Skip to Content

تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی لە نەمسا مرد و هەرگیز نەدرایە دادگا.. شاخەوان قادر شۆرش

تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی لە نەمسا مرد و هەرگیز نەدرایە دادگا.. شاخەوان قادر شۆرش

Be First!
by تشرینی دووه‌م 21, 2025 General, Genocide, Opinion



گەورە تاوانبارێکی دیکەی تاوانی گەلکوژیی فەریقی روکن نعمە فارس محیاوی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی بارزانیەکان لە ساڵی ١٩٨٣ و تاوانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، داواکراو لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا لە ڕۆژی ٢٨/٨/٢٠٢٥دا مرد و نەدرایە دادگا. ئەم تاوانبارە لە وڵاتی نەمسا دەژیا، لەلای حکومەتی ئیراق و حکومەتی هەرێم شاراوە نەبوو، بەڵام نە حکومەتی ئێراق و نە حکومەتی هەرێم ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵی گرتن و ڕادەستکردنی ئەو تاوانبارەیان نەدا، خۆیان لە ئاستیدا بێدەنگ کرد. ئیسرائیل دوای ٨٠ ساڵ دەچێ پاسەوانێکی سادەی زیندان دەدۆزێتەوە و لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا دەیداتە دادگا، بەڵام لای حکومەتی ئێراق و هەرێم ژەنەڕالێکی تاوانبار ئەو گرنگییەی نەبوو و حەزیشیان بە هەڵدانەوەی کەیسەکەی هەر نەکرد.
تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی کێ بوو:

  • نعمە فارس محیاوی دەرچوی کۆلێژی سەربازیی لە ساڵی ١٩٦٠ و کۆلێژی ئەرکان لە ساڵی ١٩٧٠، یەکێک بوو لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ئەنجومەنی سەربازییی و هاوڕێی نزیكی سەدام حوسێن و ژمارەیەكی دی لە گەنجەکانی حزب بەعس کە لە کودەتای 9ی شوبات 1963دا لە گوللەبارانکردنەکە یا سوکایەتی بە تەرمەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئێراق عبدالكەریم قاسم بەشداریی هەبووە. ئەم زانیارییە وابڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکم لەبەردەستدا نییە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە. بەهۆی خزمەتی سەربازییەکەی وەک ئەفسەر لە تۆپخانەی نیشتیمانی، بە پێی پلەی سەربازی بەرزبۆتەوە تا گەیشتۆتە پلەی فەریقی ڕوکن. گەیشتۆتە پلەی ئەمین سڕ لە لقی حطین و یەرموک. ئەو تۆمەتبار بوو بە تاوانی جەنگ کە لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا ئەنجامدراون، چونکە یەکێک بوو لەو کەسانەی سەرکردەی تاقمی بکوژان لە کەرتی چوارەم لە پارێزگای ميسان و کەرتی فەیلەقی دووەم لە دیالەدا. ئەو یەکێک بوو لە دڵسۆزانی ڕژیمی پێشوو و بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە نێوان ساڵانی 1980 تا 1988 تۆمەتبار دەکرێت. ئەوەش لە بڕیاری ژمارە ١ بە ڕێککەوتی ٢/١/٢٠٠٥ لەلایەن فەرمانگەی زانیاری سەربە لیژنەی باڵای نیشتیمانی بۆ هەڵوەشانەوەی بەعس دەرچووە.
  • سەرۆکی فەیلەقی یەکەم بوو لە ساڵی 1983 دا لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا. ئەو وەکو سەرۆکی فەیلەق لە گرتنی مێرمنداڵ و پیاوانی بارزانیەکان لە هاوینی ساڵی 1983 بەشداری هەبووە. بەپێی بڕیارێکی نهێنی و تایبەت بە ڕێککەوتی ٢٥/٨/١٩٨٣ فەرمان بە جەرد و مەسحی هەموو قەزای سدیق و ناحیەی دیانە دەکات و داوا دەکات هێزێکی ناکایی پێکبهێندرێت بۆ هەر ئەگەرێک. وەکو لەژێر فەرمانی ئەودا یەکەکانی فەیلەقی یەک دەوری ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر و بەحرکە و قوشتەپەی گرت. هەموو پیاوان و هەروەها کوڕانی سەرووی 12 ساڵیان لەو شوێنانە دەستگیرکرد و ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان کردن. بە هەزاران کەس دەستگیرکران و بەکۆمەڵ کوژران.
  • بەرامبەر بەشداریی گرنگی ئەو وەکو جێگری سەرۆکی فەیلەقی پێنج لە ئەنفالی یەکدا مەدالیای ئازایەتی لەلایەن سەدام حوسێن سەرکردایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە،لە 8ی تشرینی دوومی 1988 پێدەدرێت. هێزەکانی فەیلەقی پێنج بە سەرپەرشتی نعمە فارس هاوکاریی سوڵتان هاشمیان لە هێرشی ئەنفالی یەکدا بۆ سەر دۆڵی جافایەتی کردووە. هێزەکەی ئەو لە هێکێ بنگرد و کانی توودا بەشداری کردووە و لەوێدا خەڵک گیراون و ئەنفال کراون.
  • نعمە فارس سەرۆکی زانکۆی بەکر بوو لە ساڵانی ٩٠ کاندا و دوای ئەوە دەبێتە باڵوێزی ئێراق لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، هەر لەوێش داوای پەنابەرێتی دەکات. تاڕووخانی حکومەتی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣دا پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا هەبووە.
    لە ڕێککەوتی ٨/١٢/٢٠٠٥ دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی گرتنی ٢٤ کەس لە ئەفسەرە پلە باڵاکان و هەندێ سەرۆک جاش دەردەکات، لە ژمارە ١٣دا ناوی نعمە فارس نووسراوە. هەر لە ٨/١٢/٢٠٠٥دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەست بەسەرداگرتنی مولک و ماڵی تۆمەتبارەکان دەردەکات. فەرمانەکە لە ٢٧/١٢/٢٠٠٥دا دووبارە دەکرێتەوە. لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەدا لە ڕێککەوتی ٢٩/١٢/٢٠٠٥ دا داوای زانیاری لەسەر ٨ ئەفسەر دەکرێت کە ناوی نعمە فارس دووەم ناوە و لە دوای ناوی نەزار خەزرەجیەوە هاتووە. ئەو فەرمانە لە ١٨/١/٢٠٠٦دا سێبارە دەکرێتەوە. دادگای باڵای تاوانەکان فەرمانی تایبەت بۆ دەستگیرکردنی نعمە فارس محیاوی وەکو سەرۆکی فەیلەقی یەک بەپێی تاوانی ماددەی ١٢ لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا دەردەکات. لە بروسکەیەکی دیکەی فەرمانی گرتندا ئاماژە بە شوێنی دانیشتنی کە وڵاتی نەمسایە دەکرێت.
    هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نعمە فارس مەحیاوی دەرکرد و لە بەشداریی لە تاوانی ئەنفال تۆمەتبارکرا، ناوی ئەو لە ١١ بەڵگەنامەی دادگا هەبوو و ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام ئەم تۆمەتبارکردنە و داواکردنە هەر وەک نووسینی سەر کاغەز مایەوە و هیچ هەوڵێ بۆ دەستگیرکردنی نەدرا.
    لە هەر وڵاتێکدا دادوەریی هەبێت دەبێت تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی یا تاوانی جەنگ یا تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا. کاتێ دادگا بڕیاری گرتنی تۆمەتباران دەردەکات، لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێککردنی وڵاتە ئەو تاوانبارانەی دادگا داوای کردوون بگیرێن و بدرێنە دادگا، ئەگەر کەسی تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەوا داواکاریی دەستگیرکردن دەدرێتە ئەو وڵاتەی کە کەسەی تۆمەبتارەی لێیە و بە هاوکاریی ئەو وڵاتە کەسی تۆمەبتار دەستگیر دەکرێت، ئەوە ئەگەر ئەم وڵاتە هاوکاریی بکات.
    لە ئێراقدا بڕیار و فەمانی دادگا کاتێ بڕ دەکات ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرتن و دادگایی ئەو کەسەی لەبەرژەوەنددا بێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری سیاسی دەوڵەت دژی گرتن و دادگاییکردن بێت، ئەوا فەرمانی دادگا تەنها نووسراوێکی سەر کاغەزە و کاری پێ ناکرێت. لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانی و ئەوانی دیکەدا، چەند تۆمەتبارێک هێندران و درانە دادگا، ئەوانیش: لە کەیسی ئەنفالدا عەلی حەسەن، سوڵتان هاشم، فەرحان موتلەگ، سابیر عەزیز، حوسێن ڕەشید و تاهیر تۆفیق هێندرانە دادگا، لە کەیسی بارزانیەکان تاوانباران تاریق عەزیز، وەتبان ئیبراهیم، حەمید یوسف، سەعدون شاکر، حیکمەت مەزبان و سۆفیان ماهیر هێندرانە دادگا، چاوپۆشی لە گرتنی سەدان و بگرە هەزاران تۆمەتبار کرا کە بەپێی بەڵگەنامەکانی بەعس ناو و پلەوپایە و جۆری بەشدارییان تۆمارکراوە. بەڵام هەموو ئەوانە بە ئازادی دەسووڕێنەوە و کەس پێیان ناڵێت چ کارەن. نعمە فارس یەکێ لە ئەفسەرە هەرکۆنەکان و هاوڕێی نزیکی سەدام، بەبەڵگەوە بەشداری لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانیەکاندا هەبووە، تەنانەت مەدالیای ئازایەتی لەسەر بەشدارییەکەی وەرگرتووە. واتە ژەنەڕالێکی سەردەمی بەعس کە بەبەڵگەوە بەشداریی ئەو لە تاوانەکاندا ئاماژەی بۆ دەکرێت، سەربازێکی سادەی فیرقەیەکی سوپا نەبوو، یا پاسەوانێکی زیندانەکان نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەکی تاوانەکە بوو، بەڵام نە دەسەڵاتی ئێراقی و نە دەسەڵاتی هەرێم هیچیان نەکرد. کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی نەمسا داوای هاوکاریی لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە دەسەڵاتی ئێراقی دەکات، ڕەتی هاوکاریی دەکەنەوە. ئەوە کاتێک ڕوویدا کە لە ڕێگەی ناوەندی چاکەوە و چەند کەسێکی دیکەش سکاڵایان لە دژی ئەم تاوانبارە لە ساڵی ٢٠٠٧دا تۆمارکرد، پۆلیسی نەمسا وەڵامی داواکەی دایەوە و نوێنەریان بۆ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی بۆ کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبار نعمە فارس محیاوی، بەڵام هاوکارییان نەکرا و ئەوانیش کەیسەکەیان داخست، بۆ ئەوان بیانوێکی باش بوو کە خۆیان لە سەریەشەی دادگایکردن دەربازکرد.
    بەڵام چۆن ئەوان کەیس لەسەر کەسێکی ئەوها گرنگ دادەخەن، ئەگەرچی ئێراق ڕەتی هاوکاریش بکاتەوە. دەکرێ بڵێن کە بەڵگەنامەکان لە دژی نعمە فارس لاوازبوون و ئێراقیش هاوکاریی نەکردن بۆیە کەیسەکەیان داخست. بێگومان نەمسا دەیتوانی لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەستدارەکان بکات و بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنێت و کەیس لەسەر تاوانبار نعمە فارس بکاتەوە، بەڵام ئەوەیان نەکرد. ئەگەر لە لایەن جوولەکەکانەوە سکاڵا لە بوونی تاوانبارێکی بچووکی نازیی لە نەمسا بکرابایە، ئایا نەمسا دەیتوانی لێی بێدەنگ بێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە حکومەتی ئیسرائیل و لۆبی جوولەکان هەمووی دەهاتنە دەنگ و بابەتەکە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەتەقیەوە و لایەن سیاسیەکانیش دەهاتنە دەنگ. ئەوەی بە گەلی جوو و حکومەتی ئیسرائیل دەکرێت و دەیکەن، ئاستێکە کورد زۆری ماوە خۆی لێ بدات. جوولەکان گەلێکی هوشیار و زیندوون هەرچی کوردی باشوورە گەلێکی بێئاگا و نووستووە. حکومەتی هەرێم لەجیاتی گرتن و ڕاوەدوونانی تاوانباران، پەنای تاوانباران دەدات یا بۆ دەرەوە ڕزگاریان دەکات. واپێدەچێ ویستی کردنەوەی کەیس لەسەر ئەم تاوانبارەی تاوانی گەلکوژیی لەسەرەتاوە لای نەمسا لاواز بووە، کە دەکرێ یەکەم بڵێن ئێراق خۆی بێدەنگ بێت بۆ ئەوان لەم کەیسە بکۆڵنەوە، دووەم بێدەنگی ڕاگەیاندنی نەمسا لە ئاست بوونی تاوانبارێکی ئەوها گەورە لە وڵاتدا، دووهەم نەبوونی پشتگیری ڕامیاریی ناوخۆیی نەمسا بۆ کەیسەکە ، سێهەم خۆ دوورخستنەوە لە دەستپێکردنی کەیسێک کە قووڵبوونەوە و لێکۆڵینەوەی گەرەک بوو، ئەوەش بێگومان خەرجی دەوێت. کاتێ تاوانبار نعمە فارس لە نەمسا ژیاوە، زیرەکانە خۆی پەناداوە، دەرنەکەوتووە و دیدار و چاوپێکەوتنی نەبووە. بەمجۆرە خۆی لە ڕاگەیاندن بەدوورگرتووە و خۆی تێکەڵی هیچ چاڵاکیەکەی ئاشکرا نەکردووە.
    ئەگەر ڕەخنە لە لایەنی کوردی کە مەبەستم چاڵاکوان و خەباتگێرانی مافەکانی مرۆڤە نەک پارتەکان و لایەنگرانی سەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، دەکرێ گونجاو بێت بپرسین جگە لە سکاڵا چیتر لە نەمسا کرا؟ کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی وڵات چاوپۆشی یا ساردیی لە دەستپێکردنی کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبارێکی تاوانی گەلکوژیی دەکات، پێویستە پەنا ببردرێتە بەر میدیای ئەو وڵاتە، لەو لایەنەوە بوون و شوێنی ژیانی ئەو کەسە تاوانبارە ئاشکرا بکرێت، هەروەها پەیوەندی بە پارتەکانی دۆست و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرێت و بابەتەکە بجووڵێندرێت. چونکە کاتێ ئەو کەسە ئاشکرا بوو و میدیا لەسەریان نووسی سەختە بۆ دەسەڵاتی دداوەریی وڵات بێدەنگی لە کەیسەکە بکات. ئەوەندەی من لێی ئاگادار بم لەم لایەنەوە کارێکی ئەوتۆ نەکراوە و نەمزانیووە ناوی نعمە فارس وەکو تاوانباری تاوانی گەلکوژیی لە هیچ ڕۆژنامەیەکی نەمسادا هاتبێت. هەرچۆنی بێت ئەم تاوانبارەش مرد و سزای ڕەوای خۆی لەسەر تاوانەکانی وەرنەگرت.

    بەداخەوە زۆر لە تاوانباران دەمرن و نادرێنە دادگا لەوانە شێخ جەعفەر، عامر ڕەشید، ئەرشەد زێباریی، مەلا عوزێر، وەفیق سامەڕایی، حەمید شەعبان، عزەت دوریی، تارق ڕەمەزان و زۆریتر لە ئەفسەرانی کۆنی بەعس دەمرن و سزای داوەرانەی خۆیان وەرناگرن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا قووڵبوونەی ئازاری کەسوکاری قوربانیانە و درێژەی زیاتری ئەم تاوان و ناڕەواییەیە کە تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دی دروستیان کرد. بێگومان ئاگادارم کە زۆر لەو ئەفسەرە ئێراقیانەی بەشداری تاوانی گەلکوژیی ئەنفالیان کردووە ئێستا لە کوردستاندا پەنادراوان و ڕیزیان دەگیرێت، دەسەڵاتداران پسولەی بێتاوانی بۆ تاوانباران دەبەخشنەوە و دەیانپارێزن، بەڵام ئەو هەوڵە حزبیی و ناوچییە هیچ لە تاوانباریی ئەوان ناگۆڕێت. تەنها دادگایەکی سەربەخۆ دەتوانێ تاوانباریی و بێتاوانیی ئەوان یەکلابکاتەوە. هەموو ئەوەشمان بینی کاتێ تەرمی تاوانباران گەیشتەوە کوردستان کۆڕ و ماتەمینیان بۆ گیرا، پرسە لەبەر بەرپرسان و سەرمایەدارەکان بەر نەدەکەوت. ئەم بارەی باشووری کوردستان بەداخەوە وێنای داڕمانی مۆڕال و پرەنسیپەکانی دادوەریی لە کۆمەڵگەدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی نانیشتیماندا دەکات کە زۆر نائاساییە و وێنەی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە، هەر بۆیە گرنگە بێدەنگی لە تاوانباران نەکرێت و ڕێچکە یاسایی و دادوەرییەکان وەبیربهێندرێنەوە. پێویستە دژ بە هەژموونی بێدادی و ناڕەوایی ڕاستییەکان بخرێنەڕوو و شێلگیرانە بەرگریی لە مافی کەسوکاری قوربانیانی تاوانی گەلکوژیی بکرێت.

شاخەوان قادر شۆرش
٢٠/١١/٢٠٢٥

Previous
Next

Leave a Reply