چیرۆکی مناڵان\ بەهێواشی بڕۆن.. نوسینی /وجدان عبدالعباس.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
دوو کەنغەرە بچووکەکە ئاوڕیان دایەوە دواوە و لە دوورەوە دەستیان بۆ ورچیلەی دراوسێکەیان، ڕادەوەشاند کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا وەستابوو؛ دەستەکانی خستبووە دەوری دەمی و بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد:
«لەکاتی ڕێگاکەتاندا وشیار بن.. بە خێرایی باز مەدەن!»
کەنغەرەکان دەچوون بۆ ماڵی داپیرەیان لە باکووری دارستانەکە.. بەڵام بە هێواشییەکی نامۆ بازیان دەدا! زەڕافە تووشیان بوو و زۆر سەرسام بوو بە حاڵیان، داوای لێکردن خێرا بکەن لە ڕۆیشتندا بۆ ئەوەی تووشی مەترسی نەبن.
پاشان (گا)کەی هاوڕێیان، ، لە دوورەوە بینینی و بە دەنگێکی توڕە هاواریکرد: «ئەوە چیتانە! بەم شێوەیە بە لەنجەو شانازییەوە دەڕۆن، دەی خێرا کەن!»
مەیموونیش کە لقی درەختێکی بەدەستی گرتبوو بە سەرسوڕمانەوە پرسیاریکرد: «کەنغەرەکان پێشتر لە بازدانیاندا کێبرکێی( با )یان دەکرد!.. چییان بەسەر هاتووە؟ و بۆچی؟ ئۆهـ… بەڕاستی ئەمە شتێکی نامۆو و سەیرە!» سمۆرەش گوێی لێبوو، ئاوڕی لێدانەوە و لێیڕوانین و دوایان کەوت.
مەیموون، سمۆرە و ورچیلە شوێنیان کەوتن و لە دوورەوە لەدوایانەوە دەڕۆیشتن چونکە نیگەرانیان بوون. کەنغەرەکان هەر بە هێواشی دەڕۆیشتن، و بەهۆی ئەم هێواش ڕۆیشتنەوە زۆر ماندوو ببوون، هەنگاوەکانیان قورستر و قورستر دەبوو تا گەیشتنە ماڵی داپیرەیان.
لەوێدا کەنغەرەکان لە گیرفانیان کێکێکی گەورە و دیارییەکیان بۆ داپیرەیان دەرهێنا (کە هۆکاری هێواش ڕۆیشتنەکەیان بوو بۆ ئەوەی تێک نەچێت).. هاوڕێکانیش سەریان ڕاوەشاند و پاشان دەستیان کرد بە پێکەنین..
ئەم چیرۆکە لەژمارە (٤۳۷۰) ی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲۱ ـ ٨ ـ ۲۰۲٥ ی لاپەڕەی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوکراوەتەوە..

