نامه‌كانی ئیشق .. 19 … سه‌ردار جاف
هه‌موو به‌یانییه‌ك
65 – به‌یانیت وه‌ك گوڵه به‌یبون و ناخت جوان ، به‌یانیت شیرین و هه‌نار ڕه‌نگ، هێشتان له ته‌زیووی زمستان خاو نه‌بووینه‌ته‌وه سه‌وزایی دۆراندۆرمان خۆیمان به سه‌ردا باده‌دا، سه‌ما و له‌نجه‌كانی ناز و فه‌نتازیانواندنی خۆ ده‌كا، ئه‌زیش له نێو ئه‌و گه‌ڵا و دره‌خته دره‌نگ وه‌خته‌ی به‌هارییا په‌نجه تووته‌م ده‌ستی له ملی قامكه تووته‌ت نه‌كردووه، له ته‌نگه‌ی هورمزی ماڵه‌كه‌مدا كه‌شتیگه‌لی تیرهه‌ڵگری برژانگه‌كانت ئاراسته كردووم، شه‌ماڵ پرچت به سه‌ر سۆمای نیگاكانم ده‌فڕێنێ و بۆمبه‌كانت دڵم شه‌كه‌ت و ماندوو ده‌كا، ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌نارده‌ی ئیشق له‌م ته‌نگه‌وه تێناپه‌ڕن و ڕاگیراون، تۆ ئه‌و تیشكه‌ی له هه‌ڵاتنه‌وه ناو ماڵی جه‌سته‌م ڕۆشن ده‌كه‌یه‌وه و ئه‌و گه‌مارۆ سه‌خته‌ی سه‌ر ئیشق لا ده‌به‌ی، بازاڕی دڵم ته‌نها قه‌د و قامه‌ت و دڵی تۆی دهویِ، ئێواران چراتۆڕێكم له‌و دیو مینای په‌نجه‌ره‌كه‌مه‌وه جێ دێڵی و ڕۆحت دهكهیه ته‌رزه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانمان، هاكه له مه‌جمه‌ری كولیته‌ی ئیشقتا بوویمه ڕه‌ژوو….. 27 / 5
66 – به‌یانیت پڕ بریسكه و تیشكی خۆر و شه‌ونم، به‌یانییه‌كه سی و چوار جاران زه‌نگی مۆبیله‌كه‌م دامده‌خورپێنێ ، هه‌ر زه‌نگێكیش حه‌وت ترپه‌ی دڵم له حه‌وزی ئاوه ڕوون و مه‌نگه‌كانی بناری سه‌فین مه‌له ده‌دكا، ئه‌م به‌یانییه دیمه‌نێكی ناوازه‌یه له شه‌ققه‌ی باڵی فریشته ده‌چێ، له شه‌وێكی به هه‌شتی هاوێر بووم و حۆرییه‌ژنێك ده‌سله‌ملانێی دوای دابڕانم بوو، شۆخه‌ژنێكی جه‌مسه‌ری باكوور له ئه‌سكیمۆ ده‌چێ، ته‌داره‌ك و شه‌ده به‌ستوو، ژووانێ هه‌ر هه‌مووی بۆنی میسك و عه‌نبه‌ر ده‌دا، گوڵپرژێن و شانێلباران، خۆشتر و بۆندارتر له ساته نائاگاییه‌كان و توانه‌وه، شڵه‌قانی دونیای كپ و خامۆشی بوو، له سزای ماچه‌كانی ئه‌و نائاگاییه تووڕ دراوی بووین و هه‌ر له سه‌ر بنجی خۆمان ڕوواینه‌وه، له سێبه‌ری باغی ئیره‌م ته‌حریمیانكردین، ئیدی ئه‌و حورییه ژنه به‌ر له من ته‌رحیلی قه‌سری گرتییه‌وه، ئه‌وێشیان لێ كردینه كه‌ركووك ، ئۆخه‌ی كه هاتمه‌وه و پێت ئاشنا بوویمه‌وه ….. 26 / 5
67 – به‌یانیت وه‌ك نافوره پڕ قه‌ڵبه‌زه‌كانی هه‌ولێر جوان، ئه‌م به‌یانییه دڵم په‌یوه‌ستی زه‌نگێ بووه، هه‌موو سه‌ره كاتژمێرێ وه‌ڕسبوونم له خۆ جاڕده‌دا، زه‌نگێ نوقمی ئافاتی خه‌مم ده‌كا ڕووه‌و مه‌رگ ڕاپێچم ده‌كا، بیركردنه‌وه‌كانم له به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی مه‌ڵاس ده‌درێ له ته‌نهاییدا ده‌یاننوسمه‌وه ، زه‌نگێكی پچڕپچڕ خاو خاو و له سه‌ره خۆ دووری تۆ و هێماكانی دابڕان لێ ده‌دا، تۆ ده‌بیه وههم و له خه‌یاڵدانی پوچما ده‌بییه ڕابردوو ، رابردوویه‌ك پڕ له شیرینیی رابردوویه‌ك ناسڕێته‌وه و ڕۆژگاره‌كانی به جوانی له هزردا بیر ده‌كرێنه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه ده‌بنه تاڵی و ناخم زێوار زێوار ده‌كه‌ن، له ساته‌وه‌ختی پێچانه‌وه‌ی توێشه‌به‌ره‌ی سه‌فه‌رم به‌ره‌و مه‌نزلێ كه ته‌نها دڵم له‌وێ واڵا ده‌بێ هه‌نگاوه‌كانم ده‌كرۆژم با چیدی نه‌مخۆن و بیری سه‌نتڕاڵ نه‌كه‌نه‌وه، تۆ هه‌ر ده‌بییه‌وه ئه‌و زه‌نگه گورج و گۆڵه‌ی به‌ر دییه‌كانم به‌ر ناده‌ی، ترپه‌ی دڵیش به جۆش و خرۆشتر ده‌جه‌نگی بۆ له بیركردنی رابردوو، لێ تازه تازه لێم ده‌بییه ساوایه‌كی هاوێر بووی نووكه، جاڕدانی پێكگه‌یشتنمان هه‌ر نه‌درا داڕان ئیشق ده‌كا به خه‌مۆكی، له خه‌ڵوه‌تی تۆ په‌رستیدا زه‌نگی دڵم ده‌بێته چه‌ند پارچه ملوانكه‌یه‌كی ڕه‌ش و سه‌راپا باڵاپۆشم ده‌كا، زه‌نگێ بۆ كڕنوش و زه‌نگێكیش بۆ ماچه‌كانی لێوهكانمان، له ئێستا وه من و دڵم و زه‌نگ بووینه سێ هاوڕێی هه‌تا هه‌تایی و ئه‌به‌دییه‌تی ئیشقێ كه ئیتر نایه‌ته‌وه هه‌رگیز …..29 / 5 .
68 – باوه‌شی ئه‌م به‌یانییه پڕه له سۆز و ئه‌وین، نها دڵنیا بووم له هه‌ناو و دڵتا ده‌ژیم، مێشكم پڕن له تۆ له بۆن و ڕه‌نگ و ده‌نگی تۆ، له كوێوه به سمكۆ بڵێم من ئه‌گه‌رچی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م هیشك نابێ زاخاوم خاڵی نابێته‌وه لێ كه‌شتی زه‌مه‌ن ده‌ڕوا و وه‌ستانی نییه تا ژیان نوزه‌ی ڕۆشنایی هه‌بێ ئه‌و نامانه هه‌ر ده‌بن، هه‌ناسه‌ی خۆ ده‌ده‌ن، ده‌نگه‌كان زۆرن و خۆ له نامه‌كان ده‌بیننه‌وه، چۆن ده‌توانم و كۆڵنه‌ده‌م بیگه‌یه‌نمه هاوژینی ئیشقی بێ یه‌كگه‌یشتن به‌رده‌وامی مهم و زینی وڵاتی منه نامانه‌وێ چیرۆكێكی دی ئه‌فسانه بین، ئه‌گه‌ر ئیشقم بێ بۆنی تۆ بێ ژینم ده‌وه‌ستێ، له‌ره‌ی ده‌نگت مۆزیكێكی هێمن و ئارام سێبووری ده‌به‌خشێ، ده‌مویست تا شه‌به‌ق به دیار وشه‌كانته‌وه ئیشكگر بم ، ئه‌م جاردانه كه‌سانێ دركی كردووه ، كه بڵێ ده‌ستم لێ شۆردی و خۆ له پێخه‌ف لوول ده‌م، بۆ ناسكی ده‌نگت درۆكانم باڵیان گرت و به باڵای ئه‌و ڕێ دووره‌ی مۆبیله‌كه‌ی ته‌نیوم بكه‌ومه جاڕدان، بشێ ئه‌و ڕۆ1ه بێت و چیدی نامه‌كانم بۆ نادیار نه‌ڕوا، ئه‌و ده‌م زێتر له نێزو دێری وشه‌كانم ده‌توێمه‌وه و بانگی هاوژینی جاڕده‌ده‌م با خه‌ڵكیش هه‌ر بڵێن مه‌یگه‌یه‌نه هاوژینی، ئیدی تۆیش حاڵی به ئیشقم به كوێ ڕا گه‌یشتووه و له كوێ له‌نگه‌ری خستووه …………. گوڵه‌كه‌م له گوڵ گوڵتر. 30 /5 .
69 – ئه‌م به‌یانییه هه‌ور سه‌مات بۆ ده‌كا، دره‌خت و لك و پۆپه‌كان پرچی خۆیانت بۆ دا‌دێنن، با ئاوازێكی نه‌رم نه‌رم ده‌چڕێ، شه‌و كڕنوشته‌واو بوونی خۆی ده‌با، خۆر به‌ر ده‌رگای خۆشه‌ویستیمان ماچ ده‌كا..
شیرینه‌كه‌م …… به‌یانییه‌كه نوسینه‌كان تك تك ئه‌شكی لێ ده‌چۆڕێ ، ئه‌مه دوایین نامه‌ی ئاشقانه‌ی نێو كتێبه خنجیلانه‌كه‌ته، لاپه‌ڕه‌كانی ناوی تۆیان له كۆڵناوه و به سه‌رپشتی هزرما هه‌نگاو ده‌نێ و ڕێ ده‌بڕێ، له بیره‌وه‌رییه‌كانی چركه به چركه‌ی نامه‌كان تۆ بووی به ئه‌و گوڵه نێرگزه جاڕه‌ی هه‌میشه به‌هارت داده‌هێنا، ئیدی نامه‌كان ته‌نها له سیره‌ی چاوه‌كانت ده‌بن و ناترازێن، ئه‌وا وشه‌كان سه‌ر له نوێ له ناخه‌وه به‌ره‌و به‌ر دیدی سۆما تاو ده‌ده‌ن، ئه‌وینێكت باراندووه كوژانه‌وه‌ی مه‌حاڵه، سه‌فه‌رێكه و هه‌میشه به‌ڕێوه‌م ئه‌گه‌ر بۆ جه‌مسه‌ری ته‌واو ئه‌وسه‌ری باكووریش بێ ڕۆشنایی سۆمام به باڵای تۆوه گرێ دراوه، ئیدی هه‌موو سپێدانێ نامه‌كانم له ته‌ك تیشكیخۆر و شنه و كزه بای سارد و كڕێوه و له سه‌ر په‌ڕه زه‌رده‌كانی گه‌ڵا پێت ده‌گه‌ن، ژیانێكی نوێت نوسییه‌وه به ئاوا بوونی تۆ ژینم ته‌واو ده‌بێ ئه‌و نوسینه هه‌ر ده‌گه‌ن و مه‌حاڵه مه‌ره‌كه‌بی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م هیشك بكا، ئه‌وه ئیشقێكه سات دواس سات كڵپه ده‌سێنێ….
له‌مه‌و دوا به‌ر له‌وه‌ی تۆ نامه‌كان ببینی به ته‌ڕبوونی ماچه‌وه ئۆغریان پێده‌كه‌م ئه‌و ده‌مانه‌یش له به‌ر دیدی تۆ له سه‌ر كوڵمه‌كانت ڕاده‌كشێن و بیری ئه‌م ڕۆژانه ده‌كه‌نه‌وه، ده‌رگای واڵ و سایت و ڕۆژنامه‌كان نابینن، ته‌نها ده‌خزێنه ئامێزته‌وه گه‌رمیان دابێنه با بێكه‌سیان پێوه نه‌لكێ وه‌ك من و تۆ ته‌په‌تۆزی غوربه‌تیان لێ نه‌نیشێ ، ئه‌وانه حه‌سره‌ت و كه‌فوكوڵی شه‌ونخونیمن، ئه‌وانه زه‌رده‌په‌ڕی پاییزمن، ئه‌وانه هه‌ناسه‌ی ئیشقمن، وه‌ك ته‌رزه ده‌بارێن و لێوه سڕ و له‌رز و جوانه ڕتوشكراوه‌كانت ماچ ده‌كه‌ن، وشه‌گه‌لێكن به منیشه‌وه خۆشیان ده‌وێی لێت دانابڕێن، تۆ هه‌ر ئه‌و گوڵه‌ی كه د‌ڵێم له وێنه‌ت نییه، هیچ شۆخه ژنێك به جوانی و سه‌لاری و ناخی پاك و گه‌وره‌یی تۆ ناگه‌ن نا……… 31 / 5
سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا