Skip to Content

دڵۆپە عەترێک بۆ کفنەکەم … هەژار حوسێن

دڵۆپە عەترێک بۆ کفنەکەم … هەژار حوسێن

Closed
by شوبات 2, 2018 General, Poems

ئەی بیناییم
ئەی دڕندەیی لە مەرگی خۆم
خوازیارم ڕووشا لە تاقووسە کوێرەکان
تۆش عەجەب مەیلدار بوویت
گەرەکتە سروودی فریاد خوازییم بۆ بژەنی
ئای تاقووسە کوێرەکانی دواخەون و دەست پێکردنەوەم
کەمێک ڕاڕایی، کەمێک گومان و سەختی پێش وەهمی گەین
تار ژەنی مەرگ هەرا و هوریات
لە گۆرانییەکی ناموراد دەچێت
لەرینەوەی زمانت، نابێتە
گۆرانیی لالەسوورەکانی بێئارامی
دوعاکان ناتوانن قەدەر لەوەی هەیە ڕۆشنتربکەن
بەهەڵدانی پێکێک لەسەر مێزە
سارد و سڕەکەی هەقیقەتەوە دەزانم
هیچ ڕەمەکێک نەماوە ئاوا نەبێت
لە سەفەرمەوە نمەکنەکەرێک گەڕاوەتەوە
بە ماڵی کۆترە پیرەکانی تەمەنی نابەڵەدە
دەبین بەو دار هەنارەی باغەکەتان
کەلەوێدا منی قەرەجی ژوانم دەخستە هەگبەمەوە
ئەوە دواجارە لە گەڕیانی ئەوینێکدا قەتیس دەم
لە خورپەی لێدانی دڵی شاخێکیشەوە
توولەڕێیەکان ونم دەکەن
دوا ڕێگاش بەهانای دۆزینەوەی کەسمان نایەت
دەمەوێت ونتربم، ئەی گۆرانیم
ئەی سپێدەی چاوتێورین لە برینەکانم
درەختەکانیش ڕێیان نیشان نەداین و
وشەکان خەریک بەقەدەریان کردینەوە
ئەی مەراق
بابردووی کۆڵانە تەنگەکان
ڕۆچووی ناو ئینجانەکانی وەفا
کێوە نائومێدەکەی زاهیدان
ئەم مەرگە ماڵێکی لێ وون کردم
ماڵێک هەرگیز نایدۆزینەوە
کەسیشمان توخمی ئەو ماڵە نین
لەو ماڵەدا میهرەبانی ڕژاوە
لە باخچەکەی ئەم ماڵەدا ژنێک بە ستیانێکی ڕەش ڕاوەستاوە
ئاسودەیی دابەش دەکا و
خەتمی سینەم دەکا
لە ماڵۆچکەیه‌کی قوڕاویی
گوڵی سەفەرێکی بریندار دەخاتە دەستی هەموومانەوە
ئەم سەفەرە
سەری لە باران شێواند
نەی هێشت جارێکیتر
تەرەپیاز لەحەوشەکەمان بچێنین
ئەم سەفەرە ئێوارەیه‌کی هێندە تاڵ بوو
ساڵەکانی لێگۆڕین
مانگانەی گوڵەکانی تێکدا
ئەم سەفەرە
دەستخستنە ناو باوەشی زەوی بوو
بەنیازی ڕاموسانێک
ئەم سەفەرە شەوگارێک شاخ دار بوو
وەک گەدایەک دەری کردم
ئاشنای هیچ غەریبەیەک نەبوو
گۆرانی برینەکانی خۆش دەچڕی
هەموویانی دادەماڵی لە خۆی
په‌رستشیی چەند ساڵ تەنیایی و
نیشتنەوەی باڵکۆنەکان بە بێهوودەیی
دواهەمین پێکەکانی بەختیاری و
ماڵاوایی لە تاقووسەکانی تەمەنم
۲
ڕۆژەکانی پڕدەکرد لە جادووگەری پیر
کاتیش نائاگایی خۆی دەخستە ئەستۆی ئێمە
دڵی شکاوی هیچ عەسرێکیشی نەدایەوە
۳
خوایە لە ئاوێنەی ژنە دڵشکاوەکانەوە سەیربکە
بزانە زەوی قێزەونترە یان مرۆڤ
بزانە تەنیایی لەکوێ و
بۆ کێش باشە
ئەز پیاوێکی دەربەدەرم
ڕۆحم لەگەڵ کاڵ بوونەوەی چیرۆکەکانە و
سەفەرم بۆ شارە خەمبارەکان
٤
سەفەر بڵێسەیێکی داگیرساندووە
سەفەر کۆتا ڕوانینە لێم
ئەو ڕۆژانانە
کابوسی ڕۆیشتنێکی بێدوماهیان خسته مێشکمەوە
هەر قەرەجێکم لە هەواری ئاوا
کەسێک گازم دەکات
ئەوە کێیە بەم بەیانییە خوناو گرتووە
بەم توانەوەی تەمەنە
غه‌مئاراییم دەگرێتە باوەش
مەرگە و
مەرگیش لە دەرگاکانەوە نایەت
من مرۆڤ ناناسم کوێرانە دەژیم لەناویان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish