
گرتنی عەجاجی دڕندە و پرسیار و نیگەرانیەکان.. شاخەوان قادر شۆڕش
گرتنی عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی یا “حەجاجی نوگرەسەلمان” وەکو ڕزگاربووانی زیندانی نوگرەسەلمان (قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان) دەیناسێنن، یەکێ لە ئەفسەرە ناوزڕاوەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس بوو کە دوای ٢٢ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ١/٨/٢٠٢٥دا هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە. هەواڵەکە هەواڵێكی لە لایەک دڵخۆشکەرە و لە لایەکی دیکەدا کۆمەڵێک پرسیار و ڕەخنە دەهێنێتە پێشەوە.
سەرەتا باشە بزانین عەجاج تکریتی کێ بوو؟ عەجاج ئەفسەری سەر بە دائیرەی ئەمنی پارتی بەعس بووە، لە ژمارەیەک شوێندا وەکو ئەفسەری ئەمن کاری کردووە لەوانە لە موسەنا (المثنی)، بەسیە (البصیة) و نوگرەسەلمان (نگرة سلمان). شایانی گوتنە لە هەر سێ شوێندا خەڵک لە زیندانەکانی سەر بە پارتی بەعسدا ئەشکەنجە دراوە و بەکۆمەڵ کوژراون. بەر لە دەستگیرکردنی چەند جارێک هەواڵی مردنی لە لایەن کەس و کارەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دەگوترێت ئەم هەواڵانە دروستکراوی خۆی بوون و بۆ ئەوەی کەس بەدوایدا نەگڕێن و سۆراخی نەکەن. هەروەها دەگوترێت عەجاج هەندێ نەشتەرگەریی دەموچاوی کردووە و خاڵێکی ڕەشی لەسەر ڕوومەتی هەبوو لای بردووە و هەر لە پارێزگای تکریت ژیاوە. وەکو کەسایەتیەکی خاون پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی دەرخستووە. دەگوترێت ئاشکرابوونەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ کێشەی تایبەتی کۆمەڵایەتی. واتە لایەنی دژ عەجاجیان بۆ دەزگاکانی ئاسایش ئاشکرا کردووە. نازانین ئەوە چەندی ڕاستە بەڵام ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، دۆزینەوەی عەجاج بەهۆی بەدواداگەڕانی دەزگاکانی ئاسایش نەبووە. واتە ئەگەر کێشەی کۆمەڵایەتی نەبووایە کەس لێی نەدەپرسی ماڵت لە کوێیە. ئەوەش لە ئێراقی ئێستادا سەیر نییە.
شایانی گوتنە لە هێرشی گەلکوژکارانەی ئەنفالدا بە تایبەتی لە ئەنفالی دوو و سێ و چواردا لە نێوان ٢٢ی مارس و ٨ی مای ١٩٨٨دا بە هەزاران کەس لە دەشت و دۆڵەکانی قەرەداغ، گەرمیان و شوان و شێخبزێنی لە پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی دەستگیرکران و ڕەوانەی سەرەتا تۆپزاوا کران، لەوێ مێرمنداڵ، گەنج و پیاوەکان ڕاستەوخۆ بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکان نێردران، منداڵ و کچ و ژنەکان و پیرەکانیش بۆ خوارووی ئێراق بۆ قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان نێردران. بەڵام جاری وا هەبووە گەنجەکانیش بۆ ئەوێ نێردراون و پاشان بەرەو کوشتن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان نێردراون. ئەوانەی بۆ ئەم زیندانە نێردران بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەدان، تێنوەتی، برسیەتی و نەخۆشی بوونەوە و وردە وردە گەلێکیان مردن. عەجاج کە بەرپرسی قەڵازیندانەکە بووە بەکێبل، سۆندە، دار و چەکوش بەربۆتە گیانی زیندانیەکان. مرۆڤی لەژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا دڕندانە کوشتووە. بێ بەزەییانە لە منداڵی داوە، خەڵکی تێنو و برسی کردووە تاکو زوو بمرن. کە زیندانیەکان مردوون تەرمەکانیان بۆ سەگەکانی دەرەوەی زیندان فڕێ داوە. ڕزگاربووان بە زۆری گوتن لە سەگە ڕەشەکان دەکەن. زیندانیەکان خۆیان دەبووایە تەرمەکان ببەنە دەرەوە و هەموو دەیانزانی دوای ئەوە سەگ دێن و دەیان خۆن. دایک تەرمی منداڵی ساوای بردۆتە دەرەوە و زۆر باشیش لێی ڕوون بووە کە دوای ئەوە سەگە ڕەشەکان دێن و دەیانخۆن. بەچاوی خۆیان ئەوەیان دیتووە. عەجاج وەکو بەرپرسی ئەم زیندانە بەرپرسە لە زۆربەی ڕەهای ئەو تاوانانەی کە لەم زیندانەدا ئەنجام دراون.
لەبەرچی تا ئێستا عەجاج تکریتی دەستگیرنەکرابوو؟ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا کە لە ٢١/٨/٢٠٠٦دا دەستی پێکرد پێنج تۆمەتباری هێنایە دادگا، ئەوەش تەنها چەند دانەیەک بوو لە هەزاران تۆمەرتبار کە بەجۆرێ لە جۆرەکان پشکیان لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا هەبوو. لە نێو ئەو پێنچ کەسەدا ناوی عەجاج نەبوو. ئەو لەلایەن دادگاوە داواکراو بوو، بەڵام وەکو سەدان تۆمەتباری داواکراوی دیکە هەرگیز دەستگیر نەکرا و نەدرایە دادگا. دیارە جگە لە زیندانی قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان چەند زیندانێکی دیکەی وەکو تۆپزاوا، دوبز، تکریت، نزارکێ و سەلامیە و هیتر هەبوون بەڵام بەرپرس و تاوانبارانی ئەو زیندانانە هەرگیز دەستگیر نەکران. دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراق هیچ هەوڵێکی بەکردەوەی بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی داواکراوی تاوانی ئەنفال ئەنجام نەدا، هەرچەندە لە لایەن دادگاوە داوای زیاتر لە ٤٠٠ تۆمەتبار کە ناویان لە لیستێکدا نووسرابوو و لە لایەن دادگاوە داواکرا بوون. ئەو ٤٠٠ کەسە تەنها بەشێکی کەمی تاوانباران بوون.
لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە وەکو وڵات و هەواری قوربانیانە، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە نە دادگایەکی تایبەت بە تاوانی گەلکوژیی (جینۆساید) داندرا، نە هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دا. هەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی بەکردەوە دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستانەوە کە لەلایەن دادگاوە داواکرابوون. زۆر لە ئەفسەر و سەرکردە بەعسیەکان هاتنە کوردستان و پانادران. بەکورتی لە عێراق و هەرێمدا تاوانبارانی تاوانە گەورەکان پەنادراون و پارێزگاریی دەکرێن.
ئەوەی پێویستە ئێستا ئەنجام بدرێت، کەیسەکەی ئەنفال لە دادگا بکرێتەوە، سکاڵا لە کەسوکاری قوربانیان یا ڕزگاربووان وەربگیرێت، کارئاسانیان بۆ بکرێت، پارێزەریان بۆ ئامادە بکرێت، تۆمەتەکانی سەر تاوانبار بخرێنە ڕوو. هەروەها ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی ئازادکردنی یا جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی عەجاج بکرێت. پێویستە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی عەجاج پوچەڵ بکرێتەوە، وەکو عەرەبە سوننەکانی سەر بە خێڵی عوبێد لە پارێزگای تکریت لە ئێستاوە هەوڵی بەردانی دەدەن، بانگاشەی ئەوە دەکەن گوایە ئەوە ئەو عەجاجە نییە و ئەو کەسێکی بێ تاوانە بۆیە دەبێ ئازادی بکەن. هەندێ لە ڕۆژنامەوانەکانی شاری کەرکوک بە مەبەستی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر عەجاج چووبوونە لای ماڵەکەی عەجاج، بەڵام لەلایەن دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی تکریتەوە ڕێگریان لێ کرا و هەرچی وێنەی گرتبوویان لێیان سەندنەوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کران. ئەوان هەندێ زانیاری گرنگیان دەستکەوتووە و لایانوایە ئەوە عەجاجی نوگرەسەلمانە و خۆیشی لای دەزگای ئاسایشی ئێراقی دانی بەوەدا ناوە.
پێویستە پرۆسەی دادگاییەکە بێلایەنانە ئەنجام بدرێت و گەواهیدەر و ڕزگاربووان ببردرێنە دادگا و پارێزگاریی لە ژیانیان بکرێت. بەم جۆرە بەپێی یاسای تاوانی گەلکوژیی مادەی ١١ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی مادەی ١٢ دادگایی بکرێت. پێویستە دادگا لە دیدی ئەم تاوانانەوە بە وردیی و چڕیی بڕوانێتە تاوانەکانی عەجاج. ئەگەر دادگا تەنها بەپێی مادەی ١٢ی مافەکانی مرۆڤ عەجاج دادگایی بکات، ئەوە هەڵەیەکی یاسایی زەقە، چونکە وەکو بڕیارێکی پێشوەختە وایە، کە ئەوان بێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی چڕ و پڕ و سەڵماندنی دەرئەنجام، هەرزوو بڕیارێکیان سەپاندووە و ئیدی سەیری ماددەی ١١ی تاوانی گەلکوژیی ناکەن. ئەگەر عەجاج تاوانی گەلکوژیی ئەنجام نەداوە، دەبێ بیسەڵمێنن چۆن ئەو تاوانی گەلکوژیی ئەنجام نەداوە و لەبەرچی تاوانەکانی ئەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. لەسەر ئەو بنچینەیە دەکرێ سزای دادوەرانە و ڕەوا بۆ ئەم تاوانبارە دڕندەیە ببڕدرێتەوە، بەڵکو ئارامیەک بە کەسوکاری قوربانیان و ڕزگاربووان ببەخشرێت.
گرنگی گرتنی عەجاج وەکو بەئاگاهاتنەوەیەکە کە پەنجەی پرسیارەکان بۆ سیستەمی دادوەریی ئێراق ئاراستە دەکات. بۆیە ئەگەر لە بەرەی قوربانی و خەڵک بەگشتی بپرسیت ئەوا هەنگاوی دیکەی یاسایی و دادوەرانەی گرنگ ئەوەیە، پێویستە هەموو تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و گەلکوژییەکانی دیکە دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا. زۆرن ئەوانەی وەکو عەجاج بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە تاوانەکاندا هەبووە، بەڵام تائێستا بە ئازادی دەسووڕێنەوە. هەموو ئەوانەی بە جۆرێ لە جۆرەکان لە تاوانەکە گڵاون، تاوانبارن و دەبووایە ڕادەستی دادگا بکرێن. بۆیە پەنادانیان تاوانە و دەبووایە سزای لەسەر بێت. دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی و دژ بە مافەکانی مرۆڤ هیچ کاتێک کۆن نابێت، تا ئەو ساتەی تاوانبار لە ژیاندا بێت دەکرێ دەستگیر بکرێت و ڕەوانەی دادگا بکرێت. بۆ نموونە تاوانبارانی نازی کە لە تاوانی گەلکوژیی هۆلۆکۆستدا بەشداریان هەبوو تاکو ئێستا دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا، هەرچەندە ئێستا پیر و پەککەوتەن.
ئاشتی و بەیەکەوەژیانی دروست و ئەرێنی لە کۆمەڵگەیەکدا دروست نابێت ئەگەر دادوەریی نەهێتە دی. بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان و ئێراقدا ئەم داوایە گرنگیی نییە و دەسەڵاتداران گوێی پێ نادەن، وەکو بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و خێڵەکی و ئەتنیەکان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دێن.
شاخەوان قادر شۆڕش
٥/٨/٢٠٢٥