
سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ.. ن . مەکری تەلال.. وەرگێڕانی: یاسین لەتیف
[]
وەگێڕانی لە عەرەبی بە زیاد کردنەوە ( یاسین لەتیف)
دیبەیتی نیوان نەوام چومسکی و میشیل فۆکۆ.
“ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین سروشتی مرۆڤ بەشێکە لە ستراتیژی دەسەڵات. ئەوە پێدراوێکی زگماکی نییە، بەڵکو بنیاتنانی مێژووییە”. – فۆکۆ
دیبەیتەکە لە سەروبەندی جەنگی ڤێتنامدا ئەنجامدراوە ، هەروەها لە بنەڕەتدا لە مشتومڕێکی تەلەفزیۆنی ساڵی ١٩٧١ لە هۆڵەندا لە نێوان زمانزان و فەیلەسوفی سیاسی نەوام چۆمسکی و فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ سەرچاوەی گرتووە کە فەیلەسوفی هۆڵەندی (فۆنس ئەلدەرز) بەڕێوەی دەبرد. نەوام چومسکی بە ئەنگلیزی قسەی دەکرد ، بەڵام میشل فۆکۆ بە فەرەنسی . جێوازی زمان نەبوون بە بەربەست لە بەردەم هەردوو فەیلەسوفەکە .
تەوەری سەرەکی پرسیارەکە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤە: ئایا مرۆڤ سروشتێکی جێگیری هەیە و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان تێدەپەڕێنێت، یان بەردەوام لە لایەن بونیادی پێکهاتە مەعریفی و دەسەڵاتەکانەوە وێنا دەکرێت؟
وڵامی چۆمسکی : پارێزگاری لە بوونی سروشتێکی زگماکی مرۆڤ دەکات، کە بە تایبەتی لە فاکەڵتی زمان و داهێناندا دەردەکەوێت. هەروەها چومسکی پێیوایە بنەما ئەخلاقیەکان گشتگیرن
وڵامی فۆکۆ : چەمکی جەوهەری جێگیر ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی مێژووییە کە لەلایەن سیستەمی گوتار و زانین و دەسەڵاتەوە وێنا دەکرێت . بەڵام فۆکۆ پێیوایە بنەما ئەخلاقیەکان ڕێژەیین .
ئەم مشتومڕە بە یەکێک لە گرنگترین بەریەککەوتنە فیکرییەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان عەقڵانیزمی ڕەخنەیی ئەمریکی و مێژووگەرایی و بونیادگەری فەرەنسیدا ئاشکرا دەکات.
تەوەرە سەرەکیەکان
1 – لەسەر زمان و داهێنان
چۆمسکی : دەڵێت توانای درووستکردنی ڕستەی بێ وێنە تەنها بە فێربوون یان ژینگە ناتوانرێت ڕوون و شیبکرێتەوە ، بەڵکو پێشگریمانە دەکات کە بونیادێکی دەروونی زگماکیە .
فۆکۆ : وەڵامی دەداتەوە کە ناتوانرێت ئەم بونیادە بە دابڕان لە چوارچێوەی مێژوویی و مەعریفی خۆی تێبگەین.
2 – سەبارەت بە دادپەروەری و سیاسەت .
چۆمسکی: پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بیرۆکەی دادپەروەری ڕەگ و ڕیشەی لە سروشتی مرۆڤدا هەیە و پێوەرێکە کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە ڕەخنە لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی بگیرێت.
فۆکۆ : دەڵێت دادپەروەری بیرۆکەیەکی ئەبەدی نییە، بەڵکو بەرهەمێکی مێژووییە کە پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە.
3 – سەبارەت بە ئازادی و داهێنانی مرۆڤایەتی .
چۆمسکی: دەڵێت ئازادی لە سروشتی مرۆڤدا هەیە و دەبێت بناغەی پڕۆژەی سیاسی بێت.
فۆکۆ: دەڵێت ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ئازادی، هەمیشە بە گوتارەکانی دەسەڵات دیاری دەکرێت و مرۆڤ لە دەرەوەی ئەو تۆڕانە بوونی نییە.
4 -جیاوازی میتۆد
چۆمسکی : سوود لە زانستی سروشتی و زانستە وردەکان وەردەگرێت، باوەڕی بە بوونی یاسا گەردوونییەکان هەیە لە سروشتی مرۆڤدا .
فۆکۆ : لە شوێنەوارناسی نەسەبەوە (ئارکۆلۆژیای جینالۆژی)سوود وەردەگرێت و دەڵێت مرۆڤ لە گۆڕینی فۆرمەکانی مێژووییدا دەردەکەوێت کە ملکەچی یاسایەکی جێگیر و جەوهەری نین.
[[ئەنجام]]
مشتومڕکە “لەسەر سروشتی مرۆڤە” ڕووبەڕووبوونەوەیە لە نێوان دوو جیهانبینی:
- ڕوانگەیەکی جەوهەرگەرایی (چۆمسکی)، کە باوەڕی بە بوونی سروشتێکی جێگیر هەیە کە داهێنان و دادپەروەری ڕوون دەکاتەوە.
- ڕوانگەیەکی مێژوویی (فۆکۆ)، کە پێیوایە مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی گۆڕینی بونیادی گوتارو دەسەڵات پێناسە دەکرێت.
گرنگی کتێبەکە لەوەدایە کە دوو هەڵبژاردەی دژ بەیەکمان دەخاتە ڕوو: - ئایا پێویستمان بە بناغەیەکی هاوبەشی مرۆیی هەیە بۆ بنیادنانی پڕۆژەیەکی ئازادیخوازانە؟
- یان هەر هەوڵێک بۆ پێناسەکردنی سروشتی مرۆڤ هیچ نییە تەنها فۆرمێکی نوێی دەسەڵات و مەعریفەیە؟
چۆمسکی باس لە یاخیبوونی مەدەنی، یاسای نێودەوڵەتی، ئیمپریالیزم و ئەو بەهایانە دەکات کە پاڵنەرن بۆ ململان دژ بە دەسەڵات. لە کاتێکدا فۆکۆ لێدوان لەسەر ئایدیالی چۆمسکی “دادپەروەری ئایدیالیزم” دەدات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ململانێ دەبێ لە ژێر چەتری شەڕدا ئەنجام بدرێت نەک دادپەروەری . [پرۆلیتاریا] شەڕ بۆ ئەوە دەکات بیباتەوە، نەک لەبەر ئەوەی دادپەروەرە. هەروەها فۆکۆ جەخت لەسەر گرنگیدان بە ڕۆڵی ئەو دامەزراوانە دەکاتەوە کەوا خۆیان وا نیشان دەدەن کە سەربەخۆن لە دەوڵەت، هەرچەندە بۆ پاراستنی دەوڵەت دروستکراون. نموونەی ئەمەش دەهێنێتەوە: دامەزراوەی پەروەردەیی، دامەزراوەی بانگەواز و خۆشگوزەرانی، دامەزراوەی نوشداری دەروونی.
ئەم گرژییە فەلسەفییە کاریگەریی بەردەوامی مشتومڕەکە لە ئەمڕۆدا ڕوون دەکاتەوە، بەو پێیەی ئەو پرسیارانەی کە وروژاندیان لە باسە فەلسەفی و سیاسییە هاوچەرخەکاندا تا ئێستاش بە زیندووی ماونەتەوە.
مەکری_تەلال : سەرچاوە لە فەیسبوکەوە