Skip to Content

كاهلۆ له‌نێوان هونه‌ر و ژیانی سه‌ختدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

كاهلۆ له‌نێوان هونه‌ر و ژیانی سه‌ختدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

Closed
by ئاب 18, 2025 General, Literature

كاهلۆ لەگەڵ دییگۆ ریڤیرای هاوسەری، لەبەجیهانی كردنی نیگاری هاوچەرخی مەكسیكی، رۆڵى دیار و گەورەیان گێڕاوە. نیگار كێشیه‌تی كاهلۆ له‌حەزی خۆرسك و ئیلهام و خوێندنی ئه‌كادیمیيانه‌ نه‌هاته‌ ئارا، به‌لكو تووشبوون به‌كاره‌سات و كه‌وتنی له‌ناو جێگا، وه‌هایان لێكرد ببێت به‌نیگاركێش. واتا له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌ كە له‌لایه‌ن خۆیان و بۆ كات بەسەربردن و دەربڕینی ئازارەكانی ناخ،‌ فێر دەبن‌. ئەوسا نیگاريش تاكە دەروازە بوو بۆ خەمڕەوێنی و ناخۆشییەكانی. بۆیە تابلۆكانی ئاوێنەی هەستەكانیيەتی. لەتەك گرنگیدان بەبابەتی گوزارشتكەر و دەربڕی ناخۆشيیەكان و سرووشتی كپ و پۆرترێتی كەسانی دەوروبەر، زیاد لەهەموو بابەتێكی دیكە، پۆرترێتی خۆی كێشاوە. لەو بارەوە دەیوت : “خودی خۆم باشترین بابەتە بیناسم”. زیاتریش لەناویاندا بەتەنیایی و بەشێوەی نائاسایی دەری بڕیووە. بەبرۆی پانی بەیەكەوە لكاو و سمێڵە دیارەكەی. لەو كارەشیدا مەبەستی ئەوە بوو نەكەوێتە ژێر باری رێساكان و ببێت بەئایكۆنێكی تایبەتی. لەوەشدا سەركەوت.
ماگدالینا كارمێن فریدا كاهلۆMagdalena Carmen Frida Kahlo ناسراو بەفریدا كاهلۆ Frida Kahlo رۆژی 6 ی تەمموزی ساڵی 1907 لەكۆیۆاكانی دەوروبەری ‌شاری مه‌كسیكۆ ستی هاته ‌دنیا. دواتر وەك شانازی كردن بەساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی زاباتای وڵاتەكەی، رێكەوتی لەدایكبوونی گۆڕی بەساڵی 1910. گیلیرمو كاهلۆی باوكی، جولەكەیەكی بەره‌سه‌ن ئه‌ڵمانی بوو، ستۆدیۆی فۆتۆگرافی هەبوو. ساڵی 1913 نیشانەكانی دووچاربوون بەئیفلیجی لەكاهلۆ دەركەوت، بەهۆیەوە ماوەی ساڵێك كەوتە ناو جێگە. دواتر وردە وردە بەسەر پێ كەوتەوە. بەڵام كاریگەری ئەو نەخۆشییەی هەردەم پێوە دیاربوو بەتایبەتی لەقاچی راستیدا، بۆیە ناچار بوو لەڕێگەی گۆرەوی، نامۆیی قاچەكانی بشارێتەوە. لەكاتی خوێندندا، باوكی گرنگی زۆری پێدا و لەقوتابخانەیەكی سیستەمی ئەڵمانی داینا. تا ساڵی 1921 لەو قوتابخانەیە خوێندی. ساڵی دواتر چووە پەیمانگەی پزیشكی، بەو هیوایەی لەئایندە ببێتە پزیشك. ئەوسا بەڕووخسارە شیرینەكەی و پۆشینی جل و بەرگی تەقلیدی و رەنگا و ڕەنگ و خشل، ناوبانگی دەركرد. لەوێدا كۆمەڵێك لاوی لەگەڵ بوو كە بەبیروبۆچوونی سیاسی خەریك بوون. دواتر زۆربەیان وەك هزرمەند بەدیاركەوتن. هەر لەو ساڵەدا بۆ یەكەم جار چاوی بە (دیێگۆ ریڤێرا 1886 – 1975) كەوت كە لەپەیژەی سیمۆن بۆلیڤاری قوتابخانەی دواناوەندی نیشتمانی، سەرقاڵی كێشانی دیواربەندێك بوو. لەو ساوە كاهلۆ زۆر سەرسامی ئەو نیگاركێشە ناودارەی وڵاتەكەی بوو.
