Skip to Content

ژیلەمۆیەک ئاگرى کردەوە … نەجمەدین فارس

ژیلەمۆیەک ئاگرى کردەوە … نەجمەدین فارس

Closed
by ته‌مموز 7, 2018 General

لەو کاتەوەى کە سەردەمى دوو چین و لەگەڵیدا دوو بەرژەوەندى جیاواز لەناو پەیوەندى کۆمەڵایەتى و ئابووریدا درووست بوون، هەر لە هەمان کاتدا سەردەمەکان ژیلەمۆیان بۆ سووتاندن و گڕگرتنى خۆیان لە خۆڵەمێشى سیستەمى پێشوویاندا بۆ خۆیان درووست کرد، چونکە بەرژەوەندى جیاواز سەرچاوەن بۆ درووست بوونى کێشەو ململانێى جیاواز،لە پێناوى بەدەستهێنانى خواستى جیاواز.

واتە کاتێک جیاوازى قوڵ درووست دەبێت لە نێوان خۆیان و ئەوانى تر،هەر ئەو جیاوازییە هەڵگروو درووستکەرى ململانێ و کێشەى قووڵى نێوانیان دەبێت، لەبەر ئەوە سیستەمە جیاوازەکانى مرۆڤایەتى بەپێى ناوەڕۆکى چینایەتیان و بەرژەوەندى جیاوازى ناو سیستەمەکەیان،بە بەردەوامى لە کات و شوێنى جیاواز جیاوازدا بەپێى پێگەیشتن و قوڵبوونەوەى جیاوازیەکانیان ململانێ و کێشەکان بە ڕێژەى تایبەتى خۆیان دەبێت و ژیلەمۆى گڕگرتنیان بە بەردەوامى ئامادەیە بۆ ئاگرکردنەوە، هەر بۆیە ئەوەى کە لە تونسدا هاتە پێش سەرۆکى وڵاتەکەیان تیایدا هەڵهات، کارێکى هەر لە خۆیەوە نەبووە بە ڕێکەوت ڕوویان نەداوە. بەڵکو سەرچاوەیەکى لەمێژینەى هەبووە لە بێبەشکردنى زۆرى مرۆڤەکانى کۆمەڵگاى تونسى ئەمەش بووەتە سەرچاوەى بەرزبوونەوەى داخوازیەکان لێرەوەش ڕق و کینەى جەماوەرى بینینەوەى لە خۆپێشاندان و پەلامارداندا بەرجەستە بوو.

لە ڕابردوودا کرێکارانى کارگەکان و هێزى کارى لەسەر کار، سەرچاوەى شۆڕش بوون بە هاوکارى بێکاران بۆ گۆڕینى سیستەمەکان، بەڵام بەهۆى تەکنیک و تەکنەلۆژیاى بەرهەم هێنانەوە، کە بووەتە هۆى کەمکردنەوەى سەرچاوەى هێزى کارى کرێکاران لە کارگەکاندا، بەهۆى هەل و مەرجى پێشکەوتنەوەو دابەش بوونى هێزى کار لە جیهانداو کەم بوونەوەى بەدەست نەهێنانى سەرچاوەکانى ژیان لەلایەن زۆرێکى ئەندامانى کرێکاران و بێکارانى کۆمەڵگا جیاوازەکانەوە، خەریکە جەماوەرێکى زۆرو زەوەندى بێکاران دەبنە سەرچاوەى ڕاپەڕین و شۆڕش بە هاوکارى کرێکاران و فەرمانبەرانى لەسەر کار وەک ئەوەى کە ڕاپەڕین لە توونسدا ڕوویدا.

واتە سیستەمەکان چەند لەڕووى تەکنیک و تەکنەلۆژیاوە بەهێزبن، ئەگەر خۆشگوزەرانى بۆ مرۆڤەکانى کۆمەڵگاکەى درووست نەکات، ژیلەمۆى ناو ئاگردانى سیستەمەکەیان هەموو کات ئامادەیە بۆ هەڵگیرسانى ئاگرى شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەو ڕاپەڕینەى توونس ئەوە دەسەلمێنێتەوە کەم کردنەوەى نان و بژێوى ژیان و قۆرغ کردنى ئازادى هۆیەکى گەورەیە بۆ گەشانەوەى ژیلەمۆى خەفەکراو لێکەوتنەوەى ئاگرێکى گەورە، هەر بۆیە سەرچاوەى مرۆیى هێزى شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى هەموو کاتێک لە ناوجەرگەى سیستەمەکاندا ئامادەییان هەیە، بەڵام لەمەش گرنگتر ئاڕاستەکردنى داخوازى ئەندامەکانى و دامەزراندنى جۆرى پەیوەندى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسیەکەى دواتریەتى، بە بڕواى من ئەوەى کە لە توونسدا هاتە بەرهەم دەبێت بۆ دواتر ئاسوودەیى درووست بکات لە کۆمەڵگاکەیاندا، بێ گومان ئەمەش بە بوونى حیزبى پێشڕەوو ئامانجى هێزى ئازادى خوازوو یەکسان وویست دەبێت، لەبەر ئەوەى تەنها نەبێتە هۆى گۆڕینى دەم و چاوەکان.

بەهەر حاڵ ئەوەى کە ڕوو دەدات دەبێت وانەیان لێ وەربگیرێت لە ئێستاداو هەم بۆ ئایندەى ڕاپەڕین و شۆڕشە جاماوەریەکانى کۆمەڵگا جیاوازەکان، هەروەها دەبێت هەموو دەسەڵاتەکانى سیستەمەکانى گۆى زەوى باش ئەوە بزانن کە ناتوانن بەر بەهێزى لافاوى جەماوەرى کۆمەڵگاکەیان بگرن، هەرچەندە پڕبن لە سەربازو هێزى تانک و تەیارەو لە ڕووى لۆجستى سەربازیشەوە زۆر پێشکەوتووبن وە نابێت بەو هۆیەوە بنازن و بڵێین ئەوەى خۆم بۆ خۆم و ئەوەکەى تۆش هەر دەخۆم، چونکە دەبێت ئەوە بزانن کە جام پڕ بوو لێى دەڕژێ و هەموو شتێک لە باریکیدا دەپسێت، بەڵام زۆردارى لەوپەڕى ئەستووریدا دەپسێت و یەکاڵا دەبێتەوە….

نەجمەدین فارس
١٥/١/٢٠١١

Previous
Next
Kurdish