Skip to Content

دەقی تەمەن ٣٨.. ناڵە حەسەن

دەقی تەمەن ٣٨.. ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2023 General, Poems

١
هەموو ساڵێک
لە مانگی بەفرانباردا
بەفر کڵۆ کڵۆ
بەسەر جەستە و ڕۆحم دا
دەبارێ
خەونەکانم و درەختەکانی ناخم
سپی دەبنەوە
مانایەکی نوێ بە بوونم دەبەخشن
ژیان لای من
وەک ئاگری
نێو چیڕۆکی بەرئاگردانەکان
بە کڵپەوە
سەر لە نوێ دەست پێدەکاتەوە
٢
ئەستێرەکانی ئاسمان
لەدووری دوورەوە
دەتوانن هەموو شتێک ببینن
تەنانەت
زەردەخەنەی سەر ڕوخساری مێشوولەیەک
ئەستێرەکانی نێو چاوەکانی منیش
تەنها و تەنها
نیگای نەرم و
ڕوخسارە ڕۆندکاوییەکەی تۆ دەبینن
چ گۆڕستانێکی درەوشاوەی / ئەی عەشق
٣
کە تۆ
لەنێو خەونەکانم ون دەبیت و
شوێن هەنگاوەکانت
ڕەش دەبنەوە
ژیانیش لەنێو ئەشکەوتێکی تاریک
بە تەنیا جێمدەهێڵێ و
ڕوەو ڕووناکایی نێو چاوەکانی تۆ
ئۆغر دەکات و لێم دوور دەکەوێتەوە
٤
من میلۆدیەکی سروشتیم
پڕم لە دەنگی گەڵای وەریو و
لە هاژەی ڕووبارێکی غەمگین و
لە گڤە گڤی ( با )یەکی یاخی
من سروودێکی بەردەوامم
لە پشت هەر وشەیەک و ڕستەیەکم
دەریاچەیەک لەخوێن و
گۆڕستانێکی گەردوونی دەبیندرێ
من شاعیرێکی نێو مەملەکەتی غوربەتم
نەخشەی نیشتیمانێکی بێ شوناس
وەک تاتوو لەسەر دیوارەکانی دڵم هەڵکەندراوە و
خەمی مرۆڤبوونیشم وا خەریکە
دەمارەکانی جەستە و مێشکم هەنجن هەنجن و
چاوی ئومێدەکانیشم پڕ تێزاب دەکات
٥
کە هاتمەوە
لەگەڵ خۆمدا
ئاوێنەیەکی بچکۆڵانەت بۆ دەهێنمەوە
تا هەموو وێنە تەنیاکانمی تیا ببینیەوە
وێنەی هێڵکۆکەی خەونەکانیشم
ئەوانەیش
کە هێشتا لەنێو قەپێلک دان و نەتروکاون
کاتژمێرێکت بۆ دەهێنمەوە
کە هەموو چرکەکانی ڕابردوومت بۆ بخوێنێتەوە
تەنانەت / مەستبوون و ونبوون و
خەوتن و مردنەکانیشم
ئەو ڕۆمانەشت بۆ دەهێنمەوە
کە تۆرانی وەرزەکان لە یەکتری و سڕبوونی سەوزایی و
پیربوون و کۆتایی هاتنی شەپۆلەکان و
خۆشاردنەوەی خاڵخاڵۆکەکان و کوێربوونی ئەستێرەکان و
هەموو ڕووداوەکانی تری تەمەنمت بۆ بگێڕێتەوە
٦
من لەنێو هەستەکانی
پیربوونی خۆرەتاو و
نائومێدی پشکۆکانی ژێر مەشخەڵی ئاگر دا
ئاشنابووم بە تۆ
لەگەڵ بارانە بەهارییەکانیش
ڕژامە نێو بنار و پێدەشت و باخچە رەنگینەکانی تۆ
بۆ سێبەرت بووم بە درەختێکی چاو سەوز
لە وەرزی گەرم و وشکە ساڵیدا
شینبووم بە شیلەی حەزەکانی تۆ
وەکو شیعریش
لەنێو جووڵەیەکی بەردەوام دام
بۆ دۆزینەوەی کیشوەری نێو خەونەکانی تۆ
٧
تۆ مەیێ بۆ دۆزەخ
دۆزەخ ماڵی ئەو شاعیرانەیە
کە بە تەنیا دەژین و
بە تەنیاش دەمرن
بگەڕێوە
بۆ بەهەشتە ئەبەدییەکەی خۆت
من دەرگای دۆزەخ لە تۆ ناکەمەوە !
٨
من لەنێو تێنوێتی خۆمدا
گەرووی وشکی بیابان و
هەورە زەردەکانی
نێو چاوەکانی گوڵەگەنم ڕەسم دەکەم
لەنێو تەنیایی خۆمدا
تریفەی تاریکی و
ئەستێرە ڕەشەکانی
نێو ئاسمانی مردن ڕەسم دەکەم
لەنیو فرینەکانی خۆمدا
ڕەنگ و ڕووناکی و
جووڵەی وەرزەکانی دەرەوەی ژیان و
دەرەوەی گەردوون ڕەسم دەکەم
هەمیشەش
لەنێو بیرکردنەوە نوێیەکانم
دەمەوێت ئاگر لە پووش و قەسەری
وشە کۆنەکان بەربدەم
٩
لە نیشتیمانی من
( یاسا پیرەمێردێکی ماندووی گۆچان بەدەستە
گەڕەک بە گەڕەک و شەقام بە شەقام دەگەڕێ
کەس دەرگای لێناکاتەوە )
ئەلف و بێی ئارەزووەکانیشمان
لەنێو ئایەتەکانی کتێبەکانی ئەوین نابیندرێن
لە نیشتیمانی من
هەموو شتێک هەرەسی هێناوە
لە سەرووی هەموویانەوە مرۆڤبوون
ئازادیش ڕەوە باڵندەیەکی شینە
نەک بە تەنها وەرزی کۆچ
هەموو وەرزەکان هەر کۆچ دەکەن
لە نیشتیمانی من ڕاستی گوتن
ئاگرێکە
نەک تەنها سەری زمان و پەنجەکانت
بەڵکو هەموو جەستەت دەسووتێنێ
ژیانیش مشتێ تۆز و غوبارە بەدەم باوە
ئاخ چ وێرانەیەک و
زیندانێکی گەورەی ئەی نیشتیمان !
١٠
دوای ئەوەی
لەنێو هاوکێشە ناتەباکان
پەتی ئارامیم پچڕا
لاشەی خۆم بەسە شانم دادا و
فڕێمدایە سەر گوفەکێکی قەراغ شار
( بۆ ڕۆژی دوایی ڕۆژنامەنووسێک وێنەکەی
لە ڕۆژنامەیەک بڵاوکردبوویەوە و لەژێریدا نووسیبووی )
ئەو مرۆڤەی ژیان نەیتوانی بیگرێتە خۆی
هاودەم و هاوزمانەکانیشی
لە وشە و قسەکانی تێنەدەگەیشتن !
١١
من لەنێو شتە وردەکانەوە
سەیری تۆ دەکەم
لەنێو دڵۆپە بارانێکی سەر گۆنای گیا
لە درەنگە بەیانییەکیش
دەتبینم لە دەم ڕووبارێکەوە
لەسەر کورسییەک بە تەنیا دانیشتووی
دیوانە شیعرێک بە دەستتەوە و کوپە قاوەیەک بە تەنیشتتەوە
بە نیگایەکی گەرمەوەش هەر دەڕوانی
کاتی خۆی لەقەسیدەیەکدا بۆتم نووسیبوو
نیگایەکت بەسە بۆ مردن
ئێستاش / دڵنیام ڕۆژێک دادێ
ئەو نیگایە گەرمەی تۆ هەر دەمکوژێ
ببوورە / لەنێو جانتای یادەوەرییەکانم
لە کونجێکی تاریک بۆ ئەبەد زیندانیم کردووی
١٢
( مانگ مانی گرتووە ، بەهۆی شێرپەنجەوە
لە نێو کوخە هەورینەکەی نایەتە دەرەوە )
ئەمەم لە دەمی باڵندەکانەوە بیستووە !

دوێنێ شەو
مانگ لە شێوەی
کچێکی وردیلەی جوان هاتە خەونم
بە تاو خۆی هاویشتە نێو باوەشم
بە عەشقەوە / گۆنا و لێوەکانی ماچ دەکردم
ڕوخساری وەک شەونمی بەر هەتاو دەدرەوشایەوە
بە گڕ و زەردەخەنەیەکی گەرمەوە گوتی
شاعیرەکەی خۆم مژدەبێ لێت چاکبوومەوە !
١٣
لەنێو تەمتومانە ڕەشۆکییەکەی غوربەت دا
تەنیاییم وا خەریکە
مەرکانی ئومێدەکانم کون کون و
بەر چاوەکانم تاریک دەکا
لە بۆشاییەکی ئاڵوودە
بە خەیاڵە خەمۆکییە خەمناکەکان دەسوورێمەوە
وەرە بمبەرەوە
بۆ نێو ئەو زەمەنە زێڕێنییەی
ڕووبار پڕ بوو لە گۆرانی
خۆرەتاو پڕ لە حیکایەت و
سەوزایی پڕ لە زەردەخەنە و
عەشق هێمایەک بوو بۆ ژیان
نیشتیمانیش ماڵێکی گەورە بوو بۆ هەموومان
١٤
( یەک دوو سێ چوار پێنج )
یەک / یەک بەیەکی لاپەڕەی یادەوەریەکانت
پڕ دەکەمەوە بە وردە شیعرە ئیرۆسییەکانم
دوو / دوو بە دوو و جووت جووت هەموو شەوێ
لەگەڵ مێیینەی خەونەکانت جووت دەبم
سێ / سی ساڵە گوڵێکی سیس ئاو دەدەم
دواجار وشک داهات و گۆنای بە لێواری مەرکانەکە نووشتایەوە
چوار / چەندین جار سواری پشتی بروسکە دەبووی
خۆت لێم دەشاردەوە
دواجار هەرخۆت بۆ ماڵە تاریکەکەی نێو شیعرەکانم دەگەڕایتەوە
پێنج / پەرتبوونت لەنێو مندا ویستێکی خودایی بوو
مردنی منیش لەنێو تۆدا ئاکامی عەشقێکی ئەفسانەیی بوو
١٥
وەکچۆن هەمیشە
یادی ساتە جوانەکانی منداڵی و
ڕۆژگارە دڵنشینەکانم دەکەمەوە
بە دڵخۆشییەکی گەورەوە
یادی ڕۆژە خەفەتاوی و غەمگینەکانیش
دەکەمەوە
هەموو ڕۆژە غەمگینەکانی خۆم
بە تەنافی قەسیدەکانمەوە هەڵواسیوە
من هەرگیز مردنم بە ئاوات نەخواستووە و
بەرەو پیریەوە نەچووم
بەڵام کە مردنیش هات زەلیلانە ناکڕوزێمەوە
چونکە دواجار
حەقیقەتی بوونی من لەنێو شیعرەکانمە
نەک لە نێو
ساڵ و مانگ و وەرز و ڕۆژەکانی تەمەنمەوە …!

                                                    کۆتایی دیسەمبەری ٢٠٢٣

تێبینی :
قەسیدەی ( دەقی تەمەن ) ، دەقێکی کراوەو بەردەوامە لەگەڵ تەمەنی شاعیر دایە ، واتە مەرگی شاعیر دەبێتە دوا دێر و دوا نوختەی ئەم قەسیدەیە .

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish