
كورتە چیرۆكی ‘زیندانی وشەكان’.. نووسینی: عەبدولسەلام ئیسماعیل
زیندانی وشەكان
دەمژمێر شەش و شەش خولەكی ئێوارەیە. لە پەنجەرە شڕ و پیسەكەی ژوورەكەمدا سەیری دەرەوە دەكەم. تۆز و غوبارە. با و بۆران وەك زەنگەسۆرە خۆیان بە پەنجەرەكەدا دەدەن. ئاسمان یەك پارچە لێڵییە، ناتوانی هەڵیبێنی چ ڕەنگێكە. خۆر بنەوبارگەی تێكناوە و ئاسمانی ئێمەی جێهێشتووە. هیچ هیوایێك لەم ئاسمانەدا نابینم. ژوورەكەم لە دەرەوە دڵگیرترە، لێ تاكە شتێك بێزارم دەكات، ئەو وشانەن كە خۆیان بە تاقودیوارەكەدا دەدەن. لە هەوڵدام كۆیان بكەمەوە و بیانخەمە زیندانی كاغەز، بەڵكە چی دی ئارامیی ژوورەكەم نەشێوێنن. پەردەكەم دادەدەمەوە و دەست بە نووسین دەكەم. وشەكانم وەك لافاو دەڕژێنە سەر ڕوومەتی كاغەزەكان. كاغەزەكان بیابان ئاسا تینوون و دڵگەرمانە باوەشیان بۆ دەكەنەوە، لێ وەكو زیندانێك، نە زیاتر. دواجار زیندانێكم بۆ وشەكانم دروست كرد. ئێستە كەمێك ئارامترم، هیچ نەبێت خۆم خاوەنی زیندانەكەم. زیندانێكی ڕوتوقوت. لە هاویناندا بۆدڕی وشەكان كاست دەكات، لە زستانانیشدا خوێنی وشەكان دەمەییێت. ئێستە دوای ساڵێك و چەند مانگێك، دەخوازم گوزەرێك بە نێو زیندانەكەدا بكەم. بە تەنیا ناوێرم، بە وشەكان نامۆ بوومە. دەمەوێت بە قەد ژمارەی وشەكان، خەڵك لەگەڵ خۆم ببەم. من بە ترسەوە هەنگاو دەنێم، ئێوەش بە دوامدا وەرن.
گوزەرێك بە نێو ‘زیندانی وشەكان’م
من ئێستە نامۆم. لە ژوورێكی نسرم دام و نامۆم بە ڕابردوو. دڕدۆنگم، ئاخۆ هەر بەڕاست لە ڕابردوودا ژیاوم! یادەوەرییەكان وەك سێبەری ئاگرێك ونن، وەك هەڵمی چێشتێكی ساردەوەبوو لە كەتواری ئێستەمدا بزرن. لەم ژوورەدا ئیتر دەللاقەكان سیپاڵەكانم ناخەنە سەر شانیان. چ شاشییەكە! من لە ڕابردوودا ناژیم، بەڵكە ڕابردوو وەك بوونێكی بێزراو و ڕەزاگران لە نێو مندا دەژیت. یادەوەرییەكانی دەنگ و وێنە شەتەكم دەدەن. یادەوەرییە دەنگییەكان وەك تەزرە بەر زەویی ناخم دەكەون، درز نابات، دەڕوشێت. یادەوەرییە وێنەیییەكانیش هەرچەندە فرسەخێك لێمەوە دوورن، لێ شلوێ و دەهریم دەكەن. بەلەسەبووم و خۆم تەیار دا، بەرەو دوندی یادەوەرییەكان چووم. گەڕامەوە و نەگەڕامەوە. ئێستەش پارچەیەكم لە دامێن، پارچەیەكی دیكەم لە زاخڕ و یەكی دیكەشم لە بنار ماوەتەوە.
من ئێستە دەگەڕێمەوە بۆ بوونێكی لە دەستچوو لە ڕووی كاتەوە، لێ هەمیشە زیندوو لە نێومدا. یادەوەرییەكان دەمهاڕن. بۆنی پڵاوێك، جلوبەرگێك، وشەیێك، پێكەنینێك، نەخۆشخانەیێك، شەقام و كۆڵانێك دەمگەڕێننەوە بۆ مەودایێكی دوور لە چاوان و نزیك لە من. هەمیشە لەگەڵ یادەوەرییەكان لە جەنگ دام، نازانم كەی كۆتاییی دێت؟ هەمیشە ئەو هورووژم دێنێت و منیش بەرگریی دەكەم. لێ دڵنیام ناتوانم سەختگیرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەم، چونكێ بەلەسە بوونە.
من ئێستە لە قەرەباڵغیدا تەنیام و لە تەنیایییشدا زۆر قەرەباڵغم. لە تەنیاییدا یادەوەرییەكان تەنیام ناكەن، لێ من دەمەوێت تەنیام بكەن و وازم لێ بێنن. دەمەوێت بەرەو شوێنكاتێكی دوور و نادیار تووڕیان هەڵدەم. شوێنكاتێك دوور لە بوون و زەمەنی من. شوێنكاتێك دەستیان پێم نەگات. شوێنكاتێك نەستم دەستی پێیان نەگات. شوێنكاتێك لەوێدا یادەوەرییەكانیشم ئازاد بن. منیش ڕەها و سەربەست و ئاسوودە بم. شوێنكاتی خەیاڵ، بەڵێ، تەنیا لەو شوێنكاتەدا دەتوانم لیخنیان بكەم و بیانشێوێنم.
لە نێو ئەم زیندانی وشەیەدا ون دەبم لە ڕووی ‘كات’ەوە، لێ خۆم دەدۆزمەوە لە ڕووی ‘بوون’ەوە. هەمیشە ‘كات’ و ‘بوون’ لە كێبەركێیەكی سەیر و تژی لە نامۆیی و حەسرەتن. ئەوە ‘كات’ە خۆی دەئاخنێتە نێو ‘بوون’ و زۆرجار دەستەمۆی دەكات و دەیئەنجنێت. زۆرجاریش ئەوەندە تێكەڵی یەكتر دەبن، ‘بوون’ دەبێتە مازۆخی و چێژ لەم ئازارە دەبینێت. ‘كات’ بزۆك و زیتەڵە، لە شوێنێك دەوەستێت، تۆ پێت وایە كۆتایی هاتووە، لێ دەبینی لە نێو نەچووە و سەر دەردێنێتەوە. ‘كات’ هەمیشە چاوەڕێی كاتێك دەكات بۆ هێنانە ناوەوەی یادەوەرییە زەمەن كردەكان. یادەوەرییەكان لە نێو ‘كات’دا گەشونما دەكەن و تا پەسلان دەمێننەوە. یادەوەرییەكان لە شێوەی هێڵێكی كاتی دابەشبوونە بەسەر نائاگاییمدا. من لە نائاگاییمدا بە ئاگاترم لە ئاگاییم. هەر ئەوەندەی وەنەوزم دا، ئیدی یادەوەرییە وێنەیی و دەنگییەكان هورووژم دێنن و نائاگاییم دەخەنە هەلەكەسەما.
من ئێستە لاقرتم بە ژیان دێت كەی هورووژم دێنێت. من ئێستە لاملم و ئاڵش و وێڵش لەگەڵ ژیاندا ناكەم. سەراسیمە دەڕوانمە زیتەڵی و سەرگەرمیی خەڵك بۆ ژیانێكی گرگن و پەڕپوت. لێ لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا ژیان لە شێوەی خۆشیێك خۆی مەڵاس داوە. هەمیشە چاوەنواڕم، گوێ و چاوم موت كردووە، وەكو كەسێك بیەوێت لە نێو پەشێویی و غوباری بیاباندا شتێكی دڵخۆشكەر ببینێت و ببیستێت. ئەوە منم بە چاویلكەیەكەوە لە نێو بیاباندا ‘غوبار’ ڕاودەنێم. ئەوە منم لەبەرانبەر زایەڵەی یادەوەرییەكان دەسرەوێم. ئەوە منم كە ژیان ئەفیونهەست نییە بۆی. ئەوە منم دەخوازم بەبێ پەڕەمووچ وێنەی ژیانێكی تەڤ لە هەڤ بكێشم. ئەوە منم…، ئەوە منم…، ئەوە منم من…
بێداربووینەوە و بە ڕاكردن هاتینە دەرەوە. هەر توانیمان چەند كونجێكی بچوكی زیندانەكە بەسەر بكەینەوە. سەیرم كرد دەمژمێر شەشی ڕێك بوو، چەند سەیرە! شەش خولەك گەڕاینەوە دواوە…!