Skip to Content

کورتە چیرۆک: جادەسی..  نووسینی: ئامانج شێروانی

کورتە چیرۆک: جادەسی.. نووسینی: ئامانج شێروانی

Be First!
by ته‌مموز 21, 2024 General, Literature



کۆڵان بە کۆڵان، جادە بە جادە بە کەلاوەکانی شاردا تێدەپەڕی، باڵەخانەیەکی بەرزی خاپوورکراو، فێرگەیەکی داڕماو، ڕێزە دوکانێکی تەفروتونا کراو، وەک بڵێیت ئەم شارە هەرگیز بەسەر پێیەکانی خۆیەوە نەوەستابێت. سەیری هەر کوێیەکی دەکرد سووتابوو، ڕووی لە هەر کونجێکی دەکرد شوێنی تۆپێک، هاوانێک، ناپاڵمێک بوو.
چەند چەکدارێکی بینی کە بەجووتە لەم کۆڵان بۆ ئەو کۆڵان دەهاتن و دەڕۆیشتن، هەر کەسێکی کە کەمێک نامۆ بوایە، ئەوەی کە بەدڵیان نەبوایە، ئەوەی تۆزقاڵێک شێوەی لە کوردێک بچووبوایە، قۆڵبەستیان دەکرد و ڕاپێچی نێو تڕومبێلە سەربازییەکەی خۆیانیان دەکرد. خۆ ئەوانە دەستی خۆیان لە هیچ کەسێک نەدەپاراست، نە منداڵ، نە پیرەمێرد، نە پیرێژن!
گەیشتە سەری شەقامێک، کۆڵانێکی تا ڕاددەیەک نامۆ، دڵنیا بوو کە لە تەمەنیدا بەم کۆڵانە داڕووخاوەدا گوزەری نەکردووە. سەیرێکی ناوی شەقامەکەی کرد، نووسرابوو (تەهریر جادەسی)، دەیتوانی سوێند بخوات کە لە هەر پەنجا ساڵی تەمەنیدا ئەم ناوەی هەرگیز نەبیستبوو!
جوانتر لە شەقامەکە وردبووەوە، لە دوورەوە کەپرێکی چینکۆی بینی، وەک بڵێیت کە پێی ئاشنا بووبێت، هەنگاو هەنگاو بەرەو لای کەپرەکە چوو، گەیشتە لای پێشانگایەکی گەورەی داڕماو، تژی بوو لە پاشماوەی سەندەڵی و کەرەوێتی سووتاو! جوان جوان لە پێشانگایەکە ورد بووەوە، نووسینگەیەکی بچووکی تێدا بینی.
خۆی لە پشتی مێزە سووتاوەکەوە بینییەوە، وێنەی منداڵە تاقانەکەشی لەپێشی. بیری کەوتەوە، پێشانگاکەی ئەو لە سەرتاسەری شارە جوانەکەیان دەنگی دابووەوە. پێشانگای ئامێدی بۆ مۆبیلیات! خەڵکی لە هەموو شار و گوندەکانی دەوروبەری ئامێدی دەڕژانە نێو پێشانگاکەی! هەر دوو حەفتە بەر لە ئێستا بوو، هەموو ڕۆژان سەر لە بەیانییان هەتا ئێواران لەپشت ئەم مێزەی بەردەمی دادەنیشت، و تامەزرۆی ئەمە بوو کە بگەڕێتەوە ماڵەوە تا تێر تێر جگەرگۆشەکەی لە باوەش بگرێت!
دەبێت ئێستاکە جگەرگۆشەکەی لە کوێ بێت، دەبێت ئێستا لەژێر خاشاکی کام باڵەخانەی داڕماو بێت! ئاخ ئەگەر ئەمجارەش بیبینێتەوە، دەبێت تێر تێر بۆنی بکات، تێر تێر لە ئامێزی بگرێت! هەرگیز جارێکی تر بەجێی ناهێڵێت، ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت.
بەرەبەیانێکی زوو، لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکەی لەگەڵ یەکەم ڕمبەی تۆپ، بەرەو باڵەخانەیەک لە باڵەخانەکانی نێوەندی شار ڕۆیشتن، وەکوو ئەم هەموو خەڵکە خۆیان لە ژێرزەمینێک شاردەوە، بەڵکوو بتوانن لەم بۆڕدومانەی ئەمڕۆش قورتاریان ببێت! «خۆزگە دەستم بشکابوایە و ئەوانم لەوێ جێ نەهێشتبوایە!»
فرمێسکی چاوەکانی سڕییەوە، بەرەو ئاوێنە تێکشکاوەکە ڕۆیشت. سەیرێکی ڕووە ڕووشاوەکەی خۆی کرد، تارمایی هاوسەرەکەی بینی، چاوانی پڕ لە پرسیار، وەک ئەوەی کە بپرسێت ئاخۆ چ تاوانێکی هەبوو! ئاخ ئەگەر تەنها یەک خولەک زووتر بانگی کردبان، ئێستا هەموویان دەربازیان دەبوو! ئای ئەو ژیانە چەند بێبەزەییە، چۆن دەتوانێت دایک و منداڵ، باوک و خێزان لە یەکتری بکات! ئاخ دوژمن چەند دڵڕەقە!
فرمێسکەکانی قوت دایەوە، چاوەکانی خۆی هەڵگوشی. پەیتا پەیتا بەرەو دەرەوە هەنگاوی نا، ئاوڕێکی دواوەی دایەوە، بۆ دواجار سەیرێکی پێشانگایەکەی کرد. هەڵوەستەیەکی کرد، خۆ ئەم دارودیوارەی هەمووی خەڵتانی خوێن بووە! ناوی پێشانگایەکەشی بە خوێنی منداڵێکی کورد، یا جگەرگۆشەیەکی ئامێدی سڕابووەوە، چەند وشەیەکی تورکی نامۆشی لە جێی نووسرابوو!
چەند هەنگاوێکی تریشی هاویشت، گەیشتە سەری کۆڵانی (ئەتاتورک جادەسی)، دوو جەندرمەی سمێڵزلی بینی، بۆنی ئارەقەیان ڕۆژەرێیەک دەڕۆیشت و وەکوو شمشێر هەردوو کونەلووتیان هەڵدەکۆڵی! هەر کە سەرنجی ئەویان دا، بەرەو ڕووی هاتن و شیڕاندیان: «ئەی شەڕەفسز کورتلەر، هەر هەمووتان قڕ دەکەین!»

————–

مانای وشەکان:
• چینکۆ: وەک تەنەکە و ئەلەمنیۆم جۆرە کانزایەکە، کە زۆر جاران کەپر و شتی لێ دروست دەکرێت.
• سەندەڵی: واتە کورسی.
• کەرەوێت: واتە قەنەفە یان سۆفا.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish