دێوه‌زمه‌ی حه‌ره‌س قه‌ومی له مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان و عێراقدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
له‌وه‌ته‌ی وڵاتی عێراق له ده‌ره‌نجامی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی دروستكراوه و باشووری كوردستانیشی پێوه لكێنراوه، به‌رده‌وام كاربه‌ده‌سته باڵاكانی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته، جیاوازییان له‌نێوان دانیشتوانه‌كه‌ی كردووه و زۆر جاریش به پاڵنه‌ری ره‌گه‌زپه‌رستی، ده‌سه‌ڵاتییان پیاده‌كردووه و له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كورد سته‌میان كردووه. بێگومان كوردیش وه‌ك چۆن پێش دامه‌زراندنی ئه‌و وڵات و حكومه‌ته له چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی وڵاتێكی یه‌كگرتووی كوردستانیدا بوون، به‌و شێوه‌یه‌ی كه له به‌نده‌كانی (ولسن) ی ناو كۆنگره‌ی ئاشتی ساڵی 1919ی پاریس ره‌وایی پێ‌درابوو، هه‌رگیز به‌و دابه‌شكاری و لكاندنهی به‌شه‌كانی كوردستان به حكومه‌ته‌كان رازینه‌بوون، له‌به‌رامبه‌ر زه‌بر و سته‌می ئه‌وانیش به‌رده‌وام به‌خۆڕاگرییه‌وه به‌رپه‌رچی داوه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه دوای دروستكردنی حكومه‌تی عێراق له ساڵی 1921 چه‌ندان جار له‌ناو ئاستی باڵای ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیدا كووده‌تا به‌سه‌ر حكومه‌تدا كراوه و رژێمی نوێی پێكهێنراوه. یه‌كێك له‌وانه كووده‌تاكه‌ی رۆژی 8 ی شوباتی 1963 بوو كه حزبی بەعس بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر دژی عەبدولکەریم قاسم ئەنجامیاندا. جا له شوێن ره‌خسانی زه‌مینه‌سازی تێگه‌یشتن و كۆتاییهێنان به كێشه‌كان و رزگاركردنی وڵات له قه‌یرانه‌كان، كه ئه‌وسا رووبه‌ڕووی كاریگه‌رترین شۆڕشی كورد ببۆوه، كه‌چی به‌عسییه‌كان دوای ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست یەکێک لە کارە به‌راییه‌کانیان، دامەزراندنی (الحرس القومی) بوو، کە لە دەرەوەی سوپای فەرمی، میلیشیایەکی چه‌كداری حزبی بێسه‌روبه‌ری په‌لامارده‌ر و شه‌ڕفرۆش بوو. ئامانجیش له‌و كاره چەسپاندنی دەسەڵات و سەرکوتکردنی هه‌موو نەیارانهكانیان بوو، به‌تایبه‌تیش شیوعییه‌كان، به‌ڵام هه‌ر زوو كرا به ئامرازێك دژ به كورد، به شۆڕشگێڕ و سڤیلییه‌وه. ئه‌و میلیشیایه بەپێی بەیانی ژمارە (3) ئه‌و ساڵه دامەزرا. ئه‌ندامه‌كانیشی كه زیاتر گەنج و هەرزەکارانی به‌عسی بوون، به‌شێكیشیان پێشتر لە لیژنەکانی ئاگادارکردنەوە (لجان الإنذار) بوون کە ساڵی 1959 دامەزرابوو، بە یاسای ژمارە (35) ی ئه‌و ساڵه دەسەڵاتی فراوانی پێدرا، بەبێ هیچ چاودێرییەک. ئه‌وانه‌ی سەرکردایەتی ئەو هێزەشیان ده‌كرد له کەسایەتییە دیارەکانی بەعس بوون، لەوانە (عەبدولكەریم نوسرەت) و (مونزیر توفیق خورشید ئەلوەنداوی) کە ئه‌وه‌ی دوایی له سوپادا پلەی عەمیدی هەبوو و وەک فەرماندەی گشتی دەستنیشانکرا بوو.
