 
	دووبارە قەرزوەرگرتنەوەیەک … بەکر ئەحمەد
کە لە دارستانەکە دێمەدەر
نیگام بە ترۆپکی بەرزی سنەوبەردا هەلدەواسم، 
پەنجەکانم لە دەووری تەڕترین گەلا و گوڵی بن بەردێکدا جێدەهێڵم
گویچکەکانم دەدەمەدەست 
گەرووی پڕ ئاوازی بەرزی 
باڵندەی  سەر بەردە گەورەی نزیک داربەرووە تەنیاکە.
کە لە دارستانەکە دێمەدەر
من هەمیشە ، بۆ ساتێکیش بیرم ناچێت
نیگاو پەنجە و گوێچکەکانم لەو شوێنانە بەجێبێڵم.
ئاخر وەختێک، میلی سەعات راومدەنێ و
 پاسەکەی شار تین دەداتە بەرهەنگاوم 
 تا خێراتر بگەمە ناو ئاپۆرەی  ناو گەراجەکە
 کاتێک کەللەی سەر پردەبێ لە ژمارە و 
 لیستی درێژی پێویستە و دەبێ بکرێ 
 ئەو ساتانە  
 نیگای سەوزی لای سنەوبەر، پەنچەی تەڕی دەوری گوڵ و
 گوێچکەی تەژی لە جرییوە
 بۆ چاو و پەنجە و گوێچکەی خۆم 
 دووبارە وەردەگرمەوە و بۆ چەند ساتێک  قەرزییاندەکەم
 تا هیچ نەبێ
 ماوەی نێوان ماڵ و دواویستگەی پاسەکە، تەنها نەبم
 تا بە نیگایەکی قەرسیلی و نەرمی گەلا لە پەنجەدا و
 گویێەکی پڕ لە نەغمەوە، ڕێگا تەی کەم.
 20191231
 بەکر ئەحمەد 


 
			 
			 
			