وتار بە تامی عەریزە.. نەوزاد بەندی
سەردەمێک تێکەوتووین ئەوەی لە بوارێکدا شارەزا نەبێ و خۆی لێ بدا، زۆر خراپ حەیای ئەچێ، چونکە تۆڕەکانی پەیوەندیی ئەوەندە ووردی ئەکەنەوە و نزیکی ئەخەنەوە و فۆکەسی ئەکەن، ڕەنگە بڵێم بە ڕاستە و پڕگاڵیش هەڵوێست بنوێنیت، هێشتا هەر لە قافدا ئەگیرێ ..
مامۆستای ئاینیی، سەرکردەی کوردایەتیی، کۆمۆنیستی عیار بیست و چوار، ڕابەری پێشمەرگە، جۆرەها ڕەمزی کۆمەڵایەتیی تر کە جاران بەڵگەنەویست بوون و وەک خوێن ئەچوونە دڵی هەمووانەوە، ئەمڕۆ ئەوەندە ڕەزا قورسن، تەنانەت ناوێرن لە کەناڵەکانیشەوە دەربکەون چجای لە بازاڕ و ناو خەڵکدا یەکسەر کۆمێنتی گاڵتەجاڕیی و ڕەخنە و جنیوی وا دوایان ئەکەون، ڕێک ئەڵێی شەمەندەفەرەکەیە کە گوایا وێستگەی یەکەمی لە عەربەت ئەبێ.
ڕۆژنامەنووس یەکێکە لەو بازگانەی کە زۆر فەریکە نوسەر و ناکامە نوسەر تیایدا سەغڵەت بووە و .. هەرچی ئەکا نە ئەتوانێ درێژە بە ڕەوتی ڕۆژنامەوانیی خۆی بدا و نە بوێریی ئەوەیشی تێدایە وازبهێنێ ..چونکە لای ئێمە وازهێنان ئیهانە و سوکایەتییە،ئیتر هەر وازهێنانێ بێ، لە سیاسیی و حوکمڕانێکەوە هەتا ئەگاتە نوسەر و قەساب و فەرمانبەرێک.. کاتێک پێی دەڵێیت کەی خانەنشین دەبیت، تووڕە دەبێ ..هەر بۆیە ئەو سیاسییە حوکمڕانانەی کە بە هیچ جۆرێ وازناهێنن، هاتوون یاسەیەکیان داڕشتووە هەتاکو ئەندامەکانیان لە سوکایەتیی خانەنشن بوون بپارێزن و ..چوار پێنج ساڵیان بە ناوی بنەماڵەی شەهید و زیندانی سیاسیی بۆ تازە ئەکەنەوە، لە کاتێکدا نە خانەنشین بوون سوکایەتیی و نسکۆیە، نە بەردەوامبوون لە خزمەت بە پیریی، ئەچێتە خانەی ڕێزلێنان و دیارییەوە ..بەڵام وەک دەڵێن، قسە بۆ کێ دەکەیت؟ مەگەر وەک دەردەدڵیی ئەم دیمەنە سەیر و سەمەرانەی دەسەڵات و میللەت ڕیز بکەین، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی خەڵکەکە بڕیار بدەن لە بەروارێکدا بیر بکەنەوە و بزانن کەی دەست بە ژیانێکی لۆژیکیی و دروست بکەن.
ووتار نوسین بەهرەیە، واتا داهێنانە، ئەگینا نەک هەر ناتخوێننەوە، تەنانەت وای لێ دێت خۆیشت ئەبیت بە ژێر ووشە و ڕستە دووبارە و ناقۆڵاکانتەوە.
خەڵک شارەزا بوون، ئەزانن کێ ووتاریان بۆ ئەنوسێ و کێیش هەڵیانئەخەڵەتێنێ .. کێ بە تایتڵی باق و بریق پەلکێشی تەویلە نووسینە بێ سەر و بەرەکانیان ئەکات، کێیش بێ منەتانە ووتاری بێ گرێ و گۆڵ و ..پڕ بەهرەیان بۆ دەنوسێت.
زۆربەی ووتارنووسەکانمان، ووتارنوسی بۆنەکانن .. تۆم باراک گەیشتە عێراق .ئێ خەڵکەکە هەموویان لە کەناڵە کوردیی و عەرەبیی و ئینگڵیزییەکاندا بە ئێچ دی و فۆڕکەی و تەنانەت هەشت کەی بینیویانە و شرۆڤەی دوور و درێژیان لەو بارەیەوە گوێ لێ بووە، چ پێویست ئەکات ڕیشۆڵەکانی ووتار هەموویان لەسەر دارتەلی تۆم باراک ڕیز بن و هەر بەکەی ووتاری خۆی بدات لە شیش: ئامانجی تۆم باراک ، نیازە شاراوەکانی تۆم باراک، تۆم باراک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا …… ئیتر هەر مەپرسە، شتی وا لەسەر تۆم باراک ئەنووسن، هەرخەجاڵەتی ئەکەن .. یان هەموو جیهان کارەساتی دۆرگەی ئیپیستینیان بە دەنگ و ڕەنگ و دۆکیۆمێنت بینیوە، چ پێویست ئەکات دەیان ووتار بە پەلە پەل هەڵکوڵێنرێت، ئیپیستاین و ڕووی ڕۆژئاوا، ئیپیشتین و کۆتایی شارستانیی، ئیپستن .. ئینجا تەماشا ئەکەی هەر یەکەی بە جۆرێک ناوی ئەو دۆرگەیە دەردەبڕن، ئیسلامییەکان زیاتر پێی دەڵێن ئیپیشتاین .. عەلەمیانییەکان ئەڵێن ئیپیستین .. ڕادیکاڵە ئەتایستەکان پێیان باشە ئیپستن بێ .. وەک چۆن ئەندامی هەندێ حیزب پێی ئەوترێ هاوڕێ و .. هی هەندێکی تریان بە هەڤاڵ بانگی ئەکەن و .. برایان و برادەران و ..هاوخەبات و .. جۆرەها زاراوەی تر کە تایبەتن بە لایەنێکی سیاسیی .. ئینجا هەتا زاراوە و کەناڵ و تایبەتمەندیت زیاتر بێ، تۆ باڵادەستتریت… ئەمەیش پێی ئەوترێت بەرهەمهێنانی وەهم.. تۆ بە بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکت هەبێ، خەڵکێکی زۆر پێت سەرسامن و خۆزگە ئەخوازن وەک تۆ وا بن، یان هیچ نەبێ ببن بە هاوخەباتت و وێنەیەکی سێڵفیت لەگەڵدا بگرن.
ووتار نووس هەیە سەیری کەناڵەکان ئەکات، ئیتر بابەتی ئەو ڕۆژە هەر چییەک بێ،خوا نەیبڕێ، یەک دوو لاپەڕەی لەسەر ئەنوسێت، کە تەواو ئەبێ شڵپەی لێ هەڵئەسێنێ، هەڵیئەفڕێنێ بۆ حەوت هەشت میدیای قەڵەباڵغ.
ووتار نووس هەیە، ئەکتەرە .. هەر ڕۆژەی یان هەر ووتارەی ڕۆڵێک ئەبینێ، ئەمڕۆ پشتگیریی لە فڵان ئەکا، سبەینێ پشتگیریی لە دژەکەی ئەکا ..ئەمڕۆ بە نوسەرانی ڕەخنەگر ئەڵێ لوسکە و ڕەشبین و تێکدەری ئەزمونەکەمان، دوای هەفتەیەک ووتارێکی ڕەش و ڕەشبینی وا ئەنوسێ، پیاو ئەترسێ خۆی بکوژێ یان دوای ووتارەکە خۆی کوشتبێ ..ئەمانە ئەکتەرن، لە هەر شانۆیەکدا بێ ئەتوانن ڕۆڵ بگێڕن، زۆر بەو سروشتەی خۆیشیانەوە ئەنازن، بەوەی کە ئەتوانن هەموو جۆرە ڕۆڵێک بگێڕن، تا وای لێ دێت نرخیان گران ئەبێ، کەناڵەکانی دەسەڵات ئەیانکڕن ، پێیان ئەڵێن تۆ حەربایەکی زۆر بەهرەمەندیت.. وەک چۆن خولە چەخماخە بە مارفی ووت مارف تۆ سەگیت.. مارفیش زۆر ئەو وەسفەی پێ خۆش بوو.
ووتارنووسمان هەیە، تایبەتە بە ئامۆژگاریکردنی سەرۆک حیزبەکان و تەنانەت سەرۆکی دەوڵەت… سەرۆک فڵان تۆ بۆچی ئەم کارەت کرد؟ ئایا نازانیت ئەم کارەی تۆ ئەبێتە هۆی هەڵوەشانی ژێرخانی ئابووریی و سەرهەڵگرتنی لاوان و پەکخستنی پیشەسازیی و کشت و کاڵی ناۆخۆ ؟ ئایا ئەم زانکۆ و نەخۆشخانە ئەهلییانە، چ سودێکیان بۆ هەژاران و میللەتی ڕەش و ڕووت هەیە ؟؟ …..هتد ..
ئیتر ئەوەی ئەیڵێن نایڵێنەوە، ئەمانە بڕوایان بە خۆیان هێناوە کە سینۆهەن پزیشک و ڕاوێژکاری فیرعەونەکانن ..
بە بێ ئەوەی ئەم ئامۆژگاریی و خۆ ماندووکردنانەیان، بچوکترین کاردانەوەی میللیی و حکومییان بە دواوە بێ.. لەوەیش ناخۆشتر ئەوەیە، هەتا ئامۆژگارییەکانیان زیاتر پشتگوێ بخرێن، ئەوان ئامۆژگاریی زیاتر و ووردتر و قوڵتر ئەنوسن.
کار ئەگاتە ئەوەی باسی گەشتەکانیان و ..خەرجییەکانیان و . چی باشە بیکەن و .. چی باشە بیخۆن و .. پڕۆژەی شاخ بڕینەوە له بنەوە بێ باشە یان لە ناو قەدەوە یان ڕاستەوخۆ تەپڵە سەرەکەی ؟
ئیتر وای لێ دێت سەدان هەزار ڕاوێژ و ئامۆژگاریی و ڕەچەەی چارەسەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و نەتەوایەتیی ڕیز دەبن، سەدان سینۆهەیش هەر خەریکن، ڕێک وەک لافاوی نوسین یان وەک شێرکۆ عەبدوڵا ئەیوت ئیسهالی نوسین دێتە گۆڕێ، بە ڕۆژنامە و پەیج و پێگەکاندا دێنە خوارەوە… نەک دەسەڵات، تەنانەت خێزانەکەی خۆیشیان تاقەتی نییە دەنوکێکی لێ بدات و کۆمێنتێ لایکێکی پیا بکێشێت.
ووتار نوسمان هەیە، چیرۆک ئەنوسێ، نەک ووتار .. سەرەتایەکی تەم و مژاویی، گرێی تیایە ..ئەیەوێ وا لە خوێنەر بکات بە دوای گرێکەدا بگەڕێ … لە پڕێکدا ووتارەکە تەواو ئەبێ و .. تەم و مژ و گرێکەیش وەک خۆیانن .. ئەمانە دوو جۆر و دوو جار دەستدرێژییان کردووە، یەکەمیان بۆ سەر ووتار و دووەمیان بۆ سەر چیرۆک…
جۆرەها ووتار نوسی تریشمان هەیە، کە تێکڕایان ووتار نوس نین، بەڵکو ئاڵودەبوون بە ووتارەوە.. ئەمانە ئەبێ لە نەخۆشخانەی تایبەت بخەوێنرێن بۆ ئەوەی لەو ئاڵودەبوونە ڕزگاریان بێ.. ئەبێ ڕۆژانە جورعەیەکی کەم و کەمتر لە نوسینیان پێ بدرێت، هەتا بەرە بەرە لەو هەموو ستوونە درێژە بێ هونەر و بێ سوود و دووبارانە ڕزگاریان دەبێت..
ئەوسا هونەر و جوانیی بۆ ڕۆژنامە و ووتار دەگەڕێتەوە، وەک چۆن جارێکیان تیمێکی هونەریی ئەڕۆنە قوتابخانەیەک لە تاران، بە قوتابییەکان ئەڵێن چەند کەس حەز ئەکا ببێ بە ئەکتەر ؟ هەموو قوتابییەکان دەستیان بەرز ئەکەنەوە، تەنیا یەک دانەیان نەبێ.. بەو قوتابییە ئەڵێن: تۆ بۆچی دەستت بەرز ناکەیتەوە؟ بۆچی حەز ناکەیت ببیت بە ئەکتەر ؟
ئەڵێ : حەریش بکەم، نامەوێ ببم . هەڵبەت ئەو هەموو ئەکتەرە، پێویستیان بە یەکێکە تەماشایان بکات.. بۆیە من حەز ئەکەم ببم بە تەماشاکەر ..
ئێمە هیچمان تەماشاکەر نین .. هەموومان ئەکتەرین ..هەموومان نووسەرین .. هەموومان هەر خۆمانین .. هێشتا نەمدیوە نوسەرێک کۆمێنتی بۆ نوسەرێکی تر نوسیبێ، بێجگە لە ماڵوێرانکردن و جنێودان .. چونکە هەموومان بڕیارمان داوە تەنها و تەنها نووسەر بین و تەنها نوسینی خۆیشمان بخوێنینەوە، چونکە تەنها خۆمان بە نووسەر دەزانین و ..تەنها خۆمان بە شایەنی خوێندنەوە دەزانین..
هەر بۆیە لێرە و لەوێ کە خزمانی کەناڵێک، چاو پێکەوتن لەگەڵ هەڤاڵێ، برایەک، برادەرێک یان هنوڕێیەکی حیزبیان دەکەن، من لە جێی خۆمدا شەرمەزار ئەبم ..ئاخر چۆن من تا ئێستا ئەم نووسەرە حەفتا هەشتا ساڵەم نەناسیوە کە چل کتێبی ڕۆمان و شیعر و لێکۆڵینەوە و سیاسیی هەیە؟ .. بەس کە ئەبینم ئەمانە یەک و دووان نین، بەڵکو سەدان و ڕەنگە هەزارانیش بن، کە لە چاوپێکەوتنە تایبەتە خێزانیی و حیزبیی و بنەماڵەییەکاندا باس لە داهێنانە بێ سنوورەکانی خۆیان ئەکەن، لەوێدا مافی ئەوە ئەدەم بە خۆم کە ئاساییە ئەگەر ئەم هەموو نووسەرە پایە بەرزە نەناسراوانەم نەناسیوە، چونکە پەنجا شەست ساڵ تەمەن، بەشی ئەم هەموو ناسینە ناکا، کە زۆربەیان کاتی بەسەراخوێندنی یاسینیانە، ئیتر ناسینی چی ؟
