وردە وتار.. نەوزاد بەندی
( خواردن )
لە هەموو شوێنێکا خواردنەکەیان ئامادەیە، لە شاییدا ، لە پرسەدا، لە سەیراندا ، لە ماڵەوە، عەسران لە بازاڕ، له دائیرە.. تەنانەت لە ئاودەستخانەکاندا جگەرە و شروبی توسیفین ئەخۆنەوە..
لە ماڵ نان ئەخۆن، ئەڕۆنە دەرێ و یەکەم قسەیان بۆ هاوڕێکانیان ئەوەیە کە ئایا شتێ نەخۆین؟ ..ئەچنە پارک؛ با شتێ بخۆین.. لە پرسەدا خەڵکەکە ئەگرین و قوڕ ئەپێون، لە تەنیشتیاندا مەنجەڵی گەورە گەورە خواردن قوڵپە قوڵپ ئەکوڵێن، یان هەزار نەفەر کەبابی دێلیڤەریی ئەگاتە ناو پرسە و شین و فیغانەکە.
ئەو هەموو خۆڵ و خاشاکە هەمووی پاشماوەی خواردنەکانمانن، خۆ کەس گیتاری لێ بە جێ نامێنێ، یان بۆ نمونە بینیوتە کەسێک ڕۆمانێکی مارکیزی لە سەیران بیر چووبێ ؟
نییە .. هەمووی خواردن و پاشماوەی خواردن و پاشەڕۆی خواردنە.. برادەرم هەیە ئەڵێ لەبەر خواردن گەشت ئەکەم .. ئەمە لە کاتێکدایە خواردن هۆکاری سەرەکیی سەر ئێشە و بێتاقەتییە، کاتێ لە گەشت و سەیران، چوار پێنج شیش گۆشت بە نان و تەماتەبە ماستاوی کەللە تەزێنەوە .. بە حەوت هەشت چای خەستەوە ئاودیو ئەکات، ئیتر ئەو کەسە لە مرۆڤبوون دەردەچێ و ئەبێ بە عەلوەیەکی بچوک، ئەندامەکانی ناوەوەی ئەچنە حاڵەتی ئینزارەوە، چۆن ئەم شتە سەیرانە بگۆڕن بە پێکهاتە ووردەکان و چۆن هەڵیبمژن و لە کوێدا خەزنی بکەن لە کاتێکدا هەموو مەخزەنەکانی جگەر و ژێر پێست و ماسولکەکەکان پڕ بوون و جێگای یەک شتی زیادەیان تیا نەماوەتەوە ؟
لەو کاتەدا ئیتر ڕیخۆڵەکان بڕیارێکی سەربەخۆ دەردەکەن، لە مژین مان دەگرن و .. کیمۆسەکە هەڵدەدەن بۆ ڕیخۆڵە ئەستوورە، ئیتر پێچە حەیاتەکە دێتە وورگە ئاوساوەکان و ..ڕادەکەن ..بە هەر چوار لادا چاو ئەگێڕن، مزگەوتێ ..بن بەردێ ..هەیکەلێ شوێنێ بدۆزنەوە و پێش ئەوەی دەرپێکانیان پڕ بکەن لە سکچوون، لە شوێنێ نەجاتی بدەن ..
سەدا نەوەد و پێنجی گەشتیارانمان بە سکچوون کۆتایی به گەشتەکانیان دێنن، چونکە بێڵ ماوسەکانیان پڕ بووە و لێی ئەڕژێت ..
بەڵام ئەم قسانە سوودیان نییە، بڕوانە بازاڕ، خواردنگا و ئاودەستخانە و دەرمانخانە بوون بە سیمای هەرە دیاری شەقام و کوچە و کۆڵانەکان، مزگەوتەکانمان ئەوەندەی دەستیان تیا به ئاو ئەگەیەنرێ، چارەکە ئەوەندەیەک نوێژ و تاعەتیان تیا ناکرێ .. خواردنێکی زۆر ئەخۆن، ڕائەکەن بۆ ئاودەستخانەکان، کە ئەبینن سک ئێشە و سکچوون وێرانی کردوون، ڕوو ئەکەنە دەرمانخانە و پزیشک و تاقیگەکان ..
من واملێهاتووە وەک ئاودەستخانەی گەڕۆک ئەو خەڵکە ئەبینم.. خەڵکێک کە دەمی وەک مەکینەی قیمەکردن وایە و .. خواردن سەرەکیترین ئیشێتی و .. دۆزینەوەی ئاودەستخانە و پزیشک و دەرمانخانەیش لە ئامانجە سەرەکییەکانێتی ..
دکتۆر مەزن ئەڵێ شانزە ڕۆژ هیچ شتێکم نەخواردووە و زۆر ئاساییم .. من خۆم هەندێ جار سێ ڕۆژ لەسەر یەک هیچ خواردنێک ناخۆم ، بێجگە لە ئاو.
( ڤیو )
یەکەمجار ئەم ووشەیەم لە خزمێکم بیست هیچ بڕوانامەیەکی نییە و ..لە زمانیکی کوردی شەق و شڕ زیاتریش، هیچ زمانێ نازانێ ..ووتی ڤیوەکەی جوانە.. تێنەگەیشتم، ووتم مەبەستت چییە ؟
ووتی ڤیوی خانووەکەم ..
هەر تێنەگەیشتم..
ووتی کە ئەچیتە باڵکۆنەکەی، باخ و شاخ و ناوشار ئەبینیت ..!
ئێستا خەڵک بە شەرتی ڤیو، خانوو، شوقە و ڤێلاکانیان ئەکڕن، بۆیە کۆمپانیا زۆڵەکان، کەوتوونەتە بڕینەوەی شاخ و گرد و تەپۆڵکەکان و ..وەک هێلانەی حاجی لەقلەق، شوقەو ڤێڵای ڤیوجوان بە نرخی خەیاڵیی بەو خەڵکە ئەفرۆشن.. ئاخرمەعاشەکانیان زۆر جوانە، بۆیە یەکەی ڤیوی جوانیان ئەوێ..
ئیتر نازانم ئەم پەتایەیش کەی تێ ئەپەڕێنین ؟
( خۆشگوزەرانیی )
هیچ دەسەڵاتێکم لە دنیادا نەبینیوە و نەبیستووە و نەخوێندووەتەوە ئەوەندەی دەسەڵاتی کوردی ڕقی لە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییەکانی بێ و لێی بترسێ.. لەگەڵ هەر نەش ونمایەکی ئابووریی و گوزەرانیی خەڵکدا، یەکسەر باج و سەرانەکان زیاد ئەکەن و کارێک ئەکەن خەڵکەکە هەناسە سارد بێ .
بازرگانێک پڕۆژەیەکی بازرگانیی ڕابگەیەنێت، ئەبێ دەسەڵات بکات بە هاوبەشی خۆی، بۆ ئەوەی شەڕی پێ نەفرۆشێ، نیوە و زیاتری داهاتەکەی دەکاتە دەستی دەسەڵاتدارێکەوە، لەو دەیان و سەدان دەسەڵاتدارەی لە مەیدانەکەدا تەراتێنیانە.
جێی سەرسوڕمانە سەرکردەیەک بە ئەندامەکانی بڵێت ئاگاداری بازاڕبن، بازاڕتان لە دەست بچێ، هەموو شتێکتان لە دەست ئەچێ ..
ترسێکی زۆریان لە دەوڵەمەندبوون و خۆشگوزەرانیی خەڵکی هەیه، نابێ هیچ کەسێ لە دەوڵەمەندییدا شان بدات لە شانیان، ئەبێ هەمووان ئیشکەر و شاگرد و ژێر دەستەی خۆیان بن ..
ئەمە لە کاتێکدایە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا، هاووڵاتی هێندە دەوڵەمەند هەن، کە قەرز دەدەنە حوکمەت.. بۆ نمونە له ئەمەریکادا، ئیلۆن ماسک کە هاووڵاتییەکی ئاساییە و زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی ووڵاتە یەکگرتووەکانیشدا توشی شەڕ و دەمە بۆڵە ئەبێ، دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندابە بێ ئەوەی هیچ ترسێک لە دڵی دەسەڵاتی ئەو ووڵاتەدا دروست بکات ..
ترس لە دەوڵەمەند بوون و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان ئەچێتە خانەی نەخۆشیە دەروونییە قوڵەکانەوە و .. پێویستە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان لێی ئاگادر بنەوە و ..توێژینەوە و نیشانەکانی و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی بۆ دیاری بکەن.
( کیلۆ مەتر سفر )
لەم کۆمەڵگا سواڵکەرەدا، کە ژیانێکی شاهانەی بە بێ ماندوو بوون و کارکردن ئەوێت، دیاردەی زۆر سەیر دروست دەبن کە پاشان لەلایەن دەسەڵات و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە ئەقۆرزێتەوە و ملیارەها دۆلاری لێ ئەچننەوە ..بێگومان پێناسەی سواڵکەر کەسێکە بە بێ بەرامبەر پارەی ئەوێت، ئەمەیش لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووە بە دیاردە و زاراوەی تری لێ پەیدا بووە وەک بندیوار و کاربەڕێکەر و ..هەموو ئەو پیشانەی هیچ کارێک ناکەن یان لە کارێک دەرکراون، کەچی هەر پارە و داهاتی ئەو کارە وەرئەگرن.
ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر، یەکێکە لەو خواستە بە کۆمەڵەی کۆمەڵگای کوردیی ئەمڕۆ، کە بە شانازییەوە، ئەڕۆن بە قەرز یان بە قیستی سوو، ئوومبیلێکی کیلۆمەتر سفر ئەکڕن .. بە لایانەوە کێشە نییە ئوتومبیلەکە تەپەدۆر و باغە دروستکرابن، گرنگ ئەوەیه کیلۆمەتر سفر بێ و دوو بەسمەی لەگەڵدا بێ..
ئەوەیش وا دەکات، دەسەڵات و بازرگانەکانی هاوڕێیان، پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئوتومبیلی هەموو جیهانەوە بکەن، بۆ هاوردە کردنی خراپترین کوالێتی ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر، بۆ ئەوەی زۆرترین قازانجی لێ بکەن، هەم لە نرخەکەی، هەم لە فرۆشتنی تابلۆکەی، هەم لە مامەڵەی ساڵانەکەی، هەم لە مامەڵەی مۆڵەتی لێخوڕین، هەم لە سزاکانی خراپ پارککردن و تیژڕەویی، کە وای لێهاتووە لەناو بازاڕی میوەفرۆشانیش کامێرای تیژڕەویی دابنرێ..
هاوڕێیەکم پێی ووتم تۆ چۆن له ڕووت دێت ئۆتومبیلی مۆدێل کۆن لێ بخوڕیت؟
ووتم : وەڵا ڕاست ئەکەیت، زۆر شەرمەندەم هەست بە جۆرێک لە بێحەیایی ئەکەم کاتێ هیچ بەرهەمێکم نییە بێجگە لە میزکردن، کەچی ئوتومبیل لێ دەخوڕم کە سەدان ئەندازیار و کرێکاری بێگانە سەرقاڵبوون بە دروستکروونیەوە.
( ئاژەڵ )
ئاژەڵەکان بە بێ جیاوازیی، هەموویان گرنگییەکی زۆر بە بێچووەکانیان و هاوسەرەکانیان و هێلانەکانیان ئەدەن، خواردنیان بۆ دابین ئەکەن و بەرگرییان لێدەکەن..
کەواتە کاتێک تۆ خانوو دابین دەکەیت و ..هاوسەر و منداڵەکانتی تێدا نیشتەجێدەکەیت و .. کار و کاسپی دەکەیت و ..خواردن و پۆشاک و پێداویستییەکانیان بۆ دابین ئەکەیت، هەتا ئێرە تۆ ئاژەڵیت ..
ئەی چ کاتێ ئەبیت بە مرۆڤ ؟؟
ئەو کاتە ئەبیت بە مرۆڤ، کە هەوڵ بۆ دابینکردنی خانوو ، نان و پۆشاک بۆ کەسانێک و گیاندارانێک بدەیت، کە نایانناسیت و هیچ غەریزە و سوود گۆڕینەوەیەک پێیانەوە ناتبەستێتەوە ..
ئەو کاتە مرۆڤیت، کە بە بێ بەرامبەر، لە دەرەوەی خێزان و تیرە و بنەماڵە، خزمەت پێشکەش بکەیت..ئیتر ئەو خزمەتە بۆ مرۆڤێکی نەخۆش و هەژار بێ، یان بۆ هەر گیاندار و بوونەوەر و ڕووەکێک ..
(قسەی قۆڕ )
قسەی قۆڕە هەموو ساڵێک کە بەهارهات، خۆشی بۆ گوند و شار هات، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەست بکەن بە ئامۆژگاریی و ڕێنمایی و تەنانەت پاڕانەوەیش لە گەشتیاران کە پاشەڕۆ و زبڵەکانیان لە دوای خۆیان بە جێنەهێڵن و سروشتی جوانی کورستان ( کە قەت جوان نەبووە ) پیس و پۆخڵ نەکەن .. قسەی قۆڕە ژینگەپارێزان و پیاوانی ئاینی لە بازگەکاندا ڕاوەستن و عەلاگەی خۆڵڕشتن بەسەر گەشتیارە بێ منەتەکاندا دابەش بکەن، بۆ ئەوەی له بیریان نەچێ، زبڵ و خاشاک و دایبێکانیان لە سروشتی پاکی کوردستان(کە قەت پاک نەبووە ) فڕێ بدەن.
مرۆڤ یەک جار ڕێنمایی پێ دەدرێت، کە بوو بە دوو جار، ئەوە ئاژەڵە و ئەبێ بە نەقیزە ڕاستی بکەیتەوە، وەک ئەدۆڵف هیتلەر ئەوەی کە خۆیان پێی ئەڵێن فۆهلەر، کاتێ پێیان ڕاگەیاند کە خەڵکەکە لەسەر هێڵی پەرینەوەی شەقامەکان ناپەڕنەوە، ووتی هەر شۆفێرێک لە دەرەوەی هێڵی پەڕینەوە، هەر کەسێک بشێلێت، لەلایەن دەوڵەتەوە خەڵات دەکرێت.
( ئاگاداریی ..ئاگاداریی )
بۆ کۆڕی پرسەیەک سەردانی شاری هەولێرم کرد، دوای چەندین مانگ هەر بۆ دڵنیایی تەماشایەکی سزای تیژڕەویی ئوتومبیلەکەم کرد، توشی سەرسوڕمان بووم کە ئەبینم له ڕێی هەولێر، لە ماوەی حەوت خولەکدا، سێ سزای تیژڕەویی حەفتا هەزار دینارییم بۆ نووسراوە، لە کاتژمێر 11:28هەتا 11:33 ..
کاتێ پرسیارم کرد، ووتیان لە هەولێر کامێرای پۆینت تو پۆینت، واتا دوو کامێرا و دوو سزا ..چەند کامێرا ڕیز بووبن، ئەوەندە سزات بۆ دەنووسن، بەڵام لە سلێمانی وا نییە، تەنها یەک کامێرا، تیژڕەوترین ساتت بۆ دەنوسێت.. هەروا مەودای تیژڕەی لە سلێمانی پێنج کلیۆمەترە، لە هەولێر دوو کیلۆمەترە.. واتا کە دەڵێت حەفتا بڕۆ ، لە دوای حەفتا و دوو کیلۆمەتر، حەفتا هەزارت بۆ دەنوسێت، بەڵام لە سلێمانی لە دوای حەفتا و پێنج بۆت دەنوسن.
بە ڕاستی دوای ئەوەی ملیۆنێک کارەبای پڕۆژەی ڕوناکیم بۆ هاتەوە، لەگەڵ دوو سەد و دەهەزارەدا، هیچ شکی ئەوەم لەلا نەما کە زۆنی زەرد سوعبەت و شت نازانن .. پۆینت تو پۆینتەکەیشیان کردووە بە مەڵتی پۆینت..
بە تەکسی سەفەری هەولێر بکەن، پەنجا قات قازانجتانە..ڕەحمەڵڵا والدێکوم.
( بێ بە دیل )
کۆمەڵگایەکی بێ بەدیلین، هیچ شتێکمان بەدیلی نییە، کابرا توشی نەخۆشی شەکرە بووە، دکتۆر پێی ئەڵێی نان و برنج و کاڵەک مەخۆ، ئەڵێ ئەی چی بخۆم؟ ..بەدیلی برنج و نان و کاڵەکی نییە، ناچار بەردەوام ئەبێ و وەسێتێکی بۆ ئەنوسێ و ئەڵێ خۆ هەموومان مردنێ قەرزارین .
یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزیسیۆنیش بەدیلیان نییە، هەر بۆیە نزیکەی هەمان ڕێژەی دەنگدان دێنن، ئەگەر هەزار هەڵبژاردنیش بکرێ، هەر بەو جۆرە ئەمێننەوە، ئێ ئاخر بەدیلیان نییە.. گەنجەکان سوور ئەزانن ووڵاتی هات ونەهاتە و هی هاوسەرگیریی نییە، کەچی سەریان کردۆتە هاوسەرگیریی، ئێ بەدیلیان پێ نییە .. نە شێرکۆ بێکەس بەدیلی هەیه و ..نە فەرهاد پیرباڵ و ..نە کشمیش و قەیسی بەرەبەیانی جەژن، لوت و چاوت بگرە و هەڵی دە..نە بەختیار عەلی بەدیلی هەیە و ..نە سەرۆک حیزبەکان.. تەواو، نە سەقفی مەغریبیی بەدیلی هەیە و ..نە شۆفێریی و .. نە هیچ شتێ لەم ووڵاتەدا بەدیلی هەیە..خوێندنیش بەدیلی نییە، هەموو ئەڕۆنە ناو تونێلی خوێندن و جوانترین ساڵەکانی ژیانیان ئەفەوتێنن، عەشاماتێکی بێ موچە و بێ دامەزراندن و دەست سپی خوێندەوار پەیدا ئەبن، نازانن بە چ زمانێ دەسەڵاتێکی نەخوێندەوار تێبگەیەنن کە وەختە دڵیان بتەقێ و وەختە له پەشیمانیدا بە کۆمەڵ خۆیان بکوژن.
لەوەیش سەیرتر ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ و پەیمانگا بێ بەرهەم و بێ دامەزراندن و بێ ئومێدەکانیشمان بەدیلیان نییە، ئەبێ هەر خوێندکارێک سێ سەد / چوارسەد هەزار لە جل و بەرگ و ئارایشت و کێک و شیرینییدا خەرج بکات و ئاهەنگ بگێڕێ، ئاهەنگێکی خەمگین و پڕ لە ئازار و ماندوو بوون، ئیتر ئەو پارەیه ئەگەر قەرزیش بکات، ئەبێ ئامادەی بکات، ئاخر بەدیلی ئەو ئاهەنگە خەمگینە نییە، بۆیە هەمووان پێوەی پابەندن و ..ئامادەن قەرز و تەنانەت سواڵیشی بۆ بکەن.

