
شەڕی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێ بوەستێ.. بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (١٣)ی حوزەیرانی (٢٠٢٥) بە چەند هێرشێکی ئاسمانی یەک لە دوای یەک، شوێنە سەربازیـیەکان و دامەزراوەکانی پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیان کردە ئامانج، لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە.
ئەم هێرشانە، فەرماندە سەربازیـیەکان و فەرماندە باڵاکانی “سوپای پاسدارانی شۆڕش”ی ئیسلامیشیان کردە ئامانج و چەندین کەسیان لێ کوژران، لەگەڵ کوشتنی چەندین زانای ئەتۆمی و دەیان کەسی مەدەنی، وە بریندار بوونی سەدان کەسی تریش. لە وەڵامدا، هێزەکانی ڕژێمی ئێران چەند شار و پێگەی سەربازیـیان لەناو ئیسرائیلدا بۆردومان کرد.
ئاڵوگۆڕی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی نێوان ئەم دوو ڕژێمە بۆ سەر شوێنە سەربازی و مەدەنیـیەکان تائێستاش هەر بەردەوامە، وە ئەمەش کارەساتی فەراهەمهێناوە بۆ دانیشتوانی ئێران و ناوچەکە، و هەڕەشەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی هەرێمیشی هێناوەتە ئاراوە کە زلهێزەکانی دیکەش تیایدا بەشداربن.
بەم شێوەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر بۆتە گۆڕەپانێک بۆ شەڕە تاوانکاریـیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەردەوامە، وە جارێکی تر جەماوەری ناوچەکە بۆ کاتێکی نەزانراو ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیار و کارەساتبار بوونەتەوە لەسەر دەستی ئەم دوو دەوڵەتە ئیمپریالیست و تیرۆریستە و شەڕی ئێستایان لەدژی ڕژێمی ئیستیبدادی و تیرۆریستی فەرمانڕەوای ئیسلامی ئێران.
“جەنگ بەردەوامی سیاسەتە بە ئامڕازێکی تر”، ئەم تێڕوانـیـنە زانستیـیەی کە کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان لە هەڵسەنگاندنی شەڕەکاندا پەیڕەوی لێ دەکەن، بە هەموو هێزی خۆیەوە ڕێک دێتەوە لەگەڵ شەڕی ئێستای ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم شەڕەی ئێستا پەیوەندیـیەکی توندوتۆڵی هەیە بە سیاسەت و ستراتیژی بۆرژوا ئیمپریالیستی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوایانەوە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆ سی و پێنج ساڵە درێژەی هەیە. ئەم ستراتیژە لە ڕێگەی شەڕی (١٩٩١) بۆ سەر عێراق و گەمارۆدانی ئابووری بۆ ماوەی (١٣) ساڵ و داگیرکردنی ئەم وڵاتە لە ساڵی (٢٠٠٣)دا، جێبەجێکراوە، وە بووە هۆی دامەزراندنی ڕژێمێکی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی لە عێڕاقدا.
ئەم شەڕەی ئێستاش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە دیاریکراوی درێژکراوەی سیاسەت و ستراتیژی ئیسرائیل و ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە فراوانخوازیـیەکانی ئیسرائیل بۆ بنیاتنانی “ئیسرائیلی گەورە”، وە بۆ “سیستمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بە گوێرەی بەرژەوەندیـیە جیۆپۆلەتیکیـیەکانیان لە داگیرکردن و کۆیلەکردنی جەماوەری ناوچەکە.
ئەم سیاسەت و ستراتیژەی کە نوقمی تاوانکاریە، وە لە لایەن بۆرژوا ئیمپریالیست و تاقمە فەرمانڕەواکانی لە ئیسرائیل و ئەمریکا پەیڕەوی دەکرێت، شتێکی نەهێناوەتە ئاراوە جگە لە داڕووخانی ئابووری و نەهامەتی و وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنی کۆمەڵگا لە عێراق و وڵاتانی تری ناوچەکە، وە شتێکی نەهێناوەتە ئاراوە جگە لە داسەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی بەسەر ئەم وڵاتانە و ڕادەستکردنی چارەنووسی جەماوەرەکانیان بۆ ژێر دەستی کۆنەپەرستـترین و گەندەڵـترین و سەرکوتگەرترین هێزی بۆرژوا ئایینی و ناسیونالیستی و تائیفیی؛ ئەو هێزانەی کە سەرکوتی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازەکان دەکەن، ژنان کۆیلە دەکەن، گەنجان سەرکوت دەکەن و ئازادی و ئاواتەکانیان بۆ ژیانێکی باشتر دەخنکێنن.
مانای کرداری ئەم سیاسەتەی لە پشت هێرشەکانی ئێستای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەستاوە، هەموو ڕۆژێک لە لایەن جیهانەوە، لە جینۆ سایدکردن لە کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژیـیە بەردەوامەکانی کەنارەی ڕۆژئاوا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت، وە لە لکاندنی زۆرەملێی بەشێک لە فەلەستین و لوبنان و سوریا بە ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی تیرۆریستانی جۆراوجۆری ئیسلامی لە ناوخۆی سوریا و لە هەر شوێنێک کە بەرژەوەندیـیەکانیان پێویستی پێ بێت دەبینرێت، ئەمە و مانای کرداری ئەم سیاسەتە لە ڕێگریکردنی بەدەستهێنانی سەرەتایـیترین مافە سیاسی و مەدەنیـیەکانی فەلەستینیـیەکانیش بۆتە جێگە سەرنجی هەموو جیهان.
دانوسانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیـیەکەی ڕژێمی ئێران و ئەم شەڕە نوێـیە، دوو لایەنی یەک سیاسەتی ئەمەریکا و ئیسرائیلن، کە ئەویش ناچارکردنی ڕژێمی ئێرانە بە قبوڵکردنی مەرجەکانیان، ئەگەر نا ئەوا نەک هەر ئەم ڕژێمە، بەڵکو ئێرانیش ڕووبەڕووی شەڕێکی وێرانکەر دەبێتەوە هاوشێوەی ئەوەی بەسەر عێراق و وڵاتانی تردا هات.
ئەمە کرۆکی شەڕی ئێستای ئیسرائیلە لە دژی ئێران. ئەوەی کە ڕژیمی ئێران دیکتاتۆر و فاشیستە، وە بە دڕندانەترین شێوە جەماوەر سەرکوت دەکات، و سیاسەتی ئیمپریالیستی و فراوانخوازانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەکات و لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی ڕەوتی ڕووداوە سیاسیـیەکانی عێراق دەکات، لە سروشتی کۆنەپەرستانە و ئامانجە ئیمپریالیستی و کۆیلەگەریـیەکانی شەڕی ئێستای ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران کەم ناکاتەوە.
ئەوە بە ڕوونی دیارە کە ئەمە مانای هیچ پاساوێک نیـیە بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، چونکە شەڕی ئەم ڕژێمەش لەگەڵ ئەوان درێژکراوەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و کۆنەپەرستانەیەتی لە ناوخۆدا دژ بە جەماوەر، وە درێژکراوەی سیاسەتە فراوانخوازی و ئیمپریالیستیەکانیەتی لەسەر ئاستی ناوچەکەش.
بەخشینی سیمای ئایینی و ئایدیۆلۆژیی بەم شەڕە، چ ئیسلامی یان جوولەکەیی، لە لایەن هەردوولاوە، شاردنەوەی ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازیانەی ئەم شەڕەیە و هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە یەکگرتنی ڕیزەکانی پرۆلیتاریا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دژی جەنگەکە.
ئەزمونی جەماوەر لە عێراق بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەر بانگەشەیەک پووچەڵ دەکاتەوە کە گوایە ئەم شەڕەی ئێستا لە دژی ئێران ڕەنگە وابکات جەماوەر لە ئێران بتوانێت داهاتوویەکی باشتر بەدەست بهێنێت. جەماوەر لە عێراقدا، لە لایەک لەگەڵ کارەساتەکانی شەڕ و ئەو سیناریۆ تاریکانەدا ژیاوە کە هاوڕای بوون، لە چەشنی شەڕی تایفەگەری و تاوانگەلی هێزە تیرۆریستیـیەکان، و لە لایەکی تریشەوە بەرهەمە سیاسیـیەکەی واتە “پرۆسە سیاسی”یەکەی ئەزموون کردووە لە دامەزراندنی ڕژێمێکی سیاسیی ئیسلامی و قەومی گەندەڵ و ئیستیبدادی پشت بەستوو بە دەسەڵاتی میلیشیاکان.
هەر کۆمۆنیستێک یان سۆشیالیستێک لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وابێت شەڕی ئێستای دژ بە ڕژێم لە ئێران، یان تەنانەت ڕووخاندنی دەسەڵاتی خوێناوی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئەم شەڕەوە، لە دووتوێی خۆیدا لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریا و جەماوەری ستەملێکراو و خەباتی شۆڕشگێڕانەیانە بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی ئەم ڕژێمە و داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیدا، ئەوا یا خۆشخەیاڵە یان ئاگاهانە و بە ئەنقەست خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی بۆرژوا ئیمپریالیستی و بۆرژوا ناسیونالیستی و مەزهەبی ناوخۆیی دەکات.
بزووتنەوەی سیاسی جەماوەریی کە دژ بە ڕژێمی فەرمانڕەوای ئێرانە و لە هەوڵی ڕووخاندنیدایە، بزووتنەوەیەکی هاوئاهەنگ نییە لەناوخۆیدا، نە لە ڕووی چینایەتی و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتیـیەوە، وە نە لە ڕووی ئاڕاستەی سیاسی و ئامانجە سیاسیـیەکانەوە. بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و گەنجانی ئازادیخواز، ڕووخاندنی ڕژێم بەشێکە لە ئامانجەکانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕیشەداری دژ بە سەرمایەداری و ڕژێمە ئیسلامیـیەکەی کە دەیـپارێزێت.
ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هیچ بەرژەوەندیـیەکی لە شەڕی ئیمپریالیستی کۆنەپەرستانەی ئێستادا نیـیە. بەستنەوەی ڕووخاندنی ڕژێم بەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەوە، سیاسەت و ستراتیژی بزووتنەوە بۆرژوازیـیەکانە. وە ناکرێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا بە شێوەیەکی دەستکرد و میکانیکی ئەم سیاسەتە بۆرژوازیـیە تێکەڵ بکرێت بە سیاسەتی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم.
بۆرژوازی لە ئێراندا بە ڕەوتە سیاسی و فیکریـیە جۆراوجۆرەکانیـیەوە، لە ناسیۆنالیستە ئیسلامیـیەکان و لایەنگرانی شا و بۆرژوا لیبراڵی-ناسیۆنالیست و داکۆکیکارانی فیدراڵیزمی نەتەوەیی، بەدوای بەدیهێنانی بەرژەوەند و ئاوات و ئامانجە سیاسی و سەربازیـیە کۆنەپەرستەکانیانەوەن، لە دەستبەسەراگرتنی کۆمەڵگا و کۆنترۆڵکردنی چارەنووس و داهاتووی چینی کرێکار و لاوانی ئێران، و لە قاڵبدان و تین لێبڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی شۆڕشگێڕانەیان، لە ڕێگەی خۆگرێدانەوە بە ئامانجەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستیـیە کۆیلەئاوەرە، ئەمەش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لێبڕاوانە دەخوازێت لە لایەن بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ لە ئێران.
ئێمە، لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، لە دڵەوە هاوسۆزی خۆمان دەردەبڕین بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و گەنجان لە ئێران، لە کاتێکدا کە دەناڵێنن بەدەست کاریگەریـیەکانی ئەم شەڕەی لە ئارادایە و ئەو سەختیـیانەش کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەوان هەر لە بنەڕەتیشدا لە لایەن ڕژێمی ئیستیبدادی لە ئێران، دەناڵێنن بەدەست هەژاری و بێکاری و چەوساندنەوە و سەرکوتی ئازادیـیەکان. هەروەها هاوسۆزی خۆشمان دەردەبڕین بۆ قوربانیانی مەدەنیی ئەم شەڕە لە ئێران و ناوخۆی ئیسرائیل.
وە هاوپشتیی نێونەتەوەیی پتەوی خۆشمان ڕادەگەێنین بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی، بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە نێوخۆی ئێران، لە خەباتیاندا بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران و لە دەست کۆنترۆڵی بزووتنەوە و حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئیسلامیی و لیبراڵەکان بەسەر چارەنووسیاندا.
ئێمە لە ڕیزێکی یەکگرتووداین لەگەڵ هەموو کۆمۆنیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و لەگەڵ هەموو ئەو کۆمۆنیستانەی کە ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و پرۆلیتاریای کۆمۆنیستی بەرز دەکەنەوە، وە ئاڵای ڕیزی چینایەتی سەربەخۆی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فکری چینی کرێکار بەرز دەکەنەوە لەنێو ئەو خەباتە چینایەتیـیەی لە ئارادایە لەناو کۆمەڵگای ئێران و لەو پێشهاتانەی کە بارودۆخی ئێستا بەخۆیەوە دەبـیـنـێـت.
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=8160