ساڵی 1924 تابلۆی (دەستەباشی و خەشخاش Tray with Poppies) و ساڵی دواتر تابلۆكانی (ژیانی كپ- گوڵەكان Still Life (Roses)) و (دیمەنی مەدەنیانە Urban Landscape) ی كێشا. هەر لەو ساڵە لەگەڵ ئەلیخاندرۆ ئاریاسی هاوڕێی، كه‌ له‌ڕێگای قوتابخانه‌دابوو، ئوتۆمبیلەكەیان خۆی بەتراموایەك كێشا و بەهۆیەوە كاهلۆ به‌سه‌ختی زامدار بوو. له‌ئه‌نجامدا بڕبڕه‌ی پشت و حەوزی ‌شكا و ماوەی ساڵێك ‌كه‌وته‌ ناو جێگا. ئه‌وسا بەمه‌به‌ستی كات به‌سه‌ربردن و له‌بیركردنی ئازاره‌كانی جه‌سته‌، بەیارمەتی دایكی كە ئاوێنەیەكی گەورەی لەبەرامبەری بۆ دانابوو تاكو بەردەوام بیر لەخۆی بكاتەوە و وێنەی خۆی ببینێ، فڵچه‌ی ‌گرته‌ ده‌ست و ‌كه‌وته‌ كێشان. بەو جۆرە ئەزموونی نیگار كێشانی پیشەییانەی لەسەرچاوەی ئازارەكان سەرچاوەی گرت و ئەو كارەشی بووە تاكە دەروازە بۆ دەركردنی ئازار و ناخۆشیەكانی. بەو جۆرەش لەهیوای پزیشكی بەرەو جیهانی نیگاركێشی هەنگاوی نا!. ئینجا بۆ ماوەیەك لەستۆدیۆكەی (فێرناندۆ فرناندێز دومینێز) ی هاوڕێی باوكی، مەشقی لەهەڵكۆڵین و چاپ كردن كرد.
ساڵی 1926 پۆرترێتی خود بەجلی مەخمەلی كێشا و پێشكەشی (ئەلیخاندرۆ) ی خۆشەویستی كرد كە ئەوسا ئەو بۆ ماوەیەك لێی دووركەوتبۆوە. دواتریش لەبەر كەم و كورتییە جەستەییەكانی كاهلۆ، كەس و كاری ئەلیخاندرۆ، بەمەبەستی دوورخستنەوەی تەواو لەكاهلۆ، ئەلیخاندرۆیان بۆ خوێندن ناردە ئەوروپا. ساڵی دواتر كاهلۆ تابلۆی (ئادێلیتا، پانچۆ ڤیلا و فریدا La Adelita, Pancho Villa, and Frida) و پۆرترێتەكانی (مایكل ن. لیرا Miquel N. Lira) و (ئادریانا Adriana) و (ئاگوستین ئۆلمێدۆ Agustin Olmedo) و (ئالیسیا گالانت Alicia Galant) و (رۆس كۆینتانیلا Ruth Quintanilla) و (Jesús Ríos y Valles) و (ئالیخاندرۆ گۆمێز ئاریاس Alejandro Gómez Arias) و ساڵی 1928 تابلۆكانی (كچێك لەگەڵ مراوی دانیشتووە Sitting Girl with Duck) و (دوو ژن Two Women) ی كێشا. هاوكات وه‌ك زۆربه‌ی لاوانی ئه‌وسای وڵاتەكەی، پێوه‌ندی به‌ڕیزه‌كانی حزبی كۆمونستی ‌كرد. لەو بازنەیەش راستەوخۆ بەدییگۆ ریڤیرا گەیشت. ئەویش سەرسام بوونی خۆی بەبەرهەمەكانی كاهلۆ نیشاندا و هانی بەردەوام بوونیدا. ئەمەو بەدیداری (خۆلیۆ ئەنتۆنیۆ میلا) ش گەیشت كە ئەوسا ناوبراو وەك دوورخراوەی شیوعی لەمەكسیك دەژیا.
ساڵی دواتر پۆرتری خۆی و پۆرترێتەكانی (كچ Girl) و (كچێك شریتێك لەه‌وری كه‌مه‌ریه‌تی Girl with Ribbon Around her Waist) و (ئیسۆلدا پینێدۆ كاهلۆ Isolda Pinedo Kahlo) و (لوپ مارین Lupe Marín) و (ڤیرجینیا، كچی بچوك Virginia (Little Girl)) و تابلۆی (پاسه‌كه‌ The Bus) ی كێشا. هەر لەو ساڵەدا شووی بەدییگۆ كرد. ئەوسا زۆر لەكەسە نزیكەكانی كاهلۆ بەو كارەی رازی نەبوون، چونكە لەلایەك جیاوازی تەمەنییان زۆر بوو، لەلایەكی دیكەش ریڤیرا كەسێك بوو لەتەك هونەرەكەی، بەردەوام لەگەڵ ژنانی داوێنپیس كاتی بەسەردەبرد. دەستبەرداری هاوسەرەكانی پێشووشی ببوو. بۆیە كەسە نزیكەكانی كاهلۆ ئەو هاوسەرگیرییان وەك (فیل و كۆتر) ناو دەبرد كە گوایە ریڤیرا لەبەر قەڵەوی و مەزنی بەفیل دەچێت و كاهلۆیش لەبەر بچووكی و ناسكی، بەكۆتر دەچێت.
ساڵی 1930 كاهلۆ تابلۆی (ژنێك بەبه‌رگی سپی Woman in White) و پۆرترێتی خۆی كێشا. هاوكات چوونە سان فرانسیسكۆی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. لەوێدا داوای كێشانی دیواربەند بۆ بازاڕی بۆرسە و قوتابخانەی كالیفۆرنیا بۆ هونەرە جوانەكان لەریڤێری كرا. ئەوسا بۆ یەكەم جار كاهلۆ دووگیان بوو، بەڵام لەبەر باری تەندروستی، پزیشك ئامۆژگاری كرد بەناچاری لەبەر خۆی بەرێت. دواتریش چەندان جاری دیكە دووگیان بوو، بەڵام لەبەر باری سەختی جەستەیی و ئەو هەمووە نەشتەرگەرییانەی لەدوای رووداوی بەركەوتنەكە بۆ جەستەكەی كرا كە زیاتر لەسی و دوو نەشتەرگەری بوو، بەناچاری دەبووایە لەبەر خۆیان بەرێ. بەو جۆرە لەئاواتی دایكایەتی بێبەش بوو كە زۆر حەزی لێ بوو. بێگومان ئەو ئازارەشی لەتەك ئازارەكانی دیكە، لەچەندان كاری هونەری خستۆتە ڕوو.
ساڵی دواتر پۆرترێتەكانی (دكتۆر لیۆ ئێلۆیسه‌ر Dr. Leo Eloesser) و (ئیڤا فرێدریك Eva Frederick) و (خاتوو (جین وایت Jean Wight) و تابلۆی (فریدا و دیێگۆ ریڤێرا Frieda and Diego Rivera) ی كێشا. لەوەی دواییدا هەردووكیان بەجلی میللی دەبینرێن. بەبەراورد بەدییگۆ، كاهلۆ زۆر بچووكتر كیشراوە. دییگۆ فڵچە و پاڵێتی لەدەستێكە و بەدەستەكەی دیكەش دەستی كاهلۆی گرتووە. شایانی باسە ئەو بەرهەمەی بۆ بەرجەستە كردنی هاوسەرگیری بەختیار، وەك ئایكۆن وایە.
ساڵی 1932 پۆرترێتی خود لەسەر لێواری مەكسیك و ولایەتە یەكگرتووەكان كێشا. تێیدا كاهلۆ لەنێوان خاكی مەكسیك و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەستاوە و بەدەستێكی ئاڵای وڵاتەكەی گرتووە. لەبەشی مەكسیك وێنەی سرووشت و خاك و شارستانیەتییە دێرینەكەی دەبینرێ، بەڵام لەلایەكەی دیكەدا ژیانی شار و پیشەسازی پڕ هاژە هاژەی بەرجەستە كردووە كە كاهلۆ نە حەزی لەوە دەكرد و نە بەرگەشی دەگرت. هەر لەو ساڵە تابلۆی (نەخۆشخانەی هێنری فۆرد Henry Ford Hospital) ی كێشا.ئەو بەرهەمە ئەدگارەكانی سوریالی گرتۆتە خۆی و تێیدا چیرۆكی خۆی لەكاتی لەباربردنی دووەمی بەرجەستە كردووە. لەو دیمەنەدا كاهلۆ بەڕووتی لەسەر تەختەیەكی نەخۆشخانەی ناوبراو راكشاوە و كۆمەڵێك شتیشی لەتەك دەبینرێ، لەوانە كۆرپەڵە، گوێچكەماسی و گوڵێكی ژاكاو و ئێسكی حەوزی مرۆڤ. هەموو ئەو شتانەش لەڕێگەی كۆمەڵێك پەتی سوور و پان بەجەستەی كاهلۆ گەیانراون. هاوكات لەتابلۆكانی (له‌دایكبوونی من My Birth) و (فریدرا و نەشتەرگەری قەیسەر Frida and the Cesarean Operation) یش هەمان كێشەی لەباربردنی كۆڕپەڵەكانی بەرجەستە كرد.
ساڵی دواتر دوای بیستنی هەواڵی مردنی باوكی، سۆزی بۆ وڵات بزوا و پۆرترێتەكانی (خود- زۆر دزێوە) و (خود لەگەڵ ملوانكە) و تابلۆی (جله‌كەم لەوێ هەڵواسراوە My Dress Hangs There) یشی كێشا. لەو بەرهەمەی دوایشدا هەست كردن بەتەنیایی دەبینرێ. لەناو دیمەنێكی پڕی بینا و دوو ستوونی بڵند، پەتێك هەڵخراوە و جلە مەكسیكییەكەی كاهلۆی پێوە كراوە. ساڵی 1933 لەگەڵ ریڤیرا گەڕانەوە مەكسیك. دواتر تا دەهات ناپاكییەكانی ریڤێرا بەرامبەر بەكاهلۆ زیاتر دەبوو، بۆیە هەریەك بەجیا لەدد خانووی تەك یەك ژیان. ساڵی 1935 كاهلۆ پۆرترێتی (خود بەقژی لولاوی) و ساڵی دواتر تابلۆی (باپیرم، دایك و باوكم و من My Grandparents, My Parents, and I) و ساڵی 1937 پۆرترێتەكانی (ئه‌لبێرتۆ میسراچی Alberto Misrachi) و (دیێگۆ ریڤێرا Diego Rivera) و تابلۆكانی (بەری كاكتی Cactus Fruits) و (من و فولانج چانج Fulang-Chang and I) و (من و پەرستارەكەم My Nurse and I) و (من و بووكەڵه‌كه‌م Me and My Doll) و (دیماسی مردوو The Deceased Dimas) و (یادەوەری، دڵ Memory, the Heart) و (یادگه‌ Recuerdo) ی كێشا. لەناوەراستی ئەو بەرهەمەی دواییدا وێنەی خۆی كێشاوە كە لەلێواری دەریا وەستاوە و هەوری تۆخیش ئاسمانی دواوەی دیمەنەكەی تەنیوە. كاهلۆ قاچێكی لەسەر ئاوەكە ڕاگرتووە. پێڵاوكەی پێی لەناو ئاوەكە بۆتە بەلەمێكی چارۆگەدار و ئامادەیە لەنگەر بگرێ كە شەپۆلەكان بەرەو روویان دێت. قاچەكەی دیكەشی لەسەر وشكانییەكەیە. لەسەرەوەشدا شمشێرێكی درێژ كە لەبەشی پێشەوەی فریشتەیەكی بچووك دانیشتووە، سینەی بڕیوە و شوێنی دڵەكەی كردۆتە كونێكی گەورە. دڵەكەش بەگەورەتر لەقەبارەی خۆی كەوتۆتە سەر زەوی. لەگەڵ ئەو رووداوەشدا كاهلۆ بەئاسایی خۆی وەستاوە كە لەتەكیدا دوو جلی ژنانە بەدوو پەت لەئاسمانەوە راگیراون و هەریەكە دەستێكیان لەناودا هاتیتەدەر، وەك ئەوەی تەواوكەری یەكتری بن. لەقۆڵەكانی كراسەكەی كاهلۆش پەنجەكان نابینرێن وەك ئەوەی نەبن. دەستەكەی جلەكەی پێشەوە بەئاراستەی قۆڵە بێدەستەكەی كاهلۆ درێژبۆتەوە و پێوەی ئاڵاوە.
هەر لەو ساڵەدا به‌هۆی ریڤێرا، كاهلۆ بەلیۆن ترۆتسكی سه‌ركردەیه‌كی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری رووسی ‌گەیشت، كه‌ ئه‌وسا ناوبراو له‌ده‌ست سته‌می ستالین، بۆ ئه‌و وڵاته‌ دووره‌ رای كردبوو. ئەوسا كاهلۆ پۆرترێتی خۆی تایبەت بەترۆتسكی كێشا. ساڵی دواتر ئەندریا بریتۆنی ناسی كە لەگەڵ جاكلینی هاوسەری هاتبوونە مەكسیك. هەروەها تابلۆكانی (بەره‌كانی زەوی Fruits of the Earth) و (كچ و ماسكی مردن Girl with Death Mask) و (یادی برینه‌ كراوەكه‌ Remembrance of the Open Wound) و (كه‌وتنه ‌خواره‌وه‌ی فڕۆكە The Airplane Crash) و (خۆكوشتنی دۆرۆسی هێل The Suicide of Dorothy Hale) و (ئه‌وه‌ی ئاو پێیبه‌حشیم What the Water Gave Me) و (كاتێك تۆم هه‌یه‌، ژیان، چەنده‌ خۆشم دەوێی When I Have You, Life, How Much I Love You) و (خۆچێل، گوڵی ژیان Xochil, Flower of Life) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەشی بۆ خۆی كێشا. یەكێك لەوانە خود- چوارچیوەی ناوە كە ئەو بەرهەمەی لەموزەخانەی لۆڤەر هەڵواسراوە و بۆتە تاكە بەرهەمەمی ژنە نیگاركێشەكانی مەكسیك لەو موزەخانەیە.
ساڵی 1939 تابلۆی (دوو رووت لەدارستان Two Nudes in the Forest) ی كێشا و پێشكەشی (دۆلریس دی لریۆ) هاوڕێی كرد. سەرەتا ناوی (زەوی خۆیەتی) لێنا. تێیدا ئارەزووە سێكسیەكانی خۆی بۆ رەگەزەكەی نەشاردۆتەوە. وەك دەبینرێ ژنێك سەری كردۆتە سەرەوەی رانی ژنێكی دیكە و لەبۆشایی رایگرتووە. لەپشتەوەشیان لق و گەڵای زۆر پانی درەخت و ئاسمانێكی لێڵ دەبینرێ. هەردوو ژنەكەش رووتن.
وەك ئاماژەمان پێدا ریڤێرا لەناپاكی كردنی لەكاهلۆ بەردەوام بوو. تەنانەت لەگەڵ كریستینای خوشكە بچووكەكەی كاهلۆش دەستی تێكەڵ كرد. بەوەش كاهلۆ ئارامی نەما و وەك كاردانەوە به‌ده‌ست تێكه‌ڵ كردن له‌گه‌ڵ ترۆتسكی وەڵامیداوە كە ناوبراو لەماڵی كاهلۆ و له‌گه‌ڵیدا ‌دەژیا. ئەوسا كار بەوە گەیشت‌ لەریڤیرا جیابێتە‌وه‌ و بگەڕێتەوە ناو خانووەكەی كۆیۆاكان. ئینجا بەهۆی بانگهێشتكردنی ئەندریە بریتۆن، بەشداری لەپیشەنگەی سوریالییەكانی شاری پاریس كرد و بووە مایەی سەرسامی نیگاركێشە دیارەكانی رێبازی سوریالی. ئەوسا ئەوان هەوڵی زۆریاندا باوه‌ڕی پێبهێنن كاره‌كانی سوریالین و ئەویش هاوشانی ئەوان رابەڕێكی ئەو رێبازەیە، بەڵام كاهلۆ ره‌تی ده‌كر‌ده‌وه‌ و هه‌رده‌م پێداگر بوو له‌وه‌ی هیچ كاتێك خه‌ونه‌كانی نه‌كێشاوه‌ به‌ڵكو هه‌رده‌م ئه‌و واقیعه‌ی كێشاوه‌ كه‌ له‌لای خۆیدا هەیە. له‌ناویشیاندا ئازاره‌كانی گیان و جه‌سته‌ و ژیانی پڕ له‌ناخۆشی خۆی دەربڕیوە.
ئەمەو هەر لەو كاتەی لەپاریس بوو، تابلۆی (دوو فریدایەكە The Two Fridas) ی كێشا كە تێیدا گوزارشتی لەو تەنیاییە كردووە كە لەدوای جیابوونە لەگەڵ ریڤیرا رووبەڕووی ببۆوە. تابلۆیەكە بریتییە لەدوو وێنەی جیاوازی كاهلۆ كە لەتەك یەكتری دانیشتوون. ئەوەی چەپ، ئەو فریدایەیە كە دیگۆ ریڤیرا دەستبەرداری بووە، جلێكی سپی ئەوروپی هاوچەرخی پۆشیوە و ئەوەی دیكەش، فریدای خۆشەویستی ریڤیرایە. جلێكی رەنگاوڕەنگی تیهوانای مەكسیكی پۆشیوە. بەرجەستە كراوەیەكی بچووكی دییگۆشی لەدەستێكە كە وەك منداڵ دیارە و دەستەكەی دیكەشی لەناو دەستی فریدا جل سپییەكەیە. هەر دووكیشیان دڵییان بەدەرەوەیە و بەخوێنبەرێك بەیەكەوە لكاون. لای چەپە كۆتایی دێت و بەمقەستێك بڕاوە و دڵۆپی خوێنیش لەسەر جلە سپەكەڕژاوە. وەك ئەوەی تا مردن زامدار دەبێ. ئەوەش تەكنیكێكە كاهلۆ بۆ دەرخستنی ئازارەكانی بەكاری هێناوە. بەتایبەتی لەوەی كە جلی سپی پۆشیوە كە بەشكاوی دەبینرێ. لەبەشی دواوەی دیمەنەكەش ئاسمان لێڵە و پڕە لەهەور. ئەوەشیان بەڵگەیە لەسەر پەشێوی ناخ.
ساڵی دواتر تابلۆكانی (ریتابلۆ Retablo) و (خەون- جێگەی خەوتن The Dream- The Bed) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەی تایبەت بەخۆی كێشا. هاوكات دوای تێكچونی پێوەندی ترۆتسكی لەگەڵ ریڤیرا، لەناو ماڵەكەی كاهلۆدا ترۆتسكی تیرۆر كرا. بەو كارەش پۆلیس بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك وەك گومان لێكراو كاهلۆیان دەستبەسەر كرد. لەكۆتایدا بێتاوانی دەرچوو. دوای ئەو رووداوە لەتەك ریڤیرا جارێكی دیكە به‌ره‌و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ‌چوون و بڕیاریاندا لەنوێ هاوسەرگیری بكەنەوە. لەوێدا كاهلۆ لەموزەخانەی هونەری نوێی شاری نیویۆرك و پەیمانگەی هونەری هاوچەرخ لەبۆستن و موزەخانەی فیلادلیفیا بۆ هونەر، بەشداری پیشانگەی بەكۆمەڵی كرد.
ساڵی 1941 حكومەتی مەكسیك داوای لێكرد وێنەی پێنج ئافرەتی ناوداری مەكسیكی بكێشێ، بەڵام بەهۆی مردنی باوكی، نەیتوانی درێژە بەو پرۆژەیە بدات، ئەوە جگە لەگرفتی جەستەیی. هاوكات تابلۆكانی (سەبەتەی گوڵ Flower Basket) و (من و تووتییه‌كانم Me and My Parrots) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەی تایبەت بەخۆی كێشا. ساڵی دواتر تابلۆی (لوچا ماریا، كچێك لە تیهواكان Lucha Maria, a Girl from Tehuacan) و پۆرترێتەكانی (ماروشا لاڤین Marucha Lavin) و پۆرترێتی خود لەگەڵ مەیمون و بەبەغای كێشا. ساڵی 1943 بۆ ماوەیەك لەقوتابخانەی لائازمیرالدا لە مەكسیكۆ وانەی وتەوە. هاوكات پۆرترێتی (ناتاشا گیلمان Natasha Gelman) و تابلۆكانی (دیێگۆ لەخەیاڵمە یان بیری دیێگۆ دەكەم Diego in my Thoughts or Thinking of Diedo) و (گوڵی ژیان Flower of Life) و (ژیان چەندە جوانە كاتێك سامانەكانی پێمان دەبەخشێ How Beautiful Life is When It Gives Us Its Riches) و (بووكه‌كه‌ ترساوه‌ لەبینینی ژیانی كراوە The Bride Frightened at Seeing Life Opened) و (بیركردنەوە لەمردن Thinking About Death) و (رەگه‌كان Roots) ی كێشا. لەو بەرهەمەی دواییدا كاهلۆ جەختی لەوە كردووە هەموو بەشەكانی ژیان دەكرێت لەیەك سەرچاوە هەڵقوڵابێ. تێیدا وێنەی خۆی لەسەر زەوی بەڕاكشاوی كێشاوە و لقەكانی درەخت لەجەستەیدا، بەتایبەتیش لەشوێنی دڵی، دەرچوون. وەك ئەوەی بەخوێنی جەستەی پێبگەن. بۆ خۆشی لێرەدا وەها بیردەكاتەوە وەك ئەوەی ببێتە درەختی ژیان. ساڵی دواتر پۆرترێتەكانی (خاتوو رۆزیتا مۆریللۆ Doña Rosita Morillo) و (لوپیتا مۆریللۆ سافا Lupita Morillo Safa) و (ماریانا مۆریللۆ سافا Mariana Morillo Safa) و (ئەلیسیا و ئێدواردۆ سافا Alicia and Eduardo Safa) و (ئەندازیار ئێدواردۆ مۆریللۆ سافاEngineer Eduardo Morillo Safa ) و (مارتی ئار گۆمێز Marte R. Gómez) و تابلۆكانی (دیێگۆ و فریدا Diego and Frida 1929-1944) و (ستوونی شكاو The broken Column) ی كێشا. لەوەی دوایشدا جەستەی خۆی وەها كیشاوە كە بەبزمار سمرابێ و بڕبڕەی پشتیشی بەئاسنێكی شكاو گۆڕیوە كە لەسەر لێواری داڕمانە. بێگومان بۆ ئەو مەبەستەش سینەی خۆی بەڕووتی كێشاوە. لەگەڵ ئەوەی لەچاوەكانیشیدا فرمێشك قەتیسماوە، بەڵام روانینەكانی جۆرێك لەئه‌له‌نگاری و هێزی لەبەرامبەر نەخۆشی لێ دەبینرێ.
ساڵی 1945 تابلۆكانی (ئاگنۆلیا Magnolias) و (موسا Moses) و (ماسك The Mask) و (جوجەڵە The Chick) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەی تایبەت بەخۆی كێشا. ئەوسا پزیشك سیستەمێكی ناچاریانەی خۆراكی بۆ دانابوو، ئەویش بۆ تۆمار كردنی ئەو ماوەیە، تابلۆی (بێهیوا Without Hope) ی كێشا كە تێیدا خۆی وەها نیشانداوە لەسەر جێگە كەوتووە و ناچار كراوە خۆراكێكی زۆر بخوات. لەپشتەوەی ئەو بەرهەمەشی نووسیویەتی (هیچ هیوایەكم نەماوە، هەموو شتەكان لەكاتی خۆیان تێدەپەڕن، وەك ئەوەی گەدە لەشتەكان بەتاڵ دەبێتەوە). ساڵی دواتر بەهیوای رزگاربوون لەئازارەكانی پشت، نەشتەرگەرییەكی دیكەی لەشاری نیویۆرك بۆ كرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. بەو دەرەنجامەش هێندەی دیكە بێهیوابوو. ئەوسا بۆ دەربڕینی ئازارەكانی، وێنەی خۆی لەشێوەی مامزێك كێشا و ناوی نا (ئاسكی زامدار The Wounded Deer). ئەو بەرهەمە بەلایەوە زۆر خۆشەویست بوو. لەناویدا كاهلۆ بۆ گوزارشت كردن لەبێئومێدییەكەی و بێتوانستی لەگۆڕینی چارەنووسە تاڵەكەی، ئاسكێكی كێشاوە كە كۆمەڵێك تیری بەركەوتووە و زامدارە. باكگراوەندی تابلۆكەش دارستانێكە لەدرەختی مردوو و شكاو، بەهەمان ترس و بێئومێدی كاهلۆ دەچێت. ئاسمانیش تەم و مژاوییە و بەو بروسكەیە رۆشنبۆتەوە كە وەك هیوا وایە، بەڵام لەبەر دووری، بەئاسمان نەكەوتووە. هاوكات تابلۆكانی (دیمەنی سرووشتی Landscape) و (درەختی هیوا، بەهێز بمێنه‌وه‌ Tree of Hope, Remain Strong) و ساڵی 1947 تابلۆی (خۆر و ژیان Sun and Life) و پۆرترێتی خود لەگەڵ قژی درێژ و ساڵی 1949 تابلۆكانی (باوه‌شی خۆشەویستی گەردوون، زەوی، مەكسیك، خۆم، دیێگۆ و سێنۆر خۆلۆتل The Love Embrace of the Universe, the Earth (Mexico), Myself, Diego, and Señor Xolotl) و (من و دیێگۆ Diego and I) ی كێشا. لەوەی دواییدا كە وەك نیوە پۆرترێت وایە، جلێكی سپی پۆشیوە و سەرپۆشێكی ئەرخەوانیشی لەسەر كردووە. لەڕووخساریدا گریان بەدیدەكرێت. لەسەر برۆیەكانیشی دییگۆی وەك چاوی سێیەمی خۆی كێشاوە. شایانی باسە ئەو كارەی وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانە بوو كە ئەوسا دەكرا، گوایە دییگۆ لەپێناو ژنە ئەكتەرێكی هۆلیۆد، دەستبەرداری كاهلۆ دەبێت.
ساڵی دواتر پۆرترێتی (خێزانی فریدا Frida’s Family) ی كێشا. هاوكات جارێكی دیكە بۆ ماوەی یەك ساڵ كەوتەوە نەخۆشخانە. ساڵی 1951 تابلۆكانی (گوێزی هیندی Coconuts) و (ژیانی كپ تایبەت بەساموێل فاستلیخت Still Life Dedicated to Samuel Fastlicht) و (ژیانی كپ لەگەڵ تووتی و ئاڵا Still Life with Parrot and Flag) و (ژیانی كپ لەگەڵ تووتی و میوە Still Life with Parrot and Fruit) و پۆرترێتی (باوكم My Father) و پۆرترێتی (خود لەگەڵ پۆرترێتی دكتۆر فاریل Self-Portrait with the Portrait of Doctor Farill) و ساڵی دواتر تابلۆكانی (كۆنگره‌ی گەل بۆ ئاشتی Congress of People for Peace) و (سرووشتی زیندوو Living Nature) و (میوه‌ی ژیان Fruit of Life) و (ژیانی كپ لەگەڵ شوتی Still Life with Watermelons) ی كێشا.
ساڵی 1953 لەشاری مەكسیكۆ ستی بۆ یەكەم جار پیشانگەیەكی تایبەت بەكارەكانی بۆ كراوە كە ئەوسا لەبەر ئەوەی نەیتوانی لەسەر قاچەكانی ئامادە بێت، بەئامبۆلانس بەرەو هۆڵی پیشانگەكە بردرا. هاوكات وەك چالاكوانی سیاسی، بەشداری لەو خۆپیشاندانانە كرد كە دژی هەواڵگری ئەمەریكی لەگواتیمالا، ساز كرا. دواتر به‌هۆی ئازاره‌كانی پێشوو، دووچاری نه‌خۆشی گاگرینا- داخورانی ئێسك بوو و بەهۆیەوە قاچی راسته‌یان بڕیه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ زیاتر بێهیوا بوو. بێگومان بێئومێد بوونیش له‌ (بوون به‌دایك) هێنده‌ی دیكه‌ ژیانی تاڵ كردبوو، بۆیە ئەوسا چەندان جار لەڕێگەی بەكارهێنانی ماددەی ئەفیون هەوڵی خۆكوشتنیدا.
ساڵی دواتر تابلۆكانی (ماركسییەت تەندروستی بەنەخۆشه‌كان دەبەخشێ Marxism Will Give Health to the Sick) و (ژیانی كپ لەگەڵ ئاڵا Still Life with Flag) و (ڤیڤا لا ڤیدا و دكتۆر خوان فاریل Viva la Vida and the Dr. Juan Farill) و (ڤیڤا لا ڤیدا، شوتی Viva la Vida, Watermelons) و پۆرترێتی (خود لەگەڵ پۆرترێتی دیێگۆ لەسەر مەمك و ماریا لەنێوان برۆكان Self-Portrait with a Portrait of Diego on the Breast and Maria Between the Eyebrows) و (پۆرترێتی خود لەگەڵ ستالین Self-Portrait with Stalin) و (پۆرترێتی خود لەدیمەنێكی سرووشتی لەگەڵ ئاوابوونی خۆر Self-Portrait in a Landscape with the Sun Going Down) ی كێشا. بەو جۆرە بەردەوام بووتا لەڕۆژی 13 ی تەمموزی ئەو ساڵە كۆچی دوایی كرد. به‌ر لەمردنیشی داوای له‌ریڤێرا كردبوو (له‌دوای مردنی لاشه‌كه‌ی بسوتێنێ). هەروەها وتبووی : “ئاواتەخوازم دەرچوونم لەدونیا خۆش بێت و جارێكی دیكە ناگەڕێمەوە ناوی”.
جگە لەو بەرهەمانەی ئاماژەمان پێدان، كاهلۆ كۆمەڵێك تابلۆ و پۆرترێتی دیكەی كێشاوە. زۆربەی بەرهەمەكانیشی تایبه‌تن به‌ژیانی خۆی كە له‌ناویاندا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی سه‌خت و ژیانی قورسی پڕ لەناپاكی هاو‌سه‌ره‌كه‌ی، ره‌‌نگیداوەتەوه. هەروەها لەناویاندا بەدوای خود (مێینەی جەستە) ش گەڕاوە. پارێزگاریشی لەفۆلكلۆری نەتەوەكەی كردووە. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسامیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ قه‌باره‌ی تابلۆكانی گه‌لێك بچووكن، له‌كاتێكدا به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ریڤێرا زۆربه‌یان دیواربه‌ندی گه‌وره‌ن.
ساڵی 1958 ئەو خانووەی لەكۆیۆاكان تێیدا هاتە دونیا و پێگەیشت و ساڵانێكیش لەگەڵ ریڤێرا تێیدا ژیا و هەر لەوێشدا مرد كە بەخانووه‌ شینەكە ناسراوە، لەلایەن ریڤێرا كرا بەموزەخانە و لەناویدا بەشێكی زۆری تابلۆ و كەل و پەلە تایبەتییەكانی و خۆڵەمێشەكەی كاهلۆ و خۆڵەمێشی ریڤیرا پارێزراوە. ئەمەو تا ئێستاش چەندان كتێب لەبارەی ژیان و پێگە هونەرییەكەی نووسراوە، لەوانە كتێبی (خۆشەویستی پیرۆز و خۆشەویستی نەگریس لەژیانی فریدا كاهلۆ) لەلایەن كلۆدیا شیفەر و كتێبەكانی (فریدا) و (ژیاننامەی فریدا كاهلۆ) لەلایەن هایدن هیریرا. ژیانە تاڵەكەشی وەك خاوی گرینگ چەندان جار كراوەتە دەقی سینەمایی. لەوانە ساڵی 2002 له‌هۆلیود كرا به‌فیلمی سینه‌مایی بەناونیشانی (فریدا ژیانی كێبڕكێ) كە جۆلی تایمور دەریهێنا و تێیدا سه‌لما حایكی ره‌سه‌ن لوبنانی و نمایشكه‌ری جل و به‌رگی مه‌كسیكی، سه‌ركه‌وتووانه‌ رۆڵی كاهلۆی گێڕاوە. هەروەها ناوبراو لێزانانە هەڵچوونەكانی ناخ و دەروونە تێكشكاوەكەی كاهلۆی دەربڕیوە. فیلمه‌كەش چه‌ندان خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا.
ئازارەكانی جەستە و خۆشەویستی و ناپاكی هاوسەرەكەی و شكستهێنانی سیاسی و سۆزداری لەلایەك و پێداگریش لەژیان، وەهایان كردووە كاهلۆ ببێتە ئایكۆنی ئه‌له‌نگاری و رووبەڕووبونەوە. لەبەر ئەو گرنگییەش جگە لەوەی وێنەكەی كەوتە سەر پولی پۆستە، وەك ئایكۆنێكی بازرگانیش بۆ بڕه‌ودانی بەرهەمی كۆمپانیاكان، لەو وێنانەیە كە بۆ كۆمەڵێك بەرهەم بەكارهێنراون. لەوانە كۆمپانیای ماتیلی ئەمەریكی كاتێك زنجیرەیەك بووكەڵه‌ی باربی دەركرد، وێنەی كاهلۆ یەك لەو وێنانە بوو كە بۆ رووخساری بووكەڵه‌كان بەكارهێنا، دوای بڵاوبونەوەی فراوانی ئەو بەرهەمە، كەس و كاری كاهلۆ توڕە بوون. بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكە لەو بەرهەمەیدا برۆكانی وەك سرووشتی خۆی دیاری نەكردبوو كە نیشانەیەكی تایبەتی كاهلۆ بوو. ئەوسا وتیان: “فریدا كاهلۆ بەرهەمی ماركەیەكی بازرگانی یاخود بووكەڵه‌ نییە، بەلای ئێمە زۆر گرنگە پارێزگاری لەوێنەكەی خۆی بكەین، وەك ئەو هونەرمەندەی كە لەژیاندا هەبوو”.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress