ئایا مریشک گیاندار نییە و شتی تریش.. نەوزاد بەندی
هەندێ جار لە نوسین ئەتۆرێم، چونکە هەست ئەکەم وەک قۆچەقانیی و هەلوکێن وایە، باوی نەماوه و کەس کەری پێ نابەستێتەوە، شتێکیش ڕۆڵ و کاریگەریی نەبێ، باشتر وایه زۆر بە تانیدا نەچیت، لەبەرئەوەی بەو پێداگرییە ڕەزات قورستر ئەبێ و ..وای لێ دێ لە کوچە و کۆڵانان بتبینن، گاڵتەیان بە سەلک و سوورەتت دێت، ئەڵێن ئەوە کابرای هەڵەوەڕە .. کاورای زۆر بڵێ..!
بەڵام هەندێ جار، کۆمەڵێ بابەت دێن بە گژتا، ناتوانیت نەیاننوسیت یان ڕاستتر حەز ئەکەیت وەک نوکتە و کاریکاتێر بیاننوسیت بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە باهۆزێکی پێکەنین دروستکەیت.
ـ یەکەم : ئایا مریشک گیانەوەر نییە ؟
لە خوا بەزیاد بێت، ئاژەڵدۆستان و ڕووەکخۆران لە میللەتەکەماندا لە زیاد بوونێکی دڵخۆشکەردان، ئیتر نازانم ئەمە گەشە و پێشکەوتنی ئەنسرۆپۆلۆجییە یان چاولێکەریی و پەرچە کرداریی سۆز و دەروونە؟ یان بۆ ناوبانگ و گەرمکردنی پەیجەکانیانە بە سەبسکرایب و لایک و فۆڵۆ بە مەبەستی بازرگانیی ؟
هەر چییەکیان بێت، من پرسیارێکی سادە لەو ئاژەڵدۆستانەی لای خۆمان ئەکەم : ئایا مریشک و مەڕ و مانگا گیاندار نین وا سەلکە مریشک و ئێسقان و پەراسوی مەڕ و بزن و مانگا دەرخواردی سەگ و پشیلەکان ئەدەن و ..وێنەیان ئەگرن و ..ئەیانلاوێننەوە و ..خۆتان بە فریادڕەس و تێرکەری ئاژەڵەکان دادەنێن ..ئایا مریشک و مەڕ و بزن و مانگا شایانی ژیان نین و پێویستە سەرببڕرێن بەڵام سەگ و پشیلە شایانی ژیانن ؟ ئایا تەنها سەگ و پشیلە جێی گرنگیی پێدان و تێرکردن و داڵدەدانن، بەڵام مریشک و قەل و قاز و مەڕ و بزن و مانگا لە خراپترین بار و دۆخدا، لەناو قەفەز و پیکاب و تەویلەی زۆر تاریک و ناخۆشدا، پێش ئەوەی ژیانیان لێ بسەنرێتەوە، ئاساییە؟
ڕاستە ناتوانن ڕێگا له حەزی بێ پایانی مرۆڤ بگرن بۆ گۆشتی پەلەوەر و مەڕ و بزن، بەڵام دەرخوارددانی گۆشتی باڵندە و گاو گۆتاڵ به سەگ و پشیلە بە ناوی ئاژەڵدۆستییەوە، گاڵتەجاڕییە و شایانی پێکەنینە.
ــ دووەم : یەکەم ڕۆژی خوێندن .
برادەرێکم کوڕێکی پانزە ساڵانی هەیە، لە پۆلی نۆیە.. ئەم تەمەنە لوتکەی هەرزەکارییە و تیایدا مرۆڤ خۆی زۆر بە بەرز و گرنگ دەزانێت و بچوکترین ڕەخنە دڵی ئەشکێنێت، هەر بۆیە ئەبێ زۆر بە ووردیی مامەڵە لەگەڵ هەرزەکار و مێرمناڵاندا بکرێت.
بەڵام بڕوانن لەم قەسابخانە دەروونییەی کە توشی ئەو کوڕە بووە ..
یەکەم ڕۆژی قوتابخانە، بیرۆکەیەک بە مێشکیدا دێت، سوپرایزێ بۆ هاوڕێکانی بکات، بەو جۆرە ڕەنگی قژی زەرد دەکات..
بە دڵێکی خۆش و جۆش و خرۆشەوە خۆی ئەکات بە قوتابخانەکەیاندا، چاوەڕوانی پێکەنین و بەخێرهاتن و ئاهەنگی هاوڕێکانێتی ..
بەڵام چی ڕوو ئەدا؟ یاخوا دوژمنیشتان توشی ئەو دۆخە نەبێ ..
بەڕێوەبەر پەلی ئەگرێ و لە قوتابخانەکە ئەیکاتە دەرەوە .. ئەڵێ بۆت نییە بەم قژە درێژە زەردەوە بێیتە ئەم قوتابخانەیەوە .
کوڕە توشی فۆبیا ئەبێ و تێل بۆ باوکی ئەکات، باوکیشی ئەوەندەی تر لێی تووڕە ئەبێ و ئەیکات بە سەرتاشخانەیەکدا ..
کاتێ ئەیباتەوە بۆ قوتابخانە، هێشتا جەنابی عالیولمەقامی بەڕێوەبەر قبوڵی ناکات و ئەڵێ ئەبێ ڕەنگی قژیشی لا ببات !!
ئینجا بەڕێوەبەر بۆ ئەوەی زیاتر کوڕەکە بشکێنێ و باوکەکەی لێ تیژ بکات، پێی ئەڵێ تۆ ئەو باوکە بەڕێز و ڕۆشنبیرەت هەیە، بۆچی وا خوێڕی بوویت؟ ئەمە دیارە لە ڕێی ئەنتەرنێت و مۆبایلەوە وا خۆت کردووە بە جنۆکە ..!
ئەم قسەیە وا لە باوکەکە ئەکا، زیاتر دابەزێتە سەر کوڕەکەی و بە لێدان بیباتەوە ماڵەوە، لەوێ هەرچی ئایپاد و مۆبایل و مۆدیۆمی ئینتەرنێتە بە چەکوش ئەیانشکێنێ ..
ئینجا تۆ بڕوانن بۆ ئەم قەسابخانە دەروونیی و لاشەییەی ئەم داماوەی تێکەوتووە .. بڕوانن بۆ ئاستی نزم و وێرانی جەنابی عالیولمەقامی مودیر .. ئەمە چ بەڕێوەبەرێکە ئیلاهی ؟؟ ئەمە چ دەروونناسیی و پەروەردەسازییەکی خوێندووە؟ سوێند بەخوا بێجگە لە تەزکیەی یەکێ له جوتحیزبەکە، لاپەرەیەک نەک کتێبێکی پەروەردەیی له ماڵیدا نییە .. ئاخر ئەمەیە وێرانکردنی کۆمەڵگا، کاتێ خەڵکی گەمژە و گەلۆر ئەخرێنە شوێنە ناسک و هەستەوەرەکانی کۆمەڵگا وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی .. وەک سەرۆکی زانکۆکان ..
دڵنیام ئێستا زۆرینەتان ئەو ئەشکەنجە لاشەیی و دەروونییانەتان دێتەوە یاد کە بە دەستی باوک و بەڕێوەبەر و مامۆستا نەزان و ناحاڵییەکان چەشتووتانە و .. هەرگیز جێگای ئەو برینانە سارێژ نابنەوە .. کەسایەتییەکی ترسنۆک و خەمۆکیی و شەرمن و لەرزۆک و شکستخواردوویان بۆ دروستکردوون..
چەند ئاسانە ڕاگرتنی دڵی هەرزەکارێک، بەڵام ڕاگرتنی دڵ پیشەی مرۆڤە بەرزەکانە..پیشەی مرۆڤە ڕۆشنبیر و دنیابینەکانە..کەسی ئاست نزم و کاسەلێس و نەزان، ناتوانێت دڵەکان ڕابگرێ، چونکە ئەوە زانستێکی وورد و ناسک و قوڵە، وەک ئەوە وایە داوای سیمفۆنیایەک لە تاشەبەردێک بکەیت.. بە داخەوە ..هەزار جار بە داخ و کەسەرەوە.
ـــ سێیەم: گەرماو بە پارە .
من بە درێژایی ژیانم یەک جاریش نەچوومەتە گەرماوی دەرەوە.. نەک لەبەرئەوەی بە پارەیە، نا ..بەڵکو عەقڵم نەیبڕیوە بچمە شوێنێک کۆمەڵێ خەڵک پێکەوە خۆیان بشۆن.. شتێکی نامۆ بوو لەلام ..
لە چلەی زستاندا، کاتێ دوور بووم له سلێمانی و ماڵی باوکم، خوێندکاری زانکۆ بووم، یان سەرباز بووم و .. لە بەشی ناوخۆیی و سەربازگا، ئاوی گەرم لە گەرماوەکانیاندا نەبووە، هێشتا نەچوومەتە گەرماوی بەکۆمەڵەوە ..لە تەنەکەیەکدا ئاوم گەرم کردووە یان هەر بە ئاوی سارد خۆم شتووە ..زۆر ئاسایی بووە لەلام گەر بە ئاوی سارد خۆم بشۆم، بە مەرجێ لە گەرماوەکەی خۆمدا بم.
واتا کورت و کرمانج، بە درێژایی ژیانم یەک دینارم لە گەرماوی گشتیدا خەرج نەکردووە، وەک چۆن ڕاهێنەری فتبۆڵی جیهانیی ئەنشیلۆتی، هەتا قۆناغی لاویشی بڕیوە لەناو جۆگە و ڕووبارەکاندا خۆی شۆردووە.
بەڵام لەم دواییەدا، سەرۆکی خەمخۆر، بۆ یەکەمجار پارەی گەرماوی لێ وەرگرتم .. بەڵێ، ئێستا بە بێ ئەوەی ئاگادار بن، کاتێ گەرماوەکەت بە کارەبا بیست و چوار کاتژمێرییەکەی سەرۆک گەرم ئەکەیت، ئەبێ چەندین هەزار دینار بدەیتە ئەو کۆمپانیایەی سەرۆک .. لە ماوەی پەنجا ڕۆژدا پارەی گەرماوەکانی نەدەیتێ، کارەباکەت لێ ئەبڕێت..
چوارەم : سەخیف یان سوک
بە داخەوە کاتێ سەخیف یان سوکەکان تەواوی کایەکانی کۆمەڵگا داگیر ئەکەن، ناچارین لەسەریان بنوسین، نەک لەبەر ئەوەی وازبێنن، چونکە سەخیف واز لە سەخافەت ناهێنێ، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە لایەنی کەمەوە کۆمەڵگا بە تایبەت لاوان، لەو سەخیفانە ئاگادار بکەینەوە، تاکو نەکەونە داویانەوە ..
سەخیف شاعیرێکە حیزب کردوێتی بە شاعیر و لە قەڵاندۆشکانی حیزب و ڕاگەیاندنی حیزبا گاگۆڵکێی شیعریی کردووە، کەچی لە ڕاگەیاندنەکاندا وەک پاپڵۆ نیرۆدا قسە ئەکا، بە ناڕاستەوخۆ بە حیساب ڕەخنە لە حیزبەکەی ئەگرێ بۆ ئەوەی لاوانێک بکات بە شەیدا و ئاڵودە و دەروێشی خۆی..
سەخیف ڕاگەیاندکارێکە، تەنانەت زمانی ئەدەبیی و ستاندارد نازانێ و حیزب فوی پیاکردووە، بەڵام خۆی وەک پێرس مۆرگان دێتە بەرچاو .. لە کاتێکدا پەڕ و باڵ و ناز و نیعمەتەکانی حیزبی لێبکەیتەوە، تەنانەت دەرپێ سەرخەرمانەکەیشی پێوە نامێنێ ..
سەخیف کەسێکە کە بابەتی پێ بێ یان نا، ئەبێ هەر قسە بکات، هەر حیکایەت بکات .. لە کاتێکدا ڕاگەیاندکاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە پرسیارە قورسەکان لە خاوەن بڕیارەکان ئەکات، بۆ ئەوەی وەڵامەکان لە زاری خۆیانەوە بداتە هاووڵاتیان ..
ڕاگەیاندکاری پڕۆفیشناڵ کەمترین قسە ئەکا و زۆرترین زانیاری لە میوانەکانی وەردەگرێ بەڵام ڕاگەیاندکاری سەخیف، ئەوەی بڕوانامەی قەڵاندۆشکانی حیزب و کاسەلێسییان هەیە، زۆرینەی بەرنامەکانیان، بە قسەکانی خۆیان بەڕێوە ئەچێ، قسە بە میوان ئەبڕن و تەواوی بەرنامەکە بە واتە واتە سواو و بێ بنەما و سەخیفەکانی خۆیان تەواو ئەکەن .. تێناگەن لەوەی کاری بێژەریی تەنها پرسیار کردنە، نەک گوخواردن!
سەخیف ئەو باوک و دایکانەن کە بەردەوام منەت بەسەر مناڵەکانیاندا ئەکەن و داوایان لێ ئەکەن ببنە کۆیلە و فۆتۆکۆپیی خۆیان.. لایان وایە ئەو مناڵانە موڵکی خۆیانە و خۆیان دروستیان کردوون، هەر بۆیە سوک تەماشاکردن و شکاندن و لێدان و ترساندن و منەتکردن، دیارترین ڕێگاکانی پەروەردەکردنن لای ئەو باوک و دایکانە.
سەخیف ئەو کوڕ و کچانەن کاتێ گەورە ئەبن و ئەبنە خاوەن کار و پڕۆژە، دایک و باوکیان لەیاد ئەچێ .. بە بێ سوود و دواکەوتوو و کۆن و ئێکسپایەر پێناسەیان ئەکەن ..گەر سەردانیشیان بکەن، وەک نەزان و بێئاست تەماشای دایک و باوکیان ئەکەن و گرنگیی بە قسە و ڕاو بۆچوونەکانیان نادەن.. نایانبەنە گەشت و ئاهەنگ و سەیران و گەڕانەکانیان، ئاگایان لەوە نییە کە ئەو دایک و باوکە پیر و نەخۆشانە، تەنیایی ئەیانهاڕێ و پەڕاوێزخستن خەریکە دڵیان بتەقێنێ.
سەخیف کەسێکی خائینە، کە خیانەتی لە خەڵک و نیشتمان کردووە و .. دۆستی دوژمنانی میللەت بووە، کەچی ئەمڕۆ، دوای گۆڕانی بارودۆخی سیاسیی، هێشتا بێدەنگ نابن و لە ڕاگەیاندنەکاندا دەردەکەون و خیانەتەکانیان بە حیساب بۆ چاوبەستی دوژمنانی گەل بە خەڵک ئەفرۆشنەوە، ئەگینا لە ژێرەوە هەر لەگەڵ خەباتی شاخ و پێشمەرگەدا بوون!! ..واتا ئەمان لە حیزبی بەعس زیرەکتر بوون، بە جۆرێک لە سەرەوە ئوتۆمبیلی تۆیۆتا سۆپەر ساڵۆنیان لە بەعس وەردەگرت و لە ژێریشەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا بوون !! ئەم سەخیفانە سوود لە جەهالەت و گەمژەیی کۆمەڵگا وەردەگرن، ئەگینا لە هەر کۆمەڵگایەکی تردا بن، جێگایان زیندانەکانە نەک کەناڵەکان ..
لە میللەتی نەزاندا ئەبێ چاوەڕێی داهێنانی ئامێرێکی سۆنار یان ئیندۆسکۆپیی بین بۆ ئاشکرا کردنی خیانەت و سەخافەت .. چونکە میللەتەکەمان خۆی تاقەتی لێکدانەوە و گەڕانی نییە بە دوای ڕاستییەکاندا.. هەر زۆڵێک بێ، خۆییان لێ ئەکا بە باوک و فریادڕەسیان.
سەخیف ئەو فرۆشیارانەن، کە وەک سەگی ڕاو تەماشای کڕیارەکانیان ئەکەن و ڕاویان ئەکەن .. سەخیف ئەو هەژارانەن کە لە پڕ بە ڕێگای دزیی و گەندەڵیی، دەوڵەمەند بوون، ئیتر بە گوزەر و بازاڕە میللیەکاندا تێ ناپەڕن .. ئیتر کاتی قسەکردن، وشەکانیان بە لووتیان دەردەبڕن، ئاخاوتنێکی ناشیرین و قێزەون و پڕ لە لوتبەرزیی و خۆفوتێکردن ..
سەخیف زۆر زۆرن، خۆیشتان ئەتوانن جۆرەکانی تری لای خۆتان دیاری بکەن و لەسەری بنوسن یان گەر بتوانن پەڕاوێزیان بخەن و سەگیان تێ بەربدەن.

