Skip to Content

پەیماننامەی لۆزان.. سەد ساڵ دابەشکاریی و بندەستی!.. شەفیقی حاخی خدر

پەیماننامەی لۆزان.. سەد ساڵ دابەشکاریی و بندەستی!.. شەفیقی حاخی خدر

Closed
by ته‌مموز 31, 2023 General, Opinion


لە نزیکبوونەوەی سەدەیەک بەسەر مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزاندا، دیارە قسەیەک، یان باشتر وایە بڵێین ترسێک لەنێو توێژی ڕۆشنبیران، نەخاسمە سیاسییەکان پەیدابووە، گوایە دوای سەد ساڵ لە ڕێککەوتننامەکە مەترسییەکی گەورە بۆ هەڵوەشانەوەی هەیە، کە لەگەڵ خۆیدا لێکەوتەیەکی دژوار بەسەر ناوچەکەدا دێنێ و ئەوەی پێی دەگوترێ میساقیی میللی گەورەی تورکیا ڕێرەوەی بەرەو واقیعبوون وەردەگرێ و بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەنێویشیاندا بە شێوەکەی دەستنیشانکراو، کوردستانی باشوور، یان ویلایەتی موسڵ وەک جارانی بەرێ بکەوێتەوە بن جڵەوی تورکیا. بەمە هاتنەوەی سێبەری شوومی دێوەزمەکە لەئان و ساتدایە!
ئەوەی ڕاستی بێ ئەم گوایەیە بەگوێرەی کۆمەڵێ بەڵگەوبەندی قانوونی و سیاسییدا بێ بنەمایە. بەداخەوە ئەم ترسە وایلێهاتووە دوای ساڵێکی دیکە وا لە تورکیا بکا، ببێتە دێوێک، کوردستان قووت بدا، وەک ئەوەی هەسارەیەکی گەورە یەکێکی لەخۆی بچکۆلەتر هەڵلوشێ.
ئەوەی ڕاستی بێ سەرەتای سەدەی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگ و چارەنووسساز ئاوس بوو، بە شێوەیەک نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەندێ هەرێمی دیکەی جیهانی لە ئەوروپا سەرلەنوێ داڕشتەوە. هەڵبەتە لەنێو ئەو هەموو ڕووداوە گرنگانە، کە تاڕاددەیەک وەک دەرچەیەکی هەژانی نێوخۆیی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەمەشیان زیاتر لە ڕێککەوتننامەی لۆزانەوە بەرجەستە بوو.
بۆ ئەوەی لەم پەیماننامەیە، یان بە جۆرێکی دیکە لەو ڕێککەوتننامەیەی نێوان هێزە براوەکانی دوای جەنگی جیهانی و دوای زنجیرەیەک لە پەیەماننامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و دووقۆڵی هاتنەئارا لە لایەک و ئەو هێزە سەرهەڵدەرەی لەسەر ئەرزی واقیعی تورکیا و لە جێهەواری دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی جیپێی خۆی قایمکرد، کە تورکیای نوێ بوو، یان وەک دەگوترێ تورکیای ئەتاتورکی دامەزرێنەری ڕژێمە نوێیەکە بوو هاتە کایە. هەر بۆیە ئەم پەیماننامەیە زۆر گرنگ بوو، گرنگییەکەشی لە ئەنجام و بەرکەوتەکەیدا بوو، بەوەی مۆرێک بوو بە نێوچاوانی ئەو نەخشە و پلانانەی لە لایەن هێزە ڕکابەراکان لەو سەردەمەدا و لە میانەی جەنگ و پێنج ساڵی دوای جەنگەکەش لە ئارادابوو، سا بەوەی ئامانجیان بەدیهێنابێ یان هەر هەندێکیان بەدیهێنابێ، یاخود بەدیان نەهێنابێ، بەم جۆرە ئافەریدەکردن و داننان بوو بە قەوارە و دۆخی یەکلابووەوەی دوای جەنگ، هەر بۆیەشە ئێستا وا خەریکە تەمەنی ئەم پەیماننامەیە خۆی لە یەک سەدە بدا. بۆ تێگەیشتن لە بایەخی ئەم پرسە مەزنە، کە بێگومان لە خۆڕا و لە کلۆرەدار بەرنەبۆتەوە، بەڵکو پاشاخانی خۆی هەیە، پاشخانەکەشی بە گوێرەی ڕووداو و پێشهاتە خێرا و گرنگەکان هەر لەسەرەتای سەدەوە دەستی پێکردبوو. خۆ ئەگەر وردتر بین، ئەوا هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگری یەکەمین جەنگی جیهانییەوە دەستی پێکرد و بە کۆنگرەی لۆزان کۆتایی پێهات کە ئەو ڕێککەوتننامە پڕ لەمشتومڕ و مقۆمقۆیەی لێکەوتەوە. ئاخر هەر بڕگەی یەکەمی پێشەکیی ڕێککەوتننامەکە و دوای ئەوەی هەردوو لایەنی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە باس دەکا، کە هەریەکە لە دەوڵەتەکانی بریتانی، فرەنسی، ئیتالی، ژاپۆن، گریک، ڕۆمانیا و سرب و کروات و سلۆڤانیا بوو لە لایەک و لە لایەکەی دیکە تورکیا بە تەنیا… هەر لەوێ ڕێککەوتننامەکە دەق دەڵی: “لەسەرەکەی دیکەوە تورکیایە؛ کە یەکانگیر بووە و هیواش وەهایە دوا چارەسەری دۆخی جەنگیی بێ کە لە ١٩١٤ەوە لە ڕۆژهەڵات بەرپابووە.” لێرەدا زەقوزۆپ دوو لای ڕێککەوتننامەکە بە نوێنەرایەتی دەوڵەتەکانیانەوە کراوە، کە پیشتر لە ڕێککەوتننامەکانی پێشتر بەتایبەتیش سیڤەر، کە دواتر وردتر باسی دێت، ئەم دۆخە نەبووە، هەم تورکیا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری یەکانگیر نەبووە، هەم گەلی بێدەوڵتیش وەک قەوارەیەکی نافەرمی نادەوڵەتییانە بەشداربوونە و ڕۆڵیان تێدا هەبووە و باسیان کراوە، ئەرمەن و کورد دوو نموونە بوون، هەرچەندە لەبارەی کوردەوە نوێنەرایەتییەکە نەگەیشتبووە ئەو ئاستە دانپێدانان و فەرمییەی ئەرمەنەکان هەیانبوو.
بەڵێ چارەسەرییەکە وەها کەوتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ وەهای لێهات؟ باشە سەرەنجام و چارەنووسی ئەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتی و دووقۆڵییانەی کاتی جەنگەکە و دوای جەنگەکە بەچی گەیشتن.
یەکەمین جەنگی جیهانی کە بە جەنگە مەزنەکە ناسراو بوو لە ئاخروئۆخری تەمموزی ١٩١٤دا لە نێوان هێزەناوە (ئاڵمان، نەمسا و مەجەر، بولگاریا و دەوڵەتی عومانی) هێزی هاوپەیمان (بریتانیا، فرەنسا، ڕوسیا، ئیتالیا، ڕۆمانیا، کەنەدا، ژاپۆن و بە درەنگەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) هەڵگیرسا. لەبەر ئەوەی پێشتر هێزی ئیستعماری بریتانیا هیندستان و کەنداو و خوارووی ئێران و میسری داگیر کردبوو، فرەنسا لە ئەفریقا و ئیتالیاش لە باکوری ئەفریقا، ئیدی لەگەڵ جەنگەکەدا چاویان لە ناوچە و هەرێمی زیاتر بڕیبوو، لەسەرووی هەمووشیان بریاتا و فرەنسا و ڕوسیا چاویان بڕیبووە ئەو خاکانەی کەوتبوونە ژێرە قەڵەمڕەیی دەوڵەتی عوسمانی. ئاخر لەمێژ بوو بریتانیا بە نیازی ئاسایشپارێزی ڕێگای گەیشتن بە هیندستان نەخشەو پلانی ڕاکێشا، دواتریش لەگەڵ دەرکەوتنی بەهای شلەی نەوت بۆ کەشتیگەلەکەیان و لەسەر ڕاسپاردەی ئەدمیرالییان، چاویان لە کانە نەوتەکان بڕی، ئەوەی دەکەوتە سەر ڕێگای گەیشتنیان بۆ هیندستان، کە پارێزگا باشوورییەکانی ئێران و کەنداو و کانە نەوتییەکانی میزۆپۆتامیا (ویلایەتی موسڵ) بوون.
جەنگ بە شێوەیەکی گشتی لە دوو بەرەوە گەرم بوو، بەرەی ئەوروپا و بەرەی ڕۆژهەڵات (واتە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوین). بەرەی یەکەمیان ڕاستەخۆ هێزەکانی هاوپەیمان ڕووبەڕووی ئاڵمان و هاوپەیمانەکانی بوونەوە، لەوێ قورسایی جەنگەکە زیاتر لەسەر شانی فرەنسییەکان بوو، هەڵبەتە باری جیۆسیاسییەکە تێوەگلانەکەی ڕوونتر دەکردەوە، هەر ئەمەش بوو کاری کردە سەرچنینەوەی بەروبوومی شەڕەکە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، بەوەی فرەنسا لەبەر بەرەی ڕۆژهەڵاتی خۆی نەیتوانیبوو وەک پێویست بەشداری لە شەڕەکانی ڕۆژهەلاتی ناوین لە دژی عوسمانیەکان بکا، بەم پێیە دەستکەوتەکانی لەچاو بریتانییاوە کەمتر بوون، وەک دواتر لە هەموارکردنەوەی و دەستکاریکردنی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆوە دەرکەوت. هەرچی بەرەی ڕۆژهەڵات بوو واتە بەرەی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، قورسایی شەڕەکە زیاتر لەسەر شانی هێزە سەربازییەکانی بریتانی و ڕوسەکان بوو. لێکەوتەشی لەسەر ڕێککەوتننامەکان هەبوو.
دوای ساڵێک لە جەنگەکە، سەرەداوی بەزین و شکستی بەرەی ئاڵمانی و عوسمانی بەدەرکەوت، بەتایبەتیش عوسمانییەکان، چونکە زۆری نەخایاند لەماوەی سێ ساڵی یەکەمی جەنگەکەدا بریتانیا و ڕوسیا دەستیان بەسەر زۆرینەی ناوچەکانی باکووری ئێران و عەڕەبستان و شام و عێراق و بەشێکی زۆری باشووری تورکیای ئێستادا داگرت. چاوتێبڕینی بریتانیا بەوەدا زۆر بەدەرکەوت، لەدوای ئاگربەستی مۆدرێس و کۆتاییهاتنی جەنگیشەوە کەچی لەشکرکێشییەکەی نەوەستا تا تەواوی ویلایەتی موسڵی لە بەشی باکووری مۆزۆپۆتامیادا داگیرکرد، هەرچەندە بیانوویەکی دەستبەسەرداگرتنی شوێنە ستراتیژی سەربازی بوو، بەڵام دیاربوو مەرامی دیکەش بۆ کردەوەکە پێشنۆرە بوون.
هەر زوو هێزە داگیرکەرەکان چ لەنێو خۆیان چ لەگەڵ ئەو نەتەوانەی دەستیان بەسەر خاکەکەیاندا گرت کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێککەوتننامە بۆ حاڵەتی دوای جەنگ ڕێک بخەن. تەداروکی ئەم ڕێککەوتننامانە بەسەر دوو جۆر دابەش دەبن:
یەکەمیان هێزە داگیرکەکەرەکان لەنێوخۆیاندا کەوتنە ڕاوێژ و گفتوگۆ و ڕێککەوتن، کە لە ئەنجامدا کار گەیشتە کۆنگرەی لۆزان، ڕێککەوتننامەکەی سایکس-پیکۆ، سانڕیمۆ، ڕێککەوتننامەی لویدجۆرج-کلیمەنسۆ، کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس و سیڤەر ڕێکخران و مۆرکران.
دوومیشیان: بریتانیا بەوپەڕی گورجوگۆڵی لە هەوڵوتەقەلای خۆیدا بوو تا لەگەڵ نەتەوە باڵادەستەکانی ئەو خاکانەی دەستی بەسەرداگرتن یان بەنیازبوو دەستیان بەسەردابگرێ و پێشتر کەوتبوونە بن ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵیان ڕێک بکەوێ و ڕەوشێک بۆ دوای قۆناغی جەنگ بهێنێتە کایە. خۆ ئەگەر ئەم تەداروکە بەگوێرەی قانونی نێودەوڵەتی نەچووبێتە بن باری و ناسنامەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، چونکە لایەکیان قەوارەی سیاسی دەوڵەتی نەبووە، بەڵام هەرچۆنێک بە ڕێککەوتننامەی دووقۆڵی ناسراون، یان هەر هیچ نەبێ بەڵێنی بەڵگەنامەیی زلهێزێکی وەک بریتانیا. نموونەی هەرە زەقیش بریاتانی و عەرەب، دەقاودەقتر نامە و نامەگۆڕینەوەی مەکماهون-حوسێن بوو؛ واتە ئەوەی لەنێوان کۆمسیاری باڵای بریتانیا لە میسر و حوسێنی کوڕی عەلی شەریفی مەککە لە حیجاز بەسترا. دواتر ئەو لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ کوڕەکانی ئەودا کرا، بەتایبەتیش لەگەڵ فەیسەڵ و عەبدولڵا. هەروەها لەسەرەتاوە هەوڵێکی لەیەکتێگەیشتنیش لەنێوان هێزی بریتانی و کورد (شێخ مەحمود) هەبوو، لێ بەداخەوە درێژەی نەکێشا و سەرینەگرت. بەدەر لەمە بریتانیا بەڵێنی بە زایۆنیزمە جووەکانیش دا نیشتمانێکی نەتەوەییان بۆ لە فەڵەستین دابمەزرێنێ، ئەوەی بە بەڵێنی بلفۆر یان بە جاڕنامەی بلفۆر ناسرا.
لێرەدا مادام باس لە نامە و بەڵێنی بریتانیا بۆ عەرەب کرا و ئاماژەش بۆ شێخ مەحمود کرا، هەقە ئەم پرسە زیاتر تاوتوێ بکرێ. زۆر جار دەگوترێ، بەڵێ بریتانییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە هیچ شتێک بۆ کورد نەکەن وەک ئەوەی بۆ عەرەبیان کرد، ئەدی ئەوە نەبوو دوو دەوڵەتیان بۆ کوڕانی حوسێن دروستکرد، کەچی دژی شێخ مەحمود وەستانەوە و برینداریان کرد و دواتر بە برینداری گرتیان و زیندان و پاشان تاراوگە و دواتر لێبوردن و هێنانەوە… بە کورتی ئەم نێوانەی ئینگلیز و شێخ مەحمود هیچی لێ شین نەبووەوە. هەرچەندە ئەوە ڕاستە کە هەویری ئەم باسە ئاو زۆر هەڵدەگرێ و هەر بە حوکمدانیکی سەرپێی ناکرێ و هەقیش نییە هەستوسۆز ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا ببینێرێ. هەقە وردتر بە چاویلکەی سەردەم و بەرژەوەندییەکانی ئەوکات لێی بڕوانیین.
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەدوای هەڵوێزنینی سەرداوەکاندا بڕۆین. ئیدی لە دووتوێی ڕوداوەکان و ڕێکەوتننامە ئاشکرا و نهێنییەکان و لێکەوتەی دوای جەنگ، ڕاستییەکان بە شێوەیەکی دیکە بۆ کەسی توێژەر دێنە گۆڕێ. جێگەی خۆیەتی بەدوایداند بچین.
جارێ لە پێشەوە دەبێ ئەوە بگوترێ ئەوەی بۆ عەرەب، نەخاسمە ئەوەی بۆ ماڵباتی حوسێنی کوڕی عەلیی شەریفی مەکە کرا، هەر لە خۆڕا و خەڵاتێک نەبوو بریتانیا لە بەر ڕەشیی چاوی عەرەب پێیانی بەخشیبێ، بەڵکو راستییە مێژووییەکان سەلماندوویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان پاداشتێک بوو لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەوان بۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی بریتانیای مەزنیان کرد، چۆن؟
کاتێک بریتانیا زۆر حەوجەی ئەوە بوو ڕێگای سرتاتیژی خۆی لە میسر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هیندستان بە ئاسایشپارێزی لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە، کاتێکیش جەنگەکە هەڵگیرسا، تا گەورەی زاڵ لەناوچەکەدا، کە بایدابووە لای ئاڵمان و چووبووە نێو هاوپەیمانێتییەکەی، دەوڵەتی عوسمانی بوو، دەبووایە بریتانیا لە دژی عوسمانییەکان بجەنگێ. بریتانیا تا ڕاددەیەک لەو جەنگە و لە لای باکوور و ڕۆژئاوای دەوڵەتی عوسمانییەوە بەتەنیا بوو، چونکە فرسا زیاتر بەبەرەی ڕۆژهەلاتی خۆی بە ئاڵمانەوە سەرقاڵ بوو، ئیدی بریتانیا خواخوای بوو هاوپەیمانێکی بۆ پەیدا ببێ، ئەگەر ناویخۆیش بێ باشتر تا بتوانێ بەهۆیەوە لە بەرانبەر هێزی عوسمانییدا بوەستێتەوە و یان هەرهیچ نەبێ بەربەستێکی بۆ دروست بکا. بۆ ئەم کارەش بەحوکمی ئەوەی حوسێنی کوڕی عەلی لە حیجاز پێگەیەکی دیینی و خێڵەکی لە حیجازدا هەبوو، هێزێکیشی لە بەدەوییکان (بدون)دا هەبوو، باشترین داردەست بوو کە بریتانیا پەنای بۆ ببا، یان هەرهیچ نەبێ هەوڵێکی بۆ بدا. ئەوە بوو ماکماهونی کۆمسیاری باڵای بریتانیا لە میسر پەیوەندی پێوە بەست و ولە مێژوووشدا بە نامە و نامەگۆڕینەوەکانی ماکماهون-حوسێن ناوبانگی دەرکرد. هەر ئەویش بوو کەسێکی وەک لۆرانسی بۆ نارد، سەرەتا بۆ هەواڵگریی و پاشان وەها کەوتەوە کە لۆرانس توانی بچێتە دڵی عەرەبەوە و لە ناوەڕساتی بیابانەوە بە هاوکاری هێزی بەدووەکانی شەریف حوسێن تەنگ بە عوسمانییەکان هەڵبچنێ.
لێرەدا هەقە ئاماژە بە ڕاستییەکی زۆر جەوهەری بدەین؛ شەریف حوسێن لە بەرەنگاربوونەوەی لە بەرانبەر عوسمانییەکانادا هەیبوو، هیچ ئەمیر و سالارێکی جەنگی دیکەی نەتەوە خۆجێیەکانی ژێر قەڵەمڕەویی عوسمانی نەیبوو، ئەویش لایەنە ئۆلدارییەکەی بوو. لەگەڵ هەلگیرسانی جەنگدا بابولعالی عوسمانی وەک دابی خۆی و بۆ ئەوەی خەڵکی بن قەڵەمڕەوییەکەی خۆی لەدژی هاوپەیمانان کۆ بکاتەوە و بیانکاتە سووتەمەنی شەڕەکانی، جاڕی جیهاد و جەنگیی پیرۆزی دا، ئەم جاڕدانەشی تاڕاددەیەک لەنێو گەلە دواکەوتووەکان بۆ چووەسەر لەنێویشیاندا کورد. لە بەرانبەردا ئینگلیز بەدوای شتێک، بەدوای کەسێکدا دەگەڕا کە ئەو تەلیسمە پیرۆزیەی خەلیفەی عوسمانی پووچەڵ بکاتەوە و بەڕەی ڕەوایەتی دینییانەی لەبن پێ دەربکێشێ. هەڵبەتە ئەوەی ملی دایەبەر و بەڕاستیش هاتە مەیدان شەریف حوسێن مەزنی مەککە بوو، بەوەی ئەو هەم دەسەڵاتێکی دنیایی هەبوو، واتە حوکـمڕانی ئەوێ بوو، هەم عەرەب و لە نێو عەرەبیشدا بە شەجەرەی بنەماڵەیی دەگەڕایەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام و خۆی بە قوڕەیشی دادەنا. بەم جۆرە ئەو ڕەوایەتییە ئۆلییەی ئەو هەیبوو، تەنانەت هیچ کامێک لە خەلیفەکانی عوسمانییش نەیانبوو. لەوەش هەر گەڕێ دەسەڵاتی شەریف حوسێن بەسەر مەککە و مەدینەدا دەڕۆیشت، کە بۆ سەرتاپای موسڵمانانی جیهان چەند پیرۆزە بوو، ئاخر ڕووگەی حەجیی ساڵانەیان بوو. بەم جۆرە بە کێشکردنی بریتانیا عەرەب و لەنێویشیاندا شەریفەکانیان بۆ لای خۆیان، پەیامێکیان نەوەک هەر بۆ عەرەب و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکو بۆ سەرجەم موسڵمانانی دونیادا نارد، کەوا ئەوەی عوسمانییەکان جاڕیانداوە ڕاست نییە، جەنگەکە جەنگێکی دینیی خاچپەرستانە نییە.
خاڵێکی دیکەش، کە جەوهەری و کردەیی بوو بۆ هێزی شەریف حوسێن، دیارە بە یارمەتی بریتانیا، لە ڕێی ماکماهون و لۆرانسەوە توانرا لە ١٩١٦دا لە نیمچە دوورگەی عەرەب و دواتریش پریشکەکەی بۆ شام و عێراقیش پەڕیەوە، جوڵانەوەیەک سیاسی و ڕاپەڕینێك لەدژی عوسمانییەکان سەرپێ بخەن، کە لە مێژوودا بە شۆڕشی گەورەی عەرەب ناوی دەرکرد، بەهۆیەوە توانیان حیجاز و پاشان نیمچەدوورگەی عەرەب لە تورک پاک بکەنەوە، پاشان بەرەو باکوور هەڵکشان تا ئوردن و شام، هەڵبەتە لەوێ بە پاڵپشتی لەشکری بریتانییەوە بوو، توانییان لەم بەرەوپێشچوونەیاندا دیمەشقیش بگرن، بێگومان فەیسەڵی کوڕی حوسێن لەم ڕووداوانەدا ڕۆڵێکی هەرە چارەنووسسازی هەبوو. ئیدی سەرەتا وەک لە بەڵێنی نامەگۆڕینەوەکانی ماکماهون-حوسێن تۆمارکرابوو، دەبووایە دەوڵەتێکی پانوپۆڕی عەرەب هەر لە نیمچەدوورگەی عەرەب تا شام و عێراق و ئوردن و فەڵەستین بگرێتەوە و بە دەوڵەتی گەورەی عەرەب دابنرێ، کەچی بریتانییەکان بەڵێنەکەیان نەهێنایە دی، تەنانەت دوای ئەوەی بە لەشکری فەیسەل شام لە تورکەکان ڕزگار کرا و بۆ ماوەیەکی کورت وەک پاشای عەرەب لەوێ دانرا، لێ دواتر بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکەی سایکس-پیکۆ، کە سەرەتا نهێنێ بوو، پاشان لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی بەلشەفیکەکان و کشانەوەی ڕوسیا لە هەموو پێگەی سەرەتا و ناوەڕاستی جەنگی یەکەم، ئاشکرا کرا، دەبووایە بدرێتە فرەنسییەکان، ئەوەبوو فەیسەڵ و دەسەڵاتی عەرەب لەوێ دەرکرا و ڕاونران، دواتر لەپاڵ حیجاز دوو شانشینی دیکەیان لە ئوردن و عێراق بۆ دروست کردن هەریەک لە عەبدولڵا و فەیسەڵ لە کوڕانی حوسێنیان کردە پاشایان، پاشان ئاستی ڕووداوەکانی حیجازیش بە شێوەک تەشەنەی سەند، ئەوەبوو ماڵباتی ئالی سعود دەسەڵاتی حیجازیان کەوتەوە بەردەست و حوسێنی کوڕی عەلی لەوێ ڕاونرا.
سەربردەیەکی خۆش و واتادار لە فەیسەڵ و چەرچل دەگێڕنەوە. دوای دەرکردنی فەیسەڵ لە شام، دیارە دەچێتە لەندەن و چەرچڵ دەبینێ، چەرچڵ ئەوکات وەزیری کۆلۆنەکان(موستەعمەرات) دەبێ. بەیەک دوو هەفتە بەر لە کۆنگرەی قاهیرەی ئازاری ١٩٢١فەیسەل بە جلێکی ناپیشچاو دەچێتە لای چەرچل، بەپێچەوانەی دابی خۆی هەمیشە بە جلی پۆشتەو پەرداخی خێڵەکییانەی خۆی بینراوە، چەرچل لێی دەپرسێ ئەدی کوا جلە کەشخەکانت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ هیچی نەما، نەجل ما نە حاڵ، چەرچلیش دڵی دەداتەوە پێیدەڵی، خەم مەخۆ عەبایەکی زۆر کەشخەترمان بۆ داناوی. زۆری پێناچێ کۆنگرەی قاهیرە بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لە هەردوو ویلایەتی بەسرا و بەغدا و پاشان موسل دەدا و فەیسەلیش دەکەنە پاشا بەسەرییەوە.
لێرەدا پرسیارێک زۆر بەجدیی دێتە پێشەوە، تۆبڵێی ئەوەی بۆ شازادەی عەرەب هەڵکەوت، بۆ شازادەیەکی کورد هەڵدەکەوت؟ یان با بەشێوەیەکی دیکە بیربکەینەوە، ئایا میرێک یان دەستڕۆیشتووێیکی کورد ئەو هێزەی هەبوو و بەرەنگاری تورکەکان ببێتەوە، یان لەوە تێدەگەیشت کە خۆری تورکان ئاوابووە و ئیدی هەقە پشتیان تێبکا؟ ڕاستە سەرەتا نێوانی ئینگلیز و شێخ مەحمود هیوایەکی وەهای لێ چاوەڕوان دەکرا، بەڵام زۆری نەخایاند فیتی حەڕامزادەیی ئۆزدەمیری تورک(شەفیق عەلی) لە ڕواندز بەسەر شێخ مەحمود و ناوچەکە چ ئاژاوەیەکی نایەوە و چۆن هەموو شتێکی دژ بە تورک لەبار برد.
ئەوەی ڕاستی بێ کاتی خۆی کە مارک سایکسی گەڕیدە و دیپلۆماتی ئینگلیز بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتەکەی لە وەڵامی ڕاوێژێکدا هێڵێک لەسەر لم لە حەیفاوە بە نێو بیابان بەرەو ڕۆژهەڵات دەکێشێ تا دەگاتە کەرکوک، دەبێتە بنەمای ڕێکەوتنە پڕ لە مقۆمقۆکەی ڕێککەوتنی دووقۆڵێ نێوان بریتانیا و فرەنسا کە بە ڕێککەوتنی سایکس- پیکۆ دەناسرێ، بەوەی سەرخەتەکە بۆ فرەنسا و بنخەتیش بۆ بریتانیا. ئەم ڕێککەوتنە بۆ دابەشکردنی میراتی پیاوە نەخۆش و دۆڕاوەکەی عوسمانی بوو لە جەنگی یەکەمدا. هەڵبەتە لە سەرەتادا ڕووسیاش بەشدار بوو بەڵام دوای شۆڕشی بەلشەفییەکان لێیان هەڵگەڕایەوە، ئیدی ڕێککەوتننامەکە لە نهێنییەوە بووە ئاشکرا. ئەم ڕێککەوتنەی بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەر لە ئێران خەتخەت دا و بووە دایکی هەموو ڕێکەوتننامەکانی دیکە. هەڵبەتە سانریمۆ و کۆنگرەی ئاشتی و سیڤەری بەدواداهاتن تا کار گەیشتە دروستکردنەوەی تورکیا لە پەیماننامەی لۆزان.
وەنەبێ ئەم ڕێککەوتننامایەی سایکس-پیکۆ وەک خۆی جێبەجێکرابێ، چونکە هەر زوو بریتانیا کەوتە تانەدان لە ڕێککەوتننامەکە و تێکۆشا خۆی لە جێبەجێکردنەکەیدا بدزێتەوە، هەرهیچ نەبێ هەمواری بکاتەوە و دەستکاری ناوچەی هێڵە ڕەنگینەکانی بکا. ئاخر بریتانیا چاوی لە دوو شوێن بڕیبوو کە بەلای ئەوەوە زۆر گرنگ بوون، یەکەمیان فەڵەستین و دووەمیشیان ویلایەتی موسڵ، کە بەگوێرەی ڕەشنووسی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە بوایە، ئەوانە دەکەوتنە سەر ناوچەی فرەنسا.
لە میانەی جەنگە، هەندێ ڕووداو هاتنە پێشەوە کە رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی بریتانیا دەنگی دلێرتربێ لە فرەنسا و بەهۆیەوە ڕێککەوتننامەکە بەتەواوی دەستکاری بکا. یەکەمینیان هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەلشەفیکەکان بوو، دواتر هێشتا جەنگ تەواو نەبووبوو ئەوان لە هەموو ڕێککەوتننامە ئاشکرا و نهێنییەکان کشانەوە، هەر ئەوانیش بوون ڕێککەوتننامەی سایک- پیکۆیان ئاشکرا کرد، بەمە مەیدانێکی پانوپۆڕتر بۆ بریتانیا مایەوە. دووهەمیشتیان سەرهەڵدانی جمووجۆڵی ئەتاتورک و هەڵگەڕانەوەی بوو لە خەلافەتی ئیستەنبول و دابەشکارییەکەی هاوپەیمانان، بەتایبەتیش دابەشکارییەکەی سایکس-پیکۆ و پاشان سیڤەر. دۆخەکە وا کەوتەوە بریتانیا خواخوای بوو دەوڵتێک وەک ناوچەیەکی دابڕ بکەوێتە نێوان هێزە و بەرژەوەندیی ناوچەکانیی خۆی لەگەڵ حوکمی بەلشەفیکەکانی ڕوسیا، لەسەرێکی دیکەشەوە ململانێی لەگەڵ فرەنسا لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زەمینەکەی لەباری وەهای بۆ ئەتاتورک ڕەخساند، کە هەر سێ دەوڵەتە ڕکابەرەکان گرەو لەسەر دەسەڵاتی و ئاسایشپارێزی ئەو بکەن. ئەویش پێشهاتەکانی بە باشی قۆستنەوە و لە کۆنگرەی لۆزاندا و لەڕیی عیسمەت ئینۆنۆی نوێنەری لە ڕێککەوتنامەکەدا بەرجەستەی کرد، بەمە فەرمانبەردارییەک لای هێزە هاوپەیمانەکانی براوەی جەنگی یەکەم دروستبوو، کە دان بە سنوورە نوێیەکەی دەوڵەتە تورکییەکەی ئەتاتورکدا بنێن، لە بەرانبەر هەندێ سازشی ئەو بۆ بریتانیا و فرەنسا. سازشەکەش وەک لە مادەی نۆیەومی لۆزاندا دەرکەوت، ویلایەتی موسڵ بوو.
ئەم ڕێککوتننامەیە لەسەر چەند پێگەیەکی جەوهەری بەند بوو کە ئەمانەن:
١- لایەکی پەیماننامەکە هەموو وڵاتە براوەکانی هاوپەیمان بوون، تایەکەی دیکە تورکیا.
٢- سەقامگیری ئاشتی لەنێوان تورکیا و وڵاتانی هاوپەیمان.
٣- دیارکردنی سنووری تورکیای نوێ.
٤- جاڕدانی لێخۆشبوون لە تاوانبارانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لەو تاوانانەی پەیوەستبوون بە ڕووداوی سیاسی لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٤ تا ١٩٢٢. واتە بەدوادانەچون لە دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئەرمەن و گریک و ئاشوورییەکان. لێرەدا ئەم پرسە ناکۆکە لەگەڵ وردەکاری تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەک جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی. ئەم خاڵە نهێنی ئەو ڕەتکردنەوەیە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورک دەگەیەنن، بەوەی دان بە جینۆسایدکردنی ئەرمەن و کورد و گەلانی دیکەی ئەنادۆڵ و ناوچەکەدا ناهێنن.
٥- ئەم پەیماننامەیە بەهیچ شێوەیەک ناوی کوردی نەهێناوە، لەکاتێکدا سێ ساڵ پێشتر و لە ڕێکەوتننامەی سیڤەردا بەندێک بەناوی کوردستان هەبوو کە لە ماددەکانی ٦١ و٦٢ و ٦٣ پێکهاتبوو.
٦- لەبارەی ویلایەتی موسڵ لەماددەی سێدا هەر ئەوەندە هاتبوو؛ لەماوەی نۆ مانگدا ئەو کێشەیەیە یەکلا بکرێتەوە، ئەگەرنا پەناببرێتە بەر کۆمەڵەی گەلان، کە هەر واش کرا. لێرە شتێک دەردەکەوێ، ئەگەر هاتوو سنووری تورکیا بەو پەیمانە دیارکرابێ، سنووری عێراقیش بە لەیەکدانی هەردوو ولایەتی بەسرا و بەغدا بە خواستی بریتانیا لە کۆنگرەی قاهیرەی ١٩٢١ دەستنیشانکرابێ، ئەوا پێوەلکاندنی ولایەتی موسڵ بە شێوەیەکی زۆر جیاوازتر بووە، بە پێواژۆیەکی ئاڵۆز تێپەڕیوە، کە دوو قۆناغی بڕیوە، بەوەی لێکەوتەی قانونی تایبەتمەندانەی خۆی هەیە، یەکەمیان بڕیاڕ و ڕاسپاردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەوکات کە کۆمەڵەی گەلان بوو، ئینجا ڕاپرسی خەڵکی ولایەیەتەکە. سەرەنجام سنووری هەردوو دەوڵەتەکە لەساڵی ١٩٢٦ بە فەرمی ناسراو بە خەتی برۆکسل بەناوبانگە، بێگومان لە پەرلەمانی هەر دوو دەوڵەتیش وێڕای بریتانییەکان پەسەند کرا. ئەمەو سەرباری دانەوەی قەرز و قەرەبووکردنەوە بە نەوت، واتە فرۆشتنی خاکەکە لە لایەن تورکیاوە.
ئیدی ئەم پێواژۆیە دوو تاییە هەم لە تورکیای جیادەکاتەوە هەروەها لە ڕەوشی دوو ویلایەتە دیکەی بەسرا و بەغداشی بۆ دروستکردنی عێراقیش. هەر ئەم بنەما پێکهێنەرەش دەکرێ بۆ هەر بارێکی ئایندەیی ڕۆڵی خۆی ببینێ، واتە بڕیار و ڕاسپاردەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاپرسییەکی میللی.
لێرەدا دوو خاڵ زۆر جەوهەرین، کاتێک ئەو گریمانە خەیاڵپڵاوییە دێتە گۆڕێ، ئەگەر پەیماننامەکە هەڵبووەشێتەوە چی دەبێ؟ ئایا خەیاڵی شاعیرانەی پاوانخوازی میساقی میللی گەورەی تۆرانی دێتە دی، یان گەڕانەوەی ڕەوشەکەیە بۆ پێش پەیماننامەکە. کە ئەویش ڕەوشی تورکیایەکی بچووکی شڵۆقی بێ هەیبەتی سەردەمی سیڤەر تا پەیماننامەکەی لۆزان، ئینجا لاکەوتنی ئەو پارێزبەندییە لەسەر دەوڵەتی تورک بۆ سزادانی لە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەن و گریک و ئاشوری.
خاڵێکی دیکەی جەوهەری چەمکی سەروەریی دەوڵەتە کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە جۆرێک لە پیرۆزێتی سیاسی وەرگرت، بەداخەوە هەندێک لە سیاسەتوانانی شۆڕشی کورد باش لێی حاڵی نەبوون، هەر بۆیەش ئۆباڵی بەشێکی زۆری سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی کورد بەتایبەتی بۆ پرسی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لۆژیکی هێز لە هەندێ لە جەمسەرەکانی مێژوودا گرەوی بۆ خۆی بردووەتەوە.

———————–

سەرچاوەکان:
١- دەقی بەڵگەنامەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر، بە زمانی ئینگلیزی.
٢- دەقی بەڵگەنامەی ڕێککەوتنناەی لۆزان، بە زمانی ئینگلیزی.
٣- دەقی بەڵگەنامەی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ، بە زمانی ئینگلیزی.
٤- کوردستان لەنێوان سیڤەر و سنوورە دەستکردەکاندا، نووسینی: هیسەر لهێر واگنەر، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە؛ شەفیقی حاجی خدر، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی هەولێر ٢٠١٣، چاپی دووەم ئاوێر ٢٠١٥.
٥- هێڵێک بەنێو لمدا، جیمس بار، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، دەزگای جەمال عیرفان ٢٠٢٢
٦- بەرژەوەندییەکانی بریتانیا و دابرینی موسڵ، دارت بروکس ریسلی دووەم، وەگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، چاپخانەی ڕۆژڵات/ هەولێر ٢٠٢٣

mm

شەفیقی حاجی خدر لە 1968 لە گوندی (گرتک) لە دۆڵی ڕۆستێی دەڤەری باڵەکایەتی لەدایکبووە. لە 1988 بەکالۆریۆسی لە قانوون، لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە. لە 1997 ەوە تا 2012 ئاوارەی ئەورووپا، (هۆڵەندا و بەریتانیا) بووە.

Previous
Next
Kurdish