینیە ئسیلامیەکان و گوتاری ئاینیەکانی بانگخوازە ئیسلامیەکانەوە لە ئۆنلاینەوە بوونە بە داعش. حکومەتە رۆژئاواییەکان بەتایبەت وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا و کەنەدا، بە ئاگان لەم وەزعە و خۆیان بە مەبەستەوە ئاسانکاری دەکەن بۆ هەنگاوێکی ئاوها چونکە داعش پرۆژەیەکی رۆژئاواییە و لە مێژە زەمینەکەی بۆخۆشکراوە لە رۆژئاوا. هەموو ئەو دەزگا و کانون و تریبیۆنە ئاینیانە لە لایەن ئەو حکومەتانەوە پارەیان بۆ دابین دەکری و کاتێکیش دەنێردرێن بۆ وڵاتێک پشتیوانی مالی و لۆجستی دەکرێن. لە نوسینەکانی ترمدا لە فەیسبوک چەند سەرچاوەیەکی دۆکیومێنتاریم ئاماژە پیداوە کە هەموویان ئەو راستیە دەسەلمێنن. دژە داعش بوونی رۆژئاوا تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکانی خۆیان و جیهانێشە. لەسەر ئاستی نێوخۆیش هەموو ئەوانەی بوون بە داعش مزگەوت و مەلا و بانخواز و حزبە ئیسلامیەکان و قوتابخانەکان کردوویانن بە داعش. خۆ بەرنامەکان و دیتینی هەوالەکان و رووداوەکان رۆژانە ئەمانەمان پێدەڵێن و بەڵگەکانێش لەەبردەستدان. ئایا کاک رامیار ئەو دەستە دەستە و کۆمەڵگەلە نوێژکەرانەی لە ناو گۆرەپانی قوتابخانەکان و هەندێ جار دەرەوەی دیواری قوتابخانەکان نابینێت کە هەر دەلێی تاڵیبانە و لە ئەفغانستان دەژین. ئەوە گەر وانەی ئاین و بیری ئیخوانی و وەهابی نەبێت ئەی چیە.
سێهەم: ئەوەی ئێمە لە کوردستان دەستەوئێخەی بووین ئیخوانیزمە کە لە یەکگرتووی ئیسلامیدا بەرجەستە بووە. ئەو ئیخوانیەی کاک رامیار لە هەموومان باشتر دەزانێ کە وڵاتیان بەرەو چ فەرهەنگێک و کەلتورێکی بیابانی سەدەکۆنەکان بردووە و کاتێک بە نێو شەقامەکان دەڕۆی و سەر بە قوتابخانە و دائیرە گشتیەکان و تایبەتیەکان و کۆڵانەکاندا دەکەیت حجابی ئیخوانیزم هەر وەک شێرپەنجە بڵاوبۆتەوە بە نێو ئەو کۆمەڵگەیەدا. جا ئەوەی کاک رامیار دەیەوێ رۆشنبیران و کەسانی وەک ئێمەی پی تاوانبار بکات گوایە بەو رەخنەگرتن و قسانە بە ئاین ئێمە دەمانەوێ وڵات بە رۆژئاوایی بکەین لە کاتێکدا ئیخوانیزم پرۆژەیەکی رۆژئاواییە و دروستکردنی لە سالانی سیەکانەوە لەسەر دەستی موخابەراتی بەریتانی و دواتر ئەمریکی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بووە و تەنها مەبەست لێی دژە شارستانێتی بوونی ولاتانی رۆژهەڵاتی ناوەارست و وەستانەوە بەرە رووی هەر جوڵانەنەوەیەکی تری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فکری گەر بیرۆکەی ئازادیخوازی و پێكشەکەوتوخوازی و یەکسانیخوازی بلاوبکاتەوە. کتێبە بە ناوبانگەکەی مارک کێرتس بە ناوی دەست تێکەڵاوبوونی بەریتانیا لەگەڵ ئیسلامی سیاسی توندڕەو پڕیەتی لە بەڵگەی مێژوویی سەدەی رابردوو و سەدەی هەنوکەش دەربارەی وجودی ئیخوانیزم. خۆ هەر دوینێکە بوو بەڵەگەیەکی باراک ئۆباما بلاوبۆیەوە دەربارەی پشتیوانی مالی و لۆجستی ئەمریکا بۆ ئیخوانیەکانی جیهان. هەر دوێنێکە بوو کە تورکیا و قەتەر هەموویانیان ئیزندا کە وڵات بەجێبهێڵن کەچی وڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا بەوپەڕی سنگ فراوانیەوە دەرگایان بۆ خستنە سەرپشت.
چوارەم: کاک رامیار پێی وایە دەستبردن بۆ چەمکەکانی وەک سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و فیمینیزم و سۆشیال دیکوراتی و ..هتد ئەوانە چەمکی رۆژئاوایین و ناتوانن وەڵام بە واقعی مەوجودی ئێمە بدەنەوە و دەکرێ لە ناو ئاینەوە، مەبەستی ئاینی ئیسلامە، پرۆژەیەکی روناکبیریی و عەقڵانی بچیتە پێشەوە. وەک جولانەوە موعتەزیلە هەن لە ناو ئیسلامدا کە خوازیاری بەرپاخستنی پرۆژەیەکی عەقلانی بوون بۆ دین بەڵام سەرکوتیان کردن و قڕیان کردن. وەک پرۆژەی عەقڵانیش هەموو ئەو نوسەر و بیرمەند و دانا و زانایانەی چ لە کۆن و چ لە دەمانی نوێدا بە دوای بیرێکی رۆناکبیریەوە بوون لە ناو ئاینی ئیسلامدا هەموویان یان دەربەدەرکران، یان زیندانی کران یان لە سێدارەدران، یان بە کتێبەکانی خۆیان هێندەیان لێدان تاکو گیانیان لە دەستدا. لە مێژووی ئیسلامدا هیچ پرۆژەیەکی روناکبیری و عەقلانی لە ناو خۆیەوە سەری دەرنەگرتووە بۆیە رۆشنبیران و بیریاران دێنە دەرەوەی ئەو دونیا ئاینیە بۆ دەربڕینی بیروئایدیا و پرۆژەکانیان. جا گەر پرۆژەیەکی ئاینی لە ناوەوەرا چارەنوسێکی ترسناک جاوەروانی نوسەران و بیریایارن بکات ئاخۆ باس کردن لە ریفۆرم دەبێ ئەنجامەکەی چی بێت. یەک حاڵەت هەیە بۆ ریفۆرم ئەویش دەسەلاتەکان دەتوانن بە زەبری هێز بیکەن وەک چۆن ساڵی پار و پێرار لە وڵاتی مەغریب بە فەرمانی مەلیک و دەسەلاتدارێتی ئەو ولاتە بڕیاردرا ئەو ئایەتانەی ناو قوریان لا بەرن کە باس لە توندتوتیژی و کوشتوبر دەکات.
پێنجەم: کاک رامیار دەلێ ئەی وانەی جوگرافی یان کۆمەڵناسی بۆ خراپ نیە. باشە ئەو وانانە چ پەیوەندیەکیان بە توندرەوی فکر و ئەخلاقی ئاینیەوە هەیە. وانەکانی مێژوو و جوگرافیا و کۆمەلناسی دەکرێ خراپ بن لە رویی دیکەوە بەڵام وەک ئەو بابەتەی ورووژاوە چی پەیوەندیەکی بە توندڕەی ئاینی و داعشەوە هەیە. من نازانم!
شەشەم: کاک رامیار دەڵێ “بەشێکی گرنگی کەلتوری ئێمە کۆدەکانی لە ناو ئاین خۆیدایەتی.” ئەمە لە لایەنێکیدا راستە بەڵام ئەم دێرە چۆن جیی دەبێتەوە لە ناو ئەو بابەتەی ورووژاوە بەو مانایەی ئەو دەیخاتە روو. کاتێک دینی ئیسلام وڵاتانی وەک ئێمە و ئێران و ئەوانی تر داگیر دەکات مفاوەزاتێک دەجێتەوە پێشەوە لە نێوان کەلتوری ئەم میللەتانە و دینی ئیسلامدا. میللەتەکان دینی ئیسلامیان بەسەردا سەپا و ئیسلام بوو بە ئاینی رەسمی بەڵام وەک لە زۆر بواری کەلتوری و فەرهەنگیدا میللەتەکان دەستبەرداری زۆرێک لە مافە کەلتوریەکان نەبوون بە نمونە وەک یادی نەورۆز، دەستوری شایی و هەڵپەڕکێ، جلوبەرگ و هەندێ عاداتی کۆمەڵایەتیەکانی تر، لە لایەکی تریش ئاین کرا بە پەیوەندیەک لە نیوان خودا و پەرستیاریەکەیدا و ئاین زۆر دەستی وەرنەدەدا لە وردودرشتی ژیانی کۆمەلەگە جگە لە هەندێ بابەتی گرنگی بە نمونە وەک موڵکایەتی و هاوسەرگیرێتی. دیارە ئەم مفاوەزاتە بۆ کۆمەڵەگەی عەرەبیش هەر وابوو. دیارە دەرکەوتنی ئاین لە کۆمەڵگەکاندا رەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە مێژووییە بووە کە تییدا هاتۆتە دەر هەربۆیە ئاینەکان نەیانتوانیوە زۆر خۆشی و رەنگاڵەیی ژیان دەتسکاری بکەن. بێڵی دانسی یەکیکە لەو دانسانەی کە لە پێش ئیسلامەوە هەبووە و هەر مایەوە و ئیستاش بۆتە دانسێکی جیهانی. ئەمە ئێمە دەبات بۆ خاڵی حەوتەم.
حەوتەم: بە دەرکەوتنی ئیخوان موسلمین و ئیسلامیە سیاسیەکانی تر هەموو شتێک لە دونیای عەرەبی ئیسلامی بە تایبەت ئەو میللەتانی غەیرە عەرەبی ئیسلامی گۆڕدرا. دیارە من لێرەدا تەنها لە سەدەی رانردووە دەستپیدەکەم کە ئیخوان موسلمین و وەهابیەتی تیدا هاتە دروستکردن. زۆر بە خراپی. واتە هەموو ئەو کۆدانەی، کە پێشتر بە مفاوەزات ناوم برد، ئاین قبوڵی کردوون و بەهۆیەوە جێ پێی خۆی قایم کرد کەوتنە بەر هەڕەشەی مان و نەمان. ئەو ئازادیە شەخسیانەی کە لە مێژبوو ببوون بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کەسەکاندا بە تایبەت ئافرەت کەوتنە بەر لێ پێچینەوە و حەیابردنی و دواتر حەرام کردنی و ئینجا هێرش بردنە سەر دیاردە رەنگالەییەکانی تر وەک ئازادی فکر و نوسین. ئیخوانیزم، کە زۆرتر جێگەی باسی منە لێرەدا چونکە پاشتیوانیەکی غەربی گەورەی لە پشتە، چونکە پرۆژەیەکی بەریتانی بوو لە بنەڕەتدا و سیاسەتی بەریتانیش زۆرتر لەسەر میتۆدێکی نەرمتر دەروات وەک لە ئەمریکا کە زۆرتر لەسەر پەلاماردان و توندی بەندە، بە هیمنی و لەسەرخۆ دەستیان بە کاری سیاسی کرد بێ ئەوەی کۆمەڵگە و دەسەلاتەکان هەر لە سەرەتاوە زۆر ناڕەحەت بکەن بە کاری توندوتیژی و گوتاری گرتنە دەستی دەسەلاتی سیاسی. وەک بەرنامەکاری سیتراتیجی خۆشیان ئیشیان لەسەر فەرهەنگێکی دیاریکراوی ناو ئیسلام کرد. دیارە ئیسلامیش وەک هەر ئاینێکی تر دەکرێ ریفۆرم و نوێخوازی تیدابکرێ بەڵام ئیخوانیزم هات تاکو رێگە لەو پرۆژەیە بگرێت و ئەمەش لەو سیاسەتە ستراتیجیەی غەربەوە سەرچآوە دەگرێ کە وڵاتانی رۆژئاوا خواستیانە، خواستنی مانەوەی وڵاتانی ئیسلامی بە دواکەوتوویی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا وەک ئیستا دەیبینین کۆمەڵگە و وڵاتە رۆژهەڵاتیەکان و تەنانەت تاکەکانێش بوونەتە پاشکۆی هەموو شتێکی رۆژئاوا.
هەشتەم: کاک رامیار وا دەڕوانێ کە ئیسلامیەکان، دیارە مەبەستی یەکگرتووی ئیسلامیەکانە وەک ئەبوبەکر هەڵەدنی، هەندێ تێگەشتنی بابەتیانەتریان هەیە بۆ ئاین وەک لە روناکبیرەکان. ئەگەر تێگەیشتنەکە ئەوەبێت کە ئەبوبەکر هەڵەدنی لە وەڵامەکەی بۆ شیرزاد حەسەن نوسیوێتی ئەوا ئەم خالە دوورە لە راستیەوە. ئەوەی ئەبوبەکر هەڵەدنی کە دەیەوێ دەرکەوتنی شاعیرە کلاسیکیەکانی کورد بکاتە بەرهەمی دونیای ئاینی ئێمە گوایە ئەوە لەبەرئەوەیە کە ئیسلام خەڵکانی ئاوها دروست دەکات ئەوا دیدێکی بابەتیانە نیە و تەنها ۆسز دەربڕینێکە بۆ دەورەیەک کە ئاین کرابووە ئەو کونجەی خۆیەوە کە دەبێ لەوێ کونجی عیبادەتی ئیلاهی و تەهلیلەی روحی، بەڵام ئەو ئیسلامەی کە ئیستا لە کۆمەلەگەدا بوونی هەیە و دەست تێوەردەدات لە وردودرشتی ژئانئ تاکەکان و کۆمەڵگە ئەوە ئیسلامی سیاسی ئیخوانیە کە لە ئامانجی سەرەکی کاڵکردنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و کۆمەڵگەی کوردەواریە. یەکێک لەو سیاسەتە ستارتیجیە کیسەڵییانەی ئیخوانیزم ئەوەیە کە ناسنامەی نەتەوەیی مییللەتانی غەیرە ئیسلامی بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە لەناو بدەن و لە جێگەی ناسنامەی عەرەبی ئیسلامی ئیخوانی دابنێن و ئەمەشیان کردووە زۆر بە باشی، بگرە لە ناو میللەتانی عەرەب زمانیشدا دەیانەوێ ناسنامەی ئیخوانی عەرەبی ئیسلامی زاڵ بکەن بەسەر ناسنامە سروشتیەکەی میللەتانی عەرەبدا. دیارە لە ناو میللەتانی عەرەبیدا دژایەتیەکی زۆری دروستکردووە و گورزی خراپی لە خودی کەلتور و فەرهەنگی میللی عيرەبی داوە و سعودیە یەکەمین وڵاتی ئیسلامیە کە بەشێووەیەکی رەسمی دەولەتی بەرەو رووی ئەمە بوووە و لە وڵاتانی باکوری ئەفریقیاش وەک جەزائیر و تونس و مەغریب میللەتانی وەک ئەمازیغی و بەربەر شەڕی ناسنامەی خۆیان دەکەن دژ بەم سیاسەت ستراتیجیە ئیخوانیە.
نۆیەم: نەبینی پرۆژەی ئیخوانیی بەو شێوە ترسناکە، ترسناکیەکی گەورەیە لە ناو رۆشنبیرانی کورددا. دیارە گرفتی گەورەی رۆناکبیری کورد نەبینی دیدی قولە بۆ سەیرکردن و تێگەیشتنی کێشەکان ئەگەرنا گەر کەسێک بە خۆی بڵێ روناکبیر بەو مانایەی کە هەمواند ەیزانین ئەوا دەبێت دژ بەو پرۆژە ئیخوانیەی ئەبوبەکر هەڵەدنی بێت، مەەگر بڵێم واز لە هەویەتی رۆشنبیری خۆت بهێنی و خۆت تاریک بین لە قەڵەم بدەی. لەژێر ناوی پلۆرالیزم و دیدی خۆماڵیانە بۆ کێشەکان گوایە دیدی ئاینی ئیسلامی دیدێکی خۆمالیانەیە و دەبێ زیاتر لەوەوە بروانینە کێشەکان ئەوە جگە لەوەی دوورە لە گەر روانینێکی بابەتیانەوە تەسلمی بوونیشە بە ئیسلامی ئیخوانیی کە پیویست ناکات دووبارە و دەبارەی بکەینەوە ئیخوانیزم و پرۆژەی ئیخوانیزم چیە!
دەیەم: دوایین خاڵ کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم نەبوونی ئەو تەرزە لە بیرکردنەوەیە کە لە ناو رۆشنبیرانی کورددا بوونی کەمە یاخود نیە ئەویش بوونی زەمینەیەکی هاوبەشە. لە نێو رۆشنبیریی هەر کۆمەلەگەیەک و میللەتێکی تردا رۆشنبیران کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێ زەمینەیەکی هاوبەش هەبێت بۆ داکۆکی کردن لەسەر ئەو خاڵانەی کە چارەنوسی هەموو روناکبیرێکی پێوە بەستراوە وەک ئازادی فکر و نوسین و داکۆکی کردن لە بنەما ئەکادیمی و زانستیەکانی فیربوون و خوێندنەوە و گفتوگۆ و جدال کردن. هەببوونی ئەم زەمینە هاوبەشە توانیتی هێزێک بە رۆشنبیرانی عەرەب بدات کە بەرەو رووی پرۆژی تاریکخوازی ئیخوانی ببنەوە لەگەڵ ئەوەی لە هەندێ ویستگەدا دەوڵەت لە پشتی ئیخوانیزم بوو. لە نیو روناکبیران و نوسەران و بە گشتی لە نیوەندی رۆشنبیریی کوردیدا ئەم چەمکە لە تێگەیشتن و ئەم جیهانبینیە بۆ زەمینەیەکی ئاوها زۆر کزولاوازە گەر بڵێم بوونی نیە. بۆ نموونە داکۆکی کردن لە میتۆدێکی زانستی بۆ هەر بوارێکی وڵات بێت دەبێ پشتیوانی لێبکرێ جا لەهەر کەس و لایەنێکەوە بێت چونکە زۆر شت هەیە لەو ولاتەدا هەموان تییدا هابەشین جا پێمان خۆش بێ یان نا، چآرەی یەکتریمان بوێت یان نەوێت. ئەبوبەکر هەڵەدنی و ئەو یەکگرتووانەی گوایە رادیڵانەتر کێشەکان دەبینن یاخود یەکگرتووە کوردیەکان پێمان وابێ جیاوازتر بن لە ئیخوانیە جیهانیەکان ئەوا تاسەر ئیسقان هەلەین چونکە ئەوان لە لەو پرۆژە ئیخوانیەدان کە ئامانجەکەی دیار و ئاشکرایە چ عاقیبەتێکی خراپ بەسەر کۆمەڵەگە و وڵاتێکدا دێنن گەر بگەنە کورسی دەسەڵات. بۆیە خوێندنەوەی بۆ ئیخوانیزم لە ناو چەمکەکانی وەک پلۆرالیزم و دیموکراسیدا تێگەیشتنێکی نەک هەر هەڵەیە بەڵکو کوشندەشە
ئەمە لینکی ڤیدیۆکەی کاک رامیارە:


https://www.facebook.com/ramgov.ramgover/posts/4824271080960552

Previous
Next
Kurdish