Skip to Content

کـــەسێک وێــنە دەگرێت.. سروشت نەوزاد

کـــەسێک وێــنە دەگرێت.. سروشت نەوزاد

Closed
by ئه‌یلول 30, 2022 General, Poems

تاوانبارەکە دەناسمەوە
ئەو کەسەی بە لێشاو لە وێنەکاندا بۆی دەگەڕێن.
دەزانم خۆیەتی
بە هێمنی لە شەقامەکەدا پیاسە دەکات
سڵاوەکانی وەردەگرێتەوە.
تەنانەت هیچ زۆر لە خۆ کردنێکی ناوێ
ئەوە ساتێکی ڕاستەقینەیە
کاتێک
وشکە سەرما دەردەپەڕێ و
خۆی بە نێو دارو درزی دیواراندا دەکات.
دەزانم وەرزی پاییزە،
گەڵاکان لە لقەکانیان بەر دەبنەوە سەر زەوییەکە
لەوێدا کەسێک وێنە دەگرێت.
ئەوەش تەنیا ڕووداوێکە
سامناکانە دەیەوێ بدوێت،
ساتێک کە تراژیدیا باڵەکانی لێک دەدات و
بە حەوشەکەدا دەنیشێتەوە.
نزیکەى هەمیشە،
بەر لەوەی لە ناکاو
هیچ دەرگایەک ئاوەڵا ببێت.

ئەوانەى بینیمن سەما دەکەن

پاشان ناوە زۆرەکانم لە جانتاکە نا و بەڕێکەوتم.
گرنگ بوو، دەبوو ڕووداوى خۆم بئافرێنم
لە شەڕى پڕوپووچى و سەر وەختى کەشفى مانا…
پاشان لە شارى سارد، لەو جێگەیەى
شەقامەکان تەنگ دادێن و ئاڕاستەکان
بە نێو یەکدا کە لوول دەخۆن
یاخود لەو ئاوێنەى چەشنى سواڵکەر
ڕوخسارەکان کە لێى دەنوون
ڕەنگە ڕەوان تر گۆرانییەکەم لە کۆڵ بکەم:
دەڵێم بەختەوەرى، یان ئازادییەکەم و تەنانەت
ڕازاوەترین شتەکانیش
هەڵگەڕاوەى ئەوە نین کە دەڵێم:
دەڵێم: پێڵاوەکانم، یاخود؛ غەریبى
کە دێڕێکى دیکەى نووسینمە…
پاشان بە ڕێگاوە، غەمگین بە تەنیشت زۆر کەس و تەنانەت زۆر شتیشدا.
هەروەها بە تەنیشت قەرەجەکان و منداڵانى پێ پەتییان،
ئەوانەى بینیمن سەما دەکەن، کۆڵەکانیان لە پشتدایە
جار نا جار لە دامێنى قیرەکاندا
خێوەتە شڕەکانیان هەڵدەدەن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish