Skip to Content

دایکم /5/.. رەسووڵ بەختیار

دایکم /5/.. رەسووڵ بەختیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2023 General


5

دایکم، لەنێو ماڵدا هەستی بەهەموومان دەکرد، دیارە هەموو دایکانی دونیا ئەو هەستەیان هەیە، هەستى دایک وەک هەستى خواوەند و ئەو کیانەیە، کە نایەوێ هیچ کاتێک تەخت و تاراجى بێتە لەرزین، دایک بەو مانایەى خۆشەویستى هەمووان لەخۆى کۆدەکاتەوە و هیچ کاتێک لێ ناگەڕێ هیچ کام لەئەندامانى خێزانەکەى هەست بەکەموکورتى بکەن، بۆیە هەردەم بەچاوى دایکایەتییەوە دەڕوانێتە هەموو شتەکان.
دایک و باوکم هەمیشە بەچاوى خۆشەویستییەوە دەیانڕوانییە یەکتر، بۆیە کاتێک سەرنجەکانى دایکم دەبینى دەمزانی باوکمی زۆر خۆشدەوێ، کاتێک باوکم نەخۆشکەوت، هەردەم لەتەنیشتی دادەنیشت بەدەستەکانی خۆی خواردنی پێدەدا و دەیگوت:دەبێ خواردن بخۆیی، لەتەک ئەمانەشدا چەند وردە یادگارییەکی دەگێڕایەوە تا باوکم دڵی پێخۆشبێ.
هەردەم دەیگوت: رۆژی زەماوەندەکەمان لەبیرە، تا ئەم دوایەش پێڵاو و جلوبەرگی بووکێنیم هەر مابوو، بەڵام بەم دواییە نازانم بۆ ئەو کەلوپەلانە ون بوون، وابزانم چونکە چەند جارێک لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە بارمانکرد، لەو ناوە ونبوو، لەگەڵ ئەوەی باش ئاگەداری بووم تا ون نەبێ، بەڵام دیارە لەگەڵ شتە کۆنەکان منداڵەکان فڕێیان داوە.
چەند لباد وو جاجمێکی سەردەمی زوومان مابوو، لبادەکەم بۆ نۆبەرەی یەکەم کڕیبوو، تا لەسەری بخەوێ، ئێمە پێمانوابوو لباد زۆر باشە تا منداڵ لەسەری بخەوێ، بەتایبەتی بۆ پشت و ماسوولکەکانی، نازانم ئەو لبادەش چی لێهات، دیارە منداڵەکان لەگەڵ شتە کۆنەکاندا فڕێیانداوە.
دایکم لەساڵی 1968 شووی بەباوکم کردووە، لەساڵی لەسەرەتای 1970 یەکەم کوڕی نۆبەرەیان دەبێ، ئەویش نووسەری ئەو یاداشتانەیە.
دوای چەند مانگێک لەگوندی سێکانی سەر زێی بجووک لەوراتی کۆیە دێنە هەولێر، دێنە گەڕەکی سێتاقان، من لەسێ ساڵییەوە هەستم بەوە کرد ماڵمان لەشارە، گەڕەکی سێتاقانم لەبیرە، لەنزیک مزگەوتی سەید غەریب وەک خەون لەبیرمە دەیانگوت : زۆربەی ماڵەکانی گەڕەکی سێتاقان خۆشناون.
لەسەرووبەندی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول باوکم بڕیاریدا بچینەوە گوندی سێکانی، تەواو لەبیرم نییە، لەساڵی 1974 یان 1975 کاتێک گەیشتینەوە نزیک گوند لەسەرەتای گوندەکەمان گردێک هەبوو ناوی “شێخ رەسوول”ە، ژنێک لەدامێنی گردەکە، بەکووڵ دەگریا،.
لەو کاتە بەدایکم گوت:دایە ئەو ژنە جل رەشە بۆ دەگرێێ، ئەویش گوتی: رۆڵە ئەوە کوردستان تاوایتەوە، ئەو ژنە کوڕێکی شەهید بووە و جەرگی سووتاوە.
دیارە ئەو کارەساتە کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکى کورد هەبوو، لەبیرمە کاتێک سەیرى رووخسارى دایک و باوکم دەکرد، تراژیدیک لەچاوانیان دەبیندرا، کاتێک ئاگام لێیان نەدەما فرمێسکەکانیان دەسڕییەوە، منیش بەدایک و باوکم دەگوت: ئەوە چی بووە. بۆ کەس قسە ناکا. دەتان بینم فرمێسکەکانتان دەسڕنەوە, کەچى دایک و باوکم هیچییان نەدەدرکاند و دەستیان بەسەرمدا دەهێنا و دەیانگوت: بیرى لێ مەکەوە, ئێوە ساغبن هەموو شتێک چارەسەر دەبێ.
ئەوەی لەبیرمە بۆ ماوەیەکی کەم لەگوند ماینەوە، هەر زوو هاتینەوە هەولێر، ئەمجارەیان هاتینە گەڕەکی مەنتکاوە، زۆربەی دانیشتووانەکەی مەنتک بوو، بۆیە ئەو ناوەی لێنرابوو، بەڵام ئەمجارەیان کرێجی نەبووین، لەبیرمە باوک و دایکم هەردووکیان، خشتی قوڕیان دروست دەکرد، تا خانوویەک لەسەر ئەو پارچە زەوییە دروست بکەن، کە باوکم کڕیبووی.
پەیوەندێ نێوان دایک و باوکم زۆر باشبوو، تا ئەو تەمەنەش هەستم نەکردووە، دەنگ بەرامبەر یەکتر بەرز بکەنەوە.
هەندێکجار توڕە دەبوون، بەڵام بەچەند قسەیەکی ئاسایی لەگەڵ یەکتر دەدوان، باوکم هەردەم دەیگوت: باش نییە، دەنگە دەنگ لەگەڵ خێزانت بکەی، چونکە، خۆمان ژن و مێردێک و دوو کوڕمان هەیە، بۆ شیرازەی خێزان تێک بدرێ، لەو کاتانەدا باوکم، باوکی خۆی بەبیر دەهاتەوە، کە چەند خراپ بووە، لەگەڵ دایکی، جگە لەدەنگە دەنگ و کێشە، ژنیشی بەسەردا هێناوە، بۆیە باوکم هیچ کات نەیدەویست کێشەی دایک و باوکی لەخێزانی خۆیدا دووبارە بێتەوە.
دایک و باوکم زۆر گونجاو بوون لەگەڵ یەکتردا، جگە لەوەی خزم بوونە، باوکم و دایکم بەهۆی ئەو خزمایەتیەوە یەکتریان ناسیووە، دایکم دەیگوت: راستە چەند ساڵێک لەمن گەورەترە، لەگەڵ ئەوەی خزمم بووە، باوکتان کەسێک بوو زۆر رێزی لەخۆی دەگرت، هیچ کات قسەی نابەجێی نەدەکرد، بۆیە، کە هاتە داوا و خوازبێنی شووم پێکرد، لەتەک ئەوەی شوو پێکردنەکەی من، ژن بەژن بوو، کەچی باوکتان کەسێکی شیاو بوو.
کاتێک داپیرەم، دایکی باوکم لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا هاتە ماڵی ئێمە، دایکم وەک دایکی خۆی سەیری دەکرد، بەئێمەشی دەگوت: ئاگاتان لێ بێ، دڵی داپیرەتان نەیەشێنن، ئەوە داپیرەتانە، ئێمە دەبێ هەموومان لەخزمەتی دابین، ئاگاتان لەهەموو قسەیەکتان بێ، نەوەک دڵی بڕەنجێنن، بەخۆتان دەزانن ئەوانەی پیر دەبن، لەشتێکی بچووک دڵی دەیەشێ، هەردەم قسەی خۆشی بۆ بکەن، بەڵکو ئەویش چیرۆک و حیکایەتان بۆ دەگێڕێتەوە، داپیرەتان ژنێکی وریایە، چیرۆکی فۆلکلۆری زۆر دەزانێ.
هەردەمیش بەمنی دەگوت: بەتایبەتی تۆ دەبێ بیدوێنی تا چیڕۆک و حیکایەتت بۆ بگێڕێتەوە، تا سبەی رۆژ سوودی لێوەڕبگیری و لەنووسین و کتێبەکانت باسی بکەی.
دایکم کاتێک سەیری کتێبەکانی ژوورەکەمی دەکرد دەیگوت : کوڕم ئەو هەموو کتێبە سوودێکی وای هەیە بۆ ژیانی خۆت؟

  • دایە باشترە لەوەی خۆم بەشتی پڕووپووچ خەریک بکەم و کێشە و گرفت بۆ ئێوە دروست بکەم.
    دایکم: ئافەرین کوڕم، کوڕی دایک و باوکی خۆتی، ئەی تۆ لەو رۆژنامە و گۆڤارانە ئیش دەکەی هیچ سوودێکی هەیە، بۆ ژیانت لەو ڕۆژنامە وگۆڤارانە لەرووی پارەوە هیچت دەستدەکەوێ، یان تەنیا حەز و ئارەزووە، کوڕم ژیانیش پێویستی بەهەوڵە تا لەپای ئەو هەوڵە بتوانێت شتێکت دەسکەوێ، چونکە ژیان تەنیا خوێندنەوە و نووسین نییە.
    داپیرەم زۆر دایکمی خۆشدەویست، نەک لەبەر ئەوەی دایکم بەهەموو شێوەیەک ئاگای لێیەتی، بەڵکو دایکمی بەباشترین دایک لەقەڵمدەدا .
    داپیرەم دەیگوت: دایک دەبێ وا بێ سەرەڕایی هەموو ناخۆشییەکان، بەڵام ژنێکە لەهەموو دۆخەکاندا ورتەیەکی لێوە نایەت و ڕازییە و بەو بەشەی خوا بۆی داناوە.
    ئەگەر باس لەپەیوەندییەکانی دایک و باوکم بکەم، وەک پەیوەندی ژن و مێردێکی ئاسایی کوردەواری وابوو، ئەوەی دایکمی لەژنەکانی دیکە جیا دەکردەوە، زۆر حەزی بەوە نەبوو زۆر قسە بکات.
    هەردەم دەیگوت: بۆ هەر باسێک پێویست بەدرێژ دادڕی ناکات، چارەسەرەکە چۆنە دەکرێ وابێ، بەدوو رستە کۆتایی بەهەموو کێشەکان دێ، گرنگ ئەوەیە، ئێمە چۆن بۆ کێشەکان دەڕوانین، ئەسڵی باسەکان چین.
    زۆرجار لەگەڵ باوکم باسیان لەکێشەیەک دەکرد، پێیدەگوت: خۆی ئەو کێشانە پێویستی بەوە نییە، زۆڕ لەسەری بدوێین، کڕۆکی بابەتەکەیە لێرەیە، بۆیە دەکرێ وا بکەین، ئەگەر بەرامبەریش رازی نەبوو، دەمشڕ بوو، وازی لێبێنن باشترە، هەتا خۆێ عاقڵ دەبێ و کێشە و گرفتەکان کۆن دەبن و رۆژگار خۆی چارەسەری دەکات.
    باوکم کاتێک ئەو قسانەی لەدایکم دەبیست، دەیگوت:شەمام باشبوو خوێندەوار نەبووی، ئەتوو دەبوویە حاکم، (لەم کاتەدا هەموومان پێدەکەنین) دایکیشم زۆر بەخۆشییەوە دەیگوت: حاکم خوێندوویەتی و بەپێی رێسا و یاسا قسان دەکا، بەڵام ئەگەر حاکم عاقڵ نەبێ، هیچ کات ئەو رێسا و یاسایانە سوودی نییە.
    دایک و باوکم هەردەم نێوانیان باشبوو، ئەو وردە شەڕانەی، کە لەنێوان ژن و مێردەکان روویان دەدا، دیارە دایک و باوکی منیش بەدەر نین لەمە، بەڵام دایکم هەردەم هێمنتر بوو، هیچ کات نەیدەویست ئەو وردە شەڕانە پەرە بسێنێ.
    بۆیە دەیگوت: پیاوەکە، باقسەی تۆ بێ، بەڵام دەکرێ ئەو باسانە لەپێش منداڵەکان بەدەنگە دەنگ نەبێ، هێمنتر بە، با کاریگەری لەسەر منداڵەکان نەبێ.
    لەم قسانەدا باوکم زەردەخەیەکی دەکرد و دەیگوت: شەمام، تۆ زۆر زیرەکی، دەتەوێ لەناڵ بدەی لەبزماریش بدەی، باشە خوا رەرای هەق با قسەی تۆ بێ.
    لەئێستادا کاتێک ئەم دێڕ و وشانە دەنووسم، ئاسمان و سەر زەوی یەک پارچە تەمە رادەی بینین تەنیا پەنجا مەترە، دایکم ئەمجۆرە کەشانەى زۆر پێخۆشبوو، زۆر لەلای جوان بوو.
    لەبارەی شەوان و رۆژانی تەم دەیگوت: گوندی سێکانیم دێتەوە یاد، کاتێک منداڵ بووم تا هەرەزەکاریش کاتێک گوندەکەمان نقوومی تەم دەبوو، وام دەزانی باڵ دەگرم و لەنێو تەمدا یاری دەکەم، دەمویست تەمەکان بگرم، چەند دەڕۆیشتم و هەنگاوم دەنا هەر تەم بوو، چەند خۆشبوو لەنێو ئەو تەمانەدا رامدەکرد و دەوەستام، ئەو جۆرە کەشە زۆر خۆشە، زۆر جوانە هەستت بەوە نەدەکرد سەرماتە، تەنیا لەنێو تەمەکاندا یاریم دەکرد، تەمی شار لەلای من جیاوازی هەیە، لەگوند تەم لەنێو شاخ و گردەکاندەکاندا خۆی دەشاردەوە، بەڵام لەشاری هەولێر تەم جیاوازە تەم ناتوانێ لێرە خۆی بشارێتەوە، ئەو تەختاییەی هەولێر، تەمەکەی هەمان جوانی گوندەکەمان نییە، نازانم, لەوانەیە لەبەر ئەوە بێ هەر سۆزم بۆ گوندەکەمانە، یان تەمی نێو شار جیاوازە لەگەڵ تەمی گوند.

رەسووڵ بەختیار

Previous
Next
Kurdish