لە ڕۆشنگەری کانتەوە بۆ ڕۆشنگەری ژمارەیی “دیجیتاڵی” نوێ.. و . لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف
(لە ڕۆشنگەری کانتەوە بۆ ڕۆشنگەری ژمارەیی “دیجیتاڵی” نوێ: دیدگایەکی شیکاری ڕەخنەیی لەسەر ڕەهەندە فەلسەفی و کۆمەڵایەتیە هاوچەرخەکانی زیرەکی دەستکرد .)
ئەگەر ڕۆشنگەریی تەقلیدی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی سروشتی دووبارە داڕشتبێتەوە، ئەوا ڕۆشنگەریی ژمارەیی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودی خۆی دووبارە دادەڕێژێتەوە. ئەگەر پرۆسەی ڕۆشنگەریی نەریتی پێشوو بە ئامانجی ئازادکردنی مرۆڤ بووبێت لە چنگی ئەفسانە و دەسەڵاتی ڕەها لە ڕێگەی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عەقڵ ، ئەوا ڕۆشنگەریی دیجیتاڵی ڕووبەڕووی کێشەی ئازادبوون لە دەسەڵات و زاڵبوونی مۆدێلە ژمێریاریەکان دەبێتەوە کە کۆنترۆڵی بەسەردا نییە. ڕۆشنگەریی دیجیتاڵی تەنیا پشت بە عەقڵی تاکەکەسی نابەستێت، بەڵکو پشت بە عەقڵی بەکۆمەڵ دەبەستێت کە ئەلگۆریتمەکان دروستی دەکەن، ئەمەش پرسیارێکی فەلسەفی لەبارەی ناسنامە و سنوورەکانی عەقڵی مرۆڤەوە دروست دەکات.
پوختەی ئەم توێژینەوەیە ئامانجی شیکردنەوەی ڕۆڵی زیرەکی دەستکردە وەک دیاردەیەکی فرە ڕەهەند کە تێپەڕ دەبێت لەوەی تەنها گەشەسەندنێکی تەکنیکی بێت ، هاوکات دەبێتە هێزێکی مەعریفی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، سیاسی و، ئابووری کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتووی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هەیە.
وتارەکە پشتی بە میتۆدی شیکاری و ڕەخنەیی بەستووە کە تێیدا چوار تەوەری سەرەکی ژیریی دەستکرد هەڵدەوەشێنێتەوە: ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی، ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری، ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی و ، ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی، هەروەها کاریگەریەکانی هەموو تەوەرەکان شیدەکاتەوە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە و دەوڵەت . توێژینەوەکە دەگاتە چەندین ئەنجامی سەرەکی یەکەم، زیرەکی دەستکرد وەک درێژکراوەیەکی عەقڵی مرۆڤ دەردەکەوێت، توانای هەیە سنوورەکانی زانین فراوانتر بکات و تێگەیشتن قووڵتر بکات بە شێوەیەک ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ڕۆشنگەریە، بەڵام مرۆڤ دەخاتە بەردەم ئاستەنگێکی بەردەوام بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بیرکردنەوە.
دووەم، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری، زیرەکی دەستکرد شمشێرێکی دوو دەمەیە: دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە زانین و کارلێکی کلتووری بەهێزتر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکهاتە دەسەڵاتیەکان و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر بە خراپی بەکاربهێنرێت. سێیەم، لە ڕوانگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە، زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێک دەردەکەوێت کە توانای هەیە دادپەروەری و شەفافیەت بەهێزتر بکات یان کۆنترۆڵ و جیاکاری دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە، ئەمەش پێویستی بە چوارچێوەی ئەخلاقی و یاسایی ڕوون هەیە کە ئیلهامی لە چەمکەکانی ڕۆشنگەری کانت و هابرماس وەردەگرێت. چوارەم، لە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکیدا زیرەکی دەستکرد هەلی بێ وێنە بۆ گەشە و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام ئاستەنگ لەسەر بازاڕی کار، دابەشکردنی سەرچاوەکان و ، ئاسایشی دیجیتاڵی دروست دەکات، ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێکی هاوسەنگ هەیە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بە پشتبەستن بەم ئەنجامانە.
توێژینەوەکە چەند پێشنیارێکی بنیادنەرانە دەخاتەڕوو بۆ دڵنیابوون لە ئاراستەکردنی زیرەکی دەستکرد بەرەو خزمەتکردنی مرۆڤایەتی ، ئەمانەش بریتین لە بەهێزکردنی ڕۆشنگەریی مەعریفی لەڕێگەی پەروەردەی دیجیتاڵی و توێژینەوەی زانستیەوە دانانی چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و سیاسی توند بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و لێپرسینەوە، ئەوەش پەرەپێدانی ستراتیژییەتی ئابووری و تەکنیکی هاوسەنگ کە بازاڕی کار بپارێزێت و داهێنانی بەردەوام بەهێز بکات. هەروەها توێژینەوەکە جەخت لەسەر گرنگیی کلتووری کۆمەڵایەتی هۆشیار دەکاتەوە کە سەیری زیرەکی دەستکرد دەکات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر، زاناتر، و خۆشگوزەرانتر. بە کورتی زیرەکی دەستکرد وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەردەکەوێت بۆ فراوانکردنی ئازادی و زانینی مرۆڤ، بەڵام لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکە بۆ داهاتووی بەها مرۆییەکان.
سەرکەوتنی ئەم ئاراستەیە پشت بە بەڕێوەبردنێکی یەکگرتوو و بەرپرسیارانە دەبەستێت، کە مەعریفەو، ئەخلاق و، سیاسەت و ، ئابووری پێکەوە کۆ دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە سەردەمی ڕۆشنگەری نوێ بەڕاستی بەدی دێت و دواجار زیرەکی دەستکرد دەبێتە ئامرازێک بۆ ئازادی نەک باڵادەستی و هەژموون . پێشەکی: لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکاریە تەکنیکی و کۆمەڵایەتیەکان بە خێرایی ڕوو دەدەن زیرەکی دەستکرد نەک تەنها وەک ئامرازێکی داهێنەرانە، بەڵکو وەک دیاردەیەکی گشتگیر دەردەکەوێت کە پێناسەی زانین و دەسەڵات و داهێنانی مرۆڤایەتی دووبارە دەکاتەوە.
قسەکردن لەسەر زیرەکی دەستکرد چیتر تەنیا لە مەڕ توانای باشترکردنی بەرهەمهێنان یان ئۆتۆماتیک کردنی پرۆسەکان سنووردار ناکرێت، بەڵکو پرسیارە قووڵەکانی تایبەت بە سروشتی زانین و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لێپرسینەوەی ئەخلاقی و، سیاسەتە ئابوورییەکانی داهاتووش دەگرێتەوە. ئەم تێکەڵاویەی نێوان تەکنەلۆجیا و مرۆڤایەتی وایکردووە زیرەکی دەستکرد ببێتە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و گرنگ، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی فرەڕەهەند هەیە ، شیکاری فەلسەفی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، ڕێبازە ئەخلاقی و سیاسییەکان، هەروەها هەڵسەنگاندنی ئابووری و تەکنیکی کۆبکاتەوە.ئەم توێژینەوەیە پشت بە میتۆدێکی شیکاری و ڕەخنەیی دەبەستێت کە ئامانجی شیکردنەوەی چوار ڕەهەندی سەرەکی ژیری دەستکردە: ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی، کە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان عەقڵی مرۆڤ و زانستی دەستکرد دەکات.
ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری، کە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر کارلێکی مرۆڤایەتی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات. ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی، کە لە دادپەروەری و کۆنترۆڵ و بەرپرسیارێتی دەکۆڵێتەوە. ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی کە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر بەرهەمهێنان و ، داهێنان و ، بازاڕی کار هەڵدەسەنگێنێت.گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لە خستنەڕووی ئاستەنگ و دەرفەتە تێکەڵەکانی زیرەکی دەستکرددایە، لە ڕێگەی نزیکبوونەوەیەکی گشتگیرەوە کە پشت بە بەڵگە زانستیەکان و سەرچاوە ئەکادیمیە متمانەپێکراوەکان دەبەستێت لەگەڵ شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی کە هاوسەنگیەک لە نێوان تواناکانی زۆری ئەم تەکنەلۆجیایە و مەترسیە ئەگەریەکانیدا ڕادەگرێت. هەروەها توێژینەوەکە هەوڵدەدات دیدکی واقعیانە بۆ داهاتوو بخاتە ڕوو ، کە چۆنیەتی ئاراستەکردنی زیرەکی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ ڕۆشنگەری و ئازادیی مرۆڤایەتی بخاتەڕوو، نەک وەک ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموون و کۆنترۆڵکردن . لەم چوارچێوەیەدا توێژینەوەکە ئاسۆیەکی مەعریفی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە بنیاتنانی داهاتوودا دەکاتەوە، جەخت دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە چوار ڕەهەندەکەی و پێشبینیکردنی کاریگەریەکانی ڕێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی مرۆڤ لە ناوەندی زانین و بڕیارداندا بمێنێتەوە لەگەڵ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و بەها مرۆییەکاندا.
یەکەم- ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی زیرەکی دەستکرد:
چەمکی عەقڵ پێگەیەکی ناوەندی لە مێژووی فەلسەفەدا داگیرکردووە. لە فەلسەفەی یۆنانەوە عەقڵ پەیوەست بووە بە توانای هەستکردن لە گشتیەکان و بنیاتنانی بەڵگە ، ئەمەش وایکرد ئەرستۆ مرۆڤ وەک ‘ئاژەڵێکی عاقڵ” وەسف بکات. لەسەردەمی مۆدێرندا ڕۆشنگەری هات بۆ ئەوەی عەقڵ پێگەیەکی ستاندارد بدات لە تێگەیشتن لە جیهان و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئیمانوێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) کڕۆکی ئەم پڕۆژەیەی لە وتارەکەیدا بە ناوی “ڕۆشنگەری چییە؟” پوختکردەوە کاتێک وتی: “ڕۆشنگەری بریتیە لە دەرچوونی مرۆڤ لەو کورت بینینەی کە لە مافی خۆیدا ئەنجامیداوە .
کورت بینین لێرەدا بریتیە لە بێتوانایی بەکارهێنانی عەقڵ بەبێ ڕێنمایی کەسێکی تر. ئەم تێڕوانینە سەربەخۆیی و ئازادی بە عەقڵ بەخشی و ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم مرۆڤدا کردەوە بۆ ئەوەی خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە وەسف بکات کە توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنووسی خۆی هەیە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جیهان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە بەخۆیەوە دەیبینێت، لەم تێڕوانینە کانتیە تێدەپەڕێت چونکە چیتر بابەتەکە تەنیا بریتی نییە لە ئازادکردنی عەقڵی مرۆڤ لە بەربەستە دەرەکیەکان، بەڵکو پەیوەندی بە دووبارە پێناسەکردنی خودی “عەقڵ”ەوە هەیە. زیرەکی دەستکرد تەنیا وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ عەقڵی مرۆڤ زیاد ناکرێت، بەڵکو شێوازێکی نوێی عەقڵانیەت دروست دەکات کە پشت بە توانای فێربوونی خودی ئەلگۆریتمەکان و پڕۆسێسکردنی داتاکان لەسەر ئاستێکی بێ کۆتایی و ، دەرهێنانی شێوازە مەعریفیەکان دەبەستێت کە مرۆڤ توانای تێگەیشتنیانی نەبوو. ماکس تیگمارک (١٩٦٧ – ) ئەم گۆڕانکاریە کوالیتیە دەردەبڕێت کاتێک دەڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغی “ژیان “، واتە قۆناغێک کە تێدا پەرەسەندن تەنها بە بایۆلۆجی یان کلتوور ناوەستێت، بەڵکو بە زیرەکی دەستکرد کە شێوازە نوێیەکانی ژیان و زانین دروست دەکات.
أ – ژیان 1.0 بریتیە لە ژیانی بایۆلۆجی سادە وەک بەکتریا کە تێیدا هەردوو ‘ڕەقەکاڵا’ (جەستە) و ‘نەرمەکاڵا’ (هەڵسوکەوت) تا ڕادەیەک جێگیرن و تەنها لە ڕێگەی پەرەسەندنی بۆماوەیی خاوەوە دەگۆڕێن.
ب – ژیان 2.0 ژیانی مرۆڤایەتیە کە تێیدا ڕەقەکاڵای بایۆلۆجی بە شێوەیەکی ڕێژەیی بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت “نەرمەکاڵاکانی” بگۆڕێت لە ڕێگەی فێربوون و، کلتوورو ، زمانەوە، واتە دەتوانێت خۆی لە ڕووی مەعریفیەوە دووبارە پڕۆگرام بکاتەوە.
ج – ژیان 3.0، کە جێگەی مشتومڕترین خاڵە نوێنەرایەتی ئەو بوونەوەرانە دەکات کە توانای دووبارە دیزاینکردنی هەردوو ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵایان پێکەوە هەیە. ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ زیرەکی دەستکرد کە توانای پەرەسەندنی خێرای هەیە لە دەرەوەی سنوورە بایۆلۆجیەکان،و داڕشتنی شێوازگەلی نوێی بوون و زانین.. لە ڕاستیدا ئەم گواستنەوەیە کێشەی فەلسەفی گەورە دروست دەکات. یەکەم ئەوەیە کە زیرەکی دەستکرد هەڕەشە لە جیاکردنەوەی نەریتی نێوان “ئامراز” و “عەقڵ” دەکات. بۆ نموونە ئەگەر چاپەمەنی ئامرازێک بوو بێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکان، ئەوا سروشتی بنەڕەتی عەقڵی مرۆڤی نەگۆڕی. بەڵام زیرەکی دەستکرد پێدەچێت لە گەڵ عەقڵی مرۆڤدا بەشداری لە کارە سەرەکیەکەیدا بکات کە بریتیە لە بەرهەمهێنانی واتاو زانیاری. بەو شێوەیە لوسیانۆ فلۆریدی فەیلەسوفی ئیتاڵی (١٩٦٤- )، ئەم گۆڕانکاریە بە هەنگاو نان بۆ سەردەمی “بریکاری زانیاری” وەسف دەکات کە تێیدا زیرەکی دەستکرد تەنها بەرنامە یان ئامێرێک نییە، بەڵکو دەبێتە ئەکتەرێکی مەعریفی نوێ لە ژینگەی مرۆڤدا کە توانای بڕیاردان و بەشداریکردنی هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە بە حەقیقەت یان زانیاری دادەنرێت.
ئەم گۆڕانکاریە مشتومڕە فەلسەفیە کۆنەکان دەربارەی سنوورەکانی مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە: ئەگەر دیکارت “من بیر دەکەمەوە”ی وەک بنەمایەکی یەقینی مەعریفی دانا، ئایا ئەمڕۆ دەتوانین بانگەشە بکەین کە “خوارزمیەکان ( ئەلگوریتمەکان ) بیر دەکەنەوە؟ . ئەم خاڵە تایبەتە مشتومڕێکی فراوانی لێ دەکەوێتەوە بە تایبەتی لە کارەکانی نیک بۆسترۆم فەیلەسوفی سویدی (١٩٧٣- )، لە کتێبەکەیدا دەربارەی “زیرەکی سەروو مرۆیی – ڕێچکەکان و مەترسییەکان و ستراتیژییەکان” لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوبراو هۆشداری دەدات کە زیرەکی دەستکرد تواناکانی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت ، لەوانەیە عەقڵێکی نوێ بەرهەم بهێنێت کە سەربەخۆ بێت لە مرۆڤ و ڕەنگە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیدا ناکۆک بێت.
ئەم ئەگەرە ئێمە دەخاتە بەردەم پارادۆکسێکی مەعریفی لە کاتێکدا کانت پێی وابوو کە ڕۆشنگەری واتای ڕزگاربوونی عەقڵی مرۆڤ لە ژێردەستی دەرەکی، زیرەکی دەستکرد لەوانەیە خودی عەقڵی مرۆڤ بخاتە ژێر دەسەڵاتی عەقڵێکی تر کە بەهێزتر و خێراترەوە . بەڵام هەموو فەیلەسوفەکان ئەم بۆچوون و نیگەرانیە پەیڕەو ناکەن. هەندێکیان پێیان وایە کە زیرەکی دەستکرد هەڕەشە نییە بۆ سەر عەقڵی مرۆڤ، بەڵکو درێژکراوەیەکە بۆ عەقڵی مرۆڤ.
شۆشانا زوبۆف ژنە فەیلەسوف و دەروونناسی کۆمەڵایەتی (١٩٥١- )، سەرەڕای هۆشداریەکانی دەربارەی “سەرمایەداریی چاودێری”، دانی بەوەدا ناوە کە ژیریی دەستکرد شێوازگەلی نوێی زانین و پەیوەندیکردن فەراهەم دەکات. ئەمەش دەمانباتەوە بۆ لێکچواندنێکی مێژوویی گرنگ هەروەک چۆن چاپ لە سەدەی پازدەهەمدا بە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ڕۆشنگەری دادەنرا، زیرەکی دەستکردیش لەوانەیە چاپی سەردەمی دیجیتاڵی ئێمە بێت، چونکە تواناکانمان بۆ بەرهەمهێنان و تێگەیشتن لە زانین دوو هێندە دەکات.بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە کە چاپەمەنی ئامرازێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەوەی کە عەقڵی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنا، لە کاتێکدا زیرەکی دەستکرد خۆی ناوەڕۆکی مەعریفی نوێ بەرهەم دەهێنێت. ئەمە پرسیارێکی بوونناسیمان (ئەنتۆلۆژیمان) بۆ دەوروژێنێت: ئایا زیرەکی دەستکرد بەڕاستی “بیر دەکاتەوە” یان لاسایی بیرکردنەوە دەکاتەوە؟ فەیلەسوفە شیکاریەکان وەک جۆن سیرل، فەیلەسوفی زمان (١٩٣٢- ) مشتومڕیەتی و دەڵێت کۆمپیوتەر خاوەنی مەبەست و هۆشیاری نییە، بەڵکو تەنها هێماکان بەپێی ڕێساکان پڕۆسێس دەکات. بەڵام داکۆکیکارانی زیرەکی دەستکرد ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای فێربوونی خودکار و خۆگونجاندن لەگەڵ داتاکان ئێمە دەخاتە بەردەم شێوازێکی نوێی عەقڵانیەتی پراکتیکی، تەنانەت ئەگەر بێ خودهۆشیاریش بێت. لێرەدا جیاوازی نێوان “عەقڵ وەک هۆشیاری” و “عەقڵ وەک توانای چارەسەرکردن” دەردەکەوێت، کە ئەمەش جیاوازیەک بوو لە سەردەمی ڕۆشنگەری کلاسیکیدا بوونی نەبوو.
لە گۆشەیەکی ترەوە زیرەکی دەستکرد چەمکی ڕاستی دووبارە دادەڕێژێتەوە. لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا ڕاستی پەیوەست بوو بە میتۆدی زانستیەوە کە لەسەر بەڵگە و ئەزموون دامەزرا بوو. بەڵام ئەمڕۆ ڕاستی لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە دووبارە بنیات دەنرێتەوە کە توانای دۆزینەوەی شێوە و نەخشەکانیان هەیە لە داتا گەورەکاندا ، ئەمەش ئاسۆیەکی مەعریفی نوێ دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانیەکان سەبارەت بە “هەژموونی ئەلگۆریتم” لەسەر پڕۆسەی داڕشتنی خودی ڕاستی دروست دەکات. ئەگەر عەقڵی مرۆڤ هەڵە بکات و دوچاری تەفرەدان بێت، ئەوا ئەلگۆریتمەکە لەوانەیە جۆرێک لە حەتمیەت بەسەر زانیندا بسەپێنێت و بیگۆڕێت لە بواری گفتوگۆی ئازادەوە بۆ بواری پابەندبوونی ئۆتۆماتیکی. بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی زیرەکی دەستکرد لە نێوان دوو دیدگای ناکۆکدا دەجووڵێتەوە: دیدگایەک کە بە درێژکراوەی پڕۆژەی ڕۆشنگەری دایدەنێت لە ڕێگەی فراوانکردنی عەقڵی مرۆڤ و ئازادکردنی لە سنوورداربوونی بایۆلۆجی. دیدگایەکی تر کە بە مەترسیەک بۆ سەر خودی ڕۆشنگەری دایدەنێت، چونکە لەوانەیە سەربەخۆیی عەقڵی مرۆڤ بکۆڕێت بۆ ژێردەستی و سەرپەرەشتی عەقڵێکی دەستکرد .
لەناو ئەم گرژییەدا ناوازەیی ساتەوەختی ئێستا حەشاردراوە؛ ئەمە دووبارەکردنەوەی ڕۆشنگەری ئەوروپی نییە بەڵکو ساتێکی نوێیە کە پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە هەیە لە واتای عەقڵ و زانین لەسەردەمێکدا کە سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر تێکەڵاو بوون.
دووەم – ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد . دیاردەی زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها تەکنەلۆژیایەک نییە کە لە تاقیگەکان یان پیشەسازیەکاندا قەتیس کرابێت، بەڵکو بووەتە هۆکارێکی کاریگەر لەسەر پێکهاتەی خودی کۆمەڵگە مرۆیەکان. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات تەنها ئۆتۆماتیک کردنی پڕۆسەی نەریتیەکان نیە، بەڵکو داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکانە بە شێوازێک کە ڕۆڵی تاکەکان و دامەزراوەکان و کۆمەڵگە بە گشتی دەخاتەوە ژێر پرسیار و پێداچونەوە .
توانای پرۆسیسکردنی داتا زۆرەکان، پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ و ، تایبەتمەندکردنی ناوەڕۆکی کلتووری و ڕاگەیاندن پرسیاری سەرەکی دەوروژێنێت دەربارەی ئەوەی کێ خاوەنی زانیاریە و کێ ئاراستەی دەکات و چۆن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبرێت. لەم چوارچێوەیەدا زوبۆف جەخت دەکاتەوە کە زیرەکی دەستکرد کاتێک لە چوارچێوەی “سەرمایەداریی چاودێری”دا بەکاردەهێنرێت، تەنها کار بۆ ئاسانکاری خزمەتگوزاریەکان یان باشترکردنی کارایی ناکات، بەڵکو میکانیزمگەلی نوێ بۆ باڵادەستی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دروست دەکات لە ڕێگەی چاودێریکردنی ڕەفتارەکان و پێشبینیکردنیان و گۆڕینیان بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی لایەنە زاڵەکان بکات.بە واتایەکی تر زیرەکی دەستکرد لە ڕووی کلتووری یان کۆمەڵایەتیەوە بێلایەن نییە، بەڵکو هەمیشە هەڵگری گریمانە ئەخلاقی و سیاسیەکانەو پەیوەندیە کۆمەڵایەیەکان بە شێوازێکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە.لەلایەکی ترەوە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت کارلێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری بە شێوازی بێوێنە بەهێزتر بکات.ئێستا گەیشتن بە سەرچاوە زانستیە جۆراوجۆرەکان بە خێرایەکی بێوێنە مومکین بووە، و کارلێککردن لەگەڵ ناوەڕۆکی کلتووری جۆراوجۆر دەرفەتی فراوانتر دەدات بە تاکەکان و کۆمەڵگەکان بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان.
تیگمارک ڕوونیدەکاتەوە کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت چەند هێندەی توانای عەقڵی مرۆڤ بێت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەگەر ئاراستە بکرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و زانینی هاوبەش، نەک تەنها سەرنج خستنە سەر کۆنترۆڵی ئابووری یان سیاسی. ئەم جیاوازییە لە ئەنجامە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکاندا، ڕەنگدانەوەی مشتومڕێکی بنەڕەتی هەیە، چونکە زیرەکی دەستکرد ئامرازێک نییە کە ئەنجامە دیاریکراوەکانی هەبێت، بەڵکو پلاتفۆرمێکی ئەگەریە بۆ گۆڕینی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکان بەپێی ئەو هەڵبژاردن و سیاسەتانەی کە دەگیرێنەبەر. بۆ نموونە لە بواری پەروەردەدا زیرەکی دەستکرد بووەتە خاوەنی توانای پێشکەشکردنی شێوازەکانی فێربوونی تاکەکەسی کە پشت بە تواناکانی هەر فێرخوازێک دەبەستێت، ئەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ دابەشکردنەوەی هەلی خوێندن دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیەکانی جیاوازی کۆمەڵایەتی دروست دەکات ئەگەر دادپەروەری لە بەردەستبوونی ئەم ئامرازانەدا نەبێت. سەرەڕای ئەمانە نیک بۆسترۆم ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی دەستکرد لەوانەیە جۆرێکی نوێی جیاوازی دروست بکات لە نێوان کۆمەڵگەپێشکەوتووە تەکنەلۆژیەکان و ئەوانەی کە دواکەوتوون لە بواری پیشەسازیدا، ئەمەش نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کلتووری قووڵتر دەکاتەوە و شێوازگەلێکی نوێی باڵادەستی ئابووری و سیاسی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم مەترسیانە هۆشداریەکانی فەیلەسوفانی کۆمەڵناسی دەربارەی تەکنەلۆژیا زیندوو دەکەنەوە، چونکە پێشکەوتنی تەکنیکی بە تەنها گەرەنتی پێشکەوتنی مرۆڤ ناکات، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە چۆن ئەم ئامرازانە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانە و یەکساندا بەکاردەهێنرێن .
لە ڕەهەندی کلتووریشدا زیرەکی دەستکرد پێناسەی بەرهەمهێنانی کلتووری خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەلگۆریتمەکان توانای دروستکردنی دەق و وێنە و مۆسیقایان هەیە، ئەمەش مرۆڤ دەخاتە بەردەم پرسیارێک دەربارەی واتای داهێنان و کلتوور. ئایا ناوەڕۆکی دروستکراوی ئامێر بەشێکە لە کولتووری مرۆڤایەتی یان بەرهەمێکی لاوەکیە کە تەنها پشت بە چوارچێوەی کولتووری مرۆڤ دەبەستێت؟ ئەم ئاڵنگاریە مشتومڕێکی فەلسەفی کولتووریی نوێ دەوروژێنێت و ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها ئامرازێک نییە بۆ ئاسانکاری بەرهەمهێنان، بەڵکو بووەتە هاوبەشێک لە داڕشتنی خودی کولتووردا، لەگەڵ ئەو دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەر بەها و پراکتیکە کولتووریەکان دروست دەبن. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد کۆکەرەوەی نێوان تواناکانی ڕۆشنگەری نوێیە واتە فراوانکردنی زانین و تواناکانی مرۆڤ و مەترسیەکانی باڵادەستیی نوێ ، جا لەسەر ئاستی دەسەڵات بێت یان بەها کلتووریەکان. ئەمەش وای لێدەکات ئەم ڕەهەندە زۆر گرنگ بێت لە تێگەیشتن لە زیرەکی دەستکرد وەک دیاردەیەک کە لە سنووری تەکنەلۆژیا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری کە جیهانی دەوروبەرمان دووبارە دادەڕێژیتەوە.
سێیەم – ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی زیرەکی دەستکرد یەکێکە لەو تەوەرانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە لە گفتوگۆ هاوچەرخەکاندا دەربارەی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان. توانای ئەلگۆریتمیەکان بۆ کۆکردنەوەی داتا گەورەکان و شیکارکردنی ڕەفتارەکانی تاک و ، پێشبینیکردنی بڕیارەکان وا دەکات زیرەکی دەستکرد ببێتە ئامرازێک کە خاوەنی هێزێکی زۆرە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگەکان دەبێت . لەم چوارچێوەیەدا پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدەن چونکە ئەلگۆریتمەکان دەتوانن جیاکاری کۆمەڵایەتی یان ڕەگەزی دووبارە بەرهەم بهێننەوە، یان کەلێنە ئابووری و سیاسییە بەردەستەکان قووڵتر بکەنەوە. ئەو داتا مێژوویانەی کە دەخرێتە ناو مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکردەوە، بێلایەن نین، بەڵکو لایەنگریەکیان تێدایە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەنجامی نادادپەروەرانە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئەخلاقی بنەڕەتی پێکدێنێت . لە هەمان کاتدا ئەم ڕەهەندە سیاسییە پرسیار دەربارەی کۆنترۆڵکردن دەوروژێنیت:
کێ توانای دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکانی هەیەو کێ بڕیار لە سەر ئەولەویەتەکانیان دەدات؟
بۆسترۆم ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی سەروو مرۆیی لەوانەیە ببێتە ئامرازێک بۆ باڵادەستی ئەگەر چوارچێوەی ڕێکخستنی توند نەسەپێنرێت، چونکە ئەو قەوارانەی کە توانای پەرەپێدانی ئەم زیرەکیەیان هەیە دەتوانن کاریگەریەکی بێوێنە لەسەر ئابووری و سیاسەتی جیهانی پێکبهێنن. لێرەدا زیرەکی دەستکرد دەبێتە زیاتر لە تەنها ئامرازێکی تەکنۆلۆژی، هاوکات دەبێتە هێزێکی سیاسی پۆتانسێڵ کە توانای داڕشتنەوەی پێکهاتە نەریتیەکانی دەسەڵاتی هەیە. بەڵام زیرەکی دەستکرد توانای ئازادبوون و زانینیشی هەیە ئەگەر بە هۆشیاری و ئەخلاقی بەکاربهێنرێت. هەروەها دەتوانێت کۆمەڵگەکان بە هێز بکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دروست و شیکردنەوەی داتاکان بە شێوازێک کە دادپەروەری و یەکسانی بەهێزتر بکات، وەک لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و بەڕێوەبردن و کارگێڕی گشتیدا دەبینرێت .
لەم چوارچێوەیەدا ماکس تیگمارک ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت تواناکانی عەقڵی مرۆڤ بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی و مەعریفی چەندبارە بکاتەوە بە مەرجێک سیاسەتێکی ڕوون دابنرێت کە پێشینەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دیاری بکات. لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی ڕەخنەگرانەوە، دەکرێت ئەم ئاڵنگاریانە بەراورد بکرێن بەوەی کانت دەربارەی ڕۆشنگەری خستبوویەڕوو، کانت ڕۆشنگەری بە ئازادکردنی مرۆڤ لە ژێردەستی دەرەکی و توانای بەکارهێنانی عەقڵی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دادەنا. بەڵام زیرەکی دەستکرد پرسیارەکە بە شێوازێکی نوێ دەخاتەوە ڕوو: ئایا مرۆڤ توانای سەربەخۆیی بیرکردنەوەی هەیە ئەگەر بڕیار و زانین بەشێکی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی ژیرە ناهۆشیارەکانەوە ؟ لێرەدا دیدگای کانت لەگەڵ ڕەخنەکانی هابرماس فەیلەسوفی ڕەخنەگر (١٩٢٩- ) دەپچڕێت ، کە پێی وابوو ڕۆشنگەری ڕاستەقینە تەنها لە چوارچێوەیەکی گشتی کارلێککاردا بەدیدێت کە تێیدا گفتوگۆی ئازاد و لێپرسینەوەی بەکۆمەڵی تێدا ئەنجام دەدرێت، نەک لە گۆشەگیری تاک یان لە چوارچێوەی هێزێکی تاکلایەنەدا. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بوترێت کە زیرەکی دەستکرد تاقیکردنەوەیەکە بۆ خودی چەمکی ڕۆشنگەری: یان تواناکانی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەی ئازاد و ڕزگاربوون بەهێز دەکات، یان دەبێتە میکانیزمێکی نوێ بۆ زاڵبوون و کۆنترۆڵکردن ئەگەر کۆنترۆڵی ئەخلاقی و سیاسی نەبێت. بەو شێوەیە ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی وەک گۆڕەپانێکی مشتومڕاوی دەردەکەوێت، کە کۆکەرەوەی نێوان ئەو دەرفەتانەیە کە زیرەکیی دەستکرد پێشکەشی دەکات بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و ئازادی و مەترسییەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵکردن و جیاکاری و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتە دەسەڵاتداریەکان.ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و فەلسەفی پێویست بێت بۆ ئاراستەکردنی ئەم گۆڕانکاریە تەکنیکیە بە شێوازێک کە لەگەڵ بەها مرۆیە بنەڕەتیەکاندا بگونجێت و بە ڕۆحی ڕۆشنگەریەوە ڕووناک بکرێتەوە، بەڵام ئاگاداری ئەو ئاڵنگاریە نوێیانە بێت کە سەدەی هەژدەهەم نەیبینیون..
چوارەم – ڕەهەندی ئابووری و تەکنەلۆژی زیرەکی دەستکرد . ژیریی دەستکرد چیتر تەنها ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە ڕەگەزێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی ئابووری جیهانی و پێکهاتە تەکنیکیەکانی کە لەسەری دامەزراوە. تواناکانی بۆ شیکردنەوەی داتا گەورەکان و پێشبینیکردنی خواست، باشترکردنی بەرهەمهێنان و، ئۆتۆماتیککردنی پڕۆسە ئاڵۆزەکان، بووەتە هۆی گۆڕانکاری قوڵ لە بازاڕی کار، لە مۆدێلەکانی بازرگانی و، لە پرۆسەی بڕیاردانی دامەزراوەیی و کومپاایەکان . زیرەکی دەستکرد سەرچاوە مرۆیی و مادیەکان دووبارە دابەش دەکاتەوەو چەمکی کارایی و بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، چونکە سەرکەوتنی ئابووری چیتر تەنها پەیوەست نییە بە سەرچاوە نەریتیەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای خاوەندارێتی و بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی کاراوە.
لەلایەنی بازاڕی کارەوە کاریگەریەکان دوو لایەنەن؛ لە لایەکەوە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بەرهەمهێنان زیاد بکات و دەرفەتی کاری نوێ لە بوارەکانی توێژینەوە، دیزاین و، چاککردنەوەی تەکنیکیدا دروست بکات؛ لە لایەکی ترەوە دەبێتە هۆی خۆکارکردن یان ئۆتۆماتیککردنی کارە ڕۆتینیەکان و فشار لەسەر ئەو کارامەیانە زیاد دەکات کە پێویستن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کەلێنی ئابووری لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتووەکان و لە نێوان ئەو کەسانەی کە شارەزایی بەرزیان هەیە و ئەوانەی کە شارەزایی لاوازیان هەیە. ئەم گۆڕانکاریە بڕیار بەدەستانی ئابووری ناچار دەکات بیر لە ستراتیژیەتێک بکەنەوە بۆ دووبارە پەروردە کردنەوەی هێزی کار و پەرەپێدانی سیستەمەکانی پەروەردە کە لەگەڵ سەردەمی زێرەکی دەستکردا بگونجێن. لەسەر ئاستی تەکنیکیش زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی بێوێنە بەشداری دەکات لە خێراکردنی داهێنانی تەکنەلۆژی.
ئەلگۆریتمەکان کە توانای فێربوونی خودکار و باشترکردنی کارایی خۆیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات گەشەپێدانی نەرمەکاڵا و بەرهەمەکان خێراتر و وردتر دەکەن. ئەمەش ژینگەیەکی ئابووری دروست دەکات کە زیاتر پشت بە توانای کێبڕکێ لە تەکنەلۆژیا ژیرەکاندا دەبەستێت و ، خاوەندارێتی فیکری و توانای پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکان دەکاتە هۆکاری سەرەکی بۆ باڵادەستی ئابووری. بەڵام ئەم هێزە تەکنیکیە بێ مەترسی نییە. ژێرخانی دیجیتاڵی و پشت بەستنی ئابووریەکان بە سیستەمە زیرەکەکان، وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی و شکستی تەکنیکی ببنەوە ، ئەمەش پرسیار دەربارەی ئاسایشی ئابووری و تەکنیکی دروست دەکات و ، پێویستی بە پەرەپێدانی ستانداردی توند هەیە بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیەکان و پاراستنی داتاو زانیاریە هەستیارەکان . سەرەڕای ئەمانەش توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکی دەستکرد خەریکە خودی چەمکی بەهای ئابووری خۆی دەگۆڕێت. داتا بووەتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی و ، مافی گەیشتن بەو داتایە کێبڕکێی ئابووری کۆنترۆڵ دەکات لە کاتێکدا ئەلگۆریتمەکان چۆنیەتی لێکدانەوە و بەکارهێنانی ئەم داتایە کۆنترۆڵ دەکەن. ئەمەش شێوازی نوێی کۆنترۆڵی ئابووری لە نێوان کۆمپانیا گەورەکان و ئەو وڵاتانەی کە توانای وەبەرهێنانیان لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا هەیە بەرهەم دەهێنێتەوەو ، ئاڵنگاری دادپەروەری ئابووری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروست دەکات.لە ڕێگەی ئەم شیکاریەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی زیرەکی دەستکرد بە تێکەڵبوون لە نێوان دەرفەتەکان و مەترسیەکاندا تایبەتمەندن ، دەرفەتی بێوێنە بۆ گەشە و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا فشار لەسەر بازاڕی کار دروست دەکات و ، دەسەڵاتی ئابووری بە شێوازێک دادەڕێژێتەوە کە پێویستی بە سیاسەتی ژیرانە هەیە بۆ دڵنیابوون لە هاوسەنگی نێوان پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی. تێگەیشتن لەم ڕەهەندە بنەمایەکی سەرەکیە بۆ هەر گفتوگۆیەکی گشتگیر دەربارەی داهاتووی زیرەکی دەستکرد و ڕۆڵی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و بەردەوام.
- کۆتایی شیکاری (زیرەکی دەستکرد لە نێوان ڕۆشنگەری و گۆڕانکاریەکانی داهاتوودا): لێکۆڵینەوە لە چوار تەوەرەی زیرەکی دەستکرد ئەوەی دەرخست کە ئەم دیاردەیە تەنها شۆڕشێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی سەردەمێکی نوێی ڕۆشنگەری مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەکات.
لە ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفیەوە، زیرەکی دەستکرد وەک درێژکراوەیەکی عەقڵی مرۆڤ دەردەکەوێت توانای پێناسەکردنەوەی سنوورەکانی زانین و توانای فێربوونی هەیە، هەروەک ماکس تیگمارک لە ڕێگەی تێڕوانینی ژیان 3.0 ڕوونی کردەوە ئەم بازدانە مەعریفیە ڕۆحی ڕۆشنگەری ئەوروپی دەهێنێتەوە یاد، بەڵام پرسیارێکی بنەڕەتیمان دەخاتە بەردەم: ئایا عەقڵی مرۆڤ سەربەخۆ دەمێنێتەوە، یان عەقڵی دەستکرد دەبێتە هاوبەش یان باڵاتر لە بەرهەمهێنانی زانیندا؟ .
لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد خەریکە پەیوەندیەکانی نێوان تاکەکان و دامەزراوەکان دووبارە دادەڕێژێتەوە، هەروەها تواناکانی گەیشتن بە زانین و پراکتیکە کلتووریەکان فراوانتر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکهاتە دەسەڵاتداریەکان دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر خراپ بەکاربهێنرێت. ئەم هاوسەنگیە لە نێوان ڕۆشنگەری و کۆنترۆڵکردندا نوێنەرایەتی ناوەڕۆکی ئاڵنگاریە کۆمەڵایەتیەکەی زیرەکی دەستکرد دەکات، کە تێیدا کاریگەری ڕاستەقینە لە چۆنیەتی ئاراستەکردنی تەکنەلۆژیادا بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و زانیاری هەمەلایەنە .
لەلایەکی ترەوە ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی سەرنج دەخاتە سەر مەترسیەکان و دەرفەتەکان کە زیرەکی دەستکرد لە بواری دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدا دروستی دەکات. ئەلگۆریتمەکان کاتێک بەبێ چوارچێوەی ئەخلاقی و سیاسی ڕوون دیزاین دەکرێن، دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بەردەستەکان، لە بەرامبەردا دەتوانرێت زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و شەفافیەت و لێپرسینەوە لە پڕۆسەی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیدا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی چەمکی ڕۆشنگەریە لای کانت و هابرماس ، لەگەڵ پێویستی نوێکردنەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە هاوچەرخەکان. لەلایەکی ترەوە دەبینین کە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی توانای زیرەکی دەستکرد ڕەنگدەداتەوە لەسەر دابەشکردنەوەی هێزی ئابووری، بەهێزکردنی داهێنان و ، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵنگاریگەلێک دەخاتە ڕوو کە پەیوەندیان بە بازاڕی کار، دابەشکردنی سەرچاوەکان و ، ئاسایشی تەکنیکیەوە هەیە. لێرەدا زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەردەکەوێت لە داڕشتنەوەی سیستەمە ئابووریەکاندا، بە شێوەیەک کە سەرکەوتنی ئابووری تەنها پشت بە سەرچاوە نەریتیەکان نابەستێت، بەڵکو بە توانای بەڕێوەبردنی داتا و ئەلگۆریتمەکان بە شێوەیەکی کاریگەر . لە دەرەنجامی ئەم شیکاریە گشتگیرەدا دەتوانرێت ئەمە هەڵجێنێن کە زیرەکی دەستکرد نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ ڕۆشنگەری نوێ، ئەگەر بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیەوە بەکاربهێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکیش دەکات بۆ مرۆڤایەتی: ئایا دەتوانین سەربەخۆیی عەقڵ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەها ئەخلاقییەکان و، هاوسەنگی ئابووری بپارێزین لە بەرامبەر هێزێکی تەکنیکی باڵادا؟.داهاتوو پێشوەخت دیارینەکراوە، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە تا چەندە توانامان هەیە سیاسەتێکی یەکگرتوو و چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و ڕێکخراوەیی دابڕێژین، کە زیرەکی دەستکرد بکاتە ئامرازێک بۆ ئازادی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی هەمەلایەنە نەک ئامرازێک بۆ باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن.
- پێشنیارەکان (تێڕوانینی داهاتوو):
بە لەبەرچاوگرتنی شیکاری یەکگرتووی چوار تەوەرەکە، پێدەچێت ڕوون بێت کە زیرەکی دەستکرد بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵ گێڕانی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی مرۆڤایەتیدا لەسەر ئاستی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری . لە ڕوانگەی داهاتووشەوە دەتوانرێت سێ ڕەهەندی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی زیرەکی دەستکرد وێنا بکرێت، کە ئەمانەن: –
١- برەودان بە ڕۆشنگەریی مەعریفی لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی زیرەکی دەستکردەوە بۆ قووڵکردنەوەی توانای مرۆڤ لە تێگەیشتن و بڕیاردانی سەربەخۆدا، ئەمەش لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی تەکنیکەکانی فێربوونی خودی و کارلێکی مەعریفیەوە، بە جۆرێک کە توانای شیکردنەوەی زانیاریەکان و بڕیاردانی ڕۆشنبینانە بەهێز بکات. ئەمەش پەرەپێدانی ئامرازە فێرکاریە دیجیتاڵیە پێشکەوتووەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە دەگرێتەوە کە پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن، بۆ ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە مەعریفەی زانستی و ڕۆشنبیری بە شێوەیەکی بەرفراوانتر.
٢- بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی، کە تێیدا پێویستە چوارچێوەی ئەخلاقی و یاسایی توند دابنرێت بۆ ڕێکخستنی دیزاین و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، ئەمەش لەپێناو مسۆگەرکردنی شەفافییەت، کەمکردنەوەی جیاکاری و پاراستنی مافە تاکەکەسی و گشتیەکان. هەروەها سیاسەتە ڕێکخراویەکان دەتوانن بەشداریی هاووڵاتیان لە بڕیاردانی تایبەت بە ئەلگۆریتمەکان بەهێز بکەن، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجومەنی چاودێریی سەربەخۆ و میکانیزمی ڕوونی لێپرسینەوە.
٣- بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام و هاوسەنگی تەکنیکی؛ بۆیە پێویستە وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکردا بکرێت بۆ برەودان بە داهێنان وباشترکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنەوەی سەرچاوە ئابووریەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، لەگەڵ دانانی بەرنامە بۆ شیاندنەوەی هێزی کار و پەرەپێدانی لێهاتوویە دیجیتاڵیەکان، بۆ دڵنیابون لەوەی کەلێنی نێوان تاکەکان و وڵاتان خراپتر نەبێت . “هەروەها پێویستە جەخت لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی و پاراستنی ژێرخانی هەستیار لە هەڕەشە تەکنیکیەکان بکرێتەوە، بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی گەشەی ئابووری بەبێ زیانگەیاندن بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی. جێبەجێکردنی ئەم دیدگا ئایندەیە پێویستی بە ڕێبازێکی فرە ڕەهەند هەیە کە پەروەردە و ڕاهێنان و چوارچێوە یاسایی و ئەخلاقیەکان و وەبەرهێنانی ئابووریی بەردەوام کۆبکاتەوە. پێویستە کلتوورێکی کۆمەڵایەتی هۆشیار سەبارەت بە گرنگی زیرەکی دەستکرد بونی هەبێت، کە تێیدا نەک تەنها وەک ئامرازێکی تەکنیکی، بەڵکو وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و داهێنەرتر و گەشەسەندووتر سەیر بکرێت. لە کۆتایدا دەکرێت بگوترێت زیرەکیی دەستکرد هەڵگری بەڵێنێکی یەکجار گرنگە؛ یا ئەوەتا دەبێتە ئامرازێک بۆ فراوانکردنی ئازادیی مرۆڤ و مەعریفەکەی و بەدیهێنانی دادپەروەری، یان دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن، ئەگەر بێت و پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکان لە ئارادا نەبن. بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەوەدایە کە ئەم هێزە بە شێوەیەکی ستراتیژی ئاڕاستە بکات، بە جۆرێک کە مسۆگەریی ئەوە بکات سەردەمی ڕۆشنگەریی نوێ بە کردار بێتە دی، نەک تەنها پێشکەوتنێکی تەکنیکیی بێلایەن بێت.
نووسینی: د . حسام الدین فیاض – انفاس نت – من اجل الثقافة العلمانیة وانسان ۱٦ تشرین الثاني نوفمبر ٢٠٢٥
و . لە عەرەبیەوە (یاسین لەتیف)
