دەموچاوەکان و جلی مەکتەب و شتی تریش.. نەوزاد بەندی
گەنجێک هەیە، حاڵەتی ئۆتیزمی لەگەڵدایه، ئەو نەخۆشییەی مرۆڤ لە کۆمەڵگا دادەبڕێت و بە هەندێ تقوس و شێوە ژیانی سادەوە سەرقاڵی دەکات و هەموو ژیانی لە چەند جوڵە و خواردن و قسەیەکی کورتدا بەسەر ئەبات، ئەمەیش وا دەکات ڕێژەی کەمئەندامیی ئەم جۆرە کەسانە بە لە سەدا سەد دابنرێت ..
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو گەنجە ئۆتیستە، کاتێ گەندەڵییەکی ڕێگا و بان و خزمەتگوزارییەکان ئەبینێ، ئەڵێت : خەتای دەم و چاوەکانە !!
پێی ئەڵێم : مەبەستت لە کام دەم و چاوە ؟
ئەڵێ : دەم و چاوەکانی حوکمەت ..کە قەت ناگۆڕێن ..هەر ئەو دەم و چاوانەن ..!!
ئەڵێم : چۆن ئەوەت زانی ؟
ئەڵێ : لە گۆگڵ سەیری حوکمەتی ووڵاتانم کرد .. دائیمە ئەو حوکمەتانە ئەگۆڕێن ..هەر لای خۆمان ناگۆڕێن !!
ئیتر هیچم پێ ناووترێ ..
تۆ وەرە ئەو دەم و چاوانە ئەوەندە دووبارە و سەد بارە بوونەتەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 35 ساڵ، ژمارە پێوانەییەکانی سەدام و ئەسەد و موبارەک و قەزافییان تێپەڕاند، وا لە نەخۆشێکی ئۆتیست بکەن کە ڕێژەی کەمئەندمییەکەی لە سەدا سەدە، لێیان بێزار بێ و ..هەر نەخۆشیی و ناخۆشیی و ناهەموارییەک ببینێ، بڵێ خەتای دەم و چاوەکانە ..واتا حاڵەتەکە ئەوەندە ناهەموار و نادروست و ناقۆڵایە، تەنانەت کەمئەندامێ کە پلەی کەمئەندامییەکەی لە سەدا سەدە، بۆی قوت نەچێ و پێی قبوڵ نەکرێ و هاواری لێ بەرز بێتەوە ..هەرچی ناهەمواریی و چەوتی و چەوێڵییە بیخاتە ئەستۆی ئەو دەم و چاوانەوە..
وەک پێشتریش لە ووتاری تردا ئاماژەمان پێداوە، ئەنسرۆپۆلۆجیست و سایکۆلۆجیست و سۆسیۆلۆجیستەکانی ووڵاتە پێشکەوتووەکان، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی ئەگەر زیرەکترین و دەوڵەتمەدارترین کەس بۆ ماوەی چوار تا هەشت ساڵ زیاتر ووڵاتی بدەیتە دەست، لە هێڵەکە لا دەدا و وەک شاژنە فیکتۆریا بەرامبەر میللەتێکی برسی و ڕاپەڕیو، ئەڵێ : ئێ نان نییە بۆچی پسکیت ناخۆن ؟ یان وەک ئەوانەی لای خۆمان، دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ زیاتر بەسەر هەڵبژاردندا، لە جیاتی پێکهێنانی کابینەی نوێ، هەر یەکەی لە ئاستی خۆیەوە خەریکی قەتار و ئەڵڵاوەیسی خۆیەتی و بە هیچ هێزێکیش وازی لێ ناهێنێ ..هەر بۆیە ئەو زانایانەی ووڵاتانی پێشکەوتوو، یاسایەکیان پیادە کرد تیایدا وادەی چوار بۆ هەشت ساڵ حوکمڕانیی بۆ هەر سیاسەتمەدارێک دانراوە، دوای ئەوە ئەبێ هەتا هەتایە واز لە حوکمڕانیی بهێنێ، ئێ ئەو ووڵاتانە پێشکەوتوون و بە قەتار و ئەڵاوەیسیی ناچن بەڕێوە.
ئینجا شتێکی تریش هەیە لەم ووڵاتەدا کە پێی ئەووترێت : پێشکەوتن لە بواری سواڵکردندا ..ئێ بێ گومان لە کۆمەڵگا و ئیدارەیەکی بێ سەر و بەر و ڕاوەستاو و پەنگ خواردوودا، خۆ پێشکەوتن لە بواری فیزیا و کیمیا و بایۆلۆژیی و تەکنەلۆژیادا ڕوو نادات .. حەتمەن پێشکەوتن لە بوارەکانی سیحر و جنۆکەزانیی و نوشتە و گەندەڵیی و سواڵ و کاسەلێسیی و مەسینەهەڵگرتنا ڕوو دەدەن ..
بۆ نمونە کاتێ وادەی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و ساڵی نوێی خوێندن نزیک ئەبێتەوە،
خەڵکێک لە مزگەوت و ناوبازاڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیدا دەبن، بە گوتارێکی کاریگەر و زاری پڕ فرمێسک، داوای پارە لە خەڵک ئەکەن بۆ کڕینی جلی مەکتەب بۆ مناڵەکانیان ..
هەندێکیشیان ئەکەونە داد و بێداد لە دەست وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن، کە هەر ساڵەی جۆرە جل و بەرگێک لە تەلەبەکانیان داوا دەکەن، بە بێ گوێدانە باری ئابووریی خێزانەکان ..
هەموو ساڵێ ئەم قەوانە وەک قەوانی سەیارەی جامڕەش و پیسکردنی سەیرانگاکان دووبارە ئەبێتەوە..بە بێ ئەوەی نە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرەکان باکیان پێی هەبێ و لەو بڕیارە مەخمەلییەیان پەشیمان ببنەوە، نە خەڵکە هەژارەکەیش مانگرتنێ یان هەڵوێستێ وەربگرن تاکو ئەم بڕیارە سەرمەستانە بگۆڕن.. نە هیچ شتێ ڕوودەدات، ئەم ساڵیش وەک ساڵەکانی تر، ئەگوزەرێ، لەو لایشەوە سیانزە هەزار کەس ناوی خۆی نوسیوە بۆ کڕینی ئایفۆنی هەژدە.
لەگەڵ ئەو دوو شتەدا، شتێکی تریش هەیە کە بەڕای من ئەوەندەی دوو شتەکەی سەرەوە سەیرتر و عەنتیکەترە ..
ڕۆژنامە هەیە ئەڵێ ئازادم و .. پێگەی ڕای ئازاد و .. دیموکراسیی و ئەو جۆرە شتانەم .. کەچی کە لە ووتارێکا ناوی دوژمنێکی سەر سەختی میللەتەکەمان ئەهێنیت و هەندێ لە تاوانەکانی بە نمونە ئەهێنیتەوە، ووتارەکەت بلاوناکاتەوە .. بە بێ هۆ، بە بێ پاساو، خۆی لێ ئەکا بە کەڕەی شەربەت ..
خۆ من ئەزانم نەک ووتار ، هاوار هاواریش هیچ کاریگەرییەکی نییە و .. کۆمەڵگاکە تازە بووە بە گۆڕستان، ئێمەیش ئاڵودە بووین بە نوسینەوە، ئەگینا خوا شاهیدە ئەو کاتانەی دەست ئەدەمە قەڵەم لە هەموو کاتێ نائومێدترم..بەلام ئەڵێی چی لەگەڵ ئاڵودە بووندا ؟!
بەڵام بۆچی دەبێ سانسۆر هەبێ لە کاتێکدا ئەو هەزاران هەزار ووتارە ئاگرین و کەناڵە ئاگرینەی ئۆپۆزیسیۆن، نەیانتوانیوە بچووکترین هەڵوێستی جەماوەریی دروست بکەن؟
پێ دەچێ مەسەلەکە پاشکۆیەتیی بێ بۆ دوژمنانی میللەت، بەرامبەر کیسێک درهەم و دەراهیم ..واتا ئەو جۆرە ڕۆژنامانە لە سەفسەتەکانن و ..لەبەر دڵی ئاغاکانیان کە نانخۆریانن، بە موو لەو کۆیلایەتیی و بەندایەتییە لانادەن .. ڕەخنە و .. تەنانەت جنێو و زللەیش لە شەخسی خۆیان بدەیت، ئاساییە و ئەیترنجێننە قاڵبی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە، بەڵام پەرەگرافێک لە مێژووی بکوژێکی میللەتەکەمان باس بکەیت کە هەموو دنیا لەسەری کۆکن و بووە بە دۆکیۆمێنتاریی، ئەمەیان کفری دەرەجە ئولایە و.. بە هیچ جۆرێ نابێ ڕوناکیی ببینێ، ئێ برا ڕۆژگارێک تێکەوتووین نان لە قوڕگی سەگایە، ناکرێت لەبەر ووتاری بابایەکی نەناسراوی بەکاری هیچ نەهاتوو، ئەو قەزاتمە و دۆنەر و تاووقە لە خۆیان تێک بدەن .. میسرێکان ئەڵێن دار شمعتك لا تنطفي، واتا ئاگات لە مۆمەکەت بێ نەکوژێتەوە .. دانیشن بەخێر….

