Skip to Content

دوژمندارەکان فەرمانڕەواییان پێ ناکرێ.. نەوزاد بەندی

دوژمندارەکان فەرمانڕەواییان پێ ناکرێ.. نەوزاد بەندی

Closed
by تەممووز 27, 2025 General, Opinion

یەکێک له تابلۆ جیهانییەکانی شێوەکاری فەڕەنسی دیلاکروا ، تابلۆیەکە بە ناونیشانی ئازادیی سەرکردایەتیی گەل دەکات ..

ئازادیی بەو واتایەی مرۆڤ بتوانێ کۆیلە نەبێ ..بتوانێ خۆی بێ ..بتوانێ لە قاڵب نەدرێ و وەک ئەوەی کە هەیە بژی .
بەڵام کاتێ دوژمندارەکان دەبنە فەرمانڕەوا و سەرکردایەتی گەل دەکەن، هەموو ئازادییەکان لە بار ئەبرێن..لەناو ئەچن، کۆچ ئەکەن، لە قاڵب ئەدرێن.
ئیدی کۆمەڵگا ئەشێوێت، هەموو کایەکانی هەرەس دێنن، ڕیزبەندیی پێچەوانە ئەبێتەوە، زیرەک بواری پێ نادرێ داهێنان بکا، تەمەڵ و گەمژە دەکرێنە خاوەن پله و پۆستی
زانستیی و داهێنان، دادوەر و یاساناس پەڕاوێز و زیندان ئەکرێن، دز و شەڕواڵپیس دەکرێنە خاوەن بڕیاری یاسایی و دەستووریی، پیاوی ئازا و مەرد قەڵاچۆ دەکرێن و سەد ناوناتۆرەیان دوا دەخرێ، پیاوی نامەرد و ترسنۆک و دیلکوژ و مناڵکوژ، پلە و پۆستیان بەرز دەکرێنەوە و نازناوی سەرکردە و کاریزما وفریاد ڕەسیان دەدرێتێ.
کاتێک دوژمندارەکان ئەگەنە کورسی دەسەڵات،برەو بە کاری دوژمنکاریی دەدرێت و گەشەی پێدەدرێت و ملیارەها دۆلاری بۆ دابین دەکرێت، ئیدی هەلپەرست و خۆپەرست و لە تەڕخۆرەکان نانیان ئەکەوێتە ڕۆنەوە، چونکە ئەم جۆرە مشەخۆرانە یەکسەر خۆیان دەکەنە هاوخەم و هاوخەبات و هاودوژمنی دەسەڵات و ..لە دژی نەیارەکانی دەسەڵات ئەکەونە شەڕە جنێو و شەڕە بوختان و شەڕە غەیبەت و شەڕە کەڵەشێر. بەو جۆره، ئەم مشەخۆرە تەمەڵ و گەمژە و نەخوێندەوار و بێبەرهەمانە ئەبنە خاوەنی پێگە و دەوڵەمەند ئەبن، ئەبنە دەمڕاست و ڕیشچەرمووی کۆمەڵگا، ئەبنە خاوەن بڕیار و دیوەخان و بودجە و پاسەوان.دەست دەکەن بە قسەی قۆڕ و بێ بنەما، وا دەردەخەن کە بارودخی ووڵات زۆر ناسک و زۆر هەستیارە و وا دەخوازێ هیچ چین و توێژێک داوای ماف و گوزەرانی خۆیان نەکەن، وا دەخوازێ میللەت بە هەموو برسێتیی و بێکاریی و نەهامەتییەک ڕازیی و ڕەزامەند بن و به ووشەیەکیش بێزاریی خۆیان دەرنەبڕن، ئەگینا بارودۆخەکە ناسک و هەستیارە و ..ئەوانی سەرکردە و نیشتمانپارێز ناچار ئەبن هەر کەسێ داوای مافی خۆی بکات، بیکوژن یان زیندانی بکەن و سەرنگومی بکەن و بیخەنە ژێر ڕەحمەتی ئەشکەنجەدانەوە.
کاتێ دوژمندارەکان دەبنە فەرمانڕەوای گەل، زۆرترینی داهات و کار و بودجەی نیشتمان لە خۆ بەهێزکردن و خۆچەکدار کردن و خۆ قایمکردن و کۆکردنەوەی لایەنگر و چەکداردا خەرج ئەکەن. ئیدی ناوەندی بڕیار و هێزی کۆمەڵگا، سیخناخ ئەبن له کەسانی گەمژە و زەمانەساز و تەمەڵ و لە تەڕ خۆر و لە وشک نوستوو.. ئەمەیش کارێکی زۆر نێگەتیڤ ئەکاتە سەر ناوەندەکانی مرۆیی و ڕۆشنبیریی و زانستی میللەت، چونکە ئەو سێکتەرانە پەڕاوێز و پشتگوێدەخرێن ..لێیان دەدرێت و بێزار دەکرێن، سوک و ڕیسوا دەکرێن، ئەوەیش وا ئەکا ئەو کاستە هونەری و زانستیی و کولتووریی و وێژەییانە هەڵوەشێنەوە و هەریەکەیان بەلایەکدا تێتەقێنن و سەری خۆیان هەڵبگرن.
سەرهەڵگرتنی زۆرینەی نووسەر و ڕۆشنبیر و بیریارەکانی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە دوژمندارەکان فەرمانڕەوایی میللەتانی ڕۆژهەڵات دەکەن و بوار بە بیر و باوەڕ و بەهرە و داهێنان نادەن.

