
بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر ،وەک بەشێک لە دیرۆکی خوێناوی نەتەوەیەک.. گۆران هەڵەبجەیی
{گەر زمانەکەم مەترسی بێت بۆسەر پایەکانی دەوڵەتەکەت،کەواتە
وڵاتەکەت لەسەر خاکەکەی من بونیاد ناوە- مووسا عەنتەر}
من کەسێکم زۆر ئارەزوی خوێندنەوەی بیرەوەری دەکەم، بەتایبەت هی ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ و نەخشیان لە کایەکانی مرۆڤاتیدا هەبووە و هەیە ،ئیدی لەسەر ئاستی لۆکالی بێت یا جیهانی. لەو ڕووەوە هەرچیم دەست کەوتبێ خوێندومەتەوە ،خوێندنەوەیان سوود بەخش بوون هەمیش چێژ بەخش.
نوێترین کتێب کە خوێندمەوە کتێبی{بیرەوەریەکانی مووسا عەنتەر} بوو بە قەوارەی[٦٣٨] لاپەڕە کە لە کاک سەلام محەمەدی هاوڕێم قەرز کردبوو .
مووسا عەنتەر مرۆڤێکی ڕووناکبیری هەمەڕەنگ بوو، بەو واتایەی لە زۆر بواردا خۆی دەبینیەوە ،لەوانە سیاسەت،نووسین و ڕۆژنامەگەری،زمان،یاسا،پرۆژەی بازرگانی.
ئەو کەسانەی یاداشتنامە یا بیرەوەری یاخود ژیاننامەی خۆیان دەنووسنەوە ،هەر یەکەیان بە ستایل و شێواز و فۆرمی تایبەتی خۆی دەنووسێت و پێی ناسراوە . لەخوێندنەوەی بیرەوەریەکانی مووسا عەنتەردا خۆم لەبەردەم جۆرێکی نوێ لە گێڕانەوەی ژیاننامەدا بینیەوە کە جیاوازە لەوانەی کە پێشتر خوێندومنەتەوە.بۆنمونە مووسا عەنتەر بەوجۆرە باسی خۆی نەکردوە کە وەک قارەمان خۆی نمایش بکات ،بەڵکو هێندە زوومی خستووەتە سەر خودی خۆی کە خزمەتی پەرەگرافەکەی کردوە،ئەو وابەستەنەبووە بە کات و ڕۆژەوە ، لە کویدا بەگونجاوی زانیبێت باسی ئەوڕووداو و کەسانەی کردوە کە بەرکەوتنی لەگەڵیاندا هەبوو،ئیدی بۆجارێک بووبێت یا بۆچەندین جار.مەبەستم ئەوەیە بەپێی سیاقی زەمەنی ڕووداوەکانی یاداشتت نەکردوە بەڵکو بەپێی پێویستی و گرنگیان باسی کردون. مووسا عەنتەر سیاسەتمەنداری کوردی باکوور، لەڕێگەی ئەو کتێبەوە توانیویەتی هەرچی ناسۆرو ستەم و چەوساندنەوە و کووشتار کە لە دیرۆکی پڕخوێناوی نەتەوکەیدا ڕویانداوە بەخوێنەری بناسێنێت .
ئاپێ مووسا لە باسکردنی ئەو فشارو ئەشکەنجەو گرتن و نکولی کردن لە مافی نەتەوەکەیدا کە خودی خۆی بەشی شێری بەرکەوتووە بەشێوەیەکی سادە بەڵام پڕمانا و هەندێک جاریش لەقاڵبی کۆمیدیدا باسکردوە،بۆنمونە لەدەمی یەکێک لە دادگایکردنیدا دادوەر لێی دەپرسێت ،چ کارەیت؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت [کوردایەتی]،دادوەریش واتێدەگات کە قەشمەری پێ دەکات بۆیە لێی دووبارەدەکاتەوە،ئەویش بۆی ڕووندەکاتەوەو دەڵێت[لەسەر کوردایەتی دادگایی دەکرێم،لەسەرکوردایەتی سکاڵا لەدژم تۆمارکراوە،لەسەر کوردایەتی دژایەتی دەکرێم،لەسەر کوردایەتی چەندین جار بەند کراوم،لەسەر کوردایەتی نەفی دەکرێم ،لە سەر کوردایەتییە کە ناتوانم ژیانێکی ئاسوودە بژیم ]،کەواتە ڕاستم گووتووە کە پیشەم کوردایەتیە.
خەسڵەت یاخود بەهرەیەکی دیکەی ئەو مرۆڤە مەزنە ئەوەبوو کە لەکاتی خۆیدا و زۆر بەخێرایی وەڵامی نەیارانی داوەتەوە ،بەتایبەت ئەوانەی بۆنی سووکایەتی لەقسەکانیان یاخودلە پرسیارەکانیان هاتوە،ئەو بەجۆرێک بەرسیڤی داونەتەوە کە دەمبەستی کردوون.
ئەو تێکۆشەرە مەزنە تائەو ڕۆژەی تەرۆریان کرد پشویەکی نەدا ، ژیانێکی ئاسایی لەتەک خێزانەکەیدا نەژیا ،بەڵام هەرگیز کۆڵی نەداو بێزار نەبوو، چونکە دەیزانی ئەوە باجی کوردبوونە دەیدا.ئەو بەردەوام بەڕێگەی دادگاو بنکەکانی پۆلیسەوە بوو،لەزۆربەی باژێڕەکانی تورکیادا دۆسیەی هەبووە ،لەدۆسیەیەک دەربازدەبوو لەشوێنێکی تر دۆسیەیکی تری بۆ کراوەتەوە .
لەسەر شتی وابێ ماناو بێ نرخ لێپێچینەوە ولێپرسینەوەیان لەگەڵداکردوە کە عەقڵ قەبوڵی ناکات .وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، لەسەرووەختی جەنگی جیهانی دووەمدا قەیرانی خۆراک لەتورکیا پەیدا دەبێت،بۆئەوەی خۆی و ئەو خوێندکارە کوردانەی لەو بەشە ناوخۆییەدا لە ئەستەمبوڵ دەژیان کە ئاپێ موسا خاوەنداری کردوە،بۆئەوەی برسی نەبن، دەنێرن لە گوندەکانی کوردستانەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە خواردنی وشکەیان بۆبێت وەک ساوەر،نیسک، نۆک و پیاز. لەسەر ئەمە سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن،
بەبەهانەی ئەوەی کە گوایە خوێندکارە کوردەکان فێردەکات تا خواردنی ئیستانبوڵ نەخۆن ، هاوکاتهانیان دەدات تا خواردنە نەتەوەییەکانی کورد لە بیر نەکەن.ئاپێ مووسا دەڵێئێمە لەنەبوونیدا ئەو خواردنانەمان دەخواد،کەچی ئەوەی خەبەری لێداین هەروەها پۆلیسیش خستبوویانە قاڵبی سیاسەتەوە.جا لەسەر ئەوە جارێکی دیکە بانگھێشتی بنکەی پۆلیس کرابوو.
زۆر جار بیرەکەمەوەو لەخۆم دەپرسم کە چۆن بەرگەی ئەو هەموو مەینەتیەی گرتووە ؟ وەڵێ دەمێک ئاوڕێک لە دیرۆکی سەخت و دژوارو پڕ تراژیدیای نەتەوەکەم دەدەمەوە، دەگەمە ئەو ڕاستیەی کەدەڵێت هەر تاکێکی کورد گەر بەشێک لە غەمی نەتەوەکەی کردەکۆڵ ،ئیدی ژیان و چارەنووسی دەبەسترێتەوە بە چارەنووسی نەتەوەکەیەو دەبێتە بەشێک لێی ،کەواتە ژیانی هێژا مووسا ئاوێنەی گەلەکەی بووە ،یاخود کورد واتەنی ژیانی مووسا [ مشتێک بووە لە خەروارێک] .
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و ناهەقی و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەیدا کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە هەرگیز ورەی بەرنەداوەو لەتێکۆشان سارد نەبووەتەوە ،هاوکات ئەم حاڵەتەی نەکردوەتە کەرەستەیەک بۆ دژایەتی کردنی گەلی تورک، بەڵکو تەنها دەسەڵاتداران و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی تاوانبارکردوە،هەربەهۆی ئەم هەڵوێستە جوانەیەوە هاوسۆزی کۆمەڵێک ڕووناکبیری تورکی بۆخۆی ڕاکێشاوە : لەوانە ئیسماعیل بێشکچی،عەزیز نەسین،نازم حیکمەت ،پرۆفیسۆر سەروەر تانیللی وکەس و لایەنە چەپەکانی تورکیاش .
لەپاش خوێندنەوەی بیرەوەریەکان لەلایەن پرۆفیسۆر ساروەر تانیللیەوە نامەیەکی دەستخۆشی بۆ مووسا دەنووسێت و لەبڕگەیەکدا دەڵێت[ئەو ستەم و چەوساندنەوەو ئازاردانەی دووچاری خۆت و نەتەوەکەت بوون ،گەر ١% ی ڕاستبن ئەوە شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەم،بەڵام دڵنیام کە ١٠٠% هەموویان ڕاستن ،بۆیە من ئەوە بەتاوان دەناسێنم.]
دەسەڵاتدارانی تورک دەیانزانی کە مووسا عەنتەر کەسێکی زیرەک و بیرتیژەو بەئاگاوە دەجوڵێتەوە،هەرگیز بەهانەی نەداوە بەدەستەوە ،هەربۆیەش زۆربەی جارەکان لەدادگاکان بێ تاوان دەردەچوو.
ئەو دەمەی هاوژینەکەی فرانسۆ میتران{دانیال میتران}بەسەردانێک لەتورکیا دەبێت،بەڕێز مووسا عەنتەر دەبینێت ،گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی خراپی کورد دەکەن،پاشان خانمە دانیال بانگهێشتی مووسا دەکات بۆ فەرەنسا بەمەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسێک دەربارەی دۆزی کورد.
پاش ماوەیەک ڤیزەو داوەتنامەی پێدەگات،دەمێنێتەوە سەر ڕەزامەندی [میت] ،ئەوانیش کۆمەڵێک بەهانەی پێدەگرن،مەبەستیش ئەوەیە کە ڕێگەی سەفەری لێبگرن کە هەرواش بوو. دوا بیانو پێ ئەڵێن تۆ بەر لەچەندساڵێک قاچاخچێتیت کردووە،ئەویش وێرای ئەوەی پێکەنینی بەو تۆمەتە دێت ، داوای بەڵگەدەکات،پێی دەڵێن بەڵگەکان لە فڵان باژێڕە،ئەویش سەفەری هەمان باژێڕ دەکات،لەوێ پێی دەڵێن تۆ هیچ دۆسیەکت لای ئێمە نیە،ئیدی تێدەگات کە هەوڵدان بئ هودەیە بۆیە واز لە مەسەلەی سەفەر دێنێت .
سەیری سەخافەتی کاربەدەستانی تورک بکەن هەر تۆمەتی قاچاخچێتی مابوو بیدەنە پاڵی ،خۆشبەختانە بە هەوڵ و تواناو لێهاتوویی خۆی هەموو تۆمەتەکانی بەدرۆ دەخستەوە.
ئاپی مووسا ڕۆژنامەنووسێکی کاراو چالاک بووە ،وەک سەرنووسەر چەندین ڕۆژنامەی بەڕێوە بردوە ،یاخود ئەو ڕۆژنامانەی ئەو کاری تێداکردوون پڕفرۆشترین ڕۆژنامەبوون. لەڕووی بیروبۆچوونی سیاسیەوە سەربە مەدرەسەی چەپ بووە و وەک چەپێکی کورد ماوەیەک ئەندامی{پارتی کرێکارانی تورکیا}و بەربژێریان بووە بۆ یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا.
ئەوەی پتر دەسەڵاتدارانی تورکیای تووڕەو سەغڵەت کرد کتێبەکەی یاخود شانۆنامەکەی بوو بەنێوی [برینی ڕەش]+.ئەم کتێبە وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمانی ئەوروپی ،تەنانەت لەسوید کردیانە دەقێکی شانۆیی و لەسەر شانۆ نمایش کرا،بەڵام لەتورکیا قەدەغەکراو لەبازاڕەکاندا کۆکرایەوە.
وەزیری ئەودەمەی تەندرووستی[١٩٥٩] دەربارەی نەخۆشی برینی ڕەش گووتبووی هۆکار خواردنەوەی ئاوی پیسە نەک گەنمی ژەهراوی،
نازم حیکمەتیش لە مۆسکۆوە بابەتێک دەنووسێت بەنێوی[ئابڕووچوونەکەی وەزیری تەندرووستی].
مووسا عەنتەر وێرای ئەوەی نووسەرو ڕۆژنامەنووسێکی بەتواناو سەرکەوتووبوو ،هاوکات خاوەنی ئەقڵێکی کاراو تیژبوو بوو،بەتایبەتی زرنگی لە خوێندنگا،وەڵامی گونجاو بۆ پرسیارەکان،بەرزی توانای بەڕێوەبردنی پرۆژەی بازرگانی گچکە یا مەزن و زۆر بواری دیکە.
بەکوردی و کورتی مووسا عەنتەر دیاریەکی مەزن بوو بۆ گەلی کورد،بەڵام بەداخەوە نەژادپەررستانی تورک بەرگەی ئەو ڕاستیانەیان نەگرت کە دەیخستنە ڕوو،جا بۆئەوەی ئەم مرۆڤە مەزنە پایەکانی ئەو دەوڵەتە فاشیە زیاتر هەڵنەتەکێنێت و پتر ئابڕوویان نەبات ،بڕیاری تەرۆرکردنیان دا.
لە ڕێکەوتی [ ٢٠/٩/١٩٩٢ ] مووسا عەنتەر لە هۆتێلێک دەبێت لە دیاربەکر،کەسێک دێتە لای و داوای لێدەکات کە کێشەی نێوان دوو لایەن چارەسەربکات،ئەویش لەدڵپاکی خۆیەوە قەبوڵی دەکات ،بەتەکسیەک لەگەڵ بکوژەکە دەچنە ئەو کۆڵانەی کەگوایە ئەو ماڵەی تێدایە کە ڕێکەوتنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەناکاو ئەوکەسەی لەگەڵیدا بووە لەناو کۆڵانێکی تاریکدا چەند فیشەکێک دەنێت بە مووسا عەنتەرەوەو و گیان لەدەست دەدات.
وەک هەندێک لە میدیای تورکی بڵاویان کردەوە ئەوانەی لەپشت تەرۆرکردنەوەکەوەبوون گرووپی[ژیتەم ]ن ،ئەوەی سەیرە لەپای ئەو تاوانە قێزەوەنە دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی جددی نەناو دۆسیەکەیان داخست.وەک خوێندمەوە تەنانەت بەخاک سپاردن و پرسەکەی زۆر سنووردار کرابوو.
دواوتەم ئەوەیە کە ئەم کتێبە تەنها یاداشتنامەی کەسێک نیە ،بەڵکو بریتیە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی دیرۆکی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو لە بەشێکی کوردستان کە باکوورە،ئەو زوڵمەی تائێستاش بەردەوامە،وەلێ ئەوەی مایەی شانازیە لەبەرامبەردا بەرەنگاربوونەوەش بەردەوامە.
سەرنج/ دەربارەی [+برینی ڕەش] هیچ نانووسم چونکە لە کتێبەکەدا باس کراوە،هیوادارم لەدەرفەتێکدا بیخوێننەوە.
*موسا عەنتەر، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی (زڤینگێ) ی سەر بە شارۆچکەی نوسەیبینی پارێزگای مێردین، لەدایک بووە، دایکی موسا عەنتەر یەکەم موختاری ژن بووە لە تورکیا، لەساڵی ١٩٤٤ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوەو خاوەنی دوو کوڕو کچێک بووە، بە ناوەکانی عەنتەر و دیجلە و ڕەشێ.