Skip to Content

کورتە چیرۆک\ پەروەر.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

کورتە چیرۆک\ پەروەر.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by نیسان 28, 2024 General, Literature



دەرگای ژوورەکەی کردەوە، بەرەو ئاودەستەکە ڕۆیشت، کەلوپەلەکانی خۆی لەسەر زەوییەکە دانا. هەروەکوو خووی پێوە گرتبوو، بۆ هەزارەمین جار ڕووداو و نەهامەتییەکانی ژیانی خۆی وەکوو ڤیدیۆ هاتەوە بەر چاوانی. پەنجا ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ڕۆژە تێپەڕیوە کە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی سێوەرەگ دەریان کرد و بەرەو ئەستانبۆڵ دووریان خستبووەوە. ئێستاش هەروەکوو ڕۆژی ڕوون ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەی دێتەوە بەر چاوانی. چوار پۆستاڵ لەپێی، سمێڵ پانی، چەک لە دەستی، ڕەزاگران لەبەر دەرگاکەی قووت بوونەوە و ئەویان بە چاوبەسترایی ڕاپێچی ناو زیلە سەربازییەکە کرد.
دەستی دایە فڵچەکە و خستییە ناو ئاودەستەکە، یەک دوو جاران بە بنی ئاودەستەکەی داهێنا، دایکی کەوتەوە یادی. ئەو دایکە قوڕبەسەرەی کە لە کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیمێ، بە مەلۆتکەیی هێنابوویانە سێوەرەگێ. هەموو جاران دەیگێڕاوە کە باوکی یەکێک بووە لە هاوەڵەکانی سەید ڕەزا، هەر لەگەڵ‌ ئەویش کەوتبووە داوی پیلانە قێزەونەکەی دۆغانی کارگێڕی ئەلازیگ. ئەو کات تەمەنی هەر شەش مانگان بوو، تەنێ شەش مانگ.
ئاخێکی هەڵکێشا و دەستی کردەوە بە پاککردنەوە. دوو سێ جاری دی فڵچەکەی بە بنی ئاودەستەکە داهێنا، ئەو جارە کەوتەوە یادی هاوڕێیەکەی، کە هەموو جارێک ئاگاداری دەکردەوە تا نازناوە کوردییەکەی فڕێ بدات و هەر ناوە ڕاستەقینە تورکییەکەی خۆی بەکار بهێنێت. (برام ئۆڕهان، ئەو نازناوەت فڕێ بدە، با وەکوو ئەو هاوڕێیەمان، شڤان، شاربەدەرت نەکەن). فڵچەکەی یەک دوو جاری تریش بە بنی ئاودەستەکە داهێنا، ئەو ڕۆژەی هاتەوە یاد کە لە دەرگای مێوانخانەی ئەتاتورک هاتە ژوورەوە و وەکوو خزمەتکارێک دەستی کرد بە کارکردن. ئێستاش دوای پەنجا ساڵ، لە هەمان مێوانخانە، لە هەمان شار، بە هەمان دەردی دووری، ڕۆژ و شەوەکانی خۆی بەیەکەوە گرێ دەدات.
پشتێشەکەی زۆری بۆ هێنا و ناچار فڵچەکەی دەستی دانا، لەسەر زەوییەکە دانیشت و هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا. ئیتر تینی جارانی نەماوە، هەر یەک دوو مانگی ترە و پشتی بۆ هەتایە دەچەمێتەوە، ئەرێ باشە بۆ دەڵێن کە داری گەورە وەک نەمامی تازە دانایەت! خۆ ئەو هەرگیز بەو ئاواتە نەبوو کە بۆ پەنجا ساڵ لە مێوانخانەیەک، دوور لە زێدی باوباپیرانی، ببێتە نۆکەری بێگانان. ئاخ کە بیری شارەکەی خۆی دەکات، بیری چیرۆکەکانی باپیرەی دەکات. ئێستاش ئەو چیرۆکەی لە یادە کە باپیرەی بە تاقی تەنیا، بە خۆی و بە داردەستەکەی دەستی، چوار سەربازی عوسمانی ڕاونابوو.
لە شوێنی خۆی هەڵسایەوە، دووبارە دەستی دایەوە فڵچەکەی، دوو جاری تریش بە بنی ئاودەستەکەی داهێنا. وتەکانی شڤانی هاتەوە یاد، موچڕکێکی پێدا هات. ئێستاش گۆرانییەکانی ئەوی هەردەم لە مێشکە، هەردەم بە ئاوات بوو، بۆ جارێکیش بێت پێی شادببێتەوە و لە نزیکەوە گوێ لە گۆرانییەکانی بگرێت. ئەو هاوڕێیەی کە هەر لە منداڵییەوە بۆی ببووە مامۆستای ژیان، مامۆستای بەرخۆدان. لە دڵی خۆیدا دووبارە و سێبارەی دەکردەوە: (بەرخۆدان ژیانە، بەرخۆدان ژیانە). هەر لەو خەیاڵانەدا بوو، دەرگای ژوورەکە کرایەوە و چوار پۆستاڵ لەپێی، سمێڵ پانی، چەک لە دەستی، ڕەزاگران لەبەر دەرگاکەی قووت بوونەوە و ئەویان بە چاوبەسترایی ڕاپێچی ناو زیلە سەربازییەکە کرد.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish