Skip to Content

لە ستایشی (نەمنی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

لە ستایشی (نەمنی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

Be First!
by تشرینی دووه‌م 7, 2025 General, Literature


(ئەوی دەیبینن.. من نیم)


کاتێک کەسێک زۆر بیر لە خۆی دەکاتەوە، بیر لە خۆی ناكاتەوە بەو مانایەی كە ئیگۆیەکی گەورەی هەیە، بەڵكە دەشێ وەك (ئەویدیكە) بیر لەخۆی بكاتەوە! چوونكە مەرج نییە هەمیشە ئیگۆ وێنەیەکی خۆ بەگەورەزان و نێرگزی هەڵگرتبێ… دەشێ (نەمنی) بێ، یان بەشە چەپێنراو و خۆشەویستەكەی ئیگۆ ئەویدیكەی جیاواز بێ (من ئەویدیكەم وەك خۆم، خۆش دەوێ)…
بیرکردنەوە لە پرسی ئەویدیكە (الغیریة) دەمانباتەوە بۆ قسەکردن لەسەر خود (الذات)ی خۆنەویست؛ بەو قسانەش كۆی ئەو گفتوگۆیانە فەرامۆش دەكەم، كە لە بارەی (من) وەك: (كەس، ئیگۆیزم، سوبێكت) و (ڕۆح، عەقڵ، فیكر) و (زمان) كراون و تەنها ئەوە دەڵێم، كە جیاوازی نێوان (من) و (خود) ئەوەیە: کاتێک كە (من) بەپێی دیدگا ئازادەکانی خۆی (نەك غەریزەكانی مێگەل) شوێنی خۆی بونیاد دەنێت، ئەوە پێی دەڵێن (خود)ی هۆشیار! خودی بناس بە هاوکاریی ئەویدیكەی جیاواز، ژیان دادەهێنێ… ئەگەرچی پەیوەندی نێوان من و ئەویدیكە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە و پێویستی بەشیکردنەوە و وردەکاری زۆر هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەردەمی تەكنۆلۆژیادا سوبێكت دووچاری شلۆكی ئازادی بووە…
لە شیعری (نەمنی)دا (مەولود ئیبراهیم حەسەن)ی شاعیر چەمکی نەمنی وەک نوێنەرێكی خۆنەویست و ئازادی تاکگەرا بەکارهێناوە؛ لەوێشەوە هەموو شتێکی بۆ (خودی هۆشیاری- دیكارتی) و دەرکەوتنی ماهیەتی- ئەویدیكە گەڕاندۆتەوە! شاعیر چەمکی نەمنی وەك ڕێبەری خۆنەویستی و بەرپرسیاری ئازادی بەكارهێناوە، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەویدیكەیە بۆ ڕزگاربوون لەو وەهمانەی کە ئیگۆی خۆبەگەورەزان درووستی دەکات؛ چەمكی نەمنی وەك گەیشتن بە حاڵەتێک لە ئاشتی ناوەوە و هۆشیاری ڕاستەقینە بەكارهێناوە؛ چوونكە بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنی ئازادی ڕاستەقینە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخ کاتێک دەست پێدەکات، کە تێدەگەیت ئیگۆ تەنها تۆ نیت؛ بەڵكە ئەویدیكەیە!
كەواتە ئاشتەوایی و سەربەخۆیی ئەو سیستمەیە کە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) داهێنانەكانی ڕووداوی بوونی نەمنی لەڕێگای زمانەوە لەسەر بونیادناوە؛ (زمان) لە ڕووداوی بوونی نەمنیدا وەک چرکەساتی سەرهەڵدانی گوتارێکی (وجودی) جێگیر و تۆکمە خۆی دەنوێنێ… بەڕای من ئەوەی ڕێگا بۆ شاعیر خۆش دەکات دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم زانستی مۆدێرنی زماندا بکاتەوە، درككردنی هەوڵە پێشینەکانی شیكاری دەروونی (زیگمۆند فرۆید)ە، لەبارەی چارەكردنی نەخۆش لەڕێگای دەربڕینی ناخ بە ئازادییەوە … بەو مانایەش وەك شاعیرێك، پەنا بۆ یاساکانی دەروونشیكاری فرۆید دەبات و لە درككردنی ئەو ڕێگایەوە وادەكات (نەمنی) بە ئازادی قسەی خۆی بکات، بەو مانایە نەمنی شیعری، لەلایەك بە ئازادی خۆی دەردەبڕێ و لەلایەكی دیكە بەشێوەی واتای بوونی (هایدگەریی) بوونی شاراوە دەکاتە بینراو و نهێنییەكان ئاشکرا دەکات… لەوێشەوە (من و کێشەكانی منـی چەپێنراو) لە ڕووداوێكی بوونگەرییانەدا (نەمنی) وەك کردنەوەی (شوێنی خودی بناس) و (بنەماكانی زمان) وەك شیعر لە دەروونشیكاری تێدەپەڕێنێ و لە گوتارێكی تۆكمەی ئازادانەی شیعریدا خۆی بەیان دەكات، وەك ڕووداوێکی بوونگەرانە دەڵێت:-
بێ دەنگیم
دەمامکێکە
شیتێم دەشارێتەوە
شێتیم
دەمامکێکە
تاوانباریم دەشارێتەوە
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
ئەوی دەیبینن.. من نیم .

منی شلۆك
شێوازی شلۆك (السیولة) چەمكێكی كۆمەڵناسی پۆڵەندی (زیگمۆنت باومەن)ە؛ شێوازی شلۆك: بارێکە لە بەرەنجامی گۆڕانکارییە خێراكانی سەردەمی گلۆبالیزم و شۆڕشی ئەلیکترۆنییەوە ڕوو دەدەن؛ ڕۆشنبیریی شلۆكیش هەموو شێوە و ماناکانی ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو دەگۆڕێت؛ لە ڕۆشنبیرییی شلۆكدا، دەشێ لە هەموو چرکەساتێکدا بەها و باوەڕ و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەخلاق و ڕەفتاری تاک بگۆڕدرێن! لێرەوە لەو نووسینەدا دەمەوێ (ڕۆشنبیریی تۆكمە) و (سوبێكت) لە ڕووداوی (نەمنی)ی شاعیر و (نەمنی)ی شاعیریش لە (منی شلۆك) گەڵاڵە بكەم و لەسەر ئاستی شێوازە شلۆكەكانی (زیگمۆنت باومەن) وەك توانەوەی شێوە و ماناکانی (من) و لەڕێگای گۆڕانكاری بەردەوامەوە، کە هیچ سنوورێك ناس ناكات و هیچ ئامانجێکی دیاریكراویشی لەخۆ نەگرتووە، هەوڵی خوێندنەوەی ڕووداوی بوونی (نەمنی) شاعیر بدەم!
كەواتە ئەوەی دەتوانین وەك شیكاری دەروونی لەڕێگای دەربڕینی ئازادانە بیبینین، جیابووەتەوە یان دابڕاوە لەوەی كە دەبێت وەك ڕووداوی بوونی شیعری بیخوێنینەوە؛ لە هەموو ئەو بەدواچوونەشدا (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (مۆدێرنەی شلۆك) وای دەبینێت كە: بەرخۆری لە كاڵای ماددییەوە هەنگاوی بەرەو بەرخۆری لە ھەست و سۆز و پەیوەندییە مرۆیی و تەكنۆلۆژییەكان ناوە؛ بەو مانایەش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو هەنگاوی بەرەو ڕۆشنبیریی شلۆك ناوە؛ قسەكردنی ئازادانەی فرۆیدی هەنگاوی بەرەو ڕووداوی بوونگەرایی هایدگەر ناوە…
هەڵبەتە لە ڕۆشنبیریی شلۆكدا (خۆشەویستی و کەوتنە داوی خۆشەویستی) بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکانیش بوونەتە ڕاهێنان! دەمەوێ بڵێم بەو مانایە (منی شلۆك) دەتوانێت هەمان ڕستە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) وەك ئەزموون بە گۆڕانكاری جۆراوجۆرەوە بەکار بهێنێت، یان بێ بەرنامە لە دەرگای (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو بدات و بەردەوام ئەزموونێکی دیکە لە کەسێکی دیکەدا بە مەبەستی جیاوازی و لوتکەی چێژ و خۆشی بەسەربردن… تاقیبکاتەوە!
لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو تەواو دەبن؛ واتە سوبێكت هەمیشە لە خاڵی سفردایە! لە خاڵی سفری ئازادیدا، زانیاری پێش کۆکردنەوەی زانیاریی دەكەوێت؛ خێرایی پێش کاردانەوە و وەڵامدانەوە؛ ڕۆشنبیریی شلۆك پێش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو؛ ئازادی تەكنۆلۆژی پێش بوونی ڕەسەن… لێرەوە لە خوێندنەوەی ڕووداوی (نەمنی) شاعیردا دەمەوێ نەمنی و منی شلۆك بەهۆی شۆڕشی زانیارییەكان و گۆڕانكاری خێرای كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی و پلەی سفری ئازادی و پەیوەندییە دیجیتاڵییەكانەوە، لەیەكنزیك بكەمەوە؛ بەو سیفەتانەی كە (نەمنی) شیعری و (منی شلۆك)ی تەكنۆلۆژی هەڵیانگرتووە.
ئیگۆ لە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیدا گەورەترین وەهمی ئازادییە، ئیگۆ ناسنامەی ڕاستەقینە نییە! تەنها پێکهاتەیەکی دەروونییە کە لەسەر بنەمای ترس، ئارەزوو و پابەندبوون و پلەی سفری ئازادی دامەزراوە! بەڵام ئیگۆ هەرچەندە هۆشیار بیت، کەمتر پێویستی بە بەرگریکردن دەبێت؛ ڕاستی پێویستی بە سەلماندن نییە، پێویستی بە ئازادی ڕاستەقینەیە، پێویستی بە سەلماندنی بوونە لەلایەن ئەویدیكەی جیاوازەوە… بۆیە لە شیعری (نەمنی)دا دەتوانین بڵێین هەمیشە ئازادی لە خستنەڕووی چەپێنراوەكانی ناوەوە دەرفەتێكی دیكە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی (نەمنی) تاقی دەکاتەوە: (ئەوەی دەیبینن.. من نیم.) ئەوەش وەك گوتمان هەر خۆنەویستی نییە، دەشێ قسەكردن بێ لە جیاوازی بوونی ئەویدیکە، بەڵام نەك بەو مانایەی كە ئەویدیكە ڕەنگدانەوەی من بێ، بەڵکوو بەو مانایەیەی كە ئەویدیكە نهێنییەکە و من ناتوانم خاوەندارێتی بوونی بکەم…
(ئیمانوێل لێڤیناس) لە كتێبی (کات و ئەویدیکە) پێیوایە کە ئەویدیکە بوونەوەرێک نییە، بەو شێوەیەی من دەمەوێت، بەکاری بهێنم یان لێکیبدەمەوە یان پرۆجێکتی بکەم، بەڵکوو بوونێکی ئازادە کە ڕووخساری داوایەکی ئەخلاقیی لێ دەکات؛ هەر بەو مانایەش منی ئازادی شاعیر لە ڕووداوی بوونی (نەمنی)دا گوزارشت لە ئەویدیكە دەكات؛ هەر بەو مانایەش هەڵبژاردنی ئازادی (نەمنی) بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت! پاش (ئەوەی دەیبینن..) ئیتر گەڕانەوەی منی خۆنەویست (منی شاراوە) بۆ (نەمنی)ی شیعری، وەك حاڵەتێكی دەروونی نا، بەڵكە وەك پرسیارێكی بوونگەرانەی شیعری باسی جیهانی منی شلۆك دەكات…

جیهانی شلۆك
ئایا پرسیاری بوونگەرانەی (نەمنی) ڕەنگدانەوەی جیهانی (منی شلۆكە)ە، یان نهێنییەکە ناتوانم (وەك ڕووداو) خاوەندارێتی بکەم؟! دەشێ لەنێوان كردەی (خاوەندارێتی نەكردن) و چەمكی (منی شلۆك)دا هاوتاییەك هەبێ، یان هاوتایەك لەنێوان کاری شیعری وەك بابەتێكی جوان (كە چێژ تێیدا دەردەكەوێت) و ڕووداوی شیعری (كە بوون تێیدا دەردەكەوێت) هەبێ، بەڵام حاڵەتی دەروونی نەبێ…
لەوێوە دەڵێم جیهانی (منی شلۆك) نزیكە لە تەكنۆلۆژیا و ڕۆشنبیریی شلۆك و چێژ؛ بەڵام ڕووداوی (نەمنی) شیعری شوێنێكە لە ڕۆشنبیریی تۆكمە و ئەویدیكەی جیاواز و بوونگەرایی؛ واتە نەمنی شاعیر بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت؛ نەك چێژی تەكنۆلۆژی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتی دیاری دەكرێت، نەك سوپەرمانی نیچەیی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوی بوون شوێنێك بونیاد دەنێت، نەك لەگەڵ ڕازاندنەوەی زمانی شیعری…
کاتێک شاعیر من لە خۆی دەردەهێنێ، ئەویدیکە دەبینێ؛ بەرپرسیارێتی منی شاعیر بەرانبەر بوونی ئەویدیکە سەرچاوەكانی لە هۆشیارییەوەیە، بەرپرسیارییەتی منی شاعیر بەرانبەر ڕووداوەكانی نەمنی سەرچاوەكانی لە هەڵبژاردنی ئازادییەدایە… بەكورتی ئازادی من شوێنی بوونی ئەویدیكەی جیاوازە، كە وەك شیعر ناتوانم لە ڕووداوی (نەمنی) تێیپەڕێنم؛ بەو مانایەش ئەوەی دەیبینن.. من نیم، بەڵكە منی خۆنەویستە؛ شوێنی نەمنی ڕووداوی شیعری لە داخوازییە مرۆڤایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بەڵام ئەوەی ئەو جیهانە درووستکراوە ڕەخسێنراوەی ڕووداوی نەمنی بە منی شلۆك دەبەستێتەوە، لە داخوازییەكانی چێژ و هێزی سوپەرماندایە! چوونكە داخوازییەكانی ڕووداوی (نەمنی) خۆشەویستیی مرۆییە؛ داخوازییەكانی (منی شلۆك) خۆشەویستی تەكنۆلۆژییە؛ خۆشەویستی مرۆیی پەیوەندی بە بەخشینەوە دەكات؛ خۆشەویستی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە چەمكی زێدەییەكانەوە هەیە!
بە كورتی لێرەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك لە (پلەی سفری ئازادی، یان ئازادی وەك كەرستە) درووست دەبێت؛ نەك وەك دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی… (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (خۆشەویستی شلۆك)دا پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك ناو دەنێت (خۆشەویستی کەرەستەیی)؛ بەو مانایەش لە جیهانی تەكنۆلۆژیادا پەیوەندی خۆشەویستی بۆ بوونی ئەویدیكەی جیاواز لە پەیوەندییەوە بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکان ژمارە و زێدە ژمارەن؛ ژمارەكان بوونەتە کاڵا؛ پەیوەندییەكان بوونەتە پەیوەندی بەرژەوەندیخوازانە و کاتی؛ بەو مانایەش دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی تەكنۆلۆژی بە لۆژیکی (ئابووری و بازرگانی) دەپێورێن، لەسەر بنەمای (زیان و قازانج)؛ یان ئەو خۆشەویستییە وەك (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) تەماشا دەكرێت! كەواتە ئەوەی لە پلەی سفری ئازادیدا دەیبینن، من نیم، بەڵكە ئەزموونێکی دیکەی منی شلۆكە و کەسێکی دیکە تاقیدەکاتەوە؛ واتە گۆڕینی بە کەسێکی دیکە!.
جیهانی منی شلۆك، جیهانی زێدە تاقیكردنەوەیە، جیهانی زێدە قازانج… جیهانی منی شلۆك لەسەر بنەمای ئابووری تەكنۆلۆژی وەستاوە… بەڵام شوێنی نەمنی، شوێنی بەخشین و ڕێزگرتن… شوێنی ڕووداوەكانی نەمنی وێنە و بوونی ئەو بەخشینە ڕاستەقینەیە دەكێشێ كە (جۆرج باتاى) لەسەر بنه‌مای–ئابوورى هەتاوی- باسی دەكات؛ واتە: بەخشینێكى تاكلایەنانەى وزەی هەتاو بە بوونی ئەویدیكەی جیاواز؛ بەخشینى ئەو شتەى كە خۆت بە خاوەنى نازانیت، پشت بە مامەڵەكردن نابەستێت؛ هەتاو دەسووتێت و هێدی هێدی لە وزە (خۆشەویستە) بێڕادەكەیدا (مەستمان) دەكات، (ژیانمان پێدەبەخشێت)… بڕوانە: كتێبی (تیۆری ئایین) و: هاوار محەمەد، دەزگای ئایدیا، 2017، چ حەمدی- سلێمانی، ل122-123.
دەمەوێ بڵێم بوونی خۆشەویستی مرۆییانە وەك (تیشكى هەتاو) پشت بە مامەڵەكردن نابەستێ؛ پشتبەستن بە مامەڵەكردن، دەكەوێتە سەر سووكایەتیپێكردن (زیاتر قەرزبار كردن)! لەبەرانبەریشدا (تاقیكردنەوەی خۆشەویستی) تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە زێدە قازانج و زێدە مامەڵەكردندایە…
بێگوومان ئامادەیى بوونی خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابوورى هەتاوی) دەلالەت لە بەخشینى وزەی دەروونی و بەخشینى (خۆشەویستى) بێ‌ بەرانبەر دەكات… ئامادەیى خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابووری تەكنۆلۆژی) كاڵایە، قازانجە… یەكەمیان، بەردەوام بیر لە نرخ و شكۆی بوونی ئەویدیكەی جیاواز دەكاتەوە؛ دووەمیان، بیر له‌ زێدە سوود و ئاڵوگۆڕ و زێدە به‌رهه‌مهێنان و هەبوونی زێدە ده‌ستكه‌وت دەكاتەوە… یەكەمیان، هەمیشە خۆشەویستی وەك خاڵی سەرەتایی دەبینێ؛ دووەمیان، خۆشەویستی وەك كاڵا سەرف دەکات و لە پلەی سفردا (زێدە- خۆشەویستی) تاقی دەكاتەوە؛ (ئالان بادیۆ) لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا، دار التنوير، 2014، ترجمة: غادة الحلواني- لە بەشى (خۆشەویستى لە ژێر هەڕەشەدایە)؛ بە ناوى (خۆشەویستی ئازادانە)ى سەردەمى بەكاربردنى خۆشەویستى… دەڵێت: من پابەند نیم، من پابەند نیم، واتە: خۆشەویستی لە پلەی سفردا! بەو مانایە دووەمیان، پلەی سفری خۆشەویستییە… كەواتە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) واتە دوور لە پلەی سفری خۆشەویستی دەلالەت لە بونیادنانی خۆشەویستی دەكات.

مۆدێرنەی شلۆك
لە دیدی (زیگمۆنت باومەن) كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی دەلالەت لە توانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان و دامەزراوە تۆکمەکان دەكات؛ بە مانایەكی دیكە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی مۆدێرنەی شلۆكە و لەڕێگای گوزارەی تاکگەرایی و مەسرەفگەرایی جێگای بە گوزارەی هاوڵاتیبوون و ڕووداوەكانی بوونی ئەویدیكە، چۆل كردووە؛ لەڕێگای پەیوەندی هاوبەندییەوە جێگای بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تەنگ كردووە… لەوێشەوە (زیگمۆنت باومەن) ئاماژە بە لەرزۆکی و کەمخایەنی پەیوەندییە مرۆییەکان دەدات و دەڵێ پەیوەندییە مرۆییەکان، تا دێت زیاتر شلۆک و کەمخایەن و زوو تێپەڕ دەبن؛ شلۆکی پەیوەندییە مرۆییەکان، هەستی تاوانباربوونمان بۆ درووست دەکەن، هەرچۆنێک ئەو هەستە بخەینەڕوو، هەست بە تاوان دەکەین، هەرگیز ئەو پەیوەندییە هەستی بەکۆمەڵبوون درووست ناكات، بەڵکە وەك هاوبەندی ئەو کاتە کۆتایی دێت کە داواکاری و ئارەزووەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات، ڕێک وەک کاڵایە… لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو زوو تەواو دەبن؛ لە کۆمەڵگای بەکاربەردا چێژ بۆتە بەشێک لە بەکاڵابردنی سوبێكت، چێژ بۆتە هۆکاری سەرەکی درووستکردنی پەیوەندیەکان…
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
دەشێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان و هاوبەندی تەكنۆلۆژی لەنێوان منی خۆنەویست و کێشەكانی منـی چەپێنراو لەو پرسیارە (نالۆژیكی/ لۆژیكی)یانەدا هەڵگرینەوە و بڵێین: خۆزگە (تاوانباریم) وەك كرمێك بە ئازادی جەرگی خواردم، لە دەرەوەی ئامێری بێ هەستی تەكنۆلۆژیاوە؛ ئەی (بێدەنگیم) كرمی نەبینراوی جەرگم بوو… چی بوو؟! ئەی چی دەبێت بەبێ دەنگی لەلایەكی جەرگم ڕێبکەم، یان گوێم لەدەنگی تاوانە شاراوەكانم بێ… بەڵام لە هەموو ئەوانەشدا ئەی چی دەبێت ئەگەر زەنگی چەێنراوەكانم لەبری زەنگی تەكنۆلۆژیا، سڵاوی ڕووداوەكانی بوونی (نەمنی)ی بە پلەی سفری ئازادی (منی شلۆك) بگۆڕێتەوە؟!.
دەمەوێ بڵێم ئەو لێکۆڵینەوە قووڵەی (زیگمۆنت باومەن) لە بارەی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنیتە شلەکاندا پێشکەشی كردووە، ترسەکانی چیتر لە مەترسییە کۆنکرێتییەکان و کۆنتڕۆڵکراوەکاندا قەتیس نین، بەڵکە گۆڕاون بۆ دۆخێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی… لەو قەسیدەیەشدا وەك ڕوونمانكردەوە (ترسی ڕووداوەكانی- نەمنی) چیتر لە هەڕەشەیەکی دیاریکراو و دوورەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکە لە ناسکییەکی بێ مەودا و نزیكەوە هەڵقوڵاوە، کە خۆیان لە تایبەتمەندی دیجیتاڵی و مامەڵەی تەكنۆلۆژی و مەترسییە ئابووری و ژینگەییەکانەوە تا ناسکی چاودێریكردنی ئەمنیی و دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی هەڵدەگرنەوە… هەموو ئەوانەش وەك كۆمەڵێ زانیاری كەڵەكەكراو و زیرەكی/ ژیری دەستكرد و ڕەفتاری بەکۆمەڵ لە قاڵب دراو شلتر دەردەكەوێت و لەوێوە هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی بەزاندووە و لە هەموو شوێنێ بەشێوەی سوپەرمانی نیچەیی بڵاودەبێتەوە و بەردەوام دەگۆڕێت…
ئیتر ئەوە شوێنی كۆمەڵگای تۆكمە و چەسپاوە، كە جیهانی كۆمەڵگای ئەلكترۆنی بەرهەمهێناوە؛ ئەوە هاوبەندی تەكنۆلۆژییە، كە مۆدێرنیتە شلەکانی لێكەوتۆتەوە… کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێناوە، کە لە ناسکی بەردەوامی ئامێرە بێ هەستەكاندا بژی… ئیتر پەیوەندی كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و دامەزراوەی سەقامگیر و دڵنیایی تۆکمە و دەروونشیكاری… ڕۆژیان ئاوابوو؛ ئیتر تاکەکان ڕووبەڕووی ترسی هەمیشە گۆڕاو دەبنەوە! (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (الخوف السائل)، ترجمة: حجاج أبو جبر- ط1، بیروت-2017. دەڵێت: مەترسییەکان چیتر تەنیا لە کارەساتە تەقلیدییەکاندا سنووردار ناكرێن، بەڵکە بوونەتە بێکاری شلۆك و داڕمانی بازاڕ و پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا… جگە لە هەموو ئەوانەش (ترسی خەیاڵی) ترسی شەوە تاریكەكانی نادڵنیایی کە لەلایەن میدیا و سیاسەتەوە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەردەوام تووند و تووندتر دەکرێت؛ یان لەسەر بنەمای تاریكی نادڵنیایی كۆنتڕۆڵی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و کۆمەڵگا دەخاتە دڵەڕاوکێی بەردەوامەوە.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ
هەولێر 29/9/2025

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress