Skip to Content

تەڵعەتی جوانیی (تەڵعەت)ێــــک.. ڕەنگین مەلا سەمەد

تەڵعەتی جوانیی (تەڵعەت)ێــــک.. ڕەنگین مەلا سەمەد

Be First!
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2025 General, Literature

پێمخۆشبوو وەک خانمێک تەنیا خوێندنەوە بۆ جیهانبینی و تێڕوانینی شیعری خانمان نەکەم بەڵکو قەڵەمەکەم بۆ شیکاریی و وردبوونەوە بەنێو دەقە شیعرییەکانی پیاوانیش بخەمە کار.
جیاوازییەکان، ڕووئیاو بۆچوون و ئیلهامەکانی هزرو ڕۆح وەدەردەخەن، کەسایەتییەکان پێناسە دەکەن، ئاراستەو ئامانجەکان دیاریدەکەن، بۆ ئەمجارەیان قەڵەمەکەم ڕوو لە بەحری نووسین و ئیلهامی پیاوێکی جواننووس و هەست دانسقە دەکات و بە پۆشینی بەرگێکی ئەدەبییەوە مەلەی تێدا دەکات، ئەویش (تەڵعەت تاهیر)ی پڕ میهرە لە دونیای ئەندێشەو واقعدا.

تەڵعەت تاهیری جواننووس کاتێک دەقێک دێنێتە بوون، لەبەر شەوقی جوانی و ناواخنی وشەکانی خۆت پێ ناگیرێ بۆ نەخوێندنەوەی، لێناگەڕێی تا نەگەی بە هەقیقەتی مانای شیعریی
هێندە بەسەلیقە دەست بە وشەکانەوە دەگرێت تا ئاستی فەنابوون دەیانبات،
بە دێڕەکان ئەوین دەبەخشێتەوە،
پیتەکانی سەکۆن بۆ تێگەیشتن لە پەیامی عیشق و پیرۆز ڕاگرتنی، دەقەکانی واتلێدەکەن ژیرانە وێڵی گەڕان بەدوای ئەوینی ڕاستەقینەبی.
دەقەکانی هەمیشە زیدوو و نەمرن، بەجۆرێکن ئاوانابن هەردەم هەڵدێن، ئەو لێچوون و دووبارەکردنەوە هەمووکات ڕەتدەکاتەوە، حەزێکی عینادی بۆ نوێوتن و نوێ دەربڕین هەیەو هەرگیز ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو خووە ئەرێنییەی خۆیبێ، لەمەشیاندا هەمیشە براوە بووە نەک دۆڕاو.

لە بەشی یەکەمی تێکستەکەی تەڵعەت تاهیردا خەمی لەدەستدانی کات و زەمەن و دەرفەت هەیە، دوورکەوتنەوەو دابڕان و یادو یادەوەریی، تێماو ڕوانینی وێنەی شیعرییەتی لەخۆگرتووە، زەمەنە پەراوێزخراوەکان هیچکات دەرفەتی پێکەوەبوون و ئاسوودەیی و خۆشبەختیی و لێکگەیشتن و پێکگەیشتنیان پێ نادرێت، جوانییەکان، یادەوەرییەکان، سەوداو ئاوێزانبوونەکان، خۆشبەختییەکان، ئومێدیان لەسەر هەڵناهێنجرێت، لەنێو ئاسوودەییەکی لەدەستچوودا نغرۆی ئەوینێکی بەسەرچوو دەبن، ئەوکاتەی ژیان سەرگەرمی تێکەڵبوونە لەگەڵ مرۆڤ، ڕۆحەکان تینوو و پەلەقاژێیانە بۆ گەشەکردن لەنێو ژیانێکی تەنراو لە ململانێ و سەخت و غەددار، باشییەکان بەهایان بۆ دانانرێت و تەنانەت هەڵگرتنیشیان لە یادو یادەوەرییدا بەر زریان و تۆفانی زەمەنی بێوەفا دەکەوێت و ڕاپێچیان دەکات بەرەو ونبوون و ناشتنیان بۆ ئەبەدییەت هاوشێوەی ڕەگی ناوی (نسیان) کە مانای ئینسانی لێوەهاتووەو ئەسڵییەکەی خۆی فەرامۆشکراوە.

رۆیشت و عەسرێک بەیەکەوە چایەکمان نەخواردەوە..
لە وێنەیەکی کۆنی ھەولێردا بینیم
ئەو گەڕەکەی ئێستا تیایدا دەژیت، کێڵگەی گەنم بوو، تا چاوبڕکا گیا لەوێنەیەکی وەستاودا دەلەریەوە، لەوانەیە شوێنی خانووەکەتان لەوێ ساباتی چا خواردنەوەی عەسرانی خێزانێکی جوتیار بووبێت.
کات تێپەڕی و جوتیار و سابات و گەنم، زەمەن ھاڕی و لەیادەوەریشدا بەربوونەوە.

خەمی داهاتوو هەمووکات بە تەوێڵی بڵندی تەڵعەت تاهیرەوه دیارکەوتووە، خەمی دۆزینەوەو پەیبردن بە جوانییەکان و دۆزینەوەی خۆشبەختیی ئەوکاتی ڕابردووی شۆخەکەی کە ئێستا بەدویدا وێڵەو عەوداڵی گەڕاندنەوەو سۆراخکردنییەتی، هەموو کۆڵان و گەڕەکەکان، لەبری ئەوەی ئێستا ئەوی لێبێت، یادگارییەکانی لێن، کەسێکی لە ڕووخسار جوان و لە ناخ شەکەت و خەمباری بەئازاری هاوشێوەی ئەوی لێیە وەک تاقە گوڵەی کە دەبێتە دەرفەتی کۆتایی تەمەنی و بژێویی بۆ ژیانی کەسێکی ترو قوربانییدان.

خەمی ئەوەمە، دەزانم لە وێنەیەکی داھاتوودا، پاش سەد ساڵێک، کەس نازانێت کەسێک لەم خانووەتان دەژیا بەناوی تۆوە، کەسێکی جوان و خەمبار، خەمبار وەک ئەو تاقە گوڵەی بەتەنیا ماوەتەوە لەناو سەبەتەی گەنجێک لە ترافیکدا دەیفرۆشێت.
ئەو هەسارەیەی تۆی لێیت
پاش چەند جارێک سووڕانەوەی ئەم ھەسارەیە: قەڵات ناوی ئێمەش دەخاتە تۆمارە ونەکەی سەنحاریبەوە.. زیندوێتی قۆڵی سڕبووی بەھێواشی لەژێر سەرماندا دەرھێناوە..
کۆڵان ماوە و من نەماوم بێم، سەعات لەبازاڕ دەمێنێ و مەچەکت نا، ملپێچ لەدوکانەکاندا ھەیەو گەردنت نا.

ئەو گازندەیەی تەڵعەت تاهیر لە خەڵکیی بێ مەڵامەت نییە لە ئازارو ژان، لە دەربەست و بێدەربەست، لە باشیی و خراپیی، خۆشبەختیی و بەدبەختیی، بیرکردنەوەو بەراوردکردن لەنێوان هەبوون و نەبوون، چاک و خراپ، باشییەکان و خراپییەکان، ئەو هاوکێشانەیە کە هەردەم بۆ دۆزینەوەی شیکارییەکەیان سەرقاڵدەبێ تا بیکاتە قەسیدەیەک بۆ ناسینەوەی جوانیی ئینسان و بەها ئینسانییەکان لەڕێی پەیبردن بە نیعمەتە پێدراوەکانەوە
ئەو! خەڵکانێک مەبەستییەتی کە تەنراون لە نیعمەت و بەرەکەت و چێژی ژیان گەیشتووەتە سەراپای باڵایان و لەوپەڕی نازو نەوان، کەچی لە بنەڕەتتدا ڕۆحیان تینووی قومێک ئەوینەو بێخەمبوونە لە چەشتنی ئەو ئاسوودەییە، هیچکات لە بیری هەڵمژینی هەوای خۆشبەختی و چێژوەرگرتن لە ڕۆژە تایبەت و دووبارەنەبووەکان نەبوونە، بێ شک هیچ خۆشبەختییەکیش بەرامبەر ـەوە نییەو نابێ کە لە گەڕانەوە بۆ خەونەکانی منداڵیی وەدەستتدەکەوێت،
ئەمەش لای هەندێک لەگەڵ گەورەبووندا دەبێ و لای هەندێکیش بێ نرخ و وەک نەبوو هەژمار دەکرێت.
خەڵکی بێ ئاگا لە ژان و ژیان هیچکات گوێی بە نیعمەتەکان نەداوە، شەیدای زەڕڕەیەک لە پەیداکردنی ئەوین نەبووە، تامی خۆشبەختی و ڕۆژە تایبەتەکانی نەچەشتووە، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێ مەیلی بۆ خەونێکی مناڵیی بگەڕێتەوە

خەڵک کولیچەو شەربەتی مێووژ دەکڕن و منیش لە گۆڕێکدا بۆ بیستنی ئایەتێک چاوەڕێی بەرەبەیانی جەژنانم..
کە بیردەکەمەوە شانە لە پرچت بەتەمەنترە.
چەرخی ھەڵواسراوی تەنیشت تەباخەکەت لە پەنجەت زۆرتر دەژی.

پێشبڕکێی زەمەن خۆشبەختی و ئاسوودەیی ئەتۆرێنێ، چونکە چینەکان لە ژیاندا دیاریکراون و هەریەکەو بەشی خۆی پێدراوە، بێهێزت دەکات و ماندووی دەستی ڕۆژگارت دەکات، ڕۆژگار خەم و ئازارەکان کەمناکاتەوە، کاتێک باسی پارچە تەنەکەیەکی بەر ماڵی ئەوینە ونبووەکەی دەکات کە ئێستا هەموو خەمی دۆزینەوەو سۆراخکردنییەتی، کە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی ماڵان دەپارێزێت، ئەو زەنگەی کە دەنگی هەرگیز کپناکات و ون نابێت، هاوشان لەگەڵ ئەو پێکەوە گرێدانە نەبوونی دەنگی شۆخەکەی کە بۆ هەمیشە ونە گازندەیەکی واقعییانەو شیاو دەکات، توڕەیی خۆی لەو ونبوون و نادیارییە دەنوێنێت و ناڕەزاییەکی دروست و شیاوی باس دەردەبڕێت و، شەکەتیی خۆی لە گەڕان بەدوایداو نەدۆزینەوەی بۆ ئەبەد دەردەخات و بە نائومێدییەوە بەو جۆرە دوا قسەی خۆی بە پەیام بۆ دەنگێکی ونبووی ئەبەدیی دەنێرێت کاتێ دەڵێت، ئازیزم تا دەرفەت بوو پێکەوە وەک دوو ئەویندار عەسرانێکمان نەکرد بە ژوان و (چــا)یەکی تێدا بخۆینەوە.

لەپێشبڕکێی زەمەندا گوارە لە گوێت دەباتەوە.
جانتا لەپێستت و عەینەک لەچاوت و پێڵاو لە قاچت نەمرترن، کە دڵنیام ئەو پارچە تەنەکەیەی جەرەسی بەر دەرگاتان لەباران دەپارێزێت دەمێنێتەوە و دەنگت ونبووە:
لەخۆم و دنیا توڕە دەبم، تا دەرفەت ھەبوو ئازیزم..
عەسرێک بەیەکەوە چایەکمان نەخواردەوە.
ــــــــــــــــــــ
تەڵعەت تاهیر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress