مرۆڤبوون لەنێوان ئایین و ئەخلاقدا.. فەرەیدوون سامان
ئەخلاق لە مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ئایین (ئیمیل دورکهایم).
پێموایە فاکتەری دیارکەر لە هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤدا سەر بە مرۆڤایەتییە. گشتگیربوون ئەو مرۆڤایەتیەیە کە ناچارمان دەکات ئیدانەی توندوتیژی بکەین، پرۆتیستۆی تاوانکاری بکەین، نەوەکانی داهاتوومان ئامادە بکەین بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆ ڕێککەوتن و دانوستان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی توندوتیژی، ئەمانە ئەو ئەخلاقە گشتگیرانەن کە دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر توندوتیژی و شەڕ لەناوببەن، یان لانیکەم سنوورداری بکەن، بۆ ئەوەی واقیعبینتر بین. بەبێ ئەمە: شەڕەکان کە بەناوی ئایینەوە ئەنجامدراون، شەڕەکان کە بە ناوی بەکافرکردن و داگیرکاری و ئاوارەیی و دەرکردنەوە ئەنجامدرابوون، شەڕەکان کە بەناوی ئەرکی پیرۆزی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە کرابوون، بەناوی ئایین و بەناوی بڵاوکردنەوەی پەیام و قسەی خودا – و بەناوی ئەنفال و فەتحکردن ئەنجامدرابوون. هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکان، بێگومان بەناوی ئەم ئەرکەوە تفەنگ و شمشێر و کوشتن و جێبەجێکردنی سزاکان هەبوو. هەموو ئەمانە بە باشی ناسراون، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆی. ئەگەر بە کورتی بگەڕێینەوە سەری، ئەوە دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە شتێکی گرنگتر و بەردەوامتر هەیە و ئەویش مرۆڤایەتییە. مرۆڤایەتی سەرچاوەی سەرەکی ئەخلاقە کە گەرەنتی پێکەوەژیانی نێوان گروپ و ئایینە جۆراوجۆرەکان دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەو ئایین و گروپانە ناتەبا و ناکۆکیش بن.
کێشەکانی پەیوەندی لە نێوان ئەخلاق و ئاییندا لە ڕووی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناسییەوە پرسێکی یەکلاکەرەوەیە، دۆرکهایم دەڵێت: کاتێک ئەخلاق دەست پێدەکات کە وابەستەبوون بە گروپێکەوە دەست پێدەکات، واتە کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەم گرێبەستە ناڕاستەوخۆیەوە دامەزراوەکان بەرهەم دەهێنێت، لەوانەش دامەزراوەی ئەخلاقی، بە چ واتایەک باس لە دامەزراوەیەکی ئەخلاقی دەکەین؟
ئێمە باس لە پلەبەندییەکی بەهاکان دەکەین، سیستەمێکی ئەرکە باڵاکان کە تاکەکان تێدەپەڕێنێت و پەیوەندییەکانیان لەنێو کۆمەڵگەدا ڕێکدەخات. ئەمە ئەخلاقە! ئەخلاق لە نەریت و ئاوەزەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها لە ئایینیشەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک باس لە ئەخلاقی ئایینی دەکەین، باس لە دیاردەیەکی گشتگیر دەکەین.
ئایین لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە، لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە خێڵ و کولتوورە ڕەسەنەکاندا، شتە پیرۆز و تابووەکان هەبوون.
لە هەر شوێنێکدا قەدەغەکردن بدۆزینەوە، ئیمتیازێکی ئەخلاقی دەبینینەوە، کە خۆمان لەم کارە یان ئەو کارە بەدوور بگرین. ئەو تێڕوانینەی کە لاوازبوونی ویژدانی ئایینی ویژدانی مرۆڤ و هەستی مرۆڤ و ئەخلاقی لاواز دەکات، لێدوانێکی ڕێژەیی و بەپێی کۆنتێکست و کۆمەڵگە دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەو گرەوانەی کە پەیوەندی بەوەوە هەیە پەرەدەسەنێت، شەڕە ئایینییەکان- جەنگی خاچپەرستەکان، شەڕەکانی هەلگەڕانەوە لە ئیسلامدا، شەڕی نێوان کاسۆلیکەکان، پرۆتستانتەکان و ململانێ و شەڕی نێوان سونەو شیعە، هەموو ئەم نموونانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە قسەکردن لەسەر ویژدانێکی ئایینی کە مرۆڤایەتی یان لانیکەم بەشێکی ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات، بەرەو چاکە و ئاشتی، زیادەڕەوییەکە کە بێبەری نییە لە بنەما ئایدیۆلۆژییە ناسراوەکان.
مەبەستیش ئەوەیە کە هەندێک شەڕ لە هەندێک شەڕی تر وێرانکەر و دڕندەتر بوون. لە کۆتاییدا بابەتی سروشتی چەک و سروشتی ئامێرەکانی کوشتنە. جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بە جەنگی خاچپەرستەکان بەراورد ناکرێن، بە شەڕەکانی هەڵگەڕانەوە، بە ململانێی نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت… بێگومان ژمارەکان ڕێژەیین؛ ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەو ژمارە ڕەها و سەرسوڕهێنەرە نییە، کە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە هێرۆشیما و ناگازاکی بەهۆی چەکی ئەتۆمی مۆدێرن کوژراون.
سەدان ساڵ برا هاودینەکانمان هەر بە ناوی خودا و ئیسلامەوە قڕمان دەکەن، جا ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەکەمان هەڵدەینەوە، تەنانەت ئەو مێژووەی کە دژمنی ناحەز و دڵڕەق بە درۆو بووختان بۆی تۆمار کردووین، مخابن هەر هەمووی کوشتوبڕی کوردی ئێزیدی و یارسان و زەردەشتی و عەلەوی نەبووە، تەنانەت کوردی مسوڵمانی باوەڕداریش لەو هەموو تاوانی قڕکردن و کۆمەڵکوژییە بی بەش نەبووە، نەتەوەی کورد هەردەم پرۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید بەناوی ئایین و پشتکردن لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و هاوشاری و هاونیشتمانی، شەڕ فرۆشتنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی گەرەکەکانی ئەشرەفییەو شێخ مەقصود بەلگەیەکی زیندوون بۆ گەڕاندنەوەی پاشخانی مێژووی تاوانەکانی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی نەتەوەسەردەستەکان لە کوردستاندا.
فەرەیدوون سامان
