ئاڵای میرنشینی سۆران له سه‌رده‌می پاشای گه‌وره … یاسین برایم
له مێژووی كوردستاندا، له سه‌ر خاكی كوردان، چه‌ندین میرنشینی كوردی به‌رچاو ده‌كه‌ون، هه‌ندێكیان بۆ چه‌ندین سه‌ده، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و میرنشینانه‌یان هه‌بووه وجێپه‌نجه‌یان دیاربووه وكورسی ده‌سه‌ڵاتی خۆبهڕێَوهبردنیان به‌ده‌سته‌وه بووه، جاروباریش هه‌وڵی فراوانكردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سنووری یه‌كتریان داوه. میرنشینه‌كان په‌لاماری میرنشیی دڕاوسێی داوه و شه‌ڕ و ماڵوێرانی زۆریان چه‌شتووه و خوێنی یه‌كتریان ڕژاندووه. ئه‌و ململانێیه زۆر جار به قازانجی دوژمن و ناحه‌زان ته‌واو بووه و ئه‌وانیش ده‌ستیان خستۆته نێو كار‌و باری میرنشینه‌كانیان.
میرنشینی سۆران، یه‌كێك له‌و میرنشینه ناسراو و گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتدارانه بووه، به‌تایبه‌تی بۆ سه‌رده‌می زێڕینی پاشای گه‌وره، كه ته‌ختی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانیی و ئێرانی هێناوه‌ته له‌رزین. توانی ئه‌و میرنشینه فراوانتر بكات وخاكێكی زۆر بخاته ژێر ده‌ستی خۆی. له نێو بردنی ناحه‌ز و دوژمنه‌كانی و بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قه‌ڵا و كۆشك دروستكردنی قه‌ڵاو قونگره و پردی نوێ و سوپایه‌كی تۆكمه و شاره‌زا و بوێر و دامه‌زراندنی كارگه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و لێدانی دراو و جاڕدانی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی چه‌ندین لیژنه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئیش و كاری خه‌ڵك و بازاڕ و سوپا و كاروباری سه‌ربازی. گرنگی دان به زانست خوێندن و مزگه‌وت و زانا و ڕۆشنبیران و به‌رقراركردنی ئاسایش و ئارامی له ژێر قه‌ڵه‌مره‌وی خۆی. ئه‌مه‌ش ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌سه‌ڵاتی فراوانتر بوو، تا توانی جاڕدانی سه‌ربه‌خۆیی لێبدات…(1)
ئه‌م فراوانبوون و بهرهوپێشوهچوونه، وای له دوژمنانی كورد كرد، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه و پیلاندارێژراو بكه‌ونه خۆئاماده‌كردن، به كردار هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته گه‌ر بۆ لاوازكردن و له‌نێو بردنی ئه‌م میرنشینه.
(جه‌مال نه‌به‌ز)، مێژوونووسی گه‌وره‌ی كورد، ده‌رباره‌ی پاشای گه‌وره و فراوانكردنی سنوور و ڕێكخستنی و پێشخستنی سوپا و دابینكردنی پێداویستییه‌كان و دروستكردنی چه‌ك و تۆپ وگرنگیدان به‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی تر. شاره‌زایی و دونیا بینی ئه‌و میره، له‌و سه‌رده‌مه، له نیمچه ده‌وڵه‌تیكی كوردی ده‌چوو، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له لایه‌ن عوسمانییه‌كان له ناو چوو.
(2) پێشكه‌وتنی میرنشینی سۆران، له رووی هێز و سوپا و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ڕێكخستن و دابه‌شكردنی به شێوه‌یه‌كی رێك و پێك ولێهاتوو، كه له به‌رامبه‌ر دوژمن بجه‌نگن و به‌رگری له خاك و میرنشینه‌كه بكه‌ن. ئه‌مه وای له سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك به‌درخان پاشا بكات، سوود له‌م ئه‌زموونه وه‌ربگرێت بۆ به‌هێزی میرنشینه‌كه‌ی خۆی. ( به‌درخان به‌گ چاوی له میر محه‌مه‌د كرد و بریاڕیدا سوود له سامانی كوردستان ببینێ و كارگه‌ی چه‌ك دروست كردن دامه‌زرێنێ. وه‌ستا و شاره‌زایانی هێنایه جزیره و به یارمه‌تی ئه‌وان دوو كارگه‌ی دروستكرد: كارگه‌یه‌كی بارووت و كارگه‌یه‌كی چه‌ك دروستكردن…)(3)
ئێمه‌ش بۆ ئه‌م باسه، ئاوڕ له لایه‌نێكی ئه‌و بواره ده‌ده‌ینه‌وه، ئه‌ویش بوونی ئاڵای فه‌رمییه له‌و میرنشینه. به‌داخه‌وه زۆر له مێژووناسان و ئه‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له سه‌ر میرنشینی سۆران و پاشای گه‌وره كردووه، ئه‌مه‌یان فرامۆش كردووه، یان زانیاری‌یان له‌سه‌رنه‌بووه. له كاتێكدا، ئاڵاش هیچی كه‌متر نه‌بووه له لاینه‌كانی تر و بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌و وه‌ك یه‌كه‌م كه‌سیش له نێو میرنشینه كورده‌كان، خاوه‌ن ئاڵای خۆی بێت. ئازادانه و سه‌ربه‌رزانه ، به‌رزی بكاته‌وه و میرنشینه‌كه و سوپایه‌كه‌ی پێ بناسرێته‌وه. به پشت به‌ستن به چه‌ندین به‌ڵگه و سه‌رچاوه، له بوونی ئاڵا و كاتی هه‌ڵدان و شێواز و تا ڕه‌نگی ئاڵایه‌كه، تیشكی ده‌خه‌ینه سه‌رو ڕوونده‌كه‌ینه‌وه.
ده‌رباره‌ی هه‌بوونی ئاڵای میرنشیی سۆران، (ڕێناس نه‌ورۆزی) له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی پڕ زانیاری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵای كوردی له كۆن و تاسه‌رده‌می ئێستا، ئاماژه به هه‌بوونی ئاڵای پاشای گه‌وره ده‌كات و ده‌ڵێت:” میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران، دووان له میرنشینه به‌هێز و ناسراوه‌كانی مێژووی كوردستانن كه شوێنگه‌ی دیرۆكی و جوگرافیان كه‌وتۆته ناو ئینسكلۆپیدیا و ئه‌تله‌سه كۆنه‌كانی جیهانه‌وه. میرنشینی سۆران بوو كه پایته‌خته‌كه‌ی ڕواندزبوو، له سه‌رده‌می پاشای گه‌وره خاوه‌ن ئاڵایه‌كی تایبه‌ت به خۆی بوو، كه له دوو ره‌نگی ڕه‌ش و سپی پێكهاتووه، ڕه‌نگی ڕه‌ش له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی و ڕه‌نگی سپی له خواره‌وه‌ی ئاڵاكه‌ی هه‌ڵكه‌وتبوو….” (4)
ئه‌م ئاڵا هه‌ڵكردنه، بۆ سه‌رده‌می پاشای گه‌وره ده‌گه‌رێته‌وه، پێشتر دیار نه‌بووه یان ئێمه زانییاریمان له به‌رده‌ست دا نییه. واته هه‌ڵكردن و په‌یداكردنه‌كه بۆ سه‌رده‌می زێرینی ئه‌و میره ده‌گه‌رێته‌وه. له سه‌رچاوه‌یه‌كی عه‌ره‌بی كه زیاتر گرنگی به (ئاڵا و مێژوو)ی كۆن و به‌تایبه‌تی هۆز و نه‌ته‌وه و وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ده‌دات، تیشك ده‌خاته سه‌ر ئاڵای پاشای گه‌وره. به‌م شێوه‌یه له ژێر ئاڵاكه‌ی نووسیووه ( ئه‌و كاته‌ی كه هۆزی سۆران كه هۆزێكی كوردییه و گه‌شه‌ی كرد له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م له باشوور، كه ڕواندز پایته‌خته‌كه‌ی بووه له هه‌رێمی كوردستان به به‌رده‌وامی تا ساڵی (1838) كه شكستی هێنا له سه‌ر ده‌ستی عوسمانییه‌كان. یه‌كه‌م ئاڵای كوردی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رزكرایه‌وه له نێوان ساڵانی (1816_1835) ره‌ش و سپی بووه، ڕه‌نگی ڕه‌ش نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتییه واته ده‌ستهه‌ڵاتداری و ڕه‌نگی سپیش نیشانه‌ی (پاكی و ئاشتییه) ). (5)
ئه‌گه‌ر په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م دوو ڕه‌نگه، ئاڵای ڕه‌ش: ( پرسه و خه‌مباری و مه‌رگ و نه‌مریی) و ڕه‌نگی سپیش: (ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و ئاگربه‌ست). ڕه‌نگه ڕه‌نگه‌كان له نێو هۆز و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان مانا و شێوازی تر گوزارشتی لێ بكرێت. ده‌رباره‌ی هه‌بونی ئاڵا و ڕه‌نگی ئه‌م ئاڵایه، (زرار محه‌مه‌د)، هونه‌رمه‌ندێكی به ئه‌زموون و شاره‌زایه‌كی مێژووی هونه‌ره له ڕواندز و مێژووی پاشای گه‌وره و شاری ڕواندز، به‌م شێوه‌یه ئه‌م زانیارییه‌ی پشت ڕاستكرده‌وه.”منیش ئه‌وه‌ی بیستوومه‌و ئه‌وه‌ی خوێندومه‌ته‌وه له سه‌ر مێژووی میرنشینی سۆران، ئاڵای هه‌بووه، (ڕه‌ش و سپی*). به‌ڵام نازانم بۆچی ئه‌و ڕه‌نگه‌ی به‌كارهێناوه! پاشای گه‌وره به بیروباوه‌ڕی ئیسلام و شه‌ریعه‌ت و خۆی زۆر شاره‌زای ئه‌و بواره بووه، هیچ گومانیش تێدا نییه، ئه‌گه‌ر ئاڵایه‌كه هه‌بوو بێت، ئه‌وا له كاتی شه‌ڕ و كاروباری سه‌ربازی و كۆشك و قه‌ڵاتی خۆی هه‌ڵكردووه. عهباسییهكانیش ئاڵای ڕه‌شیان هه‌بوو. ده‌كرێت له سه‌ر هۆكاری ڕه‌نگه‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی بۆ بكرێت. زۆر زانیاریی شاراوه‌ش له سه‌ر ئه‌و میرنشینه هه‌یه، بۆ مێژوو بخرێنه ڕوو”(6)
هه‌بوونی ئاڵا و به‌م جووته ڕه‌نگه، پرسیاری زۆر له خۆ هه‌ڵده‌گرێت. (یوسف نێروه‌یی) له لێكۆڵینهوێكی زانستایانه له‌سه‌ر مێژووی ئاڵا له كۆن و ئه‌وجا كوردستان، تێبینیێكی جوان و سه‌رنجڕاكێشی خستۆته به‌رچاو. كه بۆچی پاشای گه‌وره په‌نای بۆ ئه‌م دوو ڕه‌نگه بردووه ؟! كه سروشتی ده‌ڤه‌ره‌كه و ئاڵای كوردی و بگره حیزبه‌كانیش، ئه‌م ڕه‌نگانه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. (ئاڵای میرمحه‌مه‌دی مه‌زن به ڕه‌نگی ڕه‌ش و سپی بوو. ڕه‌نگی ئاڵای میرنشینی سۆران به‌ده‌ربوو له ڕه‌نگی سروشت. له سه‌ر ئاڵای كوردی كه به‌رده‌وام ڕه‌نگه‌كانی (سوور، كه‌سك ، زه‌رد) ده‌بیندرێت. ده‌توانیین بڵێین تاكه ئاڵای كوردانه كه یه‌ك له ره‌نگی كوردانی له ناو دا نییه، ئه‌مه‌ش پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه….)(7)
هه‌بوونی ئه‌م دوو ڕه‌نگه، باگراوه‌ندێكی ئایینی وه‌رگرتووه، وه‌ك له زۆر كار و كرده‌وه‌كانی میر، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایینی ئیسلامی پێوه دیاره و مێژوونووسانیش په‌نجه‌یان بۆ ئه‌مه درێژ كردووه. به‌تایبه‌تی له بواری دزی و خراپه و خیانه‌تكردن و گرنگیدان به زانا و پیاوانی ئایینی و ڕاوێژپێكردنیان و چه‌سپاندنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی وجێبه‌جێكردنی یاسا … هتد. هه‌ر له‌ژێر فه‌رمانی (امر بالمعروف و النهی عن المنكر) فه‌رمانكردن به‌چاكه‌و نه‌هی كردن له خراپه، جولایته‌وه و كاری پێكردووه. ئه‌م ئاڵایه‌ش، كه له شێوه‌ی لاكێشه‌یی بووه، ڕه‌نگی ڕه‌ش له‌سه‌ره‌وه‌و ڕه‌نگی سپیش له خواره‌وه، واته هه‌ردوو ڕه‌نگ به یه‌كسانی. به‌و مانایه‌ی شه‌ڕكردن له پێناو هێنانه‌دێی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزه‌رانی. یاخود بوونی ڕه‌ش و سپی وه‌ك: ( چاكه و خراپه) و (تاریكی و ڕووناكی) له‌وانه‌یه بۆ گه‌یشتن بهڕاستیێكی دروست وباوهڕێكی ته‌واو، ڕاو بۆچوونی تری له خۆ بگرێت.
له سه‌رده‌می پێغهمبهیش، سوود له‌م دوو ڕه‌نگه بینراوه، ئه‌و ئاڵایه‌ی ئیمامی عه‌لی هه‌ڵیگرتووه به زۆری ڕه‌ش بووه. به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی ئاڵا بۆ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر، وه‌ك پیرۆز و ڕێزگرتن و شانازیكردن پێی، ئه‌م دوو ڕه‌نگه‌ی بۆ ئاڵای خۆی به‌كار هێنا بێت.
“له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر، هه‌ردوو ئاڵای ڕه‌ش و سپی به‌كار هاتوون، كاتێك له مه‌كه بووه ئاڵایه‌ك و له مه‌دینه‌ش ئاڵایه‌كی تر بووه. وا پێده‌چێت سوودی له‌م دوو ڕه‌نگه وه‌رگرتبێت بۆ ئاڵاكه‌ی. شه‌ركردن له پێناو ئاشتیی و ئارامیدا. میرمحه‌مه‌د، شاره‌زایه‌كی باشی ئایین بووه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایینی به سه‌ر كار و كرده‌وه‌كانی دیاره؛ ره‌نگه تۆپه‌كه‌ی وه‌ستا ڕه‌جه‌ب ، به‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو بێت، ئایه‌تی (نصر من الله فتح من القریب) له سهرلوله تۆپه‌كه هه‌ڵكه‌ندراوه. بێجگه له‌وه‌ی له كاتی شه‌ڕو هێرشكردندا، ئاڵایان هه‌ڵداوه. ڕۆژانه پاسه‌وانه‌كانی ناو بازاڕ و ئه‌وانه‌ی باج و سه‌رانه‌یان ده‌ستاند، ئه‌م ئاڵایه‌یان له باسكی ڕاستیان ده‌به‌ست بۆ ناسینه‌وه‌یان.”(8)
هه‌بوونی ئاڵا، به فه‌رمی له‌م میرنشینه، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كه ئه‌و میرنشینه هه‌موو ئاماده‌كاری ئه‌وه‌ی كردووه، به‌ته‌واوه‌تی بۆ ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوی گه‌وره بهاوێژێت، بۆیه گرنگی به‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی داوه‌و ئه‌سپی خۆی تاوداوه. له‌وانه‌یه له شێوازی حوكمڕانی و فراوانكردنی ده‌سه‌ڵات وپه‌لاماردانی میرنشینه‌كانی تر، جێگای ڕه‌خنه بێت. وه‌ك سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی تر خاڵی لاواز و به‌هێزی هه‌بووبێت، بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و پارێزگاری كردن له مانه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، په‌نایان بۆ كاری خراپ و توند‌و تیژی برد بێت. ئه‌مه‌ش مێژووه به هه‌ردوو دیوه‌وه ده‌كرێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كان بكرێت و بخرێنه ڕوو. كه‌چی ئه‌و میره، هه‌ر زوو خۆی سه‌لماندووه، كه ماف ده‌سه‌ندرێ و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییش ، قوربانی ده‌وێت، له‌م پێناوه‌ش سه‌ربه‌رزانه ژیاوه و ئاڵایه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ناحه‌زانی كورد شهكاوهتهوه.
(هه‌بوونی هێمایه‌ك بۆ بوونی ئاڵای فه‌رمی تایبه‌ت به میرنشینه‌كه‌ی سۆران، ئه‌ویش به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه جه‌نگاوه‌ره‌كانی سوپای میری گه‌وره، جۆرێك له كڵاو و مێزه‌ریان هه‌بووه، چمكێكی به‌ڵای ڕاستی جهنگاوهرهكهدا شۆرده‌بۆوه، نیوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی كڵاوه‌كه ڕه‌نگی ڕه‌ش و نیوه‌ی خواره‌وه‌شی سپی بوو. دیاره ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه : كه میرنشینی سۆران له سه‌رده‌ستی میر محه‌مه‌د دا ئاڵای تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه، ئه‌ویش به ڕه‌نگی ڕه‌ش بۆ نیوه‌ی به‌شی سه‌ره‌وه و ڕه‌نگی سپیش بۆ نیوه‌ی به‌شی خواره‌وه‌ی ئاڵاكه و ئه‌م ئاڵایه‌ش له ڕۆژی جاڕدانی سه‌ربه‌خۆیی، واته ساڵی (1830ز) به‌رزكراوه‌ته‌وه). (9)
له ئه‌نجامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه، ئه‌وه‌مان بۆ روون بۆیه‌وه، كه میرنشینی سۆران خاوه‌ن ئاڵای خۆی بووه، بۆ یه‌كه‌م جاریش له سه‌رده‌می حوكمڕانی پاشای گه‌وره و له جاڕدانی سه‌ربه‌خۆیی به‌رزكردۆته‌وه، ڕه‌نگی ڕه‌ش و سپی بووه. له سه‌ر باڵه‌خانه و قه‌ڵات و جل وبه‌رگ و له‌كاتی ستاندنی باج و سه‌رانه له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی میری به‌كارهاتووه. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی دونیابینی و ئاگایی و زیره‌كی وشاره‌زایی پاشای گه‌وره‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات. بوونی ئاڵاش وه‌ك ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وبوونی ده‌وڵه‌تی نیشان داوه و به پیرۆز و گه‌وره‌ی سه‌یركردووه.
————————————————————————–
سه‌رچاوه‌كان:
- حوسێن حوزنی موكریانی، (مێژووی میرانی سۆران )، چاپخانه‌ی كوردستان، چاپی دووه‌م ، 1962.
- د. جه‌مال نه‌به‌ز، ( الامیر الكردی _ میر محمد الرواندوزی)، وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانیه‌وه: فه‌خری سیلاحشور.
- د. جه‌لیلی جه‌لیل، (كورده‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی)، وه‌رگێڕانی له رووسیه‌وه ، د. كاوس قه‌فتان، به‌غداد، 1987، ل215.
- ڕێناس نه‌ورۆزی، ئاڵای كوردستان چۆن دروستبوو؟ ، كورد پیدیا، 2/2/ 2012.
- علم اماره سوران، اعلام و تاریخ ،flags and history، 8/11/2018
- وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌كو ( ئورده‌ن، سوریا، عێراق، ئیمارات، كوێت، فه‌له‌ستین، یه‌مه‌ن، میسر، سودان… هتد.) هه‌ردوو ڕه‌نگی (سپی و ڕه‌ش) له نێو ئاڵاكه‌یان ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.
- زرار محه‌مه‌د مسته‌فا، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند، 1937 ، ڕواندز ، 2/2/2012 ڕواندز.
- یوسف سه‌بری نێروه‌یی، (ئاڵایێ كوردستانێ _ ڤه‌كولینه‌كا دیرۆكی لسه‌ر ئالا د مێژوویا كوردستانێ دا)، چاپخانا ره‌وشه‌نبیری، هه‌ڤلێر،2012، ل58.
- جه‌واد ساڵح نه‌ورۆز، 1957، ڕواندز ، 4/6/ 2018 ڕانیه.
- جه‌واد ساڵح نه‌ورۆز، ( وه‌ستا ڕه‌جه‌ب… چه‌كسازی بلیمه‌ت)، چاپخانه‌ی هیڤی، چاپی یه‌كه‌م، 2018، ل246_247.
تێبینی: له هه‌فته‌نامه‌ی(زاری كرمانجی) ، ژماره(621) له ڕۆژی 16/12/2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه.