
ئێنیس خۆشه‌ویستی گیانم.. شاكارێكی ئه‌ندێشه‌ی مێژوویی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
رۆمانی (ئێنیس خۆشه‌ویستی گیانم Inés del alma mía) یه‌كێكه له‌رۆمانه كاریگه‌ر و وروژێنه‌ره‌كانی ئیزابێل ئه‌للیندی ساڵی 2006 بڵاویكردە‌وه. كه له‌جۆری ئه‌ندێشه‌ی مێژوویی و بایۆگرافییه، هه‌روه‌ها رۆمانێكی داستانییه له‌باره‌ی خۆشه‌ویستی و جه‌نگ. تێیدا وروژێنه‌رانه وێنه‌ی تراژیدی شاڵاوی داگیركاری ئیسپانی بۆ هه‌ردوو وڵاتی پیرۆ و چیلی، له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شانزده، كێشاوه. كه ئه‌وسا ئه‌و ناوچانه به‌وڵاتی هیندی نوێ ناوده‌بران. لێرەدا ئه‌للیندی هه‌روه‌ك لەڕۆمانه‌كانی پێشووشی، مێژووی ئه‌مه‌ریكای لاتینی له‌گه‌ڵ مێژووی ژیانی خۆی، به‌تایبه‌تی لەڕووی سۆز و مرۆڤایه‌تی، هاوسه‌نگ كردووە. ئه‌و جاره‌شیان پابه‌ندی خۆی له‌گێڕانه‌وه‌ی رێچكه‌ی ئه‌و مێژووه نواندووه كه داگیركه‌ر به‌دروشمی موژده‌به‌خشی، شێتانه وه‌ك ته‌ماحكار به‌دوای سامان و زێڕدا ده‌گه‌ڕێ. به‌بێ گوێدان به‌بنه‌ماكانی مرڤایه‌تی. ئه‌مه‌و تێیدا له‌كێشانی لایه‌نی مرۆڤی و ململانێ ئه‌زه‌لییه‌كانی ئافره‌تێك، ته‌واو سه‌ركه‌وتووه. ئه‌و ئافره‌ته كه (ئێنیس سوارێزی) ناوه، به‌و كچانه ده‌چێت كه به‌به‌هێزی و ژیری و هه‌ستكردن به‌دادوه‌ری مرۆڤایه‌تی و به‌زه‌یی و حه‌زكردن له‌مه‌عریفه‌ت و قێزهاتن له‌ده‌سه‌ڵات و پابه‌ندبوون بەنه‌ریت، ناسراون و له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌رگه‌گرتنی سه‌ختییه‌كانیش توانادارن. ناوبراو له‌چاخی سته‌مكاریدا لەڕێگەی پێوه‌ندیكردن به‌پیاوێك، ده‌یه‌وێت بڕیاری رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره پاڵه‌په‌ستۆیەكان بدات و دژی نه‌ریته چه‌قبه‌ستووه‌كانیش بوه‌ستێ و رێچكه‌ی ژیانیش له‌ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی كۆمه‌ڵگه بگرێتەبەر. سه‌رتاپای رۆمانه‌كه‌ش بریتییه له‌گێڕانه‌وه‌ی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌و خاتوونه بۆ ئیزابێلی كچی هاوسه‌ری دووه‌می. گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی هاتنی ئه‌و له‌گه‌ڵ سوپای داگیركه‌ری ئیسپانی بۆ وڵاته‌كانی پیرۆ و چیلی. له‌هه‌ندێك شوێنیش گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی لێدێت ئیزابێلی كچی له‌به‌رامبه‌ری وه‌ستابێت و موخاته‌به‌ی بكات. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وشوێنانه ئه‌ویان ته‌نیا گوێگره بۆیه خوێنه‌ر هه‌ست به‌بوونی ناكات.
ئێنیس كه سه‌رگوزه‌شته‌كانی ده‌گێڕێته‌وه له‌ته‌مه‌نی پیری دایه و گێڕانه‌وه‌كانی مه‌ستانه خوێنەر بەرەو رابردوو كێش دەكات. سه‌ره‌تا له‌ساڵی 1526 له‌كاتی ژنهێنانی كارلۆسی پێنجه‌می ئیمپراتۆر. كە ئەوسا ئه‌ویش به‌خوان دی مالگای خۆشه‌ویست و هاوسه‌ری یه‌كه‌می ده‌گات. هێنده‌ی پێناچێت ده‌رك به‌سرووشته راسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات، كه ته‌نیا كه‌سێكه شه‌یدای كچه. دوای له‌یه‌ك دووركه‌وتنه‌وەیان كار به‌وه دەگات به‌ره‌و هیندی نوێ بڕوات. دواتر له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو باوه‌شی خێزانه نه‌ریتخوازه‌كه‌ی، بڕیار ده‌دات پێوه‌ندی به‌خوان بكاته‌وه. له‌به‌ر دڵسۆزی نا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌دوای ئازادی‌دا ده‌گه‌ڕا. دواتر به (پیدرۆ بالدیبیا) ی سه‌ركرده‌ی دلێر ده‌گات. له‌نێوانیاندا پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی گه‌رم دێته‌كایه. به‌یه‌كه‌وه رووه‌و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی پیدرۆ ده‌چن. كه بریتییه له‌ملپێكەچكردنی دانیشتوانی زه‌وییه‌كانی چیلی. پیدرۆ له‌لێزانی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتنی زۆر به‌ده‌ستده‌هێنێ و ئێنیسیش زۆر یارمه‌تی دەدا. ئینجا له‌به‌ر شاڵاوه یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی هیندییه‌كان، پیدرۆ ناچارده‌بێ بۆ داواكردنی یارمه‌تی و نوێكردنه‌وی پێوه‌ندی، سه‌ردانی ئیمپراتۆر كارلۆسی پێنجه‌م بكا. له‌وێدا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دلێری و ئازایه‌تی، كه‌چی نایبه‌خشن و له‌سه‌ری فه‌رز ده‌كرێ ده‌ست لەئێنیسی دوڵبه‌ر و ئه‌فسونگه‌ر و شه‌ڕانگێز (هه‌روه‌ك له‌پروپاگه‌نده‌كان وه‌ها ناوده‌برا) هه‌ڵبگرێت. پاش وتووێژێكی درێژ، ئێنیس بۆی ده‌رده‌كه‌وێت مافی مانه‌وه‌ی له‌و وڵاته نوێیه‌ی، مه‌رجه به‌شووكردنێكی شه‌رعییانه. له‌گه‌ڵ بێهیوابوون، وه‌های به‌خه‌یاڵدا دێت، پیدرۆ ده‌ستی لێهه‌ڵگرتووه، بۆیه بڕیار ده‌دات شوو بكاته‌وه. ئه‌و جاره‌یان شوو به‌رۆدریگۆ ده‌كات. كاتێكیش كاره‌ساتی كوژرانی پیدرۆ دەبیستێ، یه‌كجار دڵگران ده‌بێت. چونكه تا كۆتایی ژیانی به‌تاكه خۆشه‌ویستی خۆی داده‌نا.
له‌و رۆمانه‌دا ئه‌للیندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسی لەهێرشی داگیركاری ئیسپانییه‌كان و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكای لاتینی كردووە، كۆمه‌ڵێك چیرۆكی سه‌ركێش و سه‌رچلیشی تێكه‌ڵ بەخۆشه‌ویستی كردووه. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌توانای گێڕانه‌وه‌ی ئێنیس به‌دیده‌كرێن.
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
- ئیزابێل ئه‌للیندی ره‌سه‌ن چیلی- ئه‌مه‌ریكی (له‌دایكبووی 1942) یه‌كێكه له‌نووسەرە دیارەكانی جیهان. لەبوارەكانی رۆمان و شانۆ و كورتە چیرۆك و رۆژنامەنووسی شوێنپەنجەی دیارە. هەروەها رێبه‌رێكی دیاری رێبازی جولانه‌وه‌ی ریالیزمی ئه‌فسوناوییە. به‌هۆی رۆمانه وروژێنه‌ر و كاریگه‌ره‌كانی كه له‌ناویاندا لێزانانه ئه‌ندێشه و رووداوی واقیعی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه، ده‌مێكه بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ كاندید ده‌كرێت. هاوكات وه‌ك ژنێكی چالاكی بواری مافه‌كانی ئافره‌ت و ئازادی مرۆڤیش، كەسێكی كارایە.
- له‌كاروانی نووسینیدا ئه‌للیندی كۆمه‌ڵێك رۆمان و شانۆگه‌ری و كتێبی بڵاوكردۆته‌وه. له‌ڕۆمانه‌كانی (ماڵی تارماییه‌كان)، (پۆرسه‌لین كچه قه‌ڵه‌وه‌كه، (له‌خۆشه‌ویستی و سێبه‌ره‌كان)، (ئیڤا لونا)، (پلانی بێكۆتایی)، (كچی به‌خته‌وه‌ری)، (پۆرترێتی سیپیا)، (شانشینی ئه‌ژدیهای زێڕین)، (دوورگه‌ی ژێر ده‌ریا)، (ئاشقی ژاپۆنییه‌كه)، (ڤیۆلیتا)، (جه‌نگه‌ڵی كورته باڵاكان) كه ئه‌وه‌ی دوایی تایبه‌ته به‌منداڵان. له‌شانۆگه‌ریه‌كانیشی (باڵوێزه‌كه)، (من ترانستۆ سۆتۆمم)، (حەوت ئاوێنە). له‌كتێبه‌كانیشی (پاوڵا) و (ئه‌فرۆدیت) و (كۆی رۆژه‌كان) و ئه‌مانه و چه‌ندانی دیكه.
- له‌پای به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیشی چه‌ندان خه‌ڵاتی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه له‌وانه: (گراند پرێكس دیڤاژیۆنی) ، (كۆلیمای ئه‌ده‌بی)، (پریمۆی پۆرتوگالی)، (لۆس ئه‌نجلۆس تیمیسی)، (گابریلا میسترالی چیلی)، (خه‌ڵاتی ره‌خنه‌گرانی ئه‌مه‌ریكی)، (ئامیشی دی كابریا)، (دونا سیتا دی رۆما)
- جێگای باسە ئه‌للیندی له‌باره‌ی خۆیه‌وه وتویه‌تی : “من ئافره‌تێكی سیاسیم. مێژووی شاراوه‌ی خۆشه‌ویستی و سێكس و سۆز ده‌نووسم. به‌بێ گرنگیدان به‌هۆكاره ئابوورییه‌كان كه خولقێنه‌ری رووداوه‌كانی مێژوون. خه‌ڵكانی دیكه هه‌یه له‌و لایه‌نانه‌یان كۆڵیوه‌ته‌وه. من گرنگی به‌وه ده‌ده‌م كه لای خه‌ڵكی رووده‌ده‌ن. گرنگی به‌دایكم و داپیره‌م و كه‌سه نزیكه‌كانم و ژنانی سه‌ر شه‌قام و منداڵان دەدەم، كه هه‌رگیز ئەوه له‌نوسراوه ره‌سمییه‌كاندا تۆمارنه‌كراون”.