شار سه‌رگه‌رمی سه‌رپێچییه و من سه‌رگه‌رمی درۆكردن … چنوور نامیق
به‌یانییه و سه‌رپێچیه‌كانی ناو شاریش
وه‌ك سهرپێچێكانی دڵی من ده‌ستی پێكرد
سووره و ئوتومبێله‌كان ده‌رئه‌چن
سه‌وزه و دوو پیاو له‌ناوه‌ڕاستی شه‌قامدا یه‌ك ماچ ئه‌كه‌ن
له نزیك شه‌ڕی دوو گه‌نجا
مناڵێك به رۆژنامه‌وه
چاوه‌ڕێیه
مانشێتی پێكه‌وه ژیانیان نیشاندا و
خه‌می شه‌ڕی دوو گه‌نجه‌كه چاوانی بێتاقه‌ت ئه‌كا….
,,,,,,,,
شار سه‌رگه‌رمی سه‌رپێچیه‌و
مه‌لاكانیش بیر له حۆری ئه‌كه‌نه‌وه
لای ماڵه شێواوه‌كه‌ی شیعری من
كچێك به رێی ژوانه‌وه بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌گه‌ڕێ
جار جار ئاوڕ له دوودڵی ئه‌داته‌وه و كاتژمێره‌كه‌ی دوا ئه‌خا
كه ئه‌یبینم ساویلكه‌یی سه‌رده‌می عاشقبوونی خۆم دێته‌وه یاد
له‌ولاتری كاوله ماڵی شیعرێكمه‌وه
دار هه‌نارێكی تاقانه‌ی وه‌ك من بێكه‌س
هه‌نارێكی ئه‌كه‌وێت و له‌رز ئه‌یگرێ
هه‌نارێك ده‌نكه‌كانی لێ ئه‌ڕژێ
كۆترێك له شه‌قه‌ی باڵ ئه‌دا و
مناڵێك دارلاستیكه‌كه‌ی ئه‌شكێنێ….
تازییهباره چاوانم كه توانای سه‌رپێچیم نییه
له‌وه‌ته‌ی هه‌م درۆ ئه‌كه‌م
ئیره‌ییم دێ به رۆینی كۆتره‌كه و
شه‌رم له ترسنۆكی خۆم ئه‌كه‌م
دیسانه‌وه‌ش
هیچ شتێك وه‌ك دواخستنی سه‌عاته‌كه‌ی ئه‌و كچه ئاشقه‌ی ژوان رامناگرێ
كه ئه‌یبینم ساویلكه‌یی سه‌رده‌می عاشقبوونی خۆم دێته‌وه یاد….
له‌سه‌رده‌می كۆلێراوه
شار سه‌رگه‌رمی سه‌رپێچیه و من
سه‌رگه‌رمی درۆكردن…..
14-9-2018
هه‌ینی