به‌و جۆره حه‌ره‌س قه‌ومی وه‌ك هێزێكی خۆبه‌خشی نیشتمانی ناسێنرا و زۆر به‌خێراییش وه‌ك هێزێكی میللی رێكخراوی مه‌شق پێكراوه، ته‌نیه‌وه ناو باره‌گاكانی سوپا و سەرانسەری وڵات. ژمارەی ئەندامهكانیشی تا ده‌هات زیاد ده‌بوو تا گەیشتە ئاستێک کە لەگەڵ ژمارەی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی عێراق نزیك بێت. ئه‌مه‌و بۆ خۆ جیاكردنه‌وه‌ش له خه‌ڵكی، پارچه په‌ڕۆیه‌كی سه‌وزیان له قۆڵیان ده‌به‌ست. جان پڕادیێری نووسه‌ری فه‌ره‌نسی له كتێبه‌كه‌ی (كورد.. شۆرشی بێده‌نگ) سه‌باره‌ت به‌و قۆڵبه‌سته سه‌وزانه نووسیویه‌تی (له ڕووی ڕۆڵ و ئایدیا له‌گه‌ڵ كراس ڕه‌شه‌كانی نازییه‌كان به‌راورد ده‌كرێن). ئه‌وان بۆ به‌دیهێنانی سیاسەتی حزبی بەعس، ئامرازی سەرەکی بوو زۆربه‌ی كاره‌كانیشیان بەبێ چاودێریی یاسایی ئەنجام دەدا. هه‌ر له رۆژه‌كانی یه‌كه‌می دوای كووده‌تاكه به‌ربونه ناو شاری به‌غدا و زۆر كرده‌ی نه‌شیاو و نه‌بینراویان له په‌لامار و كوشتن و سوكایه‌تی كردن به خه‌ڵك ئه‌نجامدا.
تاوانەکانی حه‌ره‌س قه‌ومی دژی گەلی کورد
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا ئه‌و كاته‌ی به‌عسییه‌كان به هاوكاری عه‌بدولسه‌لام عارفی جێگری سه‌رك كۆمار، كووده‌تایان به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا كرد و بۆ جاری یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتییان گرته ده‌ست، ئه‌وسا قاسم له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له گه‌وره‌ترین جه‌نگی دا بوو. دوو ساڵ بوو شۆڕشی ئه‌یلول ته‌نگی پێههڵچنیبوو. كاتێكیش گۆڕان له رژێمی حكومه‌ت روویدا، سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكرات چاوه‌ڕوانی گۆڕانی ریشه‌ییان ده‌كرد. ئه‌وه بوو دوو رۆژ دوای كوودهتایهكه شاندی نارده به‌غداد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی نوێ به توندی دژی داوا ره‌واكانی كورد وه‌ستا و بە بیانووی لەناوبردنی بزووتنەوەی سه‌ربه‌خۆخوازی کوردیش، دوو مانگ دوای ئه‌و رووداوه به هه‌موو جۆرێك هێرشی كرده سه‌ر كوردستان. یه‌كێك له ئامرازه‌كانی په‌لاماره‌كه‌ش حه‌ره‌س قه‌ومی بوو كه له‌ته‌ك سوپای وڵات بە بەکارهێنانی تانک و تۆپ به‌كاریهێنا. به‌شێك له‌وانه پێیان ده‌وترا (فورسان وه‌لید) و له‌ناو كورده‌كانیش هێزێكییان دروستكرابوو به‌ناوی (فورسان سه‌لاحه‌دین) كه حكومه‌ت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری ده‌كردن. ئه‌و چه‌كداره نانیزامییانه به‌وپه‌ڕی دڕنده به‌ربوونه وێزه‌ی خه‌ڵكی كورد. به هه‌ر لایه‌ك گه‌یشتبان هه‌وڵی كوشتنی خه‌ڵك و وێران و تاڵانكردنی شوێنه‌كه‌یان ده‌دا. له زۆر شوێنیش عه‌ره‌بی ره‌ش و روت بۆ تاڵانكاری و داگیركاری خاكی كورد، پێش هێزه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی ده‌كه‌وتن. ته‌نانه‌ت هی وه‌هایان هه‌بوو ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵكی كورده درواسێیهكهی خۆشی داده‌گرت. پرۆسه‌كه به‌و جۆره بوو خه‌ڵكی كورد به زۆر له‌و خاكه ده‌ربكه‌ن كه هه‌زاره‌ها ساڵ بوو تێیدا ره‌گی داكوتا بوو. بێگومان ئه‌وه‌ی ئه‌نجامییان ده‌دا بەشێک بوو لە پرۆسەی (تەعریب و ته‌بعید). له‌كاتی پهلامارهكانیش دروشمه‌كانی وه‌ك (أحن البدو – وین العدو) و (أحن العرب أهل الغیره – نطرد الاكراد من ها الدیره) یان ده‌وته‌وه.
به‌و شێوه‌یه زۆر گوندی کوردی‌یان وێران كرد و ئه‌مه‌و له زۆر شاریش هاوڵاتی سڤیلیان كه‌وتبا به‌ر ده‌ست، به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی ئەشکەنجەیان ده‌دا، هه‌ندێك له‌و به‌ركه‌وتانه لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستدا. به مه‌به‌ستی چاوترساندنیش، به ده‌ستڕێژی كولله خه‌ڵكێكی زۆریان شه‌هید كرد. زۆریشیان ده‌ربه‌ده‌ر كرد. به سه‌دان گوندیان كرده سۆتماك. بۆ نموونه رۆژی 8 ی حوزه‌یران كه به‌سه‌ر گونده كوردییه‌كانی شاری كه‌ركووكیاندا خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاواره كرد. هه‌ر له‌و شاره بازاڕی (ئاخور حوسێن) كه بازاڕی كورده‌كان بوو تاڵانكرد و دوكانه‌كانیشیان به بلدۆزه‌ر روخاند. له گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كانی وه‌ك شۆریجه و ره‌حیماوه ره‌شبگیری خه‌ڵكی سڤیلییان كرد و به‌بێ دادگایی هه‌ندێكیان گولله‌باران كرد. زۆر ماڵیشیان تاڵان كرد. رۆژی دواتر (مەنعەتە جەولی) یان راگه‌یاند كه له‌و رۆژه زۆر شاری كوردستان ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوی سەربازی بۆنه‌وه. ئه‌وان هەڵمەتی ڕەشەکوژی خەڵکی بێ‌تاوانیان به جۆرێك گرته‌به‌ر کە تا ئەو کاتە مێژووی گەلی کورد بە خۆیەوە نەدیبوو.
رۆژی 10 ی حوزه‌یرانیش حكومه‌ت به ره‌سمی داوای له پارتی دیموكراتی كوردستان كرد به‌بێ هیچ مه‌رجێك له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا ته‌سلیم بێ. ئه‌وسا جگه له مەنعەتە جەولی هەموو كوردستان، سیاسەتی (أرض المحروقة) شیان پەیڕەو كرد. عەقید سدیق مستەفا ئەلنعێمی ناسراو به (زەعیم سدیق) كه یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی بوو، له شاری سلێمانی و دەوروبەری، سەرپەرشتیاری راستەوخۆی كۆمەڵكوژییهكهی حامییەی كرد. ئه‌مه‌و له شاری كۆیه‌ش وه‌ك من له چه‌ندان شایه‌د حاڵ گوێم لێبووه رۆژی 4 ی تهمموز كۆمه‌ڵێك كه‌سی سڤیلیان له شه‌قام به ده‌ستڕێژی گولله كوشت. رۆژی 31 ی مانگیش چوار كه‌سی بێ‌تاوانیان به دینگه‌كانی پێش دووكانه‌كانی شار به‌سته‌وه و گولله‌بارانیان كردن، بۆ چاوترسانی خه‌ڵكیش كه ئه‌وسا زۆربه‌یان شاریان جێهێشتوو، لاشه‌كانیان به هه‌ڵواسراوی هێشتبۆوه، تا دواتر مه‌لا و قه‌شه‌ی شار، كه قورئان و ئینجیلیان هه‌ڵگرتبوو چوونه لای (تاهر شه‌كرچی) سه‌ركرده‌ی هێزه‌كه و تكایان لێ‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی لاشه‌كان دابگیرێ و بیان نێژن.
کۆتاییهاتنی حه‌ره‌س قه‌ومی
حه‌ره‌س قه‌ومی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ر له كووده‌تاكه به‌و ئامانجه‌ی دروستكرابوو كه ببێته هۆكاری ئاشتی و ئارامی، كه‌چی هه‌موو وڵاتی پڕ كرد له كێشه و ململانێ و سته‌مكاری. له هه‌موو لایه‌ك خەڵکی ناڕه‌زاییان له ئاستی نیشاندا. تەنانەت لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتیشدا، دژی تاوانه سهركێشیهكانی ئه‌وان، ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕدرا، چونكه هه‌ر زووی ئه‌ندامه هەرزەکارهكانی ئه‌و هێزه چه‌ندان گروپی مردنیان دروستكردبوو و دەستدرێژیشیان كردبووه سه‌ر هاوڵاتیان كه به‌بێ هۆ دەستگیریان ده‌كردن، ته‌نانه‌ت دەستدرێژیشیان ده‌كرده سه‌ر ئافره‌تان كه به هۆیه‌وه له به‌غدا و شاره‌كانی دیكه به ئاشكرا هه‌ست به تێكچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ده‌كرا. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئەفسەرانی سوپا و کاربەدەستانی دیکە، به‌تایبه‌تی دادوه‌ران لە ڕەفتارەکانیان ته‌واو بێزار بوون. بۆیه دوای هه‌شت مانگ له دروستبوونیان عەبدولسەلام عارفی سه‌رۆك كۆمار بڕیاریدا کۆتایی بە دەسەڵاتی حزبی بەعس و میلیشیای حه‌ره‌س قه‌ومی بهێنێت. ئه‌وه بوو رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می هه‌مان ساڵ بە هاوکاری بەشێک لە سوپا، کودێتایەکی دیکەی ئەنجامدا كه ئه‌و جاره له دژی حزبی بەعسی هاوپه‌یمانی بوو، ئه‌وانی له ده‌سه‌ڵات ده‌ركرد و بارەگای گشتی حه‌ره‌س قه‌ومیشی لە بەغدا گەمارۆدا. دوای شەڕێکی قورس ئه‌و هێزه هەڵوەشێنرایەوە و زۆربەی سەرکردەکانی حزبی بەعسیش دەستگیر کران. ئه‌وسا عارف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کۆتایی به حه‌ره‌س قه‌ومی هاتووە. ئاماژەی به‌وه‌ش دا ئەو هێزە نیشتمانی نەبووە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبی بەعس کاری کردووە. شاره‌زایانیش ئه‌و ساڵه‌یان (لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تشرینی یەکەم دا) لە مێژووی عێراق و بەتایبەتیش له مێژووی کوردستان، به ساڵێکی پڕ لە خوێن و کارەسات داناوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و میلیشیایە كورت بوو به‌ڵام چونكه له ناخی دڕنده‌یی و ره‌گه‌زپه‌رستی هه‌ڵقوڵابوو بۆیه یه‌ك له تاریكترین رۆژه‌كانی نه‌ك ته‌نیا له مێژووی كوردستان به‌لكو له مێژووی عێراق جێهێشتووه. دوای ئه‌و ماوه درێژه كه‌چی هێشتاش تاوانەکانی حه‌ره‌س قه‌ومی کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد ماوه. لەناوبردنی سڤیل و ئاوارەبوون و لەدەستدانی خاك و موڵك و ماڵ… هه‌موو ئه‌وانه بوونە هۆی قوڵتربوونی برینەکانی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراق. به‌داخه‌وه تا ئێستاش ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتیان له ده‌سته نه‌ك كاریان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاسووده‌كردنی دانیشتوانی سه‌رتاسه‌ری وڵات و یه‌كسانبوون نه‌كردووه، به‌ڵكو له دزێوكردنی ئاڵۆزییه‌كان و جیاكاری و سته‌مكاری و ره‌وایی دان به سته‌م، به‌رده‌وامن، كه‌چی داوای پاراستنی سه‌روه‌ری وڵات له هه‌مووان ده‌كه‌ن!
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

