
ترامپ وخولیای خەڵاتی نۆبڵ.. عەبدوڵڵا ساڵح
مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی (خەڵاتی نۆبڵ بۆئاشتی) نییە. بەڵام وەسوەسە وئارەزوی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی، ناچارمان دەکا هەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین وبزانین تا چ ئەندازەیەک ڕەوایە ئەو خەڵاتەی پێ ببەخشرێ بەر لەوەی بۆ دواجار جیهان بەجێبهێڵێت، کە بێ گومان جیهانێکی بێ ئەو ئاسودەتردەبێ.
ئەم وەسوەسەیەی ترامپ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەهەڵکشاندایە و دوا زنجیرەی” هەوڵە ئاشتیخوازەکانی” دەرکەوتنی بوو لەگەڵ تاوانباری جەنگ (ناتانیاهۆ) لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 29ی ئەیلولی 2025، بەمەبەستی ڕاگەیاندنی “پلانی ترامپ” بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پاکتاوکردن لە غەززە. ئەم پلانە بە تەسلیمبوونی حەماس و ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامییەکانی تر وەسف دەکرێ نەک بەڵگەنامە و ڕێکەوتنی ئاشتی. گومانی تێدا نییە کۆتاییهێنان بەم شەڕە، کە خەڵکی غەززە تووشی بوون لەسەر دەستی ناتانیاهۆ و حکومەتە ڕاستڕەوە فاشیستەکەیەوە دوای پەلامارە تیرۆرستیەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ئۆکتۆبەری 2023، وە کۆتایی هێنان بە کارەسات و ئازاری ڕفێندراوە ئیسرائیلییەکان کە نزیکەی دوو ساڵە لەلایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە دەسبەسەرکراون، داواکارییەکی بەپەلەی جەماوەری ئازادیخوازە لە سەرتاسەری جیهان و پێشوازی لێدەکرێ.
وەک هەر مرۆڤێکی سەر ئەم گۆی زەویە، سروشتیە کاتێک مرۆڤ خەیاڵی بەدیهێنانی خەونێک دێتە کەلەیەوە، بەردەوام خولیای بێت، لەم ڕوەوە ترامپیش مافی خۆیەتی خەون بەو ئاواتەوە ببینێ. هەر لەم ڕاستایەدا، با بیخەینە بەرچاومان کە ترامپ کاتێک بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت بیشک ئەو ئاواتە یەکێک دەبێ لە بابەتەکانی ناو مێشکی. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەنگە، ئەم پرسیارەی خوارەوە لەخۆی بکا:
“چۆن دەبێ کۆمیتەی نۆبڵ گەورەترین ئاشتیخواز لە مێژوودا پشتگوێ بخات، ئەو کەسەی هەر کە دەمی دەکاتەوە لێشاوێک لە ئارامی ودیبلۆماسیەتی لێ هەڵدەوەرێ؟ چۆن دەکرێت چاوپۆشی لە گەورەترین پیاوی ئاشتی بکرێت کە تا ئێستا مرۆڤایەتی ناسیبێتی!؟ ئایا ڕەوایە ساڵێکی تریش تێپەڕێ وسوارچاکی سیاسەت لەوخەڵاتە پشتگوێ بخرێ!؟ یاخود جیهان بەگشتی دژی دەوەستنەوە و پیلانگێری لێدەکەن تا لەو خەڵاتە بێبەشی کەن ؟”
لەوکاتوساتەداکە ترەمپ نوقمی ئەوخەیاڵاتە یە، لەناکاو دەنگێک لە نادیارەوە بانگ دەکاودەڵێ:
با بۆ ساتێک بوەستین و دەستکەوتە ئاشتەوایەکانتان لەبەرچاو بگرین، “جەنابی سەرۆک” ئەو دەستکەوتانە کەم وێنەن، سەرەتا با لەشەڕەکانی ناو تویتەرەوە دەستی پێبکەین، بە ملیۆنان تویت و هەزاران شەڕ، داوتر پاشەکشەتان کرد، ئەوپاشەکشەی وەک جەنگاوەرێکی پاڵەوانئاسا ناوتانبرد!، وەک سوپایەکی گەورە کە لە بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە! مەگەر ئەوە کردەوەیەکی ئاشتیانە نەبوو؟! پاشان نۆرەی ئەو ئاشتیە دێ کەلەدروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکا و مەکسێک بانگەشەتان بۆکرد و ناوتان لێنا بانگەوازێک بۆ ئاشتی لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیەی خۆت باوەڕت پێیەتی کە دەڵێی ” خۆت دوور بگرە و بە ئاشتی بژی!”، ئەی ئەو ئاشتیەی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بەسەرزارت دا دێ؟ یەک لە کۆڕەکانتان تێنەپەڕیوە بێ ئەوەی باسی ئاشتی نەکەیت و ئەو کۆنفرانسانە نەکەیتە بەرنامەیەکی کۆمیدی تەنزئامێز وەک هونەرێک پێناسەی بکەیتەوە بۆ ئەوەی نەیارەکانت پێبکەنن!!
دەنگە نادیارەکە بەردەوامە و دەڵێ: ئینجا با دروشمی ” یەکەم ئەمریکا”تان بخەینەوە یاد، کە بە شەڕی سەپاندنی باج بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستت پێکرد، تەنانەت هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیشت لەو شەڕە بێبەش نەکرد، ئەمجا بڕۆ بۆ بانگەوازی داگیرکردنی دورگەی گرینلاندی دانیمارک لە ئالاسکا، پاشان نۆرەی کەنەدا دێت کە ویستت بیکەیتە ولایەتی( 51 )هەمینی ئەمریکا. دواتر پێشنیارتان کرد پتر لە دوو ملیۆن خەڵکی غەززە ئاوارە بکرێن و ڕیڤێرایەک لەوێ دابمەزرێنن. با بڕۆین بەرەو بانگەشەتان کە گوایە دەتوانن لە ماوەی 24 کاتژمێردا شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕابگرن!. پاشان بە بۆردومان بە مۆدێرنترین و کوشندەترین بۆمب توانیت ئاشتی بە زەبری هێز بەسەر ئێراندا بسەپێنی!. مەگەر ئەمانە کردەوەو دەستکەوتی ئاشتی نین؟ ئایا مافی ئەوەت نییە بە “خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی” لاشانت بڕازێتەوە و ڕێزت لێبگیرێ ؟، وەک ئەوەی پێشتر درابوو بەسەرۆکەکانی تری ئەمریکا، کە دواهەمینیان (باراک ئۆباما) بوو لە ساڵی 2009؟
دەنگە نادیارەکە هەر بەردەوامە: با بچینە سەر دەستکەوتەکانتان لەناو ئەمریکادا، دوژمنایەتی ئاشکرا و بێپەردەتان بۆ چینی کرێکار و چەوساوەکانی ئەمریکا وسەرانسەری جیهان، کە ئەمەش خۆی دەخرێتە چوارچێوەی بەرنامەی بەرفراوانترتان، بەرنامەیەک کە زۆر بە توندوتیژی هێرش دەکاتە سەر کەمینەکان و مافەکانی ژنان بە گشتی و مافەکانی زاوزێ و لەباربردن بەتایبەتی. ئەی دوژمنایەتی کۆچبەران!، ڕەتکردنەوەی ئەو پرۆتۆکۆلە جیهانیانەی مەبەستیان ژینگە پارێزیە ، کشانەوەتان لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ و سوکایەتیتان بەنەتەوە یەکگرتوەکان لەناو هۆڵی ئەو سازمانەدا ولەبەردەم زوربەی سەرۆک وڵاتانی جیهان، دژایەتیتان بۆ سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ. ئەی درێغی نەکردنتان لە پەنابردن بۆ توندوتیژی و سووکایەتی بە پرۆسەی “دیموکراسی” و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان! هەوڵو تەقەلاتان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتێکی ڕەها. هەروەها هێرشەکانتان بۆ سەر کۆمەڵگەی (میم)، بە تایبەتی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو، کە یەکێکە لە بەرە سەرەکییەکانی جەنگەکانتان، بابەتێک کە هاوڕات دەکاتەوە لە گەڵ سەرۆکە ڕاستڕەوەکانی جیهان و لەوانە پوتین. بەڵێ ” جەنابی سەرۆک” ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک لە ڕاستی کارە ئاشتیخوازەکانتان!.
دووبارە دەنگە نادیارەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت “با بیخەینە بەرچاومان، سەرباری هەموو ئەوڕاستیانەی لەبارەی تۆوە وترا، گریمان خەڵاتەکەت پێبەخشرا. لە کاتی وەرگرتنیدا چی دەڵێی؟ دڵنیام دەڵێی:
“سەرەتا دەمەوێت سوپاسی خۆم بکەم… من گەورەترین سەرۆکم لە مێژووی ئاشتیدا. سوپاسی لیژنەی نۆبڵ دەکەم ، هەرچەندە کەمێک دواکەوتن لەم بەخشینەدا، بەڵام دەرئەنجام دەستیان گەیشت بەم ڕاستیە کە ئەم خەڵاتە شایستەی منە. وە هیوادارم خەڵاتەکە لە زێڕی ساغ دروست بکرێت، لە شێوەی پەیکەرێکی بچووکی من، چونکە کەس لە من زیاتر ئاشتی بەرجەستە نەکردوە”.
لێرەدا با گشت ئەم ڕاستیانە بخەینە بەردەم سەرپەرشتیارانی ئەم خەڵاتە و لێیان بپرسین: ئایا شەرمەزاری نییە لیژنەی نۆبڵ ناوی ترامپ بخاتە لیستی کاندیدەکانی خەڵاتەکە!؟، یان تەنانەت هەر بیریشی لێبکاتەوە ؟! ئایا لوتکەی نادادپەروەری نییە کە ناوی ئەم سەرۆکە شانبەشانی نیلسۆن ماندێلا بێت کە لە ساڵی 1993 خەڵاتەکەی بەدەستهێنا؟ ئەو ئازادیخوازەی 27 ساڵ لە زینداندا بوو بۆ بەرگریکردن لە یەکسانی مرۆڤ و دژی سیاسەتی ئاپارتاید؟ لە کاتێکدا ئەم ” جەنابە ” تەنیا27 خولەکی لەکاتی خۆی تەرخانکرد بۆ هاتوهاوار بەسەر تویتەردا ئەویش لە پێناو ئارامی خۆی ! ئەگەر لیژنەکە ئەو کارەبکات ئەوا بیگومان شەرمەزاری زیاتربەسەر خۆیدا دێنێ و تەنانەت زۆر لەو بەها کەمەشی کە هەیەتی، مەبەست خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، لەدەستی دەدا.
ئەمجا با فانتازیا و خەیاڵ فەرامۆش کەین و بگەڕێینەوە بۆ دونیای واقیع و ترامپ و ئەو دەنگە نادیارە جێبهێڵین و بڵێین:
هەڵبژاردنی ترەمپ لە 19ی کانونی دووەمی ساڵی 2025، بە مانای سەرهەڵدانی سەرکردایەتییەکی نیوفاشیست بۆ دەسەڵات لە وڵاتێک کە پێشەنگی وڵاتانی ئیمپریالیستی جیهانە و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی بەرەو ڕاسیزم فاشیزم، ئەمەش خۆی بەهێزکردنێکی مەعنەوی ( نایجل فاراج، مۆدی، مێلۆنی، بۆلسۆنارۆ) ئەوانی ترە لە هاوبیرەکانیان هەروەها پشتگیریکردنی ئەو ڕابەڕە ڕاستڕەوانەی تری جیهانە. ئەو دەیەوێت هەرچی بە گونجاو بزانێت بیکات بۆ بەردەوامی سیستەمی دڕندانەی سەرمایەداری لەسەر حیسابی بەهەژارکردن و کوشتن و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا. بەشداریکردنیشی لە جینۆسایدی گەلی فەلەستین تەنیا یەک نموونەی ئەم واقیعەیە. بەڕاستی بەڵتەجیەتی ئاشکرا و بێپەردەیە، بەڵام ئەمجارە لە شێوازی بەڵتەجیەتی سەرۆکایەتیدا. ئەگەر ئەم خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی ببەخشرێتە ترامپ، بەڕای من، خودی خەڵاتەکەش دەبێتە شەریک لەو هەموو تاوانانەی باسکران.
8ی تشرینی یەکەمی 2025