
هه شتا ساڵ دوای کارەساتی هیرۆشیما، کابوسی چەکی ئەتۆمی بەسەر مرۆڤایەتیدا.. ڕەحمان حوسێن زادە
جیهان و مرۆڤایەتی هەشتا ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی هیرۆشیمایان نەک بە هەستیاری پێویستی مرۆڤایەتی، وەک هەواڵێکی ئاسایی تێپەڕاند . لە ڕۆژی ڕەشی ٦ی ئابی ١٩٤٥، کاتژمێر ٨:١٥ی بەیانی، لەگەڵ تەقینەوەی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە شاری هێرۆشیما، زیاتر لە حەفتا هەزار کەس، منداڵ، پیر و گەنج، لە یەکەم چرکەدا بۆنه خۆڵەمێش. ئەم ئاستە لە کارەساتی جینۆساید هێشتا ره وه شتی تاوانکارانه و زۆرداری میلیتاریستی یەکێک لە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی دووەم، واتە ئیمپریالیزمی ئەمریکای تێر نەکرد. دوای سێ ڕۆژ و لە ٩ی ئابدا دووەم بۆمبی ئەتۆمی کەوتە سەر شاری ناکازاکی. ئەم شارە هەر وەک هیرۆشیما کرا بە زەوییەکی سووتاو. لە سێ ڕۆژی یەکەمدا گیانلەدەستدانی سەد هەزار هاوڵاتی ژاپۆنی کە لەو دوو شارەدا دەژیان تۆمار کرا. بەپێی ئەو نووسراو و ئامارانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە پێنج مانگی کۆتایی ئەو ساڵەدا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە “دوو سەد و سی هەزار کەس. جگە لەوەش ژمارەی وردی ئەو قوربانیانەی کە تا ئەمڕۆ بەهۆی دەرئەنجامە درەنگەکانی ئەو هێرشانە گیانیان لەدەستداوە دیار نییە، بەڵام پێدەچێت چەند سەد هەزار کەس بووبێت”.
ساخته کاری گەورەی مێژوو: ئیدیعای پیچه وانه ی به کارهینانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ شکست پێهێنانی ژاپۆن و دروستکردنی “ئاشتی” :
لەو قۆناغەوە تا ئێستا ئەکتەر و شرۆڤەکاران و ئایدۆلۆژیستەکانی بەرگری لە دەستەی دەسەڵاتداری ئیمپریالیستی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەم گەورەترین تاوانەیان لە دژی مرۆڤایەتی پاساو هێناوەتەوە وەک ئەوەی ئامانجەکە “شکست پێهێنانی ژاپۆن و کۆتایی هێنان بە شەڕ و دروستکردنی ئاشتی” بێت. ئەم ئیدیعا بێ بنەمایە هەر لەو قۆناغەوە، نەک تەنیا لە لایەن مرۆڤایەتی ئازادیخواز و ویژدانی هۆشیارەوە، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتمەدار و شرۆڤەکارانی نەزمی ئیمپریالیستی به ئاشکرا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. هەمووان دەزانن کە جەنگی جیهانی دووەم بە شکستی فاشیزمی هیتلەری لە مانگی ئایاری ١٩٤٥ بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی هات، دوا بەرخۆدانی لاواز و بێ ئومێدی سوپای ژاپۆن لە ناوچە دوورەکانی دور له ئەوروپا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەردەوامبوونی جەنگی جیهانی دووەم نەبوو. مەسەلەکە تەسلیم بوونی ژاپۆن نەبوو کە بەبێ بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی یان تەنانەت درێژەدان بە جددی شەڕەکە ڕووی دەدا، بەڵکو ئامانج نمایشی میلیتاریستی دەسەڵاتی ئەمریکا نەک دژی “ڕکابەرە شەڕکەرەکان” بەڵکو دژی “هاوپەیمانەکانی” کە تا دوێنێ لە جەنگی جیهانی دووەمدا هاوپەیمان بوون و “ڕکابەرە جیهانییە نوێیەکان” له سەرۆیانه وه یەکێتی سۆڤیەت بو. ڕووداوەکانی کۆنفرانسی پۆتسدام کە لە ١٧ی تەمموزەوە تا ٢ی ئابی ١٩٤٥ لە شاری پۆتسدامی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە ئەوکات لەلایەن سوپای سوورەوە داگیرکرابوو، و ستالین (سەرۆکی سۆڤیەت)، چەرچڵ (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و دواتر کلیمنت ئاتلی لە شوێنی ئەو) و هاری ترومان (سەرۆکی ئەمریکا)، چه واشه کاری پیویستی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکا و ترومانی تاوانبارەوە له دژی هێرۆشیما و ناکازاکی ئاشکرا ده کات.
سەرکەوتووانی جەنگی جیهانی دووەم لە کۆنفرانسی پۆتسدام کۆبوونەوە بۆ دابەشکردنی “غەنیمەتەکانی” شەڕ لە نێوان خۆیاندا، لە کێبڕکێیەکی هەستیار و کاریگەردا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مه ودای ده سه لاتی کاریگەریی هەر دەسەڵاتێکی ئیمپریالیستی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری دەکرد. “بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەڵمانیا، کە نۆ هەفتە پێشتر ڕازی بووبوو بە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج. لەو کۆنفرانسەدا هاری ترومان کە دوای مردنی فرانکلین ڕۆزڤێڵت بووبووە سەرۆکی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی هاوپەیمانان کۆبووەوە. هەر لە ناوەڕاستی ئەم کۆنفرانسەدا بوو کە ترومان ئاگادارکرایەوە کە “بۆمبی ئەتۆمیان بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە”، هەروەها بڕیاری دالە دژی ژاپۆن بەکاریبهێنێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر، چەرچڵ لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا سەبارەت بەم کۆنفرانسە کە لە تەلەفزیۆنی سوید پەخشکرایه وه، وتی. “ستالین لە قسەکانیدا سەبارەت بە دوایین بەرخۆدانی سوپای ژاپۆن کە ئەوەندە جددی نەبوو، ئاماده یی سوپای سۆڤیەتی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ سوپای ئەمریکا لە پێناو هێنانەدی تەسلیم بوونی کۆتایی ژاپۆن. لە وەڵامدا هاری ترومان ڕایگەیاند، “پێویست ناکات، چەکێکمان دەستکەوتووە، بەم زووانە بەرخۆدانی ژاپۆن تەواو دەکەین.” ستالین به توره یی و ناڕەزایی زوو و بە ساردی کۆنفرانسی بەجێهێشت، لەوێشەوە لەکاتی جێهێشتنی کۆنفرانسەکەدا فەرمانێکی دەرکرد بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی سۆڤیەت” (وەرگیراو لە فیلمێکی بەڵگەنامەیی سەبارەت بە جەنگی جیهانی دووەم و کۆنفرانسی پۆتسدام). پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێتی سۆڤیەت یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خۆی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٩ تاقیکردەوە، کە ستالین هێشتا لە ژیاندا بوو. بەم تاقیکردنەوە، هاتنە ناوەوەی یەکێتی سۆڤیەت بۆ ناو یانەی وڵاتان بە چەکی ئەتۆمی چەسپێندرا و پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا لە کاتی شەڕی سارددا گەیشتە لوتکە.
هەمان ئەم چیرۆکەی چەرچڵ نیشان دەدات کە بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی سوپای تەسلیمکراوی ژاپۆن نەبووە. مردنی سەدان هەزار منداڵ و ژن و پیاوی پیر و گەنج لە هێرۆشیما و ناکازاکی بوو بە سوته مه نی و تێچووی کێبڕکێ و تەماحی پشکی ئەمریکای سەرمایەداری و ئیمپریالیست لە ڕووبەڕووبوونەوە و کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە سەرمایەدارییەکانی دیکەی جیهان.
ئەفسانەی ڕێگری ئەتۆمی!
خاوەنی بۆمبە ئەتۆمییە جیهان وێرانکەرەکان، ئایدۆلۆژیست و بەرگریکارەکانیان بەردەوام شمشاڵێک لەم ئەفسانەیە دەژە نن، “چەند باشە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم هێنراوە!؟، چونکە پێیان وایە بووەتە گەرەنتی ئاشتی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی شەڕی جیهانی!!”. تاوانبارانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی و بۆردومانی هێرۆشیما و ناکازاکییەوە، مرۆڤایەتی لە ژێر هەژموونی قازانج خووازی سەرمایەداری جیهانیدا بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە. بە گوتەی ئەنجێلیکا کلۆزن، یەکێک لە نووسەرانی گۆڤاری “یونگه وڵت”ی ئەڵمانی نزیک لە “پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە شەڕی ئەتۆمی (IPPNW)”، چەکی ئەتۆمی تەنانەت لە قۆناغەکانی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەشدا قوربانیی به رهه مدینیت . بەپێی خەمڵاندنەکان، تیشکی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئاسمانی لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا بووەتە هۆی مردنی لانیکەم دوو ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا. “بە تایبەتی دانیشتوانی ناوخۆی ناوچەکانی تاقیکردنەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە”. بۆیە ئەگەر فاکتەری شەڕی چینایەتی ڕووت و ئیستغلالکردنی چڕ و پڕی سەرمایەداری و تەنانەت تیابردنی هێزی فیزیکی چینی کرێکاری جیهانی و مردنی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسی هەژار لە ئەنجامی قازانجخوازی سەرمایەداری لیره له به رچاو نه گرین، شەڕ بە مانای سەربازی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دیکەی کۆمەڵکوژ و بۆمب و مووشەک و ئامرازی وێرانکەری دیکە، یه خه ی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان و بەسەر هەموواندا و کیشوەرەکان لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی فەرمی جەنگی جیهانی دووەمەوە گرتووه.
ئەوەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا هاوسەنگی هێز لە نێوان جەمسەرە سەرمایەداری و ئیمپریالیستەکان و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانیان و ئیمتیازەکانیان به یه کتر ئه وانی گەیاندووەتە خاڵی سازان، بۆ نموونە سالانێکی زۆر ڕێگری کردووە دوو جەمسەری بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە دووبارەبوونەوەی شەڕ لەسەر قەبارەی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بۆ چەند دەیە، چیتر بەهۆی “دیاری چەکی ئەتۆمی جینۆساید”ەوە نییە. یان دوابەدوای داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، نەزمی سەرمایەداریی ئێستا شیواو به سه ریه کدا، هەرچەندە نەگەیشتووەتە خاڵی ئاورینی شەڕێکی جیهانی کلاسیک و ئەزموونکراو، بەڵام شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی سەریهەڵداوە. وە بە وەکالەت، بڵاوبوونەوەی تیرۆر و نائەمنی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی زلهێزە سەرمایەدارەکان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، مرۆڤایەتی خستۆتە خاڵێکی زه ختی توندەوە. شەڕ و تیرۆر و جینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوابەدوای پێکهێنانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە نه خشه ی بەریتانیا و فەرەنسا و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا و شەڕی ئێستای ئۆکرانیا و شەڕی بەردەوامی ئەمڕۆ لە ٥١ شوێنی جیهان، هیچی کەمتر لە شەڕێکی جیهانی نیشان نادەن. مەترسی شەڕی ئەتۆمی بەجۆرێکە کە لە بەیاننامەیەکی هۆشداریدا، “گۆڤاری زانایانی ئەتۆمی ئەمریکا” لە ٢٨ی ژانویەی ئەمساڵدا، بە وتەی خۆیان، “کاتژمێری قیامەتیان بۆ ٨٩ چرکە دانا تا نیوەشەو، واتە نزیکترین کات لە “لەناوبردنی مرۆڤایەتی” تا ئێستا. بە وتەی پسپۆڕێکی دیکەی ئەتۆمی، “ئەمە تەنها هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی خولی سەرۆکایه تی دووەمی دۆناڵد ترەمپ ڕوویدا. سەرۆکی ئەمریکا بە کردەوەکانی ئەم مەترسییەی بەرجەستەتر کردووە. تەنها هەفتەی ڕابردوو فەرمانی بە ژێردەریایی ئەتۆمی کرد کە لە ڕووسیا نزیک ببنەوە.” من ئەوە زیاد دەکەم کە ئەو کارە ئیستفزازییەی ترەمپ دوای هەڕەشە ئەتۆمییەکانی مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا و جێگری ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی حکومەتی ڕووسیا هات. ئەم دۆخە ئەوە نیشان دەدات کە چەکی ئەتۆمی نەک ئامرازێکی “ڕێگریکردن”، به لکو هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و ئەگەری هەیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ. بۆیە لە یادی ٨٠ ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی، تێپەڕبوونی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازانە بە خه م ساردییه وه بەم ڕووداوە خۆی کارەساتێکی شۆککەرە.ئێمە لە لای خۆمانەوە لە بەڵگەنامەیەکدا لەسەر دۆخی جیهان کە لەلایەن کۆنگرەی یازدەیەمی حزبی کۆمۆنیست کارگه ری- حێکمتیستەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ پەسەندکرابوو.ئەم دوو جەختکردنەوە بنەڕەتییەی خوارەوەمان هەبوو. “چڕبوونەوەی کێبڕکێی جیهانی و جیۆپۆلەتیکی و ململانێی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکان و شەڕی بە وەکالەت و مەترسی شەڕی ڕاستەوخۆیان لە دونیای بێ لەنگەری ئێستادا، مەترسی گه وره لەسەر ژیانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی دروست کردووه… له درێژه دا ئێمە زیاتر جەختمان لەوە کردەوە، “کۆتاییهێنان بەم دۆخە بەستراوەتەوە بە ڕۆڵ و ئامادەبوونی هۆشیارانە و ڕێکخراوانەی بزووتنەوەی کرێکاری سۆسیالیستی، بە ڕێکخستنی شۆڕشێکی کرێکاری بۆ روخاندنی نەزمی سەرمایەداریی هەڵگەڕاوە و ڕێگریکردن لە بەربەرییەت”. لەم سیستەمەدا هیچ ڕێگەیەکی سێیەم نییە.
ڕەحمان حوسێن زادە
۷ ئابی ۲۰۲۵