
عه‌لی و نینۆ له‌نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
عه‌لی و نینۆ، وەك كورته رۆمانێكی چڕ و پوخت. یه‌كێكه له‌شاكاره دیاره‌كانی ئه‌ده‌بی قه‌فقازی. تێیدا له‌نێو كه‌شی گه‌رمی خۆشه‌ویستی بۆ هاوسه‌ر و نیشتمان، ئه‌و به‌ربه‌ست و ئازارانه ده‌خاته به‌ردیده كه رژێمی فه‌رمانڕه‌وای رووسی له‌سه‌رده‌مه‌كانی قه‌یسه‌ری و سۆڤییه‌تی، واتا له‌گه‌رمه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و جه‌نگی ناوخۆ، له‌نێوان ساڵی 1918 تا ساڵی 1920 خستبوویانه به‌رده‌م باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان. داستانێكی خۆشه‌ویستی و به‌رگریكردنه، له‌نێوان (عه‌لی خان شێرڤانشێر) كه له‌خانه‌دانێكی موسوڵمانی شیعه‌ی ئازه‌ری ره‌سه‌ن فارسه و له‌نێوان شازاده (نینۆ كیپانی) مه‌سیحی ئارسۆدۆكسی جۆرجی. ئه‌وانه كه له‌باكۆ هاوپۆلی خوێندن بوون پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌نێوانیان دێته ئارا و شه‌یدای یه‌كتری ده‌بن. دوای پرس و رای زۆر، هه‌ردوو ماڵباته‌كه به‌هاوسه‌رگیرییان رازی ده‌بن، به‌و مه‌رجه‌ی نینۆ خوێندنی ته‌واو بكات. باوكی عه‌لیش به‌و مه‌رجه‌ی رازی ده‌بێت (عه‌لی نوێژ كات و مه‌ی نه‌خواته‌وه و كاری باش بكات و له‌پێناو بیروباوه‌ڕیش بجه‌نگێ و رێگاش به‌دوژمن نه‌دات ده‌ستدرێژ بكات).
كاتێك كاروباره‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چوون كوڕێكی مه‌سیحی ئه‌رمه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ند كه (نه‌خاره‌یان) ی ناوه و هاوڕێی عه‌لی بوو دێته نێوانیان بۆ نموونه لای باوكی نینۆ باسی هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری رووسی به‌سه‌ر ماڵباتی شێرڤانشێری له ئێران‌دا ده‌كات و به‌گوێدا ده‌خوێنێ هاوسه‌رگیری كچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی ده‌بێته مایه‌ی گرفت له‌نێوان ئه‌وان (كیپانی) و حكومه‌تی رووسی. ئه‌مه‌و كه رووسیاش له‌ساڵی 1914 چووه ناو به‌ره‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، هه‌ندێك له‌هاوڕێكانی عه‌لی چوونه ریزه‌كانی سووپا به‌ڵام كاتێك ده‌وڵه‌تی عوسمانیش دژی رووسیا چووه جه‌نگه‌كه، ئه‌وان تووشی بارێكی نائاسایی ده‌بن، هه‌رچه‌نده عوسمانییه‌كان سونین و ئازه‌ریه‌كانیش شیعه.
نه‌خاره‌یان بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌سته شاراوه‌كانی رۆژێك به‌ئوتۆمبیله‌كه‌ی ده‌یه‌وێت نینۆ بڕفێنێ، ئه‌وه بوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری باكۆی برد. كاتێكیش ئه‌و هه‌واڵه به عه‌لی ده‌گات به‌په‌له و به‌ئه‌سپێكی خواستراو دوای ده‌كه‌وێت تا پێیانده‌گات. دوای رووبه‌ڕووبونه‌وه عه‌لی به‌خه‌نجه‌ره‌كه‌ی ده‌یكوژێت. به‌وه‌ش ناچار به‌ره‌و چیاكانی داغستان ده‌بێت رابكات و لای خزمه‌كانی له‌گوندێك داڵده ده‌درێت. دوای ماوه‌یه‌ك به‌یارمه‌تی كه‌سێكی خزمی عه‌لی نینۆ ده‌گاته ئه‌و گونده‌ی سه‌خت و دووره ده‌سته. له‌وێدا له‌گه‌ڵ عه‌لی هاوسه‌رگیری ده‌كات. به‌و جۆره له‌شازاده‌ییه‌وه ده‌بێته ژنێكی گوندی و خه‌ریكی كاروباری ناوماڵ و هێنانی ئاو و سه‌ختته‌كانی دیكه‌ی رۆژانه ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ختیارانه ده‌ژیه‌ن.
دواتر هه‌واڵ به‌عه‌لی ده‌گات قه‌یسه‌ر نیكۆلای دووه‌م له‌ده‌سه‌ڵات لادراوه و باكۆش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه. ئه‌مه‌و ماڵباتی نه‌خاره‌یانیش به‌ره‌و ئه‌رمینیا باریان كردووه. بۆیه عه‌لی بڕیار ده‌دات بۆ به‌رگریكردن بگه‌ڕێته‌وه باكۆ. ئه‌وسا سوپا هه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌ی رژێمی پێشوو كه به‌دوای تاڵانیدا ده‌گه‌ڕان به‌سه‌ر شاری باكۆدا ده‌ده‌ن و دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌خت، عه‌لی و نینۆ راده‌كه‌ن و ماڵه‌كه‌شیان وێران ده‌كرێت. نینۆ له‌وڵاتی ئێران رۆژانێكی ناخۆش له‌كۆشكێكی داخراو به‌سه‌ر ده‌بات. دواتر عه‌لی پێی ده‌گاته‌وه و لای مامی ماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه كه مامی لای شای ئێران پێگه‌ی به‌رز بوو. كاتێكیش نینۆ ده‌بێنی هاوسه‌ره‌كه‌ی رێوروسمی عاشورا ئه‌نجامده‌دات و جه‌سته‌ی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات، زۆری پێ‌ناخۆش ده‌بێت. دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌وشیان پێده‌گات هێزه‌كانی عوسمانی ئازه‌ربایجانیان كۆنترۆڵ كردووه و باكۆ ئازاد كراوه. ئه‌وسا عه‌لی و نینۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه باكۆ. هاوكات جاڕی كۆماری ئازه‌ربایجانی دیموكراتی ده‌درێت. نینۆ ئه‌ركی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه‌گه‌وره‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی عه‌لی ده‌گرێته ئه‌ستۆ و عه‌لیش له‌لایه‌ن (فتالی خان هویسكا) ی یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ئازه‌ربایجان، له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌كرێته پاشكۆی نووسینگه‌ی ئه‌وروپای رۆژئاوایی حكومه‌ت. به‌ڵام هێنده‌ی پێناچێت، سووپای توركی ئه‌و شوێنه بۆ هێزی ئینگلیزی چۆڵ ده‌كات كه ئه‌وان وه‌ك هێزی پارێزه‌ر هاتبوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌لی و نینۆش زمانی ئینگلیزییان ده‌زانی بۆیه هاوكاریان كردن. ئه‌وسا نینۆ خه‌ونی به‌وه ده‌بینی له‌باڵوێزخانه‌ی شاری پاریس كار بكه‌ن. دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه هێزی ئینگلیزی ناوچه‌كه‌یان جێهێشت و دانیشتوانی ئازه‌ربایجانیش هاوشێوه‌ی ئێمه‌ی كورد و گه‌لانی دیكه‌ی ئه‌وسا، چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی سیڤه‌ر بوون. به‌ڵام سوپای سووری سۆڤییه‌تی به‌مه‌به‌ستی رووخانی كۆماره‌كه و سوودمه‌ندبوون له‌ته‌واوی نه‌وته‌كه‌ی یه‌كسه‌ر هێرش ده‌كاته‌وه سه‌ر باكو و هه‌وڵی لكاندنه‌وه‌ی به‌سۆڤییه‌ته‌وه ده‌دات. به‌وه‌ش باكۆ داگیر ده‌كرێته‌وه و عه‌لی و نینۆش به‌ره‌و شاری گه‌نجه راده‌كه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی سوپای سۆڤییه‌تی ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ش، عه‌لی ئه‌و جاره نینۆ و كچه‌كه‌ی به‌ره‌و جۆرجیا ده‌نێرێت و بۆخۆشی له‌گه‌ڵ ئازادیخوازه‌كان چه‌كی به‌رگری هه‌ڵده‌گرێت، تا شه‌هید ده‌كرێت ده‌جه‌نگێت.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ناوه‌رۆكی ئه‌و داستانه ته‌نیا چیرۆكێكی ئاسایی خۆشه‌ویستی نییه به‌لكو سیمبولێكه بۆ ناسنامه و سازانی نێوان كه‌لتووره‌كان و ئایینه‌كان. نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا. نێوان دواكه‌وتوویی و ژیانی نوێ. نێوان بیابان و چیا. نێوان پابه‌ندبوون به‌داخوازی دڵ و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی بیروباوه‌ڕ. نووسه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر دوو جۆر خۆشه‌ویستی كردووه. یه‌كه‌میان خۆشه‌ویستی كوڕێك بۆ ئاشقه‌كه‌ی. دووه‌میش خۆشه‌ویستی هه‌مان كوڕ بۆ نیشتمانه‌كه‌ی. رۆمانێكه قه‌فقازی تێدا به‌رجه‌سته‌یه. ئه‌و خاكه پڕه له‌داستان و ره‌گه‌ز و ئایین و كه‌لتووری جۆراجۆر. هه‌ر بۆیه په‌ندی پێشینان و قسه‌ی نه‌سته‌ق و چیڕۆكی میللی تێدا ده‌بینین، بۆ نمونه له‌ئێواره خوانێكی ناو ماڵی كیپانی، نه‌خاره‌یان له‌ناو ئاپۆڕه‌ی ئاماده‌بووان وه‌ك گاڵته‌كردن روو له‌عه‌لی ده‌كات و ده‌ڵێت : “هه‌ڵۆ له‌چیا و به‌وریش له جه‌نگه‌ڵه‌كان ده‌رده‌چن، ئه‌ی له‌بیابان چی هه‌یه؟” مه‌به‌ستی له‌بیابان خاكی ئازه‌ربایجانه. عه‌لیش لێزانانه وه‌ڵام ده‌دات و ده‌ڵێت : “شێر و جه‌نگاوه‌ره‌كانی لێ ده‌رده‌چێت.
شایانی باسه تا ئێستا نووسه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و شاكاره نادیاره. هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌ن (لیڤ نوسیمباوم 1905 – 1942) نووسه‌ری ئازه‌ری نووسیویه‌تی كه ناوبراو له‌به‌ر هۆكاری سیاسی له‌ژێر ناوی خواستراوی (ئه‌سعه‌د سه‌یدEssad said ) بابه‌ته‌كانی ده‌نووسی. خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می گرنگه، له‌وانه (خوێن و نه‌وت له‌ڕۆژهه‌ڵات)، (دوانزده نهێنی قه‌فقاز)، (رووسیای سپی)، (زێڕی ڕه‌ش) و (مانوێلا). به‌ڵام زۆرینه‌ی شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌ن نووسه‌ری ئه‌و شاكاره (یوسف ڤیزێر شامانزامینلی 1887 – 1943) نووسه‌ر و دیپلۆماسكاری ئازه‌ربایجانییه كه ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكاری سیاسی به‌ناوی خواستراوی (قوربان سه‌ید Kurban Said) ده‌ینووسی. زۆر ئه‌دگاری پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ش به‌كه‌سایه‌تی ئه‌و نووسه‌ره ده‌چێت. هه‌ر له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وه تا ده‌گاته قوربانی دان. هه‌ندێك ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت ناوه خواستراوه‌كه‌ی قوربانیش له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌و نووسه‌ره راوێژگاری دادوه‌ری بوو. ساڵی 1920 دوای ئه‌وه‌ی سوپای سۆڤیه‌تی به‌ره‌و ئازه‌ربایجان چوو، له‌به‌ر بۆچوونه سیاسییه‌كانی دژ به‌سۆڤیه‌ت، وڵاتی جێهێشت و له‌تاراوگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێ و ده‌ستگیر نه‌گرێت زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌ناوی خواستراو بڵاوكرده‌وه. له‌وانه (قوتابییان) و (به‌هاری كچان) و (له‌نێوان دوو ئاگردا). ساڵی 1925 مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ره‌و باكۆ پێدرا. ساڵی دواتر گه‌ڕاوه. ئه‌وسا ماوه‌یه‌ك له‌زانكۆی باكۆ وانه‌ی زمانی ئازه‌ری وته‌وه. زۆر بابه‌تیشی له‌زمانی رووسی بۆ ئازه‌ری وه‌رگێڕا. ساڵی 1934 به‌شداری له‌كۆكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگی رووسی – ئازه‌ری كرد. ساڵی 1937 له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی پاكتاوكردنی ئه‌دیبانی دژ به‌ئایدیای ، به‌هۆی ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كانی، هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵیك ئه‌دیبی دیكه ده‌ستگیر كرا و ماوه‌ی هه‌شت ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. دوای به‌سه‌ر بردنی سێ ساڵ، به‌هۆی به‌دخۆراكی و ئازاره‌كانی جه‌سته له‌ئۆردوگای غولاغ، گیانی سپارد.
سه‌ره‌تای بڵاوكردنه‌وه‌ی عه‌لی و نینۆ بۆ ساڵی 1937 ده‌گه‌ڕێته‌وه كه (ئی پی تال ڤێرلاگ E.p.Tal. Verlag) له‌ڤییه‌ننا به‌زمانی ئه‌ڵمانی چاپیكرد. دواتر له‌پێش چاوی خوێنه‌ران ون بوو، تا ساڵی 1970 خاتوو (جێنیا گرامان Jenia Graman) له‌كتێبخانه‌یه‌كی كۆنی ئازه‌ربایجانی ده‌یدۆزێته‌وه و وه‌ریده‌گێڕیته سه‌ر زمانی ئینگلیزی. ئه‌وسا هێنده‌ی پێناچێت بۆ كۆمه‌ڵێك زمانی دیكه وه‌رده‌گێڕدرێت. ئه‌مڕۆش وه‌ك ئایكۆنێكی سه‌نگینی كۆماری ئازه‌ربایجانی دیموكراتی سه‌یری ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ته‌نینه‌وه‌ی ئه‌و شاكاره‌ش بۆ ناو كاری هونه‌ری ساڵی 2016 له‌به‌ریتانیا به‌هه‌مان ناوی عه‌لی و نینۆ كرا به‌فیلم. كریستۆڤه‌ر هامپتۆن سیناریۆكه‌ی داڕێژت و ئاسه‌ف كاپادیای ده‌رهێنه‌ری به‌ریتانی ره‌سه‌ن هیندیش، ده‌ریهێنا. وێنه‌ی دیمه‌نه‌كانی له‌توركیا و ئازه‌ربایجان گیراون. ئاده‌م به‌كری ئه‌كته‌ری فه‌له‌ستینی و ماریا ڤالڤێردی ئه‌كته‌ری ئیسپانی له‌ته‌ك ریكاردۆ سكامارچیۆ و هۆمایۆن ئه‌رشه‌دی و ماندی باتینكین و كۆنی نیلسن و كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری دیكه، رۆڵه سه‌ره‌كییه‌كانیان تێدا به‌رجه‌سته كردووه. ئه‌مه‌و پێشتریش وه‌ك شكۆداركردنی داستانه‌كه، خاتوو (ته‌مارا كڤیسیتادزی) ی په‌یكه‌رسازی جۆرجی ساڵی 2007 دیزانی بۆ په‌یكه‌رێكی دووانه‌یی كوڕ و كچێك به‌ناوی (په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی) داڕێژت و ساڵی 2010 له‌شاری باتۆمی سه‌ر ده‌ریای ره‌ش، چه‌سپاندی. هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی په‌یكه‌ره‌كه له‌پارچه شێوه بازنه‌یین له‌پۆڵا دروستكراون. به‌رزییه‌كه‌یان هه‌شت مه‌تر و كێشیشیان حه‌وت ته‌نه. ئه‌و دوو په‌یكه‌ره‌ی له‌رێگای ته‌كنیكی كاره‌بایی به‌رده‌وام له‌بنه‌كه‌كه‌یانه‌وه له‌خوڵگه‌یه‌ك ده‌سوڕێنه‌وه تاكو له‌كاتژمێر حه‌وتی ئێواره‌ی هه‌موو رۆژێك به‌هێواشی ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌بن. سه‌ره‌تا وه‌ك ئه‌وه یه‌كتری ماچ بكه‌ن دواتر یه‌كتر له‌ئامێز ده‌گرن. ئینجا یه‌كتری ده‌بڕن و له له‌نگه‌ری سووڕانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ستبه‌رداری یه‌كتری ده‌بن و پشت له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن، وه‌ك ئاماژه‌كردنێك بۆ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌خۆشه‌ویستیدا به‌رده‌وام نییه.
ئه‌و كاره هونه‌ریه بۆته رووگه‌یه‌كی دیاری گه‌شتیاری و شارستانی شاره‌كه. رۆژانه زۆری گه‌شتیار له‌دیار ساتی ئاوێزانبوونی هه‌ردوو په‌یكه‌ره‌كه ده‌وه‌ستن و بیریش له‌ساته سه‌خته‌كانی چیڕۆكی خۆشه‌ویستی تراژیدی ناو جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ده‌كه‌نه‌وه.
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا