رۆمانی رێبیكا شاكارێك له‌نێوان ئاڵۆزی و بێگه‌ردی مرۆڤدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
رۆمانی رێبیكا یه‌كێكه له‌رۆمانه ناودار و وروژێنه‌ره‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. به‌یه‌كێك له‌سه‌د رۆمانه مه‌زنه‌كانی مێژووش داده‌نرێ. دافنی دو مۆرییه‌ی خانمه نووسه‌ری ئینگلیزی ساڵی 1938 بڵاویكرده‌وه و بەهۆیه‌وه خه‌ڵاتی ئه‌نتۆنی و له‌ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش خه‌ڵاتی كتێبی نیشتمانی پێبەخشرا. ناوه‌رۆكی ئه‌و شاكاره بریتییه له‌گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی كچێكی ساده و بێگه‌رد و نه‌شمیل كه له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی ته‌مه‌ندایه. ئه‌و كچه سه‌ره‌تا وه‌ك یارمه‌تیده‌ری ژنێكی ئه‌مه‌ریكی كه (ڤان هۆپه‌ر) ی ناوه لە هوتێلێكی مۆنتی کارلۆ، ئاشنای پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت كه (ماکسیم دی وینتەر)ی ناوه. ئه‌و پیاوه ساڵی رابردوو ژنه‌كه‌ی كه رێبیكای ناو بوو له‌ڕووداوێکی کەشتیوانیدا مردبوو. بۆ ده‌رچوون له‌ته‌نگژه‌كان ئه‌ویش به‌ره‌و مۆنتی كارلۆ چوبوو. ئه‌وسا ماكسیم هێشتا بەو رووداوە كاریگه‌ر و په‌شێوه. وه‌ك كه‌سێكی كپیش ده‌رده‌كه‌وت. وشه‌یه‌ك به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه رابردوو. هه‌ر زوو شه‌یدای ئه‌و كچه ده‌بێت. دوای دوو حه‌فته له‌پێوەندی خۆشەویستی و گه‌ڕان، كچه‌كه رازی ده‌بێت شووی پێبكات. به‌مجۆره له‌خاتو هوپێر داده‌بڕێت كه ئه‌ویان ده‌یه‌ویست بۆ ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێته‌وه.
ماكسیم ژنه نوێیه‌كه‌ی بۆ ناو كۆشكه گه‌وره و دابڕاوه‌كه‌ی (ما‌نده‌رلی) كه له‌سه‌ر به‌رزایی كه‌نداوێكی ده‌م ده‌ریایه له‌به‌ریتانیا ده‌بات. له‌وێدا كاره‌كه‌ره‌كان پێشوازی لێده‌كه‌ن، له‌ناویاندا خاتوو (دینڤێرس) كه كه‌سایه‌تییه‌كی نامۆی هه‌یه، به‌رده‌وام وه‌ك تارمایی و سامۆتكه له‌به‌رده‌می په‌یدا ده‌بێت و زۆرجاریش به‌گوێی داده‌دات ئه‌ویان ناگات به‌جوانی و كاریزمایی خاتوونی پێشوو. به‌مه كچه نه‌شمیله‌كه دووچاری جۆرێك له‌دڵه‌ڕاوكه ده‌بێت. به‌جۆرێك ناو كۆشكه‌كه‌ی لێ ته‌نگ ده‌بێ. بۆشی ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و كۆشكه هه‌موو لایه‌كی نامۆیه و شوێنه‌واری رێبیكا و پیتی (R) ی ئه‌ویش له‌هه‌موو شوێنێكی ناو ئه‌و ماڵه ئاماده‌یه. به‌تایبه‌تی ئه‌و پیته كه له‌سه‌ر ده‌سماڵه‌كان هه‌ڵكۆڵدراوه. ماكسیمی هاوسه‌ریشی هێشتا له‌كاریگه‌ری رێبیكا رزگاری نه‌بووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه‌چی ئه‌و ده‌وێت ژنێكی نموونه‌یی بێت، مایه‌ی دڵخۆشی و كامه‌رانی هاوسه‌ره‌كه‌ی بێت.
جارێك به‌خه‌یاڵیدادێت شوێنه‌واری رێبیكا نه‌هێلێت تاكو هاوسه‌ره‌كه‌ی ئاسووده‌بێت و رزگاری بێت، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك ناگرێته‌به‌ر. كاتێكیش ده‌زانێ ساڵانه له‌و كۆشكه ئاهه‌نگی ماسك ساز ده‌كرا، داوا له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات ئه‌و ساڵیش هه‌مان ئاهه‌نگ بگێڕن. بۆ ئه‌و شه‌وه لەسەر پێشنیاری خاتوو دینڤێرس، هه‌مان ئه‌و جله ده‌پۆشێت كه ساڵی پێشتر رێبیكا له‌ئاهه‌نگه‌كه پۆشیبووی. كاتێك ماكسیم به‌و جۆره ده‌یبینێ بە تووڕەیی فەرمانی پێدەکات خۆی بگۆڕێت. ئه‌مه‌و خاتوو دانڤێرسیش كه به‌رده‌وام دڵی ته‌نگ ده‌كات، هانیده‌دات خۆی بکوژێت و لە پەنجەرە خۆی هه‌ڵداته ده‌ره‌وه. ئه‌وسا ده‌نگی ئاگاداركردنه‌ی نغرۆبوونی كه‌شتییه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه. به‌وه‌ش دانیشتوانی ناو كۆشكه‌كه ده‌شله‌ژێن و ماكسیم و ژنه‌كه‌ی و پیاوه‌كانی به‌ره‌و كه‌نار ده‌چن. له‌وێدا ئه‌وانه‌ی كه ده‌چنه ژێر ئاو بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌هۆكاری رووداوه‌كه، كۆنه به‌له‌مه‌كه‌ی رێبیكا ده‌دۆزنه‌وه كه هێشتا لاشه‌ی ئه‌وی تێدابوو. ئه‌و ده‌ركه‌وتنه ده‌بێته مایه‌ی وروژانی هه‌مووان و ده‌پرسن ئه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر له‌گۆڕستانی تایبه‌ت به بنه‌ماڵه نێژراوه كێ بوو؟ كه ئه‌ویان دوای دوومانگ له‌رووداوه‌كه دۆزرابۆوه؟
ئەو دۆزینەوەیه دەبێتە هۆی ئەوەی ماکسیم غه‌مبارانه لای هاوسه‌ره‌كه‌ی دان بەوەدا بنێت کە له‌گەڵ ڕیبێکا به‌خته‌وه‌ر نه‌بووه. ئه‌وه‌شی پێده‌ڵێت ڕێبیکا ژنێکی دڕندە و خۆپەرست بووە. كاتێكیش كه رێبیكا پێی وتبوو ناپاكی له‌گه‌ڵ كردووه و له‌جاگ فاڤیلی ئاموزای دووگیان بووه. ته‌واو لێی هه‌ڵده‌چێت و ده‌یكوژێت و ده‌یخاته ناو به‌له‌مه‌كه‌ی. بۆ ئه‌وه‌ی نقومیش بێت به‌له‌مه‌كه‌ی كون ده‌كات. به‌و جۆره له‌تاریكی شه‌و به‌ره‌و قوڵایی ده‌ریای ناردبوو.
ئه‌نجام ده‌ركه‌وتنی به‌له‌مه‌كه به‌كونكراوی و دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی، ده‌بێته بابه‌تێكی دادگا. له‌دادگا جاگ فاڤیل كه خۆی به‌خۆشه‌ویستی رێبیكا داده‌نێ له‌دژی ماكسیم به‌به‌ڵگه‌وه دێته قسه و ده‌یه‌وێت تاوانی كوشتن بخاته پاڵی. به‌دادوه‌ریش ده‌ڵێت رێبیكا له‌شاری له‌نده‌ن سه‌ردانی پزیشكێكی ده‌كرد. كاتێكیش ئه‌وان بۆ ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه ده‌چنه لای پزیشكه‌كه، ده‌رده‌كه‌وێت رێبیكا ئه‌وسا دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ببوو هه‌روه‌ها نه‌زۆكیش بوو. ئه‌و پرسی دووگیانبوونه‌ی به‌درۆ به‌كارهێنابوو. پزیشكیش دڵنیای كردبۆوه زۆری له‌ژیان نه‌ماوه. بۆیه ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن له‌نائومێدییان خۆی كوشتبێ. به‌مه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌دادگا بێ‌تاوان ده‌رده‌چێت و كه‌یسه‌كه‌ش داده‌خرێت. دواتر كه ماكسیم له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ كۆشكه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك بۆی ده‌رده‌كه‌وێت دانڤێرس لەناکاو لەماندەرلی ون بووە، پێداگری ده‌كات لەوەی بەدرێژایی شەو بە ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت كه نزیك بوونه‌وه ده‌بینن وا كۆشكه‌كه له‌ناو گڕی ئاگردایه و دینڤێرسیش ده‌سووتێت، هه‌ر ئه‌ویش هۆكاری ئه‌و ئاگره بووه، چونكه نه‌یده‌ویست ئه‌و ژن و مێرده به‌به‌ختیاری ببینێ. ئینجا هه‌ردووكیان بۆ لایه‌كی دیكه ده‌چن و به‌خۆشی ده‌ژیه‌ن. چیرۆكخوێن هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌جوانی و كایگه‌رانه گێڕاوه‌ته‌وه، بۆ نمونه له‌كۆتاییه‌كه‌یدا ده‌ڵیت: “له‌گه‌ڵ سووتانی كۆشكه‌كه دڵنیابووم تارمایی رێبیكاش كۆتایی هاتووه”.
شایانی باسه ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه هه‌ر زوو كه‌وته سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما. ئه‌لفرێد هێتشكۆكی گه‌وره ده‌رهێنه‌ر، شه‌یدای بوو و ساڵی 1940 ده‌ریهێنا كه لۆرانس ئۆلیڤییه و جوان فۆنتین، رۆڵی سه‌ره‌كییان تێدا گێڕاوه. فیلمه‌كەش ئه‌وسا وه‌ك شاكارێكی سینه‌مایی، خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكاری چاكترین فیلم و چاكترین وێنه‌گرتنی به‌ده‌ستهێنا. ساڵی 2020 به‌شێوازێكی دیكه كراوه فیلم كه بین ویتلی ده‌ریهێنا و لیلی جه‌یمس و ئارمی هامه‌ر و كریستین سكۆت رۆڵیان تێداگێرا.
دافنی دو مۆرییه له‌چه‌ند ستوونێكدا:
- ساڵی 1907 له‌شاری له‌نده‌ن هاته دنیا. ساڵی 1989 له‌شاری كورنوۆال كۆچی دوایی كرد.
- جیرالد دو مورییه‌ی باوكی، ئه‌كته‌رێكی به‌ناوبانگ و به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی ئینگلیزی بوو. مۆریال بومۆندێ دایكی رۆژنامه‌نووس بوو. جۆرج دو مۆرییه‌ی باپیری نووسه‌ر بوو. ئه‌نجێلای خوشكه گه‌وره‌ی نووسه‌ر و جەینی خوشكی بچووكیشی، نیگاركێش بوو.
- ئالفرێد هیتشكۆك جگه له رێبیكا، ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كانی (یانه‌ی جامایكا) و (باڵنده‌كان) ی دو مۆرییه‌ی بۆ سینه‌ما ده‌رهێناوه، كه ئه‌وه‌ی دوایی له‌ڕاپرسێكی گۆڤاری تایمز له‌لیستی100 فیلمی ترس، به‌درێژایی مێژووی سینه‌ما، له‌پله‌ی حه‌وته‌م دانراوه.
- جگه له‌و سێ شاكاره، دو مۆرییه كۆمه‌ڵێك رۆمان و چیرۆك و شانۆگه‌ری و كتێبی دیكه‌ی نووسیوه.