کاتێ دوژمندارەکان ئەچنە سەر کورسی دەسەڵات، سەرەتا ئەڕۆن لە شوێنە بەرز و دوورە دەستەکاندا کۆشک و قولەی شاهانە بۆ خۆیان بنیات دەنێن، چەندین ڕیز شورای پتەو و قایم لە دەوری کۆشک و قولەکانیان بەرز دەکەنەوە و بە سەگی پۆلیسیی و کارەبا و دڕکەزیی و تێزاب و هەموو جۆرە هۆکارەکانی سیکیوریتیی کەڤەریان دەکەن، گرنگ نییە ئەو کارانە چەندێک پارەیان تێدەچێ و ..چەند لەسەر میللەت ئەکەون و چەندێک گەل ئەبەن بە قوڕاویی قەرز و هەژاریی و برسێتیی و بێکاریدا، ئەوەی گرنگە لێرەدا تەنها و تەنها ئەوەیە ئەو فەرمانڕەوا دوژمندارانە لە باشترین داڵدە و ئارامترین جێگا و دوورە دەستترین شوێن و پارێزراوترین ناوەنددا بن لە دوژمنەکانیانەوە.
دوا ئەوە دەست دەکەن بە کۆکردنەوە و دروستکردنی هێزی جۆراوجۆر لە دەوری خۆیان و کۆشک و قوللەکانیان، هێزی تایبەت، هێزی کۆماریی، هێزی دەمامکدار، هێزی بۆقخۆر و دڕندە و مرۆڤخۆر و هەموو شتخۆر، ئەمەیش بە مەبەستی زیاتر پاراستنی گیانی ئەو دەسەڵاتدارە دوژمندارانە و درێژکردنەوەی ژیان و تەمەنیان یاخود نەمرکردنیان و زامنکردنی ژیانی هەتا هەتایی بۆیان. شایانی باسە ئەم جۆرە هێزانە، هێزی زۆر بیرتەسک و ڕاهێنراون لەسەر یەک جۆر جوڵە و یەک جۆر پەلاماردان کە پەلاماردانی هەر شت و تارماییەکە لە نزیک تخوبەکانی دەسەڵاتەوە، وەک چۆن هەندێ گیانەوەری پۆلیس ڕاهێنراون لەسەر دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەکان، هەندێکی تریان تایبەتکراون بە گەڕان بە دوای کەسانی ونبوودا.
ئەگینا جێی پێکەنینە کاتێ هێزەکانی بەدر دێنە ژوورەوە، هێزەکانی ئەو لا هەڵدێن، کاتێکیش هێزەکانی سەدام دێن، هێزەکانی ئەملا هەڵدێن، خۆ کاتێکیش هێزە میلیشیاکانی حەسەن پلایس و ئەبو عیزرائیل دێن، هێزەکانی ئەملا و ئەولایش هەڵدێن و کەرکوک وەک کێکێکی هەرزان ئەچێتە دەستی ملیشیا شیعەکانەوە. چونکە ئەم هێزانەی دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان لەسەر جەنگ دژی بەدر و سەدام و حەسەن پلایس ڕانەهێنراون و هیچی لێ نازانن هەر بۆیە بە بینینی ئەوانە، چەک فڕێ دەدەن و هەڵدێن. ئەو هێزانە لەسەر سەرکوتکردنی کۆمەڵگای خۆیان و پاراستنی شورا و کۆشکی دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان ڕاهێنراون و پسپۆڕیی ووردیان هەیە لەو بوارەدا.
هەر بۆیە کەسانێکی مرۆڤپەروەر و هەستناسکی وەک شێرکۆ بێکەس و جەمال عەبدول و فرسەت سۆفی و محمد عارف ناتوانن لەو دەسەڵاتە دوژمندارانەدا پلە و پۆست وەربگرن، ئەگەر وەریشیبگرن، تەمەنیان کورتە و وازی لێ دێنن.
بەڵام دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان هەر بەو بڕە سیکیوریتیە سوکناییان نایەت و دڵیان ئاوناخواتەوە، ئەمجارەیان ملیۆنەها دۆلار لە ئوتومبیلی زرێپۆشی گوللە نەبڕ و ژێرزەمین و پەناگەی دژە ڕۆکێت و دژە تیشک و دژە هەموو شتێکدا بە هەدەر دەدەن. پۆشاکی گوللەنەبڕ و چاویلکەی گوللە نەبڕ و شوشەی گوللەنەبڕ و هەموو شتێکی گوللەنەبڕ لە چواردەوری خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی لە سەداسەد قەڵاچۆی مەرگی خۆیان بکەن و ژیانێکی هەتاهەتایی بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان فەراهەم بکەن. لێرەدا ئیتر کۆمپانیا هەلپەرستەکانی سیکیوریتیی نانیان ئەکەوێتە ناو ڕۆنەوە و ..بە نرخی خەیاڵیی ئەو کەرەستانەیان بۆ دابین دەکەن، وەک ئوتومبیلە تایبەتەکەی سەرۆکە دوژمندارەکەی لیبیا، موعەمەر قەزافیی، کە هەموو پێداویستییەکانی ژیان و پەیوەندیکردنی تێدا بوو، دژە ڕۆکێت و دژە تیشک و دژە چەکی ئەتۆمییش بوو، کەچی لە کاتی ڕاپەڕینی میللەتدا، بە چەقۆ لەناویان برد، جا چەقۆ لە کوێیشی ؟ لە شوێنێکی کە ڕووی مەجلیس و گێڕانەوەی نییە. جێگای پێکەنینە کۆمپانیا زۆڵەکانی سیکیویریتیی هەمان جۆرە ئوتومبیلیان بۆ سەرۆکی دوژمنداری ئەمەریکایش دروستکردووە..!!
بەوەیش ملیۆنان هاووڵاتیی لاواز، لە هەلی کار و ژیان بێبەش دەبن، چونکە سەرۆکە دوژمندارەکان لە پێناوی ئەو ژیانە تایبەتەی خۆیاندا لە سەرێکەوە باج و سەرانە لەسەر میللەتەکانیان زیاد دەکەن، لە سەرێکی تریشەوە سێکتەرە شارستانیی و ژیارییەکان پشتگوێ دەخەن و دەست دەخەنە بینەقاقایانەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە ناچار بکەن ببنە چەکدار و داکۆکیکار لەوانی دوژمندار. ئەگەر بڕوانینە ئەو کۆمەڵگایانە ئەبینین ئەندازیار و مامۆستا و هەڵگری بڕوانامە زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییەکان کاریان دەست ناکەوێ و دانامەزرێنرێن، کەچی دەرگای دامەزراندنی بێ قەید و شەرت بۆ هێزی ئاسایش و داپڵۆسێنەر و تایبەت و دەمامکدار کراوەتەوە، بەو جۆرە ئەبینین هەندێ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر، لە ناچاریدا شەق لە نەیارانی دەسەڵات و مانگر و ڕێپێوەران دەدەن، چونکە ئەگەر شەق نەوەشێنن ئەبێ لە برساندا بمرن !!
ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی کۆمەڵگای مۆدێرن و دامەزراوەکان.
بەڵکو ئەوەی دەبینرێ، کۆمەڵێ دەسەڵاتی دوژمندار و ..کۆمەڵێ کۆشکی شاهانەی دوورە دەست و .. کۆمەڵێ زیندانی تایبەت و نهێنیی پڕ لە ئەشکەنجە و تۆقاندن و .. کۆمەڵێ هێزی پچڕ پچڕ و ناشیرین و ترسناکن، دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان.
ئیدی ئەوەی تر، بریتییە لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی پلیشاوە و دوور لە هەموو مافەکان، دوور لە هەموو هیوا و خەون و داهاتوویەک، پچڕ پچڕ و ناتەبا و هەڵوەشاو و پڕ لە کێشەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕەوشتیی و کولتووریی، دابڕاو لە دنیای مۆدێرن و کار و داهێنان و بوژانەوە.
دوو جۆریش لە فەرمانڕەوای دوژمندار هەیە، جۆرێکیان فەرمانڕەوای دوژمنداری دەرەکییە، ئەمەیان ناوماڵێکی یەکگرتوو تەبا و بێکێشەی هەیە و دوژمنەکانی دەرەکین واتا لە ووڵاتانی ترن. ئەمەیان تا ڕادەیەک لۆژیکییە، بەو پێیەی وڵاتان و شارستانییەکان جۆرێک لە پاوانخوازیی و کۆنترۆڵکردنی یەکتریان تێدایە و پێویستە هەر ووڵاتێک سوپا و چەک و شورا و حیساباتی خۆی بە هەند وەربگرێ.
جۆری دووەمیان ئەو فەرمانڕەوا دوژمندارانەن، کە دوژمنەکانیان لەناوخۆی ووڵاتەکانیاندایە، بەو جۆرە کۆمەڵگاکانیان لەت لەت دەکەن و دەیاندەن بە گژی یەکتردا و چەندین شەڕی براکوژیی و ناوخۆیی تێدا سەرهەڵدەدات، وای لێ دێت ئەو کۆمەڵگایانە لە هەموو هەلێکی ژیانی مرۆیی مۆدێرن و یاسا و تەبایی و مافەکانی هاووڵاتیی، بێبەش دەبن.
گەورەترین کارەساتی دەسەڵاتدارە دوژمندارە ناوخۆییەکان، ئەو خۆدەوڵەمەندکردنەیە کە لە دژی یەکتری ئەیکەن، بەو جۆرە هەموو داهاتی نیشتمان و خاکی نیشتمان بەشی ئەو دەسەڵاتدارە دوژمندارانە ناکات، چونکە ئەم قۆرخکارییە جۆرێکە لە جۆرەکانی سەنگەرگرتن لە یەکتریی، کاتێ دوو جۆر یان زیاتر لە هێز، دوو جۆر یان زیاتر لە کۆمپانیای پەیوەندیی و کۆمپانیای نەوت و کۆمپانیای وەبەرهێنان یان پاوانکردنی خاکی نیشتمان و دوو جۆر یان زیاتر لە زانکۆی ئەمەریکیی ..ئەم شەڕ و پێشبڕکێ بازرگانییە بێ سنوورەی نێوان دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان، کۆمەڵگا دێنێتە سەر ساجی عەلی و ئیفلاسیی پێدەکا، هەر بۆیە ئەبێ ئاسایی بێ بە لامانەوە کاتێک هێزە دوژمندارەکانی لای خۆمان دەڵێن داهاتی نەوتیی و نانەوتیمان سفرە .. واتا ئەو داهاتانەی وڵات تەنها بەشی کێبڕکێ دوژمندارییەکەی خۆیان دەکات و یەک فلسی لێ زیاد نییە هەتا بیدەن بە کۆمەڵگا .
لە شانۆنامەی دوژمنانی مەکسیم گۆرکیدا، کاتێ کۆمۆنیستە یەکسانخوازەکان تێکەڵاوی کۆمەڵگای ڕوسیای قەیسەری و وەجاخزادە دەبن، دۆخێکی دوژمنایەتیی باڵ بەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا دەکێشێ، ئەوەیش وا له گۆرکی دەکات ئەو شانۆنامەیە بنوسێ، لەوێدا دەسەڵاتی قەیسەریی ئاگای لەو دوژمندارییە نییە یاخود ئاگای لێیەتی و خۆی لێ نەبان دەکات، بەڵام دوژمندارییەکە لە کۆمەڵگاوە سەری هەڵداوە و .. کۆمەڵگا خۆی سەرپەرشتیی ئەو دوژمندارییە دەکات و کاری بۆ ئەکا و بەهێزی ئەکا، هەروەکو لە ڕۆمانی براکوژی نوسەری یۆنانی، نیکۆس کازانتزاکیشدا بە ڕوونیی و ئاشکرا دیارە، ئەمەیان دوژمندارییەکە میللەت بڕیاری لەسەر داوە و کاری بۆ کردووە کە ئەتوانین ناوی لێبێین شۆڕش.
دانتی، ئەو شاعیرەی کە بە یەکێک لە گەورەترین نەخشەکێشانی ڕێنیسانس هەژمار دەکرێ، لە یەکێک لە نووسینەکانیدا باس لە پاشایەکی فلۆڕەنسا دەکا، لە بۆنەیەکی نیشتمانیدا، گەنجێک پەلاماری کچی پاشا دەدا و ماچی ئەکا، شاژن شێتگیر ئەبێ و داوا لە پاشا ئەکا بە زووترین کات سەری ئەو گەنجە بپەڕێنێ، پاشا بە زەردەخەیەکەوە ئەڵێ : ئەگەر سەری ئەوانە بپەڕێنین کە خۆشیان ئەوێین، ئەبێ چی لەوانە بکەین کە ڕقیان لێمان ئەبێتەوە؟
ئەمە نمونەی حوکمڕانێکە، دوژمندار نییە و ڕێگایش نادا تۆوی دوژمنداریی لە ناخیدا بڕوێ، بەڵام لای خۆمان سەردەشت عوسمان بە دڕندەترین شێوە گیانی لە لاشەی جیادەکرێتەوە، ئەو کوڕەی کە سەرتاپای جوانیی و هیوا و دنیابینیی بوو، تەنها تاوانی ئەوە بوو لە کۆمەڵگایەکدا هاتە دنیاوە کە فەرمانڕەواکانی دوژمندار بوون.

نەوزاد بەندی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress