Skip to Content

1,261 Views

عەفرین لەژێر ڕەحمی شمشێری سوڵتەی سوڵتانی زۆردار….. گەشتیار مەحمود

عەفرین لەژێر ڕەحمی شمشێری سوڵتەی سوڵتانی زۆردار….. گەشتیار مەحمود

Be First!
by February 11, 2018 General, Opinion, Slider
image_print

نەتەوەی کورد لەهەرپارچەیەکی خاکی داگیرکراودا، بەدرێژای مێژوو نەیارانی زۆردار بەپاساوی جۆراوجۆر لەسەربنەمای مەزهەبی شیعی و سوننەگەڕای و نەریتی خێڵەکی و عەشیرەتگەڕای نەتەوەی کوردیان بەشبەشکردوە و شوناسی نەتەوەخوازی لای تاکی کورد کاڵکراوەتەوە تاوەکو بورکانی پەنگخواردوی هەستی ناسیۆنالیزم ونەتەوەپەرەوری کورد دیوار وبەربەستی کپکراوی شەقبردوە و نەیاران هەرگیز نەیانتوانیوە پشکۆی ئاگردانی شۆڕشەکانی ئەم گەلەستەمدیدەیە دابمرکێننەوە. بەداخەوە، هەرکاتێک ئازایەتی و نەبەزی کورد شکێنەری کۆت وزنجیری ژێردەستەیی و زۆرداری بووبێت دوژمنانی کورد لە نیشتیمانی ئەم نەتەوەیدا تۆی خوێنڕێژی و دوبەرەکیان لەناو کوردا چاندوەو ناهۆشیاری و ساویلکەی کورد وایکرد نەوەدوای نەوە بەمیراتی تێکقژقژان و یەکترلەناوبردن ویەکترقڕکردن بەری چێنراوی نەیاری باوانیان زیندووبکەنەوە. لەهەمان کاتیشدا دوژمنانی کورد بە گیانی وەحشگەڕی تێنویەتیان بەمژینی خوێنی ئەم نەتەوە بەدبەختە شکاندوە و زۆر جار بەبەرچاوی هەموو دونیا مێژووی نامرۆڤایەتی دژبەکورد گەیشتۆتە لوتکەی ناشرینی و پیسی ودڕندەکاری ئێستاش ئەم زەڵکاوە هەرلێی ئەچۆڕێ و هەر لەپەرەسەندن دایە.

لەم سەردەمەدا، ئەوەی بەئاشکرا دژ بە عەفرین دەکرێت مشتێکە لەخەرمانی جەنگڵستانی نامرۆڤایەتی دوژمنانی کورد کە سەدە دوای سەدە لەزەماوەندی دەستگرتنەشانی تورک و عەرەب و فارس وێنە تاوانکاریەکنیان دوبارەدادەڕێژنەوە. لەهەموو لایەکەوە گورگە دەمبەخوێنەکان جارێک لەژێرناوی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و جارێک لەژێرناوی پاکتاوی تیرۆر و ئاسایشی نەتەوەی تورک پەلاماری عەفرین دەدرێت و لەناوچاڵی تاریکی بێکەسی دا مناڵ و دایک و پیروپەکەوتەی بێتاوانی کورد زیندەبەچاڵ دەکرێن و ژیانیان لێدەسەندرێتەوە. ئەوانەش لەرووی ئاینی و یاسای و سیاسی یەوە کەڕەوایەتیان بەم پەلامارە وەحشیەتگەڕیەدا بۆتاهەتەیە بەرنەفرەتی مێژوو کەوتوون. ئەوەی جێگای تێڕامان و ووردبونەوەیە لەم پلانەدارێژراوەدا کەپێویستە شیکردنەوە و وردبینی بۆ لێکدانەوەی نیازی سوڵتەی میلیتاریزمی سوڵتانی زۆردار(ئەردۆغان)بکرێت، بەخوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەی ئەم سێ ڕەهەندە کۆڵکە هاوبەشە (ئاینی ، یاسای، سیاسی) دەتوانرێت نهێنی پشت ئەم ڕوداوەجەرگبڕە بخرێتەڕوو کە ئەمانەن:

۱ـ ڕەهەندی کۆڵکەی ئاینی:

یەکێک لەسەر مەشق و هەرەکاریگەرەکانی جێبەجێکردنی ئەم پلانە کوردکوژیە، کۆلکەی ڕەوایەتی و شەریعەتپێدانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پەلاماری سەر شاری عەفرین کۆدەنگی شەقامی سوننەگڕایی یە تاوەکو لەڕووی ئاینیەوە پیلانەکەی بیخاتە چوارچێوەیەکی شەرعی و بەحوکمی ئەوەی هێڕشبەرەکە لەجیهانی ئیسلامی ڕوبەڕوی ڕەخنەنەبێتەوە و پشگیروپاڵپشتبکرێت لەوەی کەڕشتنی خوێنی کوردەکانی عەفرین حەڵاڵە ئەویش بانگەوازی یە بۆ (فەتح) کردن.

بۆئەم مەبەستە، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیى یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان لە ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆل ووتی (“پشتگیری دەکەین لە تورکیا بۆ پاراستنی سنوورەکان و گەلی خۆی لەڕێی شەرعیيەوە”). واتە بەومانایەی تورکیا مافى خۆیەتى سنوورەکانى بپارێزێت. هەڵبژاردنی کوردێک بۆڕابەرایەتی و پێدانی نازناوی ئەمینداریەتی و کۆکردنەوەی جیهانێک لەزاناو ویژدانپەروەرانی خودا تەنها بۆدەمکوتکردنی موسوڵمانانی جیهانە کە ئەو سنورەی تورکی چەپەڵ پارێزگاری لێدەکات سنورێکی دەستکرد نیە! ئەوگەلەی لەهەردوو دیووی سنورەکەن گەلی هاوردەن و لێقەومان و دەسەڵاتی تورکیای وەحشەتگەڕی پارێزەریانە! بێگومان تورک لەهەردوو دیوی سنورەکە بێگانەیە ئەوسنورەش کەجەستەی یەک نیشتمانی لەتکردوە یەک گەلی لەسەر دەژیت کەگەلی کوردە وتاکەمەترسی لەسەر ژیان و خۆبژێوی گەلی کورد تەنها کەڵبەی ژەهراوی لغاجەی تورکە کەچڕنوکی لەخاکی پڕبەرەکەتی کوردگیرکردوە و چاوی تەماحی بڕیوەتە سامانی نیشتیمانێکی زوڵملێکراو.

ئەم ڕوداوانە هەمیشە ڕووی ڕاستەقینەی هێزو لایەنەکان دەردەخات کە دابەشدەبن بەسەر بەرەی پاڵپشتی هێزی زۆرداری یان پشتیوانی گەلی چەوساوە، کورد وەک گەلێکی ستەملێکراو نەک تەنها قوربانی شمشێری دەستی بێگانە بووە بەڵکو گەردەنی گەلی کورد لەژێڕ ڕەحمی چەقۆی دەستێکی کورد زۆرجار‎ (بِسْمِ اللهِ) ی لێکراوە و خوێنی حەڵالکراوە و بۆ سەربرین وبلیتی چونەبەهەشتێک لەبازاری بازرگانیکردن بەمرۆڤ بۆتەقوربانی. ئەگەر سەردەمی پەلاماری دڕندەکانی تاریکپەرستی داعش بۆ سەر کورد سەردەمی پاساوبەدەستی یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان بووبێ کە داعش لەژێر سێبەری دوژمنانی ئیسلام کاردەکات و بۆیە ووتەی ئەمیندارێکی یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان هیچ کاریگەری نابێت چونکە ئەوان لە پەیڕەوی شەریعەتی ئیسلام لایانداوە و بۆیە نەتواندرا ڕشتنی خوێنی کورد حەرامبکرێت. ئەوا ئەمڕۆ بەڕۆژی ڕوناک فڕۆکەى جەنگى، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تانک، تۆپ و هاوەن ودەبابە ی تورکی پەلامری عەفرینی دا، تۆ بڵێ ی ئەمیندارەکوردەکە چەند لە ژمارەی خێرەکانی کەمیدەکردەوە ئەگەر بەتوندی ئیدانەی ئەم هێڕشە دڕندەکاریەیی شەرمەزارکردبوایە؟!

دیسان بەداخەوە، دەستێکی شەرمەزاری شکاوی کورد بەرنەفرەتی مێژوو کەوت ئەگەر لەزووترین کات دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرزنەکاتەوە و تۆبەی وەهمی قەرەداغی لەقراغ کورسی سوڵتەی سوڵتانی زۆردار باوەشێنەی بەردەوامی مانۆڕی سەرتاقیکاری حەڵاکردنی گۆشتوخوێنی ژن ومنداڵ و دایک وهاوڵاتی بێتاوان. بۆیە با هەرلەوەگەڕێین ئەندام پەڕلەمانێکی تورکمان لەناوجەرگەی کوردستانی باشور پشگیری پەلامارەدڕندەکاریەکەی کرد، و لەولاشەوە لەناو وڵاتی تورکیا دوژمن بۆهاڕینی گۆشت وخوێنی کورد نزیک لە نەوەد هەزار ووتارخوێنی مزگەوتەکان پشتڕاستی ووتەکانی ئەمیندارەکوردەکەیان کردوەو لەسەرانسەری شارەکان بە خوێندنی سورەتی (الفتح) بانگەوازی هەڵکردنی ئاڵای داگیرکاری بۆسەر شاری عەفرینیان جاڕدا و هاوڵاتی بێتاوان لەخاکەپڕبرینەکەیدا خەڵتانی خوێنکرا. پاشان بەئامادەبوونی ئەردۆغان لەیەکەم پرسەی ماتەمینی سەربازەکوردکوژەکان ئایاتی قورئانی بەسەردا خوێندنەوە وەک ئەوەی لەپێناو ئیسلام لەجەنگی جولەکە و ڕزگارکردنی قودسی فەلەستین بڕوانامەی شەهادەت هەڵبواسی بەسەرتابوتی تەرمی سەربازەکانی!

لەبەشێکی تری ووتەکانی عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیى یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان ڕاشیگەیاندوە (“بە هەموو توانایەکمەوە دژی پرۆژەی ئەمریکی – سەهیۆنی دەوەستمەوە کە خوازیارن تۆوی خراپەکاری و فیتنە لەنێوان مسوڵماناندا بچێنن”). سەرەڕای ئەوەی ئەم ناودارە لەجیهانی ئیسلامی یەکەم هەنگاو دژی سازدانی ئەم کوشتارگەیە نەوەستاو پەیامێکی خاڵی لەبەهاکانی ژیاندۆستی بەسەر ئەم مەملەکەتە خوێدە و گەردەنی ئەم گەلە چەوسایەوەی خستە ژێر ڕەحمی شمشێری دەستی ئەردۆغان.

لەهەنگاوی دووەم پاساو بیانوی دایە دەست تورکیا بۆپەیڕەوکردنی ئەم هێڕەشە وەحشەتگەریە تاوەکو موسلمانان دژی ئەم هێڕشە نەڕژێنە سەر شەقام، و سەرەنج و چاوی جیهان لابدرێت لەسەر سنوری دەستکرد و گەلیبەشکراو و بەشخوراو. لەهەنگاوی سێ یەم و کۆتای دا بوونی کاریگەری پێگەیی خۆی وەک حاکمی بەتاڵکردنەوەی سیحری فیتنە و پوچەڵکردنەوەی پیلانی ئەمریکی_سەهیۆنی بەیانکرد، وەک ئەوەی ئەم ئەمیندارە وەک پارێزەری سەندنەوەی مافی موسوڵمان لەفەڵەستین دژی پڕۆژەی ناساندنی قودس بەپایتەختی وڵاتی یەهودیەکان و ئیسرائیل لەجەنگدابێت و تورکیا فریاد ڕەسەکەی قودس و گەورەزلهێزی ناتۆ لەرزی هێنابێتە عەرشی ئیسرایل و لەگەڵ زەوی تەفروتونای کردبێت؟! ئەوها حەماس لەووتەکانی بەدیدەکرێت. بەڵام هزری خەلەفاوی و قورمیشکراوی خوێندنەوەی ڕاستەقینەی پشت پەردەی ووتەکان دەریدەخات ئەگەر نیەتی بەتاڵکردنەوەی سیحری فیتنەبێت و وەک خەمخۆر پەرۆشی ناوبانگی ئاینی ئیسلامبێت با بفەرمووێ بە مێزەری سپی و وبەجوبە وعەبای ئاشتی و بەدەستی بەدەستنوێژ و وبەیژدانەنوستوەکەی لەخەوهەلسێنێ و لەناو جەرگەی شاری عەفرین ڕێپێوان بکات و سینگی بخاتە بەردەم لولەی دەبابە وتۆپی تورک تاوەکو بۆهەموو دونیا بەکردار ڕونبێتەوە ئەو لایەنە کێ یە کە خوازیارن تۆوی خراپەکاری و فیتنە لەنێوان مسوڵماناندا ئەچێنن؟!

بەڵام ڕووی ڕودەری ڕوداوەکان ئاشکرایدەکان ئەگەر ئەم ڕۆژگارە ڕۆژگاری زیندەبەچاڵکردنی ئازادی گەلی ژێردەستەکان بێت بەڵام لەهەمان کاتدا ۆژگاری کۆتایهێنانی ئامرازی چەواشەکاری و خەلەفاوی و ناهۆشیاری گەلەچەوساوەو بەشخوراو مافخوراوەکانیشە. بۆیە ئەوانەی نیازیان وایە لەژێر زەبروزەنگ هەوێنی برایەتی ئاینی و ئاشتی و پێکەوەژیانی (کورد و تورک، کوردوعەرەب، کوردوفارس) بەچارەسەربزانن تاتەمەنی ئەم ژێردەستەیە درێژبکەنەوە و بەبیانوی ئەوەی (“ئیسلام دژى تیرۆر و بێدینینە جا لە هەر قەومێک بێت”).

ئەمە وەکو ئەوە وایە مشتێک تاریکی بە ناو قەوارەی تاریکستانێک بەرپاو بەربڵاو بکەی؟! لەکاتێکدا ئەهلی قەوارەکە هەمیشە دوعاخوێنی ئاسۆی روناکی و تروسکایی هیوابن، و نوێژکەری ڕزگاربوون لەتاریکی داگیرکراوی و ئومێدی سەربەخۆی بن. چونکە وەڵامی هێز بەهێز و عەقل بەعقل دەدرێتەوە، کورد وەک نەتەوەیەکی زۆرینە موسڵمان چەندەچاوی لەئازادی و سەربەخۆیی یە هێندەش باوەشی کراوەبووە بۆ ئاینێک کەدژی ئەم زوڵمەبوەستێتەوە، ئەوانەش بۆهەرمەبەستێک ئاین بەکاردەهێنن بۆنیازەگڵاوەکانیان ئەوا دووجار ڕوویان ڕەشدەبێت لەبەردەم نەتەوەو لەبەرامبەر ئەو خودایەی کە ئەم نەتەوەیەی بە کورد ئافراندوەو زمان و خاک و نیشتمان پێسپاردوون.

۲ـ ڕەهەندی کۆڵکەی یاسای:

تورکیا تا فریوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات بەپاساوی ئەوەی هێزەکوردیەکانی خۆبەرێوبەری کانتۆنی عەفرین لە کوردستانی ڕۆژئاوادا پێکهاتەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەسێبەری سیاسەتی (پەکەکە) و لقێک لەدرەختی ئایدۆلۆژیایی ئاپۆچێتی بەگوێ ی دونیا چرپاندوە و لەژێر ناوی تیرۆر بەرگی یاسای کردونەتەبەر. چونکە ترسی پەرەسەندن و بەهێزبوونی یەپەگە وپەیەدە پڕچەکردنیان بەهاوکارو هاوپەیمانی ئەمریکا تەواو تورکیای هەراسانکردوە بەڵام ئەوەی ئێستا تورکیا کاری بۆدەکات شتێکی کتوپڕنەبووە و لەئاست کاردانەوەی تورکیا چاوەڕونکراوبووە. دەسەڵاتی فاشیزمی تورک لەم ڕێگایەوە گوشاری کردۆتە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بەمەبەستی پاکتاوی تیرۆر بەهێڕشە بەربەریەکەی گەماڕۆی عەفرینی دا گوایە یەپەگە و پەیەدە جێگای مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی تورک.

دوژمنانی کورد بەیاسای دارستانی دڕندەکان هەمیشە بۆ پاروەنانێک گورگەکانی سیاسەتی گۆڕەپانی کوردیان چاوبەستکردوەو و پڵنگەئازاکانی نیشتیمانی کوردیان لەکونجی زیندانەکان ئەشکەنجەداوە یەخسیریانکردوون و بە پەتی سێدارە و پاوانی هەوای ئازادی نیشتیمانی کوردی و هاواری هەناسەکانی سەربەخۆی شەڕڤان و پێشمەرگەو گەڕیلاکانی پێ خنکاندوون! دادوەری ئەم مەهزەلە یاسایی یە دیسان بەفیتی قەلەڕەشی بەدفڕەکوردیەکان ئەنجامدراوە بەدەمامکی ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازی حیزبی کوردی ئەم ئافاتەی لێکەوتۆتەوە کە ئێستا دەبینین بەپاساوی پاکتاوی تیرۆر تورکیا ئەم هێڕشەدڕندەکاریەی بەرپاکرد.

چونکە ئەوپلانە نووستوەی تورکیا بەپشگیری هەندێک لەحیزبەکوردیەکانی باشور توانی ئەم بۆمبە چێنراوە بەرگی یاسای نێودەوڵەتی بکاتەبەر و ڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەیی لەژێرناوی پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕابەرایەتی عبداللە ئۆجەلان بخاتە لیستی تیرۆر. بەداخەوە لەماوەی حوکمڕانی چارەگەسەدەیەک لە دەسەڵاتی کوردی، کوردستانی باشور لەجیاتی ئەوەی کاربۆئەوەبکەن ئەم بۆمبەچێنراوەی تورکیا پوچەڵبکەنەوەو کار بۆ ئازادكردنی پڵنگی ناوزیندان بکەن بەڵکو کەوتنە گیانی یەکترو بە فرۆکەی جەنگی تورکی و تۆپ وتەیارە و دەبابەی تورک یەکتریان قڕکرد. چاڵی لەگۆڕنانی خەونی سەربەخۆی کوردیان قوڵترکرد و بۆهەموو دونیایان سەلماند کە ئەقڵی خۆبەڕێوەبەری و خۆبژێوی لەکەللەی سیاسەتی کورد پوکاوەتەوە!

چونکە نەیارانی کورد لەهەرسەردەمێک و زەمەنێکدابن، هەمیشە بەپلانی تۆکمە پەڕوباڵی هەڵۆکانی کوردیان دەرکێشاوە و پڵنگەکانیان قۆڵبەستکردون و هەرکاتێکیش دەستیان هەڵەبڕیوە دەستێکی نوستووی دوژمن بەپێکی ژەهری خۆکوژی دەرخواردراوە، و بریاربەدەستە سیاسیەکوردەکان لەهەرهەنگاوێکی سەرخۆی نزیکبوبێتنەوە تەڵەیەک قاچی شکاندوون و لەولاشەوە هەستی برایەتی کوردی لەبری دەستگرتن و دەربازکردن بەخەونەکانەوە بە هەنگاوە هەڵگەڕاوەکانەوە براونەتەبەر پەتی سێدارە. هەروەها وەک ئاشکرایە چاوساغیکردن بۆدوژمن و مۆڵگەو بارەگای تورکی لەخاکی کوردستانی باشور سەلمێنەری ئەوڕاستیەن کە ململانێی ناوخۆیی و کورتبینی و بەرژەوەندی حیزبی چەندە دۆزی ڕەوای کوردی دوچاری چ شکستێکی لۆژیکی و مەیدانی کردۆتەوە، کە زۆرجار شکستەکان هێندەترسناک بوونە تاگەیشتۆتە لوتکەی زیانگەیاندن بە دەستکەوتەکان و هەرەسهێنانیان بەمەش گەلی ڕەشوڕوت تەمەنی لەژێردەستەی و چەوساوەی درێژترکردۆتەوە.

بۆدەربازبوون لە لاوازی و بێدەسەڵاتی و شکستی سیاسەتی کورد لەسەرئاستی ناوەوە ودەرەوە پێویستە لەژێرناوی چەتری نەتەوەی ڕەوتەرزگاری خوازەکانی هێزو لایەنە کوردیەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان یەک ئاراستەی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بگرنەبەر و پەیڕەوی لێ بکەن و بەیەک گورزە مەرگ بۆ پیلانەکانی دوژمن بێنن. دەست لەناودەست یەک ڕیزو یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن و کاربکەن بۆ ئازادکردنی ڕێبەری نەتەوەی (عبداللە ئۆجەلان) بەمەش تورکیا لەمەرگ نزیک دەبێتەوە. چونکە تاکە هێز بتوانێت بومەلەرزەیەک لەعەرشی دەسەڵاتەکەی سوڵتانی ستەمکار بدات تەنها پڵینگەکەی زیندانە. بەداخەوە ئەوانەی واهەستدەکەن کوردپشتوپەنای نیە ئەوا پێویستە جارێکی تر مێژوو بخوێننەوە کە هەموو ئەو گەلانەی ئێستا خاوەن ئاڵاو نیشتیمانن قارەمانەکانیان هیچ کات بەئەگەری توشهاتی خۆخۆری نەکەوتونەتە کونجی تاریکی زیندان. چونکە لەناو هەرنەتەوەیەک ئەوانەی پێگەیەکی بەرزی ئاینی یان دەوڵەتداری لەهەرولاتێکی دونیایان هەبووایە ئەوە بوونەتە هێمای تروسکەی هیوای تاریکبەزێنی و بەختی نەتەوەکەیان نەک داردەستی جێبەجێکاری پلانەگلاوەکانی دووژمن. کەچی بەپێچەوانەوە لەناوکوردا ئەوانەی لەپلەوپایەی بەرزدان بۆ بەرژەواندی تایبەتی خۆیان قورمیشکراو خەلەفاون هێشتا لە سەردەمی خێلگەڕای و بنەماڵەیی و ساڵانی ناهۆشیاری دەژین، بۆیە هەمیشە نەتەوەی کورد بۆتە خۆراکی گورگەدەمبەخوێنەکانی سیاسەت.

لەهەمانکاتدا، ئایا کۆمەڵگای نێودوەڵەتی لەئاست دەسڵاتی عەقلیەتی تۆتالیتاری تورکی فا شیست دەتوانێ خۆی دەربازبکات لەبەرپرسیاریەتی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی کە ڕوبەڕوی عەفرین کراوەتەوە. ئەوا عەفرین وەک قەڵا لەسەر ئاستی جیهان بەخۆراگری دەمێنێتەوە و بەرخودانی عەفرین بە گوشاری ڕەوەندی کوردی لەسەرانسەری جیهان جارێکی تر بێدەنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان و دونیای ڕۆژئاواو دیموکراتی و مافی مرۆڤ شەرمەزاردەکات.

۳ـ ڕەهەندی کۆڵکەی سیاسی:

ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژووی گەلی ستەمدیدەی کورد تا وەڵامێک وەرگرینەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە چی بەرژەوەندی نەیارانی کورد (تورکیا،سوریا،ئیران،عیراق) کۆکردۆتەوە کەئەویش بریتیە لە بەش بەشکردنی خێروبێری کوردستانی گەورە، وەک کێکی سەرمێزی نەتەوەی تورک و عەرەب و فارس جەستەی ئەم نیشتمانەیان هەڵدڕیوە، ئێستاشی لەگەڵدابێ کورد بۆتە قوربانی ڕێکەوتنامەی نێوان نەیارەکانی. ناشاردرێتەوە، ڕوداوەکانی چەندساڵی ڕابردوو دەریخست گەشەکردنی کورد لەهەرپارچەیەکی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پاچەکانی تر دەبێت، وە سیستەمی خۆبەرێوەبەری و خۆبژێوی ئەگەر لەهەر پارچەیەک سەربگرێت ئەوا ڕاستەوخۆ سەردەکێشێ بۆ سەربەخۆی بێگومان ئەمەش بەرژەوەندی دوژمنانی کورد دەخاتە مەترسیەوە.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە سوریا و کوردستانی ڕۆژئاوا هەمان نموونەی دکتاتۆرە ملهوڕەکانی دوێنێکەن کە ئەمڕۆ دابەش بوونە بەسەر هێزولایەنە کارتێکراوەکانی گۆرەپانی ململانێی سیاسی کەپێکاتەی ئەم هێزەکاریگەرەكانەش بریتیە لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ بەرەی کوردەکان وهاوپەیمانان، پاڵپشتی تورکیا بۆبەرەی تورکمانەکان وسوپای ئازاد و بەرەی نوسرە، پاڵپشتی ڕوسیا کە سێبەری هێزی ئێرانی و حیزبولا یە لەسوریا. بۆیە پشتیوانانی هێزەکاریگەرەکان بۆبەرژەوەندی تایبەت وڵاتانی تورکیا و ڕوسیا وسوریای پێکەوەلکاندوە. نوێترین هەواڵ کەلە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوکراوەتەوە، ڕێکەوتنی نهێنی نێوان تورکیا و ڕوسیا وسوریا ئاشکراکراوە ، سەرچاوەی هەواڵەکە پشتڕاستکراوەتەوە بە سوڕوبونی تورکیا بۆ داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیا و ئەماژەکراوە لەزاری ئەردۆغانەوە ئۆپەڕاسیۆنە داگیرکاریەکەی بەردەوام دەبێت و ئەگەری پاشگەزبونەوەشی تێدانیە.

تورکیای فاشیست تاوەکو بتوانێ پێگە و دەستکەوتەکانی هێزەکوردیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە سوریا بپوکێنێتەوە و بسرێتەوە و مەترسی بەهێزبوونی ئەزمونی کورد لەڕۆژئاوا پەلنەهاوێژێتە کوردستانی باكور، لەبەرامبەر ئەمەدا تورکیا ئامادەی هەموو نەرمی نوندنێکی سیاسیە تا پاڵپشتی روسیا لەدەستنەدات و بەپێچەوانەشەوە ڕوسیا پێویستی بەتورکیایە تاپارسەنگی هێز بپارێزێ دژی ڕکابەرەکەی کە ئەمریکا یە. چونکە بەهێزبوونی هێزەکوردیەکان بەپشتیوانی هاوپەیمانیەتی ئەمریکا وادەکات کورد لەخەونی گەیشتن بەدەریای سپی ناوەراستی نزیک بێتەوەو ئابووری کوردستانی ڕۆژئاوە بگاتە لوتکە بەمەش ئەمریکا لەنێو بژاردەی بازرگانی و ببەرژەوەندی ئابوری لەنێوان کوردستانی ڕۆژئاواو تورکیا سەربەست دەبێت. لەلایەکی تریش ترسی تورکیا لەوەیە لەداهاتویەکی نزیک پڕۆژە دەستورێکی کۆنفیدرالی بۆ وڵاتی سوریا لەدایک ببێت و کێشەی سوریا بنبڕبکرێت، بەمەش تورکیا هەناگاوێک لەڕوخانی هەڕەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری نزیک ئەبێتەوەو چونکە هەموو جیهان چاوی ئەکەوێتە سەر سیاسەتی سەرکوتکردنی کوردی باکور لەلایەن سوڵتەی تورکیای داپڵۆسکەر.

هەرچەندە سوریا ڕوشانە لەبەر ناوبانگی سەروەری وڵات نیگەرانی دەربڕیوە دژی پەلاماری تورکیا بەڵام ژێربەژێر بەرژەوەندی سوریا لەم رێکەوتنە سێ قۆڵیە خۆی لەوەئەبینێتەوە کە سوریا بێ هیوابووە لەوەرگرتنەوەی نیشتیمانی کورد لەهێزەکانی کوردی رۆژئاوا بۆیە ئەگەر پیلانی خەونی تورکیا سەربگرێ ئەوا لەداهاتوودا سوریا ئاسنتر دەتوانێ بەهەماهەنگی لەگەل تورکیا جارێکیتر سنورەدەستکردەکەی وەرگرێتەوە و دایڕێژێتەوە، لەئەنجامدا تورکیا سەرهەڵدانی خەونی سەربەخۆی کوردی ڕۆژئاوا چەندەها ساڵێک ئەباتەدواوە.

وەهەروەها ئەوەی ڕوسیای هانداوە پێی بخزێتە ناو ئەم ڕێکەوتنە ئەمەیە کە دەیەوێت پارسەنگی هێزو دەسەڵاتی خۆی لەڕۆژهەلاتی ناوین بەهێزبکات بەڕازی کردنی تورکیاو بەپاڵپشتکردنی سوریا کۆڵەکەی سیاستی دەوڵەتەکەی دژی ئەمریکا تاودەدات. هەرچی ئەمریکایە ترسی لەدەستدانی تورکیای هەیە کەلە یاری جەمسەری لوتکەی ولاتە زلهێزەکان ئەکتەرێکی دیاری گۆڕەپانی ململانەکەیە تاوەکو تایەی تەرازوی هێز بەلای ڕوسیا لاسەنگبات بۆیە ئەمریکا لەم ناوەدا هەرگیز دەستەوسان ناوەستێت.

پێدەچێت ململانێی نێوان جەمسەری زلهێزەکان (ئەمریکا_ڕوسیا) و کێبڕکێیان لەنێو یاریەکەدا ئەمریکا وەک پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە بمێنێتەوە، چونکە دەستەوسانی ئەمریکا و ئەگەری براوەی بەرەی ڕوسیا وادەکات ئەمریکا متمانەی هێز لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەدەست بدات و هاوپەیمانەکانی وێنەیەکی لەرزۆک لەپاڵ سیاسەتی داهاتووی ئەمریکا لەناوچەکەدا ڕەنگیبداتەوە و هەڵسەنگاندنی نابەرامبەری بۆبکرێت.

هەروەها، لەڕووی بەرژەووندی ئابوریشەوە پلانی ئەمریکا بۆبەستنەوەی سنوری دەسلاتی هاوپەیمانەکانی(کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا) بەدەریای ناوەڕاست بەمەش زەبرێکی کوشندە بەرئایندەی ئابووری تورکیا دەکەوێت و ئەڵتەرناتیڤیک و جێگرەوەی تورکیا ئەخاتەمەترسیەوە. پێشبینیەکان دەریدەخەن، پلانی چەندساڵی داهاتووی ئەمریکا بۆ ئەوەی تورکیا ناچاربکات ملبداتە بەرژەوەندیە تایبەتمەندیەکانی ئەمریکا و پارسەنگی هێزی روسیا لاوزدەرکەوێت، ڕەنگە لەم قۆناغەی ئێستای ڕۆژئاوادا پشتی کوردەکان بەرنەدات و لەژێرەوە یارمەتی سەربازی هێزەکوردەهاوپەیمانەکان بدات چونکە کەوتنی عەفرین بالادەستی جەمسەری ڕوسیا دەردەخات بەڵام خۆڕاگری عەفرین و دەنگدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان پلانی تورکیاو هاوپەیمانەکانی پوچەڵدەکاتەوە خەونی تورکیا لەگۆڕدەنرێت. لەڕوێکیترەوە ئەگەری وێرانەبوونی عەفرین لەلایەن تورکیا بێگومان باجەکەی قورس دەبێت و تورکیا وەک نەیارێکی سەرسەختی ئەمریکا پێگەی خۆی دەخاتە بەردەم مەترسێکی گەورە. بۆیە بەدوورنازانرێت سەرسەختی تورکیا کاربگاتە ئەوەی لەداهاتوودا بڵێسەی ئاگری شۆڕشی کورد لە دیاربەکر ڕەنگبداتەوە و پشێوی ناوخۆی تورکیا سەرهەڵبدات و کورسی سوڵتەی سوڵتانی زۆردار لەمەرگ نزیکبێتەوە و لەسەردەستی کورد کۆتای بەم دەسەڵاتە کوردکوژە تۆتالتارە دڕندەکاریە بهێنرێت.

Previous
Next

Leave a Reply