Skip to Content

پارادایمێکی وێرانکەر.. جوتیار مەلا رەئوف

پارادایمێکی وێرانکەر.. جوتیار مەلا رەئوف

Closed
by نیسان 3, 2026 General, Opinion


هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتێک نابێت مرۆڤ تەنها وەکوو توندوتیژی سیاسی بیبینێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو دەربڕینی ئەخلاقی ئەو سیستەمەش ببینێت کە دەسەڵات و قازانج بەسەر مرۆڤایەتیدا لە پێشینەی کاریدایە.
کاتێک گوێمان لە ووتاری سەرۆکێک دەبێت، کە باسی وێرانکردن و بۆردومانکردنی وڵاتێک دەکاتو دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە (چاخی بەردین) بە لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی، مرۆڤ هەستێکی لەلا دروست دەبێت کە زیاترە لە تەنها توڕەیی سیاسی، مرۆڤ دەچیتە ناو هەستوو کینەیەکی ئەخلاقی قوڵتر، چونکە بۆ من لێدوانێکی لەو شێوەیە زۆر زیاترە لە هەڕەشەیەکی سەربازی، هەڵوێستێک ئاشکرا دەکات کە تێیدا ژیان و مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤ تەنیا وەک کاڵایەک بۆ گفتوگۆ دەردەکەون، کە ئەوەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە سیاسەتکردن لەوپەڕی لوتکەی نامرۆڤایەتی خۆیدایە.
دەکرێت کەسێک کە سەرکردایەتی زلهێزێکی جیهانی دەکات قسەیەکی لەو جۆرە بکات؟ چۆن مرۆڤ بەو ساردی و بێ هەستییەوە قسە لەسەر لەناوبردنی بناغەکانی ژیان بۆنزیکەی سەدان ملیۆن مرۆڤ دەکات؟ کارەبا، ئاو، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، تۆڕەکانی پەیوەندی، ئەوانە تەنها (ژێرخان) نین، ئەوانە مەرجەکانی کەرامەتوو بونی مرۆڤن لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا، هەرکەسێک بەو جۆرەی (ترامپ) باس لە لەناوبردنوو وێرانکردنی بکات، پێویستە بە ڕاستی گومان بخاتە سەر مرۆڤبوون و مۆڕاڵی سیاسی و وجودی کۆمەڵایەتی خۆی.
من ئەوە تەنها وەک شکستی ئەخلاقی کەسایەتیەکی سیاسی و سەرکردەیەک نابینم، بەڵکوو وەک دەربڕینی کێشەیەکی زۆر قوڵتر وگەورەتر تەماشا دەکەم، ناوکی سیستمێکی جیهانی کە تێیدا دەسەڵات و کۆنترۆڵ و بەرژەوەندی زیاترو بەهادارتر لە ژیانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت، بۆ ئێمە ئەوە ڕۆشنە کە سەرمایەداری جیهانی، وڵاتان و مەیللەتان و خاکەکانیان وەک فەزای ژیان بۆ مرۆڤەکان سەیر ناکات، بەڵکو وەک فەزای جیۆپۆلەتیکی، وەک بازاڕ، وەک سەرچاوەی کەرەستەی خاو، وەک ناوچەی ستراتیژی سەیر دەکات، لەو شوێنانەی بەرژەوەندیەکان زاڵن، مۆڕاڵ بوونی نامێنێت، لەو شوێنانەی دەسەڵات و سەرمایە حوکمڕانی دەکەن، زۆرجار لەناوبردنی مرۆڤەکان وەک ئامرازێکی سیاسی ڕەوا دەخرێنە ڕوو.
من پێم وایە قەیرانە قووڵەکە ڕێک لێرەدا هەست پێدەکرێت، سەرمایەداری مۆدێرن بەڵێنی پێشکەوتن و بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵگاو و گەشەسەندنی دیموکراسی دەدات، بەڵام لە فۆرمەکانی ئیمپریالیزمدا ڕووخسارێکی جیاواز ئاشکرا دەکات، ژیان دەخاتە ژێردەستەی سوودمەندییەوە، بەها ناپێوێت بە مرۆڤ ومرۆڤایەتی، بەڵکو بە دەستبەسەرداگرتن و مۆنۆپۆلکردن، کاتێک دەوڵەتێکی زلهێز بیر لەوێرانکردن و تێکدانی سیستمی گشتی ژیانی مەدەنی وڵاتێکی دیکە دەکاتەوە، لۆژیکی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت، (هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە بە مەرجێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو بکات)، کە ئەوەش بە بۆچوونی من ئەوپەڕی نامۆڕاڵیەکی سیاسی ڕیکخراو و سیستماتیکە کە وادەکات ئەو دیدگایە لە دنیای سیاسەتدا زۆر مەترسیدار ببیندرێت، چونکە لەناکاو ئەو شتانەی کە مرۆڤ وێنایان ناکات، وەکوو بژاردەیەکی سیاسی شەرعیەتپێدراو دەردەکەون، ئەوکات چیتر باسی مرۆڤ ناکرێت، بەڵکو باسی (فشار)، (رێگریکردن)، (ئامانج) و (ستراتیژ) دەکەن، بەڵام لە پشت ئەودەستەواژەو زاراوانەوە شتگەلێکی ئەبستراکت بوونی نییە، بەلکو لە پشتیانەوە منداڵ و خێزان و نەخۆش و مرۆڤی بەساڵاچوو و تەواوی شارەکان و تەواوی یادەوەرییەکان و تەواوی مێژووەکان بوونیان هەیە، بەربەرییەت بە وردی لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە زمان ئازارەکان دەشارێتەوەو نەبینراویان دەکات.
بە بۆچوونی من هەڵەیە کە ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا وەک دیدگای (سیاسەتی دەرەکی توندی دەستەڵاتێک) سەیر بکرێت، بەڵکوو ئەوە دەربڕینی کولتوورێکی سیاسیی و کرۆکی ئیفلاسی ئەخلاقین، کولتوورێک کە تێیدا باڵادەستی سەربازی لە ڕێگای وێرانکردنەوە بە گەورەیی و باڵادەستی سیاسی دەزانێت، کولتوورێک کە تێیدا باوەڕ لەسەر ئەو بنەمایە بنیاد نراوە کە لەناوبردن ئامرازێکە بۆ پاراستنی دەستەلاتوو هێز، وە کولتوورێک کە تیایدا سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان کە پێی وایە مافی سروشتی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی ژیان و بوون و شارستانیەتەکانی تر بدات.
مرۆڤ هیچ هێزێک لەو بابەتەدا نابینێت، بەڵکو تەنها لووتبەرزی سیستەمێک دەبینێت کە خۆی بە مۆدێرن و شارستانی دەزانێت، بەڵام هەمیشە لە ڕێگای بەربەریەتی خۆیەوە ئامادەیە بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئەوانی تر، بەڕای من ئەوە قووڵترین پارادۆکسە لە هەناوی سەرمایەداری مۆدێرندا ، باس لە ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتن بکەیت، بەڵام هەر کە دەسەڵاتوو هێزەکەت ڕوبەڕووی تەحەدایەکی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، لەناوبردنی مرۆڤ و وێرانکاری بەرهەم بهێنیت، هەروەها ناوکی لۆژیکی دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن ئاشکرا دەکات، ژیانی ئەوانی دیکە بەپێی بەرژەوەندییەکان بەهایان پێدەدرێت، ئەوەی گرنگە کەرامەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو سوودی ستراتیژی و کۆنترۆڵکردن و باڵادەستییە، لەو شوێنانەی دەسەڵات و قازانج پێوەر دادەنێت، سنوورە ئەخلاقییەکان دەگۆڕدرێن، پاشان لەناوچوون و لەناو بردن دەبنە شتێکی عەقڵانی و حیسابکراو و لە ڕووی سیاسییەوە ڕەوایەتیان پێدەدرێت، ڕێک ئەوەیە کە زۆر مەترسیدارە، ئیتر (بێ مۆڕاڵی) وەک (بێ مۆڕاڵی ) دەرناکەوێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی حەق و شەرعی دەردەکەوێت.
زلهێزێکی جیهانی کە بانگەشە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات دەبێت لەمەودوا هێڵێکی ڕوون بکێشێتوو بەو وێنە ڕاستەقینەی کە نیشانی دەدات دەبێت خۆی پێناسە بکاتەوە، هەر هێزێک ئامادەبێت بناغەکانی تەواوی کۆمەڵگایەک تێکبداتوو وێرانی بکات تا ئاستی گەراندنەوەی بۆ (چاخی بەردین)، هەموو مافێکی ئەخلاقی خۆی وەک بەرگریکاری ماف و یەکسانی کۆمەڵگاکان کە نیشانی دەدات، لەدەست دەدات، چونکە شارستانیەتوو مرۆڤایەتی بە وێرانکردنو باڵادەستی سەربازی پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە توانای سنووردارکردنی وێرانکاری و توندوتیژی و نواندنی هێزی ئەقڵ پێناسە دەکرێت.
دواجار حوکمێکی ڕوون دەمێنێتەوە، هەرکەسێک باسی لە ناوچوون و وێرانکردنی شارستانیەتێکی هەزاران ساڵە بکات، بە ناوی یاساو و ماف وئاسایش و ئازادییەوە قسە ناکات، وە کاتێک سەرۆکێک بەو شێوەیە قسە دەکات، ئەوە نەک گەورەیی و هێز، بەڵکو تێکشکانێکی ئەخلاقیی سیاسی ئاشکرا دەکات کە دەسەڵاتوو بەرژەوەندی و قازانج بەسەر مرۆڤایەتی و شارستانیەتی مرۆڤدا بە ڕەهایی ئەولەویەت پیدەدات.

جوتیار مەلا رەئوف

Previous
